هەموو گلان و نوچدانێکمان بەهۆی هەڵەی سیاسی و تەکتیکی سەرکردەکانمانەوە بووە!؟
Friday, 16/08/2013, 12:00
هەموو دەم هەڵە بە ئازارو تاڵە و سەرئەنجامیشی پەشیمانی و داخ و کەسەرە، زیانمەندی سەرەکیش لێی خودی هەڵەکارو هەندێك جاریش هەڵە بەرامبەر کراوە، بەڵام هەڵەی سیاسی و ستراتیژی و تەکتیکی سەرکردەکان دەر ئەنجامی نێگەتیڤ و گەورەو مەترسیداری ئەوتۆ لە سەر تێکڕای جومگە کانی وڵات بە جێدەهێڵێن! کە هەندێك جار بە هۆی هەڵەی ساتەوەقتی سەرکردەیەکەوە کاروانی خەبات و تێکۆشانی گەلێك توشی نوشستی و گلان دەبێت و هەمبانەی ڕەنجی سوری دەیان نەوە لە هەورازی مێژووەوە تلۆر دەبێتەوە بۆ نێو شیو و نشێوی کارەسات و دەیان ساڵی دەوێ تا ئەو برینەی ئەوهەڵەیە دروستی کردووە لە جەستەی گەل و نیشتیماندا قەتماغە ببەستێ و هەتوان بکرێت، وێنە بۆ ئەم پێڤاژۆیە زۆرە ، بۆ نمونە هەڵەیەکی تەکتیکی وەك هەڵەی سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی لە ساڵانی هاشتاکاندا ، بە تەڤلی بوون لە گەڵ سوپای پاسداران و هێرش کردنە سەر سوپای عێراقی ئەو دەمدا بە یەکەوە و ڕاکێشانی لەشکری ئێرانی بۆ ناو قوڵایی خاکی عێراق بە ئومێدی ناچارکردنی عێراق بە ملدان و داننان بە داواکانی ئەو دەمی بەرەی کوردستانیدا، سەرەنجامی بە شاڵاوەکانی ئەنفال تەواو بوو کە پتر لە شەست هەزار کوردی سڤیل و لادێنشینی سادەو دڵپاك و بێ پشتیوانی تیادا کرا بە کۆچی قوربانی ، بە بێ ئەوەی زۆرێكیان لە ئەلف بائی سیاسەت و خەبات شارەزابن .
بۆیە پێویستە میللەتان لە پرۆسەی بە سەرکردەکردنی تاکەکانیاندا وردو لێزانانە بجوڵێن و بە ئیقاعی دەنگی هەموو مرۆڤێک هەست و سۆزیان نەجوڵێت و فلتەریزەیشنێکی باش بکەن بۆ سیاسییەکان و خاوەن ستراتیژوخاوەن ئامانجە بەرزو باڵاو بیرە تیژو داناییە قوڵەکانیان و لێوەشاوەکانیان بکەن بە سەرکردە هەتا بەهۆی هەڵەکانیانەوە ئاگر لە خەرمانی ڕەنج و کۆششیان بەر نەبێت.
جگە لەوەش پەراوێزی سەرکردەکانیش بایەخ و سەنگیان هیچی کەمتر نییە لە گرنگی و بایەخی خودی سەرکردەکان ، ئەوانەی پێیان دەوترێت ڕاوێژکارو پسپۆڕی پێشکەوتوو شارەزای لێهاتوو ، دەبێت لە فلتەری چێکی دڵسۆزی و دانایی و نیشتیمانی بوون و مرۆڤ دۆستی و بەرزی ئاکارو مۆراڵی مرۆیی بدرێن و تیایاندا باشترینیان بەرز بکرێنەوە بە پەیژەی متمانە و باوەڕ لە سەر هەڵچنیندا، چونکە ڕاوێژکارە خراپەکان وەك کێچی کەوڵی سەرکردەکان وان و هەندێك جار دەبنە هۆی دروست بوونی کارەسات و مەرگەسات بۆ خودی سەرکردەکان و نیشتیمان و دەورو بەریش، بۆیە دەبێت باشی و دانایی سەرکردەکانمان بە پێوەری جۆرێتی و باشی و خراپی پەراوێزەکانیان بپێوین و لە ئاوێنەی پەراوێزەکانیان و دەورو بەرو یاوەرەکانیان و هاو دەمەکانیانەوە سەیریان بکەین . هەڵبەتە ئەگەر سەرکردەکان گوڵبن ئەوە پەپولەو مێش هەنگ لە دەوریان کۆ دەبێتەوە ، ئەگەر زەلکاوی بیری ماددە پەرستی و تەماحی شەخسیش بن ئەوا سیسرگی ئاوەڕۆو بەکتریاو مێشولەی مەلاریا دەبێت بە یاوەرو هاوەڵیان .
بۆیە پێویستە سەرکردەکان ، ڕاوێژکارەکانیان هەمە جۆربن سەرجەم کایەکانی ژیان و بوارە گرنگەکانی ژیان بکەن بە خاڵی جێبایەخ و ڕاوێژکاری بۆ دابنێن ، بە تایبەت کایەگەلی وەك ئابوری و ئاسایشی و ڕاگەیاندن و دارایی ، نابێت لەم بابەتانەدا جگە لە پڕۆفیشناڵێتی و جۆرێتی و لێوەشاوەیی هیچ لەبەرچاوگرتنێکی لە بابەتی خزمایەتی و ئایدۆلۆژیای و نەتەوەیی و چی چی جێگەی گرنگی بێت و ببێت بە هۆی دورخستنەوەی پەراوێزی پۆزەتیف لە دەورو پشتی سەرکردە.
واتە دەبێت پرۆسەی سەرۆکایەتی و سەرکردایەتی وڵات بە تۆڕێکی تانوپۆکراو و تێهەڵکێش و وردی ئەوتۆی تەکنیکی و دامەزراوەیی موتوربە بکرێت و بە جۆرێکی ئەو تۆ ئەرك و ماف و سنور و بەرپرسیارێتی سەرکردە دیاری بکرێت کە بۆ هەمیشە زەلکاوی بیری تاکڕەوی و خۆ سەپاندن و بڕیاری تەنها کەسی لە گۆڕێچکەی مردن بنرێت ، ئەو دەمە هەرچی کەسێك ئەگەر لە فلتەریزە کردنی گەلیشدا پێینەزانرا کە پاسیف و ستۆك نە بەرپرسیارو نەگونجاوەو سەرکەوت بۆ ڕێبەرایەتی ، داوی داوو دەزگابونی سیستەم دواجار دەیگرێت و لە ناو ماکینەی موئەسەسە بوندا دەکرێت بە کاڵایەك کە بۆ باڵای ئەوپۆستە بشێت کە لە بەردەستێتی.
ئەم ڕێوشوێنانەش لە دوای ڕوداوگەلە مەرگهێنەکانی ڕۆژئاواوە بووە بە ستایڵی نوێی ئیدارەدانی وڵات ، بۆیە کوردستانیش پێویستە سودیان لێوەر بگرێت و کۆمەڵگە دەبێت هۆشیار بێت لە ڕۆڵگێڕانیدا لە بزاڤی بە سەرکردەکردنی تاکەکانیدا و لە تەماشاکردنی پەراوێزی ئەو سەرکردانەشدا کە لە دەسڵاتدان .
هەر سەرکردەیەكیش پەراوێزی پاسیڤ و کرێت و ناشیرین بێت ، دیارە پەرێزی باش نییە ، بۆیە دەبێت گەل بێبەشی بکات لە کورسی ! چونکە ئەگەر فریشتەش بێت دیکەن بە ئەهریمەن ، ئەگەر سپی بێت وەك بەفر ڕەش دەبێت وەك خەڵوز .
بابان بریزی
.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست