عه‌دنان عوسمان: بێده‌نگ نابم له‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر من كردیان

Saturday, 06/03/2010, 12:00


عه‌دنان عوسمان، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌ی بۆ رۆژنامه‌ ئاشكرا كرد؛ به‌رامبه‌ر به‌ بێڕێزیكردن به‌رامبه‌ر به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ و هێرشكردنه‌ سه‌ری ‌و ته‌شهیرپێكردنی، رێگای یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد؛ ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی به‌ میلیشیا ناونه‌بردوه‌، ته‌نیا داوایكردوه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر چه‌پۆكی حیزب ده‌ربهێنرێت ‌و بكرێته‌ هێزێكی نیزامی ‌و كاربكرێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژیان ‌و گوزه‌رانی خۆیان ‌و كه‌سوكاریان ‌و خاوه‌ن مه‌رجه‌عی یاسایی بن، نه‌ك چه‌كداری حیزب ‌و له‌ژێر فه‌رمانی به‌رپرسه‌ حیزبییه‌كاندا بجوڵێنرێن.
سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنی ئه‌و هه‌ڵایه‌ی له‌سه‌ری دروستكرا له‌لایه‌ن حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ بۆ بانگشه‌ی هه‌ڵبژاردن ‌و یاریكردن به‌ هه‌ستی پێشمه‌رگه‌، عه‌دنان عوسمان وتی: "له‌ چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی‌ (knn) و له‌ دو لێدواندا كه‌ سایتی سبه‌ی له‌ منیان وه‌رگرت، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌م له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتیی یه‌كێتی ‌و سه‌رۆك كۆماری عێراق كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌واندان ‌و كاری نایاسایی ده‌كه‌ن ‌و خه‌ڵك ده‌گرن ‌و خه‌ڵك له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌ڕفێنن‌و ته‌قه‌ ده‌كه‌ن ‌و بێڕێزیی به‌رامبه‌ر خه‌ڵك ده‌كه‌ن ‌و بێلایه‌نیی خۆیان نه‌پارێزن، دیاره‌ له‌ زوه‌وه‌ بێلایه‌نیی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ سه‌ر به‌ حیزبن ‌و به‌ فه‌رمانده‌ی حیزب ده‌جوڵێن، وتم ناچار ده‌بین ‌و هیوادارم ناچارنه‌بین داوای ره‌سمیی له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆماریش تۆماربكه‌ین ‌و داوا له‌ په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ین سه‌ڵاحیه‌ته‌كانی ته‌جمید بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌ و لێره‌ش فه‌رمانده‌یی هێزێكی چه‌كدار ده‌كات ‌و به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌ ‌و ئاساییش ‌و پۆلیس ئه‌و دایده‌نێت ‌و به‌ بڕیاری ئه‌وه‌، ئه‌مه‌ بو به‌ مه‌سه‌له‌".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان پێیوایه‌؛ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ له‌ په‌رله‌مانتارێكه‌وه‌ و له‌ فراكسیۆنێكه‌وه‌ بوه‌، بۆیه‌ ترسی لای ده‌سه‌ڵات دروستكردوه‌، چونكه‌ هه‌مو كاریان ئه‌وان له‌ئێستادا بۆ ئه‌وه‌یه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماریی عێراق وه‌ربگرنه‌وه‌ و هه‌ر قسه‌كردنێك له‌و باره‌یه‌وه‌ هێڵی سوربوه‌ لای ئه‌وان، بۆیه‌ به‌دوای خاڵێكدا گه‌ڕاون له‌سه‌ر گۆڕان. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی‌: "ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندایه‌ به‌ناوی دژه‌تیرۆر و ده‌مامك له‌سه‌ر، ئه‌وه‌یان به‌ پێشمه‌رگه‌ شوبهاند، توانییان ئیستیغلالی عاتیفه‌ی هه‌ندێك پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن، به‌رپرسه‌كانی خۆیشیان كه‌ به‌ ئیمتیازی ئه‌وان ده‌ژین ‌و له‌ ناز و نیعمه‌تدان ‌و ئاگایان له‌ پێشمه‌رگه‌ و پێشمه‌رگایه‌تیی نییه‌، ئه‌وانه‌یان هه‌ڵخڕاند بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مپه‌ینێكی گه‌وره‌ بكه‌ن گوایه‌ ئێمه‌ سو‌وكایه‌تیمان به‌ پێشمه‌رگه‌ كردوه‌، رێك پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ ئه‌وانن به‌ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌وه‌ هێزی چه‌كداری دیكه‌یان دروستكردوه‌ ‌و هێزی دژه‌تیرۆریان دروستكردوه‌ و بێڕێزیان به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی سلێمانی كردوه‌، ئه‌وان كاری‌ نایاسایی ده‌كه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت ‌و یاسا، ئه‌وان ساڵانێكه‌ پاره‌و قوتی پێشمه‌رگه‌ ده‌خۆن، ساڵانێكه‌ نایانه‌وێت هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌كبگرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی موچه‌كه‌ی زیاد نه‌كات ‌و ژیانی باش نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركاتێك ویستیان به‌كاریانبهێنن بۆ شه‌ڕی ناوخۆ و ته‌قه‌كردن له‌ خه‌ڵك، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا بمێننه‌وه‌".
به‌ وته‌ی عه‌دنان عوسمان هه‌مو خه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌ف ‌و رۆشنبیر و كه‌سانی سیاسیی داوای ئه‌وه‌یان كردوه‌، به‌تایبه‌تی فراكسیۆنی گۆڕان ‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ یه‌كبخرێته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی یاساییدا و خاوه‌نی مه‌رجه‌عێك بێت ‌و بكرێته‌ هێزێكی بێلایه‌ن ‌و ژیانی پێشمه‌رگه‌ و كه‌سوكاریان باشبكرێت ‌و موچه‌یان زیادبكرێت، لانیكه‌م هاوتابكرێت له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا. هه‌روه‌ها پێیوایه‌؛ ده‌بێت موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌ربازی به‌غداش زۆرتربێت، چونكه‌ ئه‌ركه‌كانی ئێره‌ قورستره‌ و ئێمه‌ش تاقیكردنه‌وه‌كه‌مان سه‌ختتره‌، به‌ڵام حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌یانه‌وێت نیوه‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخانده‌كرێت قوتی بده‌ن، دابه‌شی بكه‌نه‌ سه‌ر دو حیزب ‌و هه‌میشه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر ده‌ستی حیزبدا بمێنێته‌وه‌".
له‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و دور و نزیك پێشمه‌رگه‌ی به‌ میلیشیا ناو نه‌بردوه‌، ئه‌وان شه‌ڕێكی دیكه‌ی له‌ژێر ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ پێده‌فرۆشنه‌وه‌، عه‌دنان عوسمان، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان وتی: "كه‌س نه‌یوتوه‌ پێشمه‌رگه‌ میلیشیایه‌، به‌ڵام وتومانه‌ ئه‌و هێزه‌ی له‌ژێر ده‌ستی حیزبه‌كاندایه‌ هێزێكی چه‌كداری حیزبییه‌، ئه‌مه‌ بێڕێزیكردنه‌ به‌ خودی پێشمه‌رگه‌، پێشمه‌رگه‌ پێشتریش چه‌ند ساڵ‌ پێش ئێستاش له‌ وتاره‌كانمدا نوسیومه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ ره‌مزی كوردایه‌تییه‌ و ناسنامه‌ و كه‌رامه‌تی ئێمه‌یه‌، دابه‌شكردنی پێشمه‌رگه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ئه‌م دو حیزبه‌ ده‌یكه‌ن، ئه‌م هێزه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندایه‌ خۆیان ئیعترافیان كردوه‌ كه‌ میلیشیایه‌، ئه‌مریكا ئیعترافی كردوه‌ ‌و داوای لێكردون هێزه‌كانیان یه‌كبخه‌ن، خۆیان له‌ رێكه‌وتننامه‌ی پاریسدا وت‌ویانه‌ هێزی میلیشیامان هه‌یه‌، ده‌یانجار خۆیان وتویانه‌ هێزی چه‌كداری حیزب، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی نابه‌رپرسی حیزبیی وه‌كو پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن ئیستیغلالی ئه‌م وشه‌یه‌ ده‌كه‌ن، خۆیشیان له‌ ئاستێكی نه‌زانیدان، كه‌ نه‌زانن هێزی چه‌كداری حیزبی یانی چی؟، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ میلیشیا نه‌بوه‌ و له‌پێناوی میلـله‌ته‌كه‌یدا خه‌باتی كردوه‌".
له‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا، عه‌دنان عوسمان ره‌خنه‌ی له‌ راپۆرتی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان گرت، كه‌ ناوی پێشمه‌رگه‌یان به‌ (حرس اقلیم) هێناوه‌، له‌كاتێكدا یه‌ك كه‌س تێبینی له‌سه‌ر نه‌بوه‌، به‌ڵام ناوی پێشمه‌رگه‌یان بۆ هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌ دژی ئه‌و فراكسیۆنه‌كه‌ی به‌كارهێناوه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌دنان عوسمان وتی: "ناوی پێشمه‌رگه‌ش دابه‌شكراوه‌، له‌لای پارتی ناوی پێشمه‌رگه‌ به‌كارناهێنرێت به‌ زۆریی زێره‌ڤانی ‌و فه‌له‌ك (فه‌رمانده‌یی له‌شكری كوردستان) به‌كارده‌هێنرێت ‌و شتێك نییه‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ بێت، له‌دیوی یه‌كێتی، هێزێكی چه‌كدار هه‌یه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌لال تاڵه‌بانی ‌و ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌دایه‌ ‌و پێشمه‌رگه‌یان له‌تكردوه‌، پێشمه‌رگه‌ی پارتی هه‌یه‌، یه‌كێتی هه‌یه‌، هی حیزبه‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌یه‌ بێڕێزیكردن به‌ناوی پێشمه‌رگه‌، له‌دوای چه‌ند ساڵێك له‌ ر‌وخانی رژێمی سه‌دامیش نه‌توانراوه‌ ئه‌م هێزه‌ یه‌كبخرێته‌وه‌، ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان موحاسه‌به‌ی ئه‌م دو حیزبه‌ بكات، ده‌بێت موحاسه‌به‌ی سه‌ركرده‌كانیان بكات، دوای شه‌ش ساڵ‌ له‌ رزگاریی عێراقیش ‌و (19) ساڵ‌ له‌ رزگاریی كوردستان، نه‌یانتوانیوه‌ هێزێكی چه‌كداری یه‌كگرتو دروستبكه‌ن، كه‌ به‌رگریی له‌ میلـله‌ت ‌و سنوری هه‌رێم ‌و سه‌روه‌رییه‌كانی بكات".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان ره‌خنه‌ی توندی له‌ سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان گرت ‌و وتی: "ئه‌وان موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر كوردایه‌تی ‌و پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كه‌ن، پێشمه‌رگه‌ لای ئه‌وان ته‌نیا له‌فزێكه‌، بۆ موزایه‌ده‌كردن ‌و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، ئه‌وان ده‌بێت لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت ‌و دادگایی بكرێن، چونكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ و نه‌یانویستوه‌ هێزێكی یه‌كگرتو دروستبكه‌ن بۆ پاراستنی ئه‌م هه‌رێمه‌، ئێستاش هێزه‌كان له‌ دیوێك ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی حزبێك ‌و له‌ دیوێكی دیكه‌ سه‌ركردایه‌تیی حیزبێك فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌، ئه‌مه‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌یه‌، خۆیان ئیعتیرافیان به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ‌و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ خۆیان ئیعتیراف به‌و مه‌ترسییه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئێمه‌ كردیان موزایه‌ده‌یه‌كی پڕ شه‌رمه‌زاریی ‌و ساخته‌كاریانه‌یه‌ ‌و ته‌نیا بۆ خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵكه‌، ئه‌وه‌ی موزایه‌ده‌ به‌ناوی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كات با په‌له‌ بكات له‌ یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌، با وشه‌ی دیكه‌ له‌بری پێشمه‌رگه‌ به‌كارنه‌هێنێت، با ناو و ناتۆره‌ی دیكه‌ به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ به‌كارنه‌هێنێت، با په‌شیمانبێته‌وه‌ له‌ كوشتنی پێشمه‌رگه‌، كه‌ ساڵه‌های ساڵه‌ كردویانه‌، با په‌شیمان ببنه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ كوشتن، كه‌ چه‌ندین ساڵ‌ پیشه‌یان بوه‌".
سه‌باره‌ت به‌ كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و هاتو هاواره‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و و فراكسیۆنه‌كه‌ی كردیان، عه‌دنان عوسمان وتی: "هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ راپێچی دادگا ده‌كه‌م، یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌، له‌ یه‌كه‌م كه‌سه‌وه‌ كه‌ قسه‌ی كردوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ تا دوا كه‌سیان، به‌تایبه‌تی فه‌رمانده‌ی گشتی ‌و مه‌سئولی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن ‌و به‌رپرسی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی یه‌كێتی ‌و جه‌میل هه‌ورامی ‌و له‌ په‌رله‌مانیشدا هه‌ر په‌رله‌مانتارێك داوای لێسه‌ندنه‌وه‌ی حه‌سانه‌ی كردوه‌ و هه‌ر به‌رپرسێكی ئه‌م وڵاته‌ كه‌ ئیهانه‌ی كردبێت به‌رامبه‌ر به‌ من، هه‌مویان ده‌ده‌مه‌ دادگای كوردستان، ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان دادگا كاری خۆی نه‌كرد به‌ بێلایه‌نی، ده‌یانده‌مه‌ دادگای به‌غدا و داوای دادگاییه‌كی تایبه‌ت ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر نا په‌نا بۆ دادگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌به‌م".
ئه‌وه‌شی بۆ رۆژنامه‌ ئاشكراكرد: "ئێستاش نامه‌یه‌كم نوسیوه‌ بۆ یه‌كێتیی په‌رله‌مانتارانی جیهان ‌و ئه‌وه‌م بۆ باسكردون كه‌ به‌رپرسه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ كه‌ خاوه‌نی هێزی چه‌كداری نایاسایین، ته‌شهیریان به‌ من كردوه‌ ‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیان لێكردوم، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مانه‌ دادگایی بكه‌ن، پێش هه‌مو شت دادگاییان ده‌كه‌م به‌ناوی بێڕێزیكردن به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ ‌و به‌كارهێنانی وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ و دواتر له‌سه‌ر خوێن حه‌ڵاڵكردنی من".
له‌ئێستادا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ چاوه‌ڕوانی ته‌وا‌وبونی هه‌ڵبژاردنی گشتیی عێراقه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ به‌هێمنیی بڕوات به‌ڕێوه‌ و پشێویی تێنه‌كه‌وێت ‌و ئاڵۆزیی دروستنه‌بێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: "چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م دوای سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌مان له‌ (7/3)، دواتر ده‌ستده‌كه‌م به‌و ئیجرائاتانه‌ و راپێچكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ دادگا ‌و بێده‌نگ نابم به‌رامبه‌ر ئه‌و بێڕێزییه‌ی كردیان به‌رامبه‌ر به‌ من ‌و به‌ پێشمه‌رگه‌".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە