کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا ئیسلام چارەسەرە ؟

Wednesday, 19/12/2012, 12:00







زۆربەى موسڵمانان لەو بڕوایەدان كە ئیسلام چارەسەرەو گەرپەیرەوى لە قورئان و سووننەتى پەیامبەر بكرێت ، ئەوا داد پەروەریى و یەكسانى جێگیر دەبن و دنیاش دەبێتە شامى شەریف !
بەو پێیەى كە ئیسلام ئاینێكى دەوڵەمەندە بەفیكرى جیاوازو مەزهەبى جیاوازەوە ، مادام باسى چارەسەرى ئیسلامیش دەكەین ، مافى خۆمانە بپرسین: مەبەستتان لە كام ئیسلامە؟ ئیسلامى سوونى یان ئیسلامى شیعى؟ ئیسلامى سەلەفى یان ئیسلامى سۆفى؟ ئیسلامى گروپ و تاقمە چەكدارەكان یان حیزبە ئیسلامیە میانڕەوەكان ؟ باوایدابنێین كە ئێمە تابوورى پێنجین و دەمانەوێت بەدرۆ بوختان وەك ((عبداللە ابن سباو))ئیسلام پارچە پارچە بكەین، بەڵام ئەوەى گرنگە پرسیارى لەبارەوە بكەین ئەوەیە : كە ئایا مەبەستى دو كاندارانى دین و بە ناو رۆشنبیرە قەلاشەكانیان چین كە دەڵێن ئیسلام چارەسەرە؟ راستەوخۆش وەڵاممان دەدەنەوە و دەڵێن: ((تەتبیقكردنى شەریعەتى ئیسلامى لەهەموو بوارەكانى ژیاندا؟)) بۆ نەگبەتیش كۆمەڵگا ئیسلامیەكان خاوەن چەندین ئەزموونن سەبارەت بە تەتبیقكردنى شەریعەتى ئیسلامى، كە ئەویش ئەزموونى خەلافەتى ئیسلامیە، كەسەرجەم مووسڵمانان كۆدەنگن لەسەر ئەوەى كە لەو قۆناغەدا شەریعەتى ئیسلامى بەتەواوەتى تەتبیقكراوە؟ بەڵام ئەوەى گرنگە پرسیارى لەبارەوە بكەین ئەوەیە: ((ئایا لەسەردەمى تەتبیقكردنى شەریعەتدا كە ئیسلامیەكان هەمیشە خەونى پێوە دەبینن توانیویانە سەرو ماڵ و روح و شەرەف و نامووسى خەڵكى بپارێزن؟))
هەر كەسێك بەوردى و بابەتیانە مێژووى دەسەڵاتى ئیسلامى خوێندبێتەوە ، ئەوا دەگاتە ئەو بڕوایەى كە هەر لەسەردەمى تەتبیقكردنى شەریعەتى ئیسلامیدا زوڵَم و ستەم و و دزى و سووتاندن و تالانكردنى ماڵى موسڵمانان و سەركوتكردنى ئازادیەكان وپێشێڵ كردنى مافى مرۆڤ وئەتككردنى نامووسى ئافرەتان بەدەستى سووپاى موسڵمانان لە دژى یەكتر، لەسەردەمى دەوڵەتى خەلافەت و تەتبیقكردنى شەریعەتى ئیسلامیدا ئەنجام دراوە
1-لەسەردەمى خولەفاى راشدین دا: تەتبیقكردنى شەریعەتى ئیسلامى نەیتوانى ئەمن و ئاسایش بەرقەرار بكات ، لە كۆى چوار خەلیفەى ئیسلامى سیانیان كوژران ، كەیەكەمیان لەسەر دەستى شۆرشگێرێكى زەردەشتى ئێرانى، و دووەمیان لەشۆرشى شعوبیەكان!! و سێیە میشیان لەلایەن رێكخراوێكى ئیسلامى تووندرەوەوە كوژراوە. ئەمە جگە لەو شەڕە خوێناویەى كەلەنێوان عەلى كوڕى ئەبووتالیب و عایشە ((دایكى باوەرداران !)) روویاندا، كەهەرهەمووى لەپێناوى تەماعى كورسى و دەسەڵات و وەهنى دونیایدا بوو ، كەهەشت هەزار كوژراو لەلایەنگرانى عایشەو هەزار كوژراویش لەلایەنگراتى عەلى لێكەوتەوە ! ئەمە لەكاتێكدا كەبەپێى حەدیسى پەیامبەر ((ئە گەر دووتاقم لە موسولمَانان بەشەر هاتن ئەوا بكوژو كوژراو دەچنە ئاگرەوە)) كەواتە عەلى و عایشە بۆ دۆزەخ!
ئەمەجگە لە دڕاندن و سووكایەتى كردن بە قورئانەوە كە چۆن هێزەكانى معاویەوە لا پەرە دڕاوەكانى قورئانیان دەكردە سەرى ڕمەكانیان كە ئەمەش یەكەم سووكایەتى بوو بە قورئانەوە كرا ، جگە لە مانەش چەندین سەحابەى دڵسۆزى پەیامبەریشیان شەهید كرد، هەمووئەم تاوان و خوێنڕشتنانەش لەسەردەمى تەتبیقكردنى شەریعەتى ئیسلامیدا روویانداوە.
2- لەسەردەمى ئەموی دا: كووشت و بڕو تاوان و ئەنفالكردنى سەروەت و سامانى موسلمانان وحەڵاڵكردنى خوێنى یەكترى ، كەتێیدا حوسێن و سێ بەشى هاوەڵەكانى بە وەحشیترین شێوە كۆمەڵكوژ كران و سەرى بڕاوى حوسێنیشیان بەدیارى بردەوە بۆ بەردەمى ئەمیرلموئمنین (رچ) لەشام. ئەمە جگە لەو تاوان ودەستدرێژیە ئابرو بەرانەیەى سووپاكەى ئەمیرلموئمنین یەزیدى كوڕى مەعاویە كەلە شارى حوڕە لەحەرەمى پێغەمبەردا بێ هیچ شەرمێك سەرجەم پیاوەكانى كووشتن و پەردەى هەزار كچیشیانى دڕى، و كەعبە ى ماڵى خواشیان دایە بەر مەنجەنیق. ئەمە لە كاتێكدا پیاوانى ئاینى و بە ناو رۆشنبیرە جاهیلەكانیان ئەم راستیانە لەمووسڵمانى سادەى دەشارنەوەو شانازى بە داوێنپیسێكى وە ك یەزیدى كورى معاویەشەوە دەكەن. هەر لەهەمان سەردەمدا بۆ جارى دووەم كەعبە درایەوە بەر مەنجەنیق كە بەفەرمانى عەبدولمەلیكى كورى مەروان و لەسەردەستى حەجاجى كورى یوسفى سەقەفى ئەنجامدرا . ئیتر نەتەیرەلئەبابیلەیەك هاتە سەركەعبە تاكو [تَرْمِیهِمْ بِحِجَارَەٍ مِنْ سِجِّیلٍ] ، سووپاى ئەبرەهەى مووسڵمانان تەفرو توونابكات! ئەمە سەربارى سووكایەتى كردن بەقورئان و تەحریفكردنى مەسحەفى عوسمان لەلایەن حەجاجەوە، بەو پێیەى كەسەجستانى لە كتێبى((المێاحف))دا بۆمانى خستۆتە ڕوو.
3-لەسەردەمى عەباسی دا: تاوانەكانى ئەمانیش كەمتر نەبوو لەتاوانى ئەمەویەكانى براى دینیان ، هەر كە جلەَوى دەسەڵاتیان گرتە دەست، كەوتنە حەڵاڵكردنى خوێنى خەڵكى بێتاوانى دیمەشق و لە ڕۆژێكدا پەنجا هەزار كەسیان لێكووشتن و سەرجەم مناڵانى ئەمەوییەكانیشان سەڕبڕى, مزگەوتى ئەمەویشیان كردە تەویلەى ئەسپەكانیان و بۆ ماوەى حەفتا ڕۆژ تەرسیان تیا كرد. جگە لە سەرهەڵدانى دیاردەى هەتیووبازى و زیناو بەرەڵایى و عارەقخواردنەوە، كە هەموو ئەمانەش لەسایەى حوكمى ئەمیرالموئمنین ولەسەردەمى تەتبیقكردنى شەریعەتى ئیسلامیدا روویانداوە .
4- لەسەردەمى عوسمانیەكانیش دا: زوڵم و ستەم چەوساندنەوە لەدژى زۆربەى وڵاتە عەرەبى و ئیسلامیەكان پیادە كرا و تەنانەت تانیوەى ئەوروپاشیان داگیركرد ، ئەمە سەربارى ئەوكۆمەڵكوژیانەى كە لەدژى ئەرمەن و سووریان ئەنجامیانداو سەرەنجام لەماوەى سێ رۆژدا ملیۆنێك و سێسەد هەزار ئەرمەنیان خەڵتانى خوێن كردو بووە پەڵەیەكى رەشیش بەتەوێلى موسڵمانانەوە ، كە تائەمرۆش ئەم تاوانە بەرەسمى لەلایەن موسڵمانانەوە لە دژى عوسمانیە فاشیەكان دانیپیانەنراوە ، ئەمە لەكاتێكدا كەموسوڵمانان و ڕێكخراوە ئیسلامیە سەلەفیەكان و بەناو میانڕەوەكان و داعیە قاچاخچییەكانیان بۆ خەڵكى غەزەى فەلەستینى شین و قورپێوانیان دەگێڕاو لەبەرامبەر تاوانەكانى حاكمێكى مووستەبیدى ئیسلامیشدا خۆیان كردووە بەكەڕەى شەربەت!!!!! سەرەنجامیش كۆتایى بەدەسەڵاتى رەشیان هات ولەئێستاشدا شمشێروچەكەكانیان وەك یادگاریەك ماوەتەوە و تەنها لە ڕەقسى شەرقیدا بەكەڵك دێت.
5- لەسەردەمى ئێستاش دا: سێ حكومەتى ئیسلامی لە ئارادان : ئێران ، سودان، سعودیە ((جگە لەدەسەڵاتە ڕووخاوەكەى تاڵیبان)) هەمووشمان دەزانین كە ئەم حكوومەتانە خاوەنى چ فایلێكى رەشن لەبوارى مافەكانى مرۆڤدا.
گریمان ئەم بۆچوونانەى ئێمەى كافرو زایۆنى و دڵرەش كە چاومان بە قورئان و پەیامبەرەكەى ((رحیق المختوم و نورالیقین!!!!))و سوونەتەكانى هەڵنایەت و، هەموو ئەم قسانەشى دەیكەین درۆیەو، قورئان و سوونەتى پەیامبەر بێبەرین لەم تاوان و زوڵم و ستەمانە و تائێستاش قورئان و سووننەت بەراستى تەتبیق نە كراوە، مافى خۆمانە دووبارە بپرسینەوە: دەكەواتە كەى ئیسلام بەشێوەیەكى راست و دروست تەتبیق دەكرێت؟ تاكەى چاوەروانى ئەم موعجیزەیە بین؟؟ ((تائەو كاتەى گوڵێ لەكانى دێتەوە!)
بەڵام لێرەدا دەمانەوێت پرسیارێكى گرنگتر لەپرسیارەكانى پێشووترمان بكەین ، باشە جیاوازى لەنێوان شەرعى خواو شەرعى مرۆڤدا چیە ؟ دیارە هەردووكیشیان لە كاتى تەتبیقكردندا لەلایەن مرۆڤەوە پرەنسیپە ئەخلاقیى و ویژدانیەكانی دەكەوێتە بەردەم مەترسى خراپ بەكارهێنان و پێشێڵكردنەوە ؟؟
ئەى بۆچى لە ئێستادا و لەجیهانى رۆژئاوادا ، شەریعەتى مرۆڤ توانیویەتى سەركەوتنى گەورە بەدەست بهێنێت ، ئەمە لەكاتێكدا كەئەزموونى دەوڵەتى ئیسلامى و تەتبیقكردنى شەریعەت چ لەكۆندا وچ لەئێستادا تووشى فەشەلێكى گەورە هاتووە!
ئایا دیموكراسیەتى رۆژئاوا سەركەوتنى گەورەى بەدەستنەهێناوە لەپێناوى كۆمەڵگایەكى شارستانى و مۆدێرندا كە پارێزگارى لە كەرامەت و مافى مرۆڤ دەكات؟؟؟
ئایا كۆمەڵگا ڕۆژئاواییەكان((ابناو القردە والخنازیر!)) بەبەراورد لەگەڵ كۆمەڵگا ئیسلامیەكاندا شەفاف ترو پێشكەوتووترو دادپەروەرتر نیە؟؟؟
پووختەى باس
مێژووى دەسەڵاتى خەلافەت یەكێكە لە ڕەشترین و قێزەونترین ئەزموونى دەسەڵات لەمێژووى ئیسلامدا ، كەهەقنیە ئیسلامیەكان هێندە شانازى بەم ڕابردووە پڕلەستەم و خوێنڕشتنانەوە بكەن كە هەموو ئەمانەش بەرهەمى گەندەڵى و ناداتپەروەرى و دەمارگیرى عەقلیەتى بەدەوییانەى دەسەڵاتى جاهیلانەى خەلافەت و شمشێرە خویناویەكانى مێژووى ئیسلامە، كە هەر لەسایەى ئەم فەرمانروایەتیە ستەمكارانەدا بوو كەسەرى سێ خەلیفەى خواردوو چارەنووسى جەند ئەئیمەشى بە ئازاروئەشكەنجە و مەرك گەیاند، جگە لەڕوداوى فیتنە گەورەكە و شەڕى جەمەل و ڕوداوى كەربەلا ، حورە ، كۆمەڵكوژى ئەمەویەكان ، بوردومانى كەعبەى ماڵى خودا بە مەنجەنیق ، حەڵاڵكردنى خوێن و عەرزو نامووس و سەروماڵى موسولمَانان بۆ موجاهیدانى یەكتر، ململانێى هاشمییەكان و ئەمەوییەكان، وێرانكردنى گۆڕى حوسێن ، مەزهەبى خەواریج ، كردەوە ناپەسندەكانى حەشاشین ، ڕەوتى قەدەرى وتێڕوانینى قەرامیتە .
هەر لەسەردەمى دەسەڵاتى خەلافەتیشدا بوو كە عارەقخواردنەوەو دەستتێكەڵكردن لە گەڵ ئافرەتان و گۆرانى و سەماو نێربازى لە مەكە((أرچ الحرمین)) ى ماڵى خودا و لەكاتى حەجكردندا ئەنجام دەدرا ... شارى بەغدادیش پڕكرا لە پیاوى دەیوس و قەوادەكان و ماڵى لەشفرۆشى و فسق و فجور و قومارو شوێنى تیاترۆخانەكان و گۆرانیبێژان ، كەبەتەنها خەلیفە متوكیل چوار هەزار جاریەى لەبەر دەستتدابوو . ئەمە جگە لەوەى كەبەدەیان فەیلەسووف و بیریارو ڕۆشنفكر لەخاچدران و سووتێنران و ئەشكەنجەدران و دوورخرانەوە، هەموو ئەم تاوان و داوێنپیسى و كووشت و بڕانەش لەسەردەمى ئەمیرلموئمنین و تەتبیقكردنى شەریعەتى ئیسلامیدا بووە...
لەكۆتایشدا دەومەوێت بڵێم كەتەنها ئازادى و دیموكراسى زامنى پاراستنى ڕاستەقینەى مرۆڤ و چارەسەرى كێشەكانمانە؟ كەواتە ئیسلام حل نیە و ناچارین بڵێین:
((یاحل؟..... یااسلام؟؟...... یابگیخ !!

تێیبینى:
بۆ زیاتر شارەزابوون لەمێژووى خەلافەتى ئیسلامى ،بڕوانە:الخلافە الاسلامیە،محمد سعید العشماوى





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە