بۆ موچە سەرم نەوی ناكەم ئەو موچەیەش بۆ خۆیان
Friday, 10/07/2009, 12:00
ماوەیەك پێش ئێستا لە نوسینیەكمدا لە سایتی كوردستانپۆست ئاماژەم بەوە كرد كە چۆن موچەیەكی كەم ئەندامی سەنگەرم بۆ بڕدرابووە، بۆیە بە پێویستی نازانم هەمان قەوان دوبارە بكەمەوە، لەو نوسینەدا ڕام گەیاند كە ئەو موچەیە دەبڕم، كاتێك پەیوەندیم كرد بە بەرپرسێكی كەم ئەندامانی سەنگەرەوە كە ئەو موچەیە ببڕێت، لە وڵامدا وتی بۆ موچەكەت دەبڕیت خەڵكی واهەیە لەسەر سیم بڕین قاچی شكاوە بە پلەی ئەفسەر كراوە بە كەم ئەندامی سەنگەر و سەدانی تریش وەك ئەوانە هەیە، بۆیە منیش بڕیارمدا ئەو بڕیارە ڕابگرم، بەڵام چەند ڕۆژێك پێش ئێستا ئاگاداركرامەوە كە هەموو كەم ئەندامانی سەنگەر دەچین بۆلای تاڵەبانی،منیش پیانم ڕاگەیاند ئەگەر تاڵەبانی بێت بۆ شارەكەشم ئامادە نیم بیبنم بۆ لیستی گۆڕانیش كاردەكەم، لە وڵامدا پیان وتم زەرەر دەكەیت، منیش وتم با هەر زەرەر بكەم، شانازیش بەوەوە دەكەم كە من یەكەم كەم ئەندام بووم تەحدای تاڵەبانیم كرد نەچووم بۆلای و ئامادەنەبووم وەك كۆیلەیەك سوجدە بۆ ئەو بتە ببەم، شەوی ڕابردو ئاگادار كرامەوە كە كەم ئەندامیەكەم لە سەنگەرەوە كراوە بە تایبەت، ئەو كەسەیش ئەو كارەی كردووە خزمی ئەندامێكی سەركردایتی یەكێتییە خۆی لە سیم بڕیندا كەم ئەندام بووە كراوە بە پێشمەرگەی سەنگەر بە پلەی ئەفسەر ، لەبری ئەوەی موچەكەی خۆی بكاتە تایبەت ئەوەی منی كردووە، لیرەشەوە دووپاتی دەكەمەوە كە من خوێنەكەشم بۆ گۆڕان بڕژێت زۆر ئاسایە، بەدرێژای مێژوو بنەماڵەكەم خوێنی ڕشتووە بۆ ئازادی وڵات، ئیستا نەك نان بڕاوم بكەن هەناسە بڕاویشم بكەن من لە پشتگیریم بۆ لیستی گۆڕان پەشیمان نابمەوە، ئەو موچە 200000 دووسەد هەزاریەش بۆ ئەوان با بچێتە سەر خەزێنەی پارەی دزراوی كوردستانەوە كە بەرپرسانی وڵات تاڵانیان كردووە، بۆیە لەبەر گۆڕان خۆم دەكەمە قوربانی،چونكە گۆڕان بەرهەمی نوسەرە بوێرەكانی كوردستانپۆست و ئاوێنە و هاوڵاتی و گۆڤاری لڤینە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست