کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با بڕۆین

Friday, 06/06/2014, 12:00





سیاسەت لە بەشێک لە کۆمەڵگای کوردەواریدا وێنەی تەندوورئاوێکە کە ئێمەی لە دوری خۆیدا کۆ کردۆتەوە و دانە دانە لە سووڕانی ئەو تەندوورئاوە راماندەکێشێ ولاناودڵی خۆیدا خولمان پێدەدا ونوقم دەبین، ون دەبین،وکەس نازانێ لە کوێ سەروەدەر دەنێن وجەستەمان چی بەسەردێ! دەتوانم بڵێم سەتا لەنەوەدی تاکی کورد بنە ماڵەی کورد لەدەست نەیار ولە دەست دیکتاتۆڕی خۆماڵی تووشی نەهامەتیو بێ بەختی بووە. بزووتی ئاوری داگیرکار لە لایەک، سیاسەتی سەرکردەی دۆڕاو لە لایەکی دیکە وەها کەسایەتی کوردی تێکشکاندووە کە ئەگەر هەر ئەو ساتە لە لایان کۆمەڵگای نێنەتەوەیی دەوڵەتی کوردیمان بۆ رابگەیەنن، رێک ٣٠٠ ساڵی گەرەکە کە سەدان دەروونناس وکۆمەڵناس کار لەسەر وێرانە ماڵی کەسیەتی کورد بکا!
لە زۆر کەسانم بیستووە باس لە خەبات وتێکۆشانی ٥٠ ساڵەی / جەلال تاڵەبانی / دەکەن ، بۆ من گرینگ نییە کە کەسێکی ئاوا چەند ساڵ خەباتی کردووە. چەندساڵ لەچیا ژیاوە،چەنزمانان دەزانێ. بۆمن بەرهەمی خەباتی کەسێک یا حیزبێک یا سەرکردەیەک گرینگە کە ئاکامەکەی بەرەو کام ئاقاردا دەڕوا. ئاکامی خەباتی ژنڕاڵەکانی کێوەڕەش ئەزموونی حیزبەکەی تاڵەبانی ، ئەو کۆمەڵگایەی کە لەبەر چاوانە! حیزب فێڵباز، سەرکردە درۆزن، سیاسەت چەواشە، رووناکبیر درۆزن (نەهەموویان) ، نوسەر درۆزن (نە هەموویان) خەڵک بێ لایان بەرانبەر بە داهاتوو، دوارۆژ لێڵ ونامۆ دووژمن غەددار.
کەم کەس هەیە تاڵاوی ژیانی نەچێشتبێ، هەژاری نەدیتبێ، بەدڵەڕاوکێ نەژیابێ، منیش یەک لەو کەسانەم کە بەشی خۆم تووشی چەرمەسەری بوم مەرگی بێوادەی خۆشەویستانم بە چاو دیوە. پاش ترۆر کردنی ،، شەهید کاوەگەرمیانی،، هەتا ئەوڕۆ بەسەتان کاتژمێر فکر لێ کردۆتەوە ونەگەیشتوومە ئاکام کە بۆ چی مەرگی کاوە بەوشێوەیە کاریگەری لەسەرمن داناوە(لەژیانمدا کاوەم نەدیوە) هەموو جارێک کە وەبیرم دێتەوە چۆن لۆمپەنەکانی ،لۆمپەن م،سەنگاوی ، لەباوەشی دایکی هەژاریدا بە فیشەک سەری چڕژا، گومانم لە کوردبونی خۆم بۆ پەیدا دەبێ!ودەڵێم تۆ بڵێی ،سەنگاوەیەکانن دەخوازن کێشەی کورد چارەسەر بکەن.؟!
شانازی حیزبەکەی تاڵەبانی لەوەدایە کە شاری سلێمانی / ٣٥٠٠ / میلیاردێڕی تێدایە!! بۆ کەس ناپرسێ ئەوە پارەی هەژارانە کە پیاوەکانی بارزانی وتاڵەبانی کروور کروور دزیویانە لە هەندەران شاردویانەتەوە! ئەوەیە بەشێک لە ٥٠ ساڵ شۆڕشی تاڵەبانی؟! من بەش بەحاڵی خۆم شەرم دەکەم بەس لەکورد بونی خۆم بکەم کە ئەگەر ئەوانە رزگاریدرم بن.
ژنێکی سەربلێند هەژارانە / ئامەدی/ لە سکدا مەزن کردووە ودوای ماوەیەکی دی ئەو منداڵە دێتە سەردونیا. هەموو دەزانین کە ژنی دووگیان دەبێ چۆن بژی و چۆن ئاگای لە خواردنو هەڵسوکەوتی خۆی بێ. وڵاتێک کە ئەختاپۆسی کورد دایپۆشیوە ژێرخانی پڕە لەسەروەت دەبێ دایکی ئەنفال بۆ ئەوەی ئامەد خۆڕاگر بێ ،، نۆکاو،، بخوا!! لەوەش بترازێ کاوەی ئامەد نەدیتوو لەسەر ئەوەی کە بە کاربەدەستان دەڵێ ،، دز مەبن،، گەندەڵ مەبن،، حورمەتی شەهید بگرن،، دەبێ لە تاریکیدا جەردەکان بەفیشەک مێشکی سەری پەرشو بڵاو کەن! ئەوەیە خەباتی مەسعود بارزانی وبابی و تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی تاڵەبانی!!
حەزرەتی موسا، لەکاتی خۆیدا وێڕای گەلەکەی لەشارەکانی میسر دەرکەوت وبە فیڕعەونی گوت ها ئەگەر دەخوازی لەسەر هەڵویستی خودایی خۆت بەردەوامبی بڕۆ لەو وڵاتە چۆلەدا حوکمی خۆت بکە ئێمە بۆتۆی جێ دێڵین.! بەڵام ئەوانەی لای ئێمە فێڕعەونیش نین تۆزێک شەرم بیانگرێ وڵات جێهێڵن ودەست لە دەسەڵات هەڵگرن.
بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ناو گۆڕیشدا راستەو راست دەنێژرێن:
ئامەد هێدی هێدی گەورەدەبێ
کاوەی گەرمیانی وڵات
لە چوار وەرزی ساڵدا
مات وحەیران لە ژیانی خۆی دەفکرێ
بەهار هەر زستانە
هاوین گەرم
وێنەی ئەو فیشەکەی
کە لە باوەشی دایکی ئەنفالدا
مێشکی سەری چڕژاند
بۆیە هاوار دەکا
وریابن
هەستن
رابن
هەمیسان بە دەستی گزیرەکان
ژەهری باران وئاور دەبارێ
پاییزیش بۆ ئەو
تۆفانی لمی خەفەت و
خەوی لە بن نەهاتووی
کۆمەڵگای خەوباران کە
قەت قەت ناتۆرێ
وەرزی زستانیش کە دادێ
ئیدی ئامەدی شیرین و
شیرینی ڕەش پۆش
خەفەتبار دەگرین ودەڵێن:
وەرن با لێرە بڕۆین!
ئێرە شوێنی کورد کوژو هەژار کوژی
سەدەی سەردەمانە
کە دەستیان وا لە بینە قا قای
ئازادی گیر داوە
تا نەمانخنکێنن
دڵیان ئۆقرە ناگرێ.
جەعفەر کەریمی
٦/٦/٢٠١٤


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە