کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خه‌ڵک له‌وه‌ هۆشیاتره‌ به‌و قسانه‌ بڕوابکات و له‌ هه‌ڕه‌شه‌ بترسێت

Monday, 24/05/2010, 12:00


له‌و رۆژه‌وه‌ی به‌ پیلانێکی نه‌خشه‌ بۆکێشراو قوتابی و رۆژنامه‌ نووسی لاو کاکه‌ سه‌رده‌شت عوسمان له‌ به‌رده‌م کۆلیژه‌که‌ی له‌ پایته‌ختی کوردستان ڕفێندڕاو دواتر ته‌رمه‌که‌ی له‌ شاری موسڵ دۆزرایه‌وه‌ بێزاری و ناڕه‌زایه‌تی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی گرتووه‌ته‌وه‌ و له‌و پێناوه‌دا توێژی ڕۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران له‌ هه‌مبه‌ر رفاندن و تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان ته‌واو هه‌راسان و نیگه‌رانن هه‌ربۆیه‌ چ به‌نووسین و چ به‌ به‌یاننامه‌و ڕێپیوان ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ده‌ربڕیوه‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئیدانه‌ی ئه‌و کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌یان کردووه‌ که‌ دووره‌ له‌ هه‌موو پێوه‌رێکی ئینسانی و سه‌رده‌میانه‌. تاکو نووسینی ئه‌م چه‌ند دێره‌ی من ڕۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران به‌رده‌وامن له‌ هه‌فته‌ی بێده‌نگ نابین. به‌راستی له‌هه‌مبه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی ئاوا وه‌حشیانه‌و ترسناکدا هه‌موو کاردانه‌وه‌یه‌ک له‌ جێگای خۆیدایه‌تی ئه‌گه‌ر بکرێت ته‌واوی جموجوڵی ژیان له‌ کوردستان بوه‌ستێنرێت بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ناچاربکرێت لێکۆڵینه‌وه‌ی جیدی بکات و بکوژانی سه‌رده‌شت ئاشکرابکرێت و بدرێنه‌ دادگاو وه‌ک بکوژانی شه‌هیدان سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و شێخ ستار به‌سووک و ئاسان بۆی ده‌رنه‌چن و ده‌مه‌زه‌رد بکرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا سۆران و سه‌رده‌شته‌کانی تریان پێ تیرۆربکرێنه‌وه‌.ئه‌وه‌ی جێگای شه‌رمه‌زاری و داخ و ته‌ریق بوونه‌وه‌یه‌ حیزبی ده‌سه‌ڵات له‌بری ئه‌وه‌ی هاوخه‌می و هاوسۆزی خۆی ده‌ربڕێت و به‌ڵێنی ئه‌وه‌بدات که‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک په‌رۆشی ئه‌وه‌ده‌بێت تا بتوانێت بکوژانی سه‌رده‌شت عوسمان بدۆزێته‌وه‌و بیانداته‌ دادگاو له‌و پێناوه‌دا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابێت ئازادی زیاتر فه‌راهه‌مبێت و ترس و تۆقاندن بڕه‌وێنێته‌وه‌و رێگانه‌دات له‌ پایته‌ختی کوردستاندا تیرۆرو تاوان و غه‌دری له‌و شێوه‌یه‌ قورس دووباره‌بێته‌وه‌و به‌ڵێنی ئه‌وه‌بدات که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ پارێزه‌ری هه‌موو ئازادییه‌کان بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی دوژمنی ئازادین نه‌توانن مه‌ودای ئازادی وتن و نووسین به‌تیرۆرکردنی که‌سانی وه‌ک سه‌رده‌شت عوسمان بسڕنه‌وه‌و ته‌نگ به‌ژیانی دیموکراتیانه‌و ئازادی بیرو نووسین و قسه‌کردن هه‌ڵبچنن. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری پایته‌خت نه‌ک هه‌ر به‌و په‌رۆشییه‌ی بۆ ئازادی و دیموکراتی هه‌ڵنه‌ساوه‌ بگره‌ زۆر به‌ شێوه‌یه‌کی هێستریانه‌ کۆنترۆڵی له‌ده‌ستداوه‌و به‌ به‌یاننامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز وه‌ڵامئ ئه‌و دۆخه‌ ده‌داته‌وه‌ که‌ ته‌وای خه‌ڵکی کوردستانی نیگه‌رانکردووه‌و هه‌موو ئه‌و حیکایه‌تانه‌ی به‌تاڵکرده‌وه‌ که‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یانده‌کرد که‌ کوردستان ئامانه‌و ئاسایش باڵی به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکیدا کێشاوه‌.له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ حیزبی ده‌سه‌ڵات واده‌زانێت به‌وه‌ی که‌ چه‌ند که‌سێکی قه‌ڵه‌م فرۆش له‌ تیڤێکانه‌وه‌ داکۆکی له‌ ده‌سه‌ڵات بکه‌ن و به‌قسه‌ی بریقه‌دار ده‌توانێت خه‌ڵکی هێمن بکاته‌وه‌. بۆیه‌ هه‌ر رۆژه‌ی یه‌ک دوو نووسه‌رو رۆژنامه‌ نووسی ده‌ربارو قه‌ڵه‌م فرۆشی ده‌سه‌ڵات ده‌کاته‌ میوانی که‌ناڵه‌کانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر هه‌ستی دانیشتوانی کوردستان برینداربکه‌ن و به‌ درۆو داکۆکییه‌کانیان له‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی تر گومان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات که‌ بکه‌ری تیرۆرکردنی کاکه‌ سه‌رده‌ست عوسمان هه‌ر مافیاکانی ده‌سه‌ڵاتن و پێویست ناکات له‌وه‌ زیاتر حیزبی خودان پایته‌خت خۆی مشه‌وه‌شبکات و بیه‌وێت به‌ قسه‌و تۆمه‌تی ئه‌م نووسه‌ره‌ ده‌ربارانه‌ تاوانه‌که‌ په‌رده‌پۆش و دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌بکات ئێمه‌ له‌م کاته‌دا به‌رچاوڕوونی و کۆمه‌ک و لێکۆڵینه‌وه‌و لێپێچینه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتمان گه‌ره‌که‌ بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی سه‌رده‌شت عوسمان نه‌ک ده‌سه‌ڵات بێت و کۆمه‌ڵێک به‌ناو رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری سه‌ربه‌خۆی بهێنێته‌ سه‌ر شاشه‌ی که‌ناڵه‌کانی بۆئه‌وه‌ی به‌ قسه‌ی پڕووپووچ تاوانه‌کانی بۆ په‌رده‌پۆش بکه‌ن و خۆڵ بکه‌نه‌ چاوی خه‌ڵکی کوردستان خه‌ڵک له‌وه‌ هۆشیارتره‌ به‌و قسانه‌ بڕوابکات.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە