هەڵبژاردن یەكێتی دوو لەت دەكات
Tuesday, 09/06/2009, 12:00
هەڵبژاردنی رۆژی بیست وپێنجی تەمووزی ئەمساڵ بەشێوەیەك لەشێوەكان زۆر لەهاوكێشە چەقبەستووەكان دەگۆڕێت وبارودۆخی سیاسیی وحیزبیی لەكوردستان دەخاتە بەردەم قۆناغێكی تازەوە، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان یەكێك لەو هێزانەیە ئەم هەڵبژاردنە كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەری هەیەو رەنگە بێژین زۆرترین گۆڕان ئەم هەڵبژاردنە دروستیبكات لەباری یەكێتیدا دەبێت، یەكێك لەئەگەرەكانیش ئەوەیە پێدەچێت وەزعی یەكێتی دوای پرۆسەی هەڵبژاردن بگاتە راددەی لێكترازان ودابەشبوونی ئەو پارتییە بۆ دوو حیزبی نوێ.
دامەزراندنی یەكێتی هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول بەسەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەساڵی 1975، كەش وزەمینەیەكی ئازادی رەخساند بۆ چالاكی شانەو رێكخراوە نهێنییەكان وئەو هێزانەی دەیانویست لەیەكێك لەساتەوەختەكاندا ببنە بەدیلی پارتی وخودی ژەنراڵ بارزانی، دروست لەم سەروەختەدا چەند چالاكوانێكی رامیاریی كەزۆرینەیان ئەندامانی پارتی "باڵی مەكتەبی سیاسیی"و كۆمەڵەی ماركسی لینینی بوون كەوتنە خۆ ئامادەكردن وجموجۆڵ بۆ دامەزراندنی رێكخراوێكی سیاسیی نوێ، رێكخراوێك لەتوانایدا بێت وەڵامی ئەو قۆناغە بداتەوەو وزەی هەبێ سەركردایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد بكات. سەرەنجام لەرۆژی 22-5-1975 لەشاری دیمەشقی پایتەختی سوریا ولەقاوەخانەی "توڵەیتوڵە"ی گەڕەكی "ئەبورمانە" یەكەمین دانیشتنی لیژنەی دامەزرێنەری یەكێتی ئەنجامدراو هەریەك لە"مام جەلال، فوئاد مەعسوم، عادل مراد، عەبدولڕەزاق فەیلی"، ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون وهەمان رۆژیش مانیفێستی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانیی بڵاوكرایەوە. لەرۆژی 1-6 هەمان ئەو بەیاننامەیە نێردرا بۆ ئەوروپا بۆ دەستی "د.كەمال فوئاد"، ئەویش دوای كەمێك دەستكاریی بڵاویكردەوەوە لەسەرتاسەری ئەوروپادا، هەر لەهەفتەی یەكەمدا مانیفێستەكە بەزمانەكانی فارسی وئینگلیزیی وئەڵمانی لەتێكڕای جیهاندا بڵاوكرایەوە، "كەمال بورقای"ش لەرۆژنامەی "ئویز گویلەك یولو" بەتوركیی بڵاویكردەوە. بەمشێوەیە یەكێتی وەك پارتێكی سیاسیی نوێ ونیمچە بەرەیی لەهەناوی سەختترین قۆناغی رامیاریی ورۆژانی سەختی هەرەسدا خۆی راگەیاند، ئیدی یەكێتی لە"شام"ەوە راگەیەنراو لەشارەكانی كوردستان ئومێدی بوژاندەوەو رێكخستنەكانی تاودا. دەستەی دامەزرێنەر لەرۆژی 17-12-1975 یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی خۆی لەشام بەست كەزۆرینەی ئەندامان جگە لە"عومەر شێخموس" تێیدا بەشداربوون. لە1-9-1976 بۆ یەكەمین جار پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بڵاوكرایەوە، كە لەلایەن "نەوشیروان مستەفا، مام جەلال، كەمال فوئاد"ەوە نوسرابووەوە، هەمان ساڵیش خەباتی چەكداریی وشەڕی پارتیزانی مەفرەزەكانی یەكێتی دەستیپێكرد، بەمشێوەیە یەكێتی وەك هێزێكی كاریگەر هاتە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستانەوە.
پێكهاتەكانی یەكێتی ئاشكرایە یەكێتی لەچەند فراكسیۆنێكی جیاجیا پێكهات، وەك دەوترێت لەسەرەتاوە یەكێتی پارتێكی نیمچە بەرەیی بوو، زیاتریش لەسەر وێنەی رێكخراوە فەلەستینیی وچەپەكانی دنیا خۆی رێكخست، بەشێوەیەكی سەرەكییش سێ گروپ یان رێكخراوی سیاسیی بەشداربوون لەپێكهێنانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا.
یەكەم- كۆمەڵە:بیری چەپایەتی لەچلەكانی سەدەی رابردووەوە لەباشووری كوردستان گەشەی كردووەو دەیەی پەنجاو شەستەكانیش سەردەمی زێڕینی ئەو بیرە رامیارییە بوو لەكوردستان. باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی زۆرتر كاریگەربوون بەچەپایەتی وبیری "ماویزم"، مام جەلال یەكێك بوو لەلایەنگرانی بیری ماوتسی تۆنگ. دوای ئەوەی لەكۆتایی شەستەكان چەند رابەرێكی "حیزبی تودەی ئێران" كەپارتێكی ماوی بوو، هاتنە لای مام جەلال، بیری ماوی زیاتر كاریگەریی دانا لەسەر بەشێك لەئەندامانی باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی، نەوشیروان مستەفا وەك یەكێك لەئەندامانی ئەو باڵە لەو چركەساتانەدا یەكێك لەكتێبەكانی "ماو"ی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردیی، بەڵام گۆڤاری "رزگاری" كە نەوشیروان مستەفا سەرنووسەری بوو ویەكێك بوو لەئۆرگانەكانی باڵی مەكتەبی سیاسیی، بووە جۆشدەری بیری چەپایەتی لەریزەكانی جەلالیدا. بەمجۆرە كۆمەڵە لەشێوەی ئەڵقەیەكی نهێنی خۆیان رێكخست. دوای بەیاننامەی یانزەی ئاداری 1970 كەهەردوو باڵی پارتی تێكەڵ بوونەوە، مام جەلال چالاكیكردنی رێكخراوی ماركسی لینینی وەك پێویستییەكی قۆناغ سەیر دەكرد، بۆ دامەزراندنی رێكخراوێكی لەو بابەتە هەر ساڵی 1970 لەشاری بەغداد، چەند هەڵسوڕاوێكی چەپ كەوتنە كۆبوونەوە ئەنجامدان ولەدواجاریشدا لەرۆژی 10-6-1970 بڕیاری دروستكردنی "كۆمەڵەی ماركسی لینینی" چووە بواری پراكتیكەوەو هەریەك لەمانەش بۆ سەركردایەتی كۆمەڵە هەڵبژێردران "خاڵە شەهابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدلواحید، ئاوات عەبدولغەفور، محەمەد میرزا، فەرەیدوون عەبدولقادر". لەماوەی چوار ساڵی ئاشتیی نێوان كوردو حكومەتی ناوەند "1970- 1974"، كۆمەڵە سوودی باشی وەرگرت بۆ پتەوكردنی رێكخستنەكانی و خۆ ئامادەكردن بۆ بۆشاییەكی وەك ئەوەی لەدوای هەرەسەوە دروستبوو، كۆمەڵە ئەگەرچی لەساڵی 1976 رووبەڕووی گورزێكی گەورە بووەوە، بەوەی لە1-1-1976 "شەهاب وجەعفەر وئەنوەر" لەلایەن ئێرانەوە رادەستی عێراق كرانەوەو لەسێدارەدران، لەهەمان كاتدا زۆرینەی قیاداتی ئەوكاتە لەناوخۆدا دەستگیركران، كە لەئەدەبیاتی سیاسیی ئەو قۆناغەو دواتریشدا ناویان بە"دەستەی زیندان" رۆیشت، لەساڵی 1978 دیسان كۆمەڵە بەهۆی شەهیدبوونی شاسواری شێخ جەلال "ئارام" لەگوندی تەنگیسەری قەرەداغ تووشی نسكۆیەكی دیكە هات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵە داینەمۆی یەكێتی وبەهێزترین جەمسەری ئەو پارتییە بوو، ئەگەرچی لەساڵی 1978 كۆمەڵەی ماركسی لینینی ناوی خۆی گۆڕی بۆ "كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان"، بەڵام هیچكات كۆمەڵە تا كاتی تواندنەوەی دەستبەرداری بیری ماركسیی نەبوو. كۆمەڵە یەكێك لەلایەنە پێكهێنەرەكان وبەهێزترین رێكخستنی نوێ بوو لەپێكهێنانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا.
دووەم- بزووتنەوەی سۆسیالیستیی:زۆرینەی ئەندامانی دامەزرێنەی ئەم بزووتنەوەیە ئەندامانی پێشووی باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی بوون، یەكەمین كۆبوونەوەی بزووتنەوەكە لە"ورمێ" لەساڵی 1975 لەماڵی "عومەر مستەفا- دەبابە" رێكخراو یەكەمین راگەیاندنیش لەساڵی 1976 لەلایەن "ساڵح یوسفی، عومەر دەبابە، عەلی عەسكەری، رەسوڵ مامەند"و چەند كەسێكی دیكەوە بڵاوكرایەوە. بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەگەرچی دووەم لایەنی بەهێزی پێكهێنەری یەكێتی بوو، بەڵام لەباری واقیعییەوە هەموو بڕیارەكان لەلایەن خودی مام جەلال و كۆمەڵەوە بەسەر یەكێتیدا دەسەپێنران، ئەوەبوو دوای كارەساتی هەكاری زۆرینەی ئەندامانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە21-3-1979 لەیەكێتی چوونە دەرەوە ولەگەڵ دەستەی "د.مەحموود عوسمان" یەكیانگرت و "حزبی سۆسیالیستی یەكگرتووی كوردستان"یان راگەیاند كە لەسەرەتاوە كەوتنە شەڕێكی قورسەوە لەگەڵ یەكێتی. دەستەی "د.مەحموود" لەژێرناوی "لیژنەی تەحزیری" كاریان دەكردو هەریەك لە"عەدنان مفتی قادر جەباری" لەهاوكارە نزیكەكانی بوون، لەدوای كۆنگرەی نۆیەمی پارتییەوە كەلەراژان بەستراو مەسعود بارزانی كرایە سەرۆكی پارتی، بەپەڕاوێزیی مانەوەو هیچ كاریگەرییان نەبوو لەسەر رەوشەكە."حەسەن زازا" دەنووسێ "د.مەحموود عوسمان پارێزگاریی لەتەكەتولەكەی كرد تا ساڵی 1979 كاتێك حیزبی سۆسیالیستی یەكگرتووی كوردستانیان راگەیاند، دوای ئەوەی بەشێك لەوانە بەردەوامیی كاركردنیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان رەتكردەوە، پەیوەندییان بەكۆمەڵەی مەحموود عوسمانەوە كرد". هەر لەوبارەوە "د.مەحموود" لەدیمانەیەكیدا دەڵێ: دوای كۆنگرەی نۆیەمی پارتی وەكو لیژنەی تەحزیری، " هاتینەوە كوردستان، بینیمان نزیكترین لایەن لەئێمەوە، بزووتنەوەی سۆسیالیستییە، بۆیە لەگەڵ ئەوان تێكەڵ بووین".
سێیەم-خەتی پان یان گشتیی: ئەم دەستەیە لەساڵی 1975 دروستبوو لەژێر سەركردایەتی "مام جەلال، فوئاد مەعسوم، كەمال فوئاد، عومەر شێخموش"و چەند كەسێكی تر، لەباری واقیعییەوە ئەم دەستەیە كەمترین ژمارەی رێكخستن وكادیریان هەبوو، بەڵام بەهۆی كاریزمای مام جەلالەوە توانیبوویان سەركردایەتی یەكێتی لەبندەستی خۆیان دابنێن، هێڵی گشتیی وپاشماوەكانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی لەرۆژی 15-8-1982 لەگوندی "خەتێ" كۆنفرانسی یەكگرتنەوەیان ئەنجامداو لەژێرناوی "یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان" خۆیان راگەیاند، هەریەكێكیش لە"مام جەلال، پێشەوا تاڵەبانی، عەلی حەوێز، جەمال حەكیم ئاغا، شێخ دارای حەفید، مامۆستا عەبدوڵڵا" بۆ سەركردایەتی هەڵبژێردران، بەڵام بەهۆی ئەوەی مام جەلال سكرتێری یەكێتی بوو "فوئاد مەعسوم" بەسكرتێری شۆڕشگێڕان دەستنیشانكرا، بەڵام ئەم یەكگرتنە زۆری نەخایاند كەهەردوو باڵەكە بۆ جارێكی دیكە لەیەك جیابوونەوەو هەریەكەو لەژێرناوی پێشوویان لەناو یەكێتیدا درێژەیان بەچالاكیی دا.
كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەقۆناغی شاخ یەكێتی هەر لەقۆناغی شاخەوە تا راپەڕین ودواتریش دەیویست گۆڕەپانی كوردستان بەتەنێ كۆنترۆڵ بكات، لەم پێناوەدا لەقۆناغی شاخدا هەڵگیرسێنەری چەندین شەڕی براكوژیی خوێناویی بووە لەگەڵ تێكڕای پارتە سیاسییەكانی ئەودەمە، هەر لەسۆسیالیستەوە تا بزووتنەوەی ئیسلامی، هەر لەقیادە مەوقەتەوە تا پاسۆك، هەر لەحیزبی شیوعییەوە تا هاوپەیمانەكانی ناو "جوقد". لەئاستی ناوخۆشدا یەكێتی دەرگیری كێشەی ناوخۆیی بووە، راستیی رووت ئەوەیە هەرسێ لایەنە سەرەكییەكەی ناو یەكێتی بەردەوام لەململانێ وناكۆكیدا بوون، كۆمەڵە بەردەوام گوشاری هەبوو، هەم لەسەر هێڵی گشتیی، هەم بەزەقتر لەسەر بزووتنەوەی سۆسیالیستیی. محەمەدی حاجی مەحمود ناوەڕاستی حەفتاكان دەگێڕێتەوەو دەڵێ تەنانەت كۆمەڵەو سەركردایەتی ئەوكاتی یەكێتی گوشاریان خستە سەر بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ولەژێر پاڵەپەستۆی ئەواندا ناچاربوون ناوی خۆیان لە"بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان"ەوە بۆ "بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان" بگۆڕن، چوونكە سەركردایەتی ئەودەمەی یەكێتی سۆسیال دیموكراتیان بە"ئیمپریالیزمی دووەم" ناوزەد دەكرد. كاكەحەمە درێژە دەداتە قسەكانی ودەڵێ "كۆمەڵە ئەو فكرەیەی هەبوو ئەوەی لەگەڵت نەبێ دوژمنتە، بۆ نموونە لەكاتی شەڕی ناوخۆ، ئەگەر لەگەڵ سەركردایەتی كاتیی پارتی شەڕیان هەبا، هیچ كێشەیان لەگەڵ بزووتنەوە نەبوو، بەڵام كەشەڕیان لەگەڵ كەس نەدەما، ئینجا لەگەڵ بزووتنەوە دەیانكرد". جیا لەمانە رەنگە لەهەناوی خودی هەریەك لەو سێ لایەنەشدا چەندان كێشەی ناوخۆیی هەبووبن، وەك ئەو كێشەیەی لەساڵی 1985 لەناو كۆمەڵەدا روویداو دەستەی "مەلا بەختیارو سالار عەزیز" جیابوونەوەو لەژێرناوی "ئاڵای شۆڕش" كەپێشتر ناوی بڵاوكراوەیەكی كۆمەڵە بوو، درێژەیان بەچالاكیی دا، بێگومان سەركردایەتی كۆمەڵەو یەكێتی لەحاست ئەو بڕیارەی مەلا بەختیار بێدەنگ نەبوون ولەرۆژی 2-11-1985 هێزێكی یەكێتی بەسەركردایەتی "جەبار فەرمان" هەڵیانكوتایە سەر ئاڵای شۆڕش ولەگوندی تەكیەی قەرەداغ مەلا بەختیاریان دیلكردو بردیان بۆ سەركردایەتی. كاتێكیش لەمانگی دیسەمبەری هەمان ساڵ پلینۆمی كۆمەڵە بەهۆی ئەو شیرازە تێكچوونەوە بەستراو شەست كەس لەسەركردایەتی وكادرەكانی كۆمەڵە تیایدا بەشداربوون، بڕیاری كوشتنی "مەلا بەختیار"یان بەتێكڕای دەنگ پەسەندكرد، جگە لەدەنگی "عەبدوڵڵا تۆفیق"، كە رای لەگەڵ كوشتنی ناوبراو نەبوو، بەڵام دوای داوای لێبوردنەكەی مەلا بەختیار، لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە سزاكەی بۆ سووك كرا بۆ بەندكردن، ئەم بەندكردنەش تاساڵی 1989 درێژەی كێشا. بەكورتییەكەی لەقۆناغی شاخ جیا لەوەی یەكێتی لەشەڕو ململانێدا بوو لەگەڵ زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی گۆڕەپانەكە، لەناو خودی خۆیشیدا دەرگیری دەیان كێشەی خنكێنەر بوو.
ململانێكانی یەكێتی لەقۆناغی شار لەراپەڕین بەولاوە كێشەكانی یەكێتی دەچنە قۆناغێكی نوێ وجیاوازەوە، زۆرینەی كێشەكانی ئەم پێڤاژۆیەش پابەندە بەكێشەی دەسەڵات وسەروەت وسامان ونەبوونی ستراتیجی روونیی لەداهات وداراییدا. لەسەرەتای 1992 وەختێك یەكێتی یەكەمین كۆنگرەی خۆی بەست، زەقبوونەوەیەكی زۆری كێشەكان بەدیدەكراو كۆنگرەكە بەپێی هەموو پێودانگێك پڕ لەكێشەو ئاڵۆزیی بوو بۆیە مەبدەئی كۆنگرەی ونكرد، مەرگی لەناكاوی "عومەر دەبابە" لەهۆڵی كۆنگرەدا پاساوێكی باشبوو بۆ كۆتاییهێنان بەم كۆنگرەیەو هەڵپەساردنی كێشەكان وەك خۆیان. كۆنگرەی دوو ئەگەرچی یەكێك لەدروشمەكانی بریتیبوو لەبنبڕكردنی تەكەتولات لەناو یەكێتیدا، بەڵام نەك هەر نەیتوانی ئەم كارە بكات بەڵكو كێشەكانی زیاتر قووڵكردەوە. ئەو مێژووەشی دەكەوێتە پاش كۆنگرەی دووەوە مێژوویەكی تژ لەململانێی سەخت ودژواری ناوخۆی یەكێتی بووە، بەئەندازەیەك لەم قۆناغەدا یەكێتی بەتەواویی كارەكانی پەكیان دەكەوێت وناتوانێت تەنانەت نزمترین ئاستی ململانێ لەخۆی نیشانبدات بەرامبەر بەنەیارەكانی بەتایبەت لەهەمبەر پارتی كە سێ دەیە زیاتر بوو سەختترین كێشمەكێشی لەگەڵ دەكرد. بمانەوێت یان نا ئەگەرچی كێشە ناوخۆییەكانی سەردەمی شاری یەكێتی وەك سەردەمی شاخ خوێناویی وپڕ لەتوندوتیژیی وبەكارهێنانی هێز نین، بەڵام لەرووی كاریگەرییەوە ئەو كێشانەی لەم قۆناغەدا بوونیان هەیە زۆر لەشەڕی دەستەویەخەو خوێناویی قورستر یەكێتی خستووەو لەهەموو لایەكەوە لەبەرامبەر دۆست ودوژمنەكانی بڕشتی لێبڕیوەو بەئەندازەیەك لاوازی كردووە هەموو تەنازولاتێك دەكات بۆ پارتی وبنەماڵەی بارزانی.
كۆمپانیای وشەو جیابوونەوەی باڵی ریفۆرم لەیەكێتی
دوای پرۆسەی رووخانی رژێمی سەددام لەبەهاری 2003، قۆناغێكی تر لەململانێ لەناو یەكێتیدا دەستپێدەكاو دەیەوێ مام جەلال كەبەهێڵی سوور دانراوە ببەزێنێ ولەخودی رەخنە لەمام جەلالەوە خەتی خۆی مانیفێست بكات. لەكۆتایی ساڵی 2004و سەرەتای 2005 نەوشیروان مستەفاو هاوكارەكانی لەباڵی ریفۆرم بوونە سەرمەشقی ئەم بزووتنەوە ناڕازییەی ناو یەكێتی، ئەوەبوو لەو نێوەندەدا نامە هاوبەشەكەی "نەوشیروان مستەفا، عومەر سەید عەلی، كۆسرەت رەسوڵ"ی بەدوادا هات كە لە 7 خاڵدا ناردبوویان بۆ مام جەلال ولەوێدا بەروونی باس لە"ئیرهابی فیكریی"و سەپاندنی بیروڕای سكرتێری گشتیی وقۆرخكردنی دارایی وبرپرسیارێتی دارایی كراوەو لەكۆتایی نامەكەشدا هاتووە "سكرتێری گشتیی تەمەنی لە70 ساڵ تێپەڕیوە، كاتی ئەوە هاتووە ئیتر وەك رەمزێكی بەڕێز خۆی لەدەستێوەردانی ئیشوكاری رۆژانەی یەكێتی بكێشێتەوەو راپەڕاندنی كاروباری رۆژانە بەجێبهێڵێ بۆ هاوڕێكانی ورێگە بدات بەیەكێتی بگەڕێتەوە سەر كاركردن بەپێی سەرەتا رێكخراوەییەكانی ولەداهات وخەرجی دارایی یەكێتیدا پەیڕەوی روونی شەفافیەت- بكات وسەروەت وسامانی یەكێتی وسەرچاوەكانی داهاتی ئاشكرا بكات". ئەگەرچی كۆسرەت رەسوڵ بەهۆی پێدانی ئیمتیازات وپۆستی جێگری سكرتێری گشتییەوە لەناوەڕۆكی نامە هاوبەشەكە پەشیمان بووەوە، نەوشیروان وهاوكارەكانی بەردەوامییان بەكاردا، بەڵام دوای هەڵبژاردنی ناوخۆو مەڵبەندەكانی یەكێتی، كەریفۆرم بەهۆی چەند فاكتەرێكەوە دۆڕاندی، نەوشیروان مستەفاو هاوكارەكانی رێگەیەكی تریان گرتە بەر، ئەویش دامەزراندنی كۆمپانیای وشە بوو وەك دەستی چەپی یەكێتی بۆ دەربازكردنی ئەو پارتییە لەو قەیرانانەی بەرەو رووی بۆتەوە. لەگەڵ ئەوەی "مەلا بەختیار" پێیوایە كێشەكانی ئێستای نەوشیروان مستەفا درێژكراوەی هەمان ئەو كێشانەیە لە"قاسمە رەش"ەوە وپێش بیست ساڵێك سەریانهەڵداوە، بەڵام جیابوونەوەی ریفۆرم ودرێژەدان بەخۆی لەبەرگی كۆمپانیای وشە لەیەكێك لەماناكانیدا بریتییە لەزەقبوونەوەی كێشەكانی یەكێتی ونەبوونی ئیرادەیەكی سیاسیی بۆ چارەسەركردنیان، بۆیە جیابوونەوەی ریفۆرم وخۆ سڕكردنیان لەكاری حیزبی گەورەترین كێشەو قەیرانە لەسەرەتای راپەڕینەوە تائێستا بەرەو رووی ئەو پارتییە بووبێتەوە.
رەگ و رابوون یان دوو یەكێتی تر؟ بێجگە لەكۆمپانیای وشە، دوو رەوتی تر لەدەرەوەی وڵات "رەگ رابوون" لەریزەكانی یەكێتی كەنارگیرییان هەڵبژاردووەو پڕۆژەیان هەیە بۆ گۆڕینی رەوشی هەنووكەی پارتییەكەیان. رەوتی گۆڕینی دیموكراسیی "رەگ" یەكەمین بەیاننامەی خۆی لەرۆژی 7-10-2008 بڵاوكردەوە كەئیمزای هەرچوار كادری یەكێتی "شۆڕش حاجی، هەڤاڵ كوێستانی، مەلا خدر، هشیار عابد"ی لەسەر بوو، لەمانیفێستەكەدا هاتووە "دەسەڵاتدارانی یەكێتی هیچ پرەنسیپێكی رێكخراوەییان لەناو یەكێتیدا نەهێشتووەو دەستەگەرییان كردووە بەئامڕازێك بۆ خۆسەپاندن ودژایەتیكردنی هەموو دەنگێكی زوڵاڵ ودڵسۆز. ئەمڕۆ یەكێتی بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەنگاو دەنێ. گەر وا بڕوا یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێ. ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوونی پارسەنگی سیاسی وكاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر چمكی دیموكراسی ودەنگی ئازاد لەكوردستانی عێراق دەبێ ولایەنە توندڕەو ودژە دیموكراسییەكان بەهێز دەكا. بەمەش خەباتی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان و دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی چەند قۆناغێك دەگێڕێتەوە دواوە. دەبێ ئەوەش بڵێین بەهەر پێوەرێكی شارستانیانەی حزبە دیموكراتییەكان وسۆسیال دیموكراتەكان بوایە، دەبوو سەركردایەتی یەكێتی دەمێك بوایە لەئەنجامی ئەو هەموو شكستە سیاسییانەیاندا وازیان هێنابا". كاردانەوەی یەكێتی ومەكتەبی سیاسیی لەبەرامبەر ئەو خۆ راگەیاندنەی رەگ جگە لەدەركردنی هەڵسوڕێنەرەكانی لەریزەكانی یەكێتی، تۆمەتباركردنیان بوو بەوەی رەگ دەست و روویەكی تری نەوشیروان مستەفاو باڵی ریفۆرمە، ئەمەش لەبری رەگ لاوازبكات بووە خاڵی بەهێزبوونیان وسەرەنجام بارەكە بەجێیەك گەیشت زۆرینەی تەشكیلاتی دەرەوەی یەكێتی پاڵ بدەن بەلای رەگەوە، بۆیە ئەگەر لەرووی ژمارەشەوە رەگ كێشەی بۆ یەكێتی دروست نەكردبێ ئەوە لەرووە سیاسییەكەیەوە جارێكی تر بەڵگەی ئەوەی دا بەدەستەوە: وەزعی یەكێتی لەژێر هەڕەشەی پەرتەوازەو لێكترازاندایە.
بزووتنەوەی "رابوون"یش باڵێكی تر یان بزووتنەوەیەكی تری دەستی چەپە لەناو یەكێتیداو لەكۆمەڵێك كادر وئەندامانی یەكێتی لەناوەوەو دەرەوەی وڵات پێكهاتووەو لەسەرەتای ساڵی 2007ەوە كاردەكەن بۆ چاككردنی رەوشی ئێستای یەكێتی كەرەوشێكی پڕ لەقەیران وكەموكوڕیییە. بەپێی وتەی "یوسف كانیمارانی" كەئەندامی رابوونە لەفەڕەنسا: "سكرتێری گشتی سەرجەم بڕیارەكانی تاكڕەوانەیە هۆكاری سەرەكی گەیاندنی یەكێتی بەم قەیرانە سكرتێری گشتییە، هەموو ئەوكەسانەی لەناو سەركردایەتی ومەكتەبی سیاسیی ئەگەر بڵێن لەبڕیارەكاندا پرسمان پێدەكرێت بەداوای لێبوردنەوە دەڵێم راست ناكەن. كێشەی ئێمە ئەوەیە 33 ساڵە یەك سكرتێرمان هەیە لەدنیادا لەحزبێكی سۆشیال دیموكراتی شتی وا قابیلی قبوڵ نییە"، ئەم رەوتەش كەم تازۆر كاریگەرییان هەیە وئەو راستییە چەندپات دەكاتەوە رەوشی ناوخۆ وریزەكانی یەكێتیی تووشی ئاڵۆزیی وپەرتەوازەیی بووە.
هەڵبژاردن یەكێتی دوولەت دەكات یەكێتی بەسەركردایەتی مام جەلال ئەوە بۆ دووەم جارە لەگەڵ پارتی هاوپەیمانیی گرێدەدا بۆ بەشدارییكردنیان بەیەك لیست لەهەڵبژاردندا، راستییەكەشی ئەوەیە مام جەلال دەستی گرتووە بەسەر كۆی بڕیارەكانی یەكێتی ولەرێی ئەم تەنازولاتانەوە بۆ بنەماڵەی بارزانی تەنێ خەونی خۆی وگروپەكەی وبنەماڵەكەی مسۆگەر دەكات، بۆیە ئەگەر جاران مام جەلال ئامڕازی یەكخستنی یەكێتی بووبێت ئێستا ئامڕازی پەرتكردنێتی، ئەگەر پێشان مام جەلال لەلایەن هەموو فراكسیۆنەكانەوە بەبرا گەورە حیساب كرابێت، ئێستا مام جەلال تەنێ نوێنەرایەتی گروپێكی كەم دەكات لەناو یەكێتی، ئێستا مام جەلال بۆ یەكێتی رەمزێك نییەو ئەویش سەرۆكی دەستەیەكەو بەس. ئەم تەكەتولبازییەش سەرەنجام قڵشتەكە گەورەتر دەكات، هەروەك "فەرید ئەسەسەرد"یش بۆی چووە "هەموو جۆرە تەكەتولێك حیزبەكە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات"، هەنووكە لانیكەم ئێمە شاهیدی دوو یەكێتین، یەكێتییەك بەسەركردایەتی مام جەلال كەهاوپەیمانی دوژمنە دێرینەكەیەتی "پارتی وبنەماڵەی بارزانی"، دووەمیان یەكێتییەكی تەنیایە لەژێر سەركردایەتی "نەوشیروان مستەفا"، ئەگەرچی ئەم دوو یەكێتییە بەفەرمی رانەگەیەنراون، بەڵام لەباری عەمەلییەوە نكۆڵی لەوە ناكرێت دوو یەكێتی لەئارادان، كەدەتوانرێ یەكێكیان بەرەوتە گشتییە كۆنسەرڤاتیڤەكە ودۆستی هێزێكی پارێزگاری وەك پارتی ناوزەد بكرێت كەلەوانەیە لەگەڵ پارتی ببێتەوە بەیەك، ئەویتریشیان یەكێتییەكی رادیكاڵەو فەلسەفەی خۆی لەهەموو بوارەكاندا لەو دوو تەوژمە تەقلیدییە جیا كردۆتەوە. بۆ دوای مام جەلالیش ئەگەر یەكێتی رادیكاڵ بتوانێت ساحەكە كۆنترۆڵ بكات ئەوە دیسان كۆمەڵگە دابەش دەبێتەوە بەسەر هەردوو بەرەی نوێخوازی ریفۆرمخواز لەگەڵ بەرەی كۆنخواز، بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا ئەم هەڵبژاردنە یەكێتی دوو لەت دەكات، بۆ یەكێتییەك كەدەیەوێ سەرلەبەری وەزعی خۆی و كۆمەڵگە بەرەو گۆڕین ببات، یەكێتییەكی تر كەلەساڵی 1970 جارێكی تر گەڕاوەتەوە بۆ ژێر باڵی بنەماڵەی بارزانی، كەوابوو ئاساییە لەدوای هەڵبژاردنەوە ئێمە دوو یەكێتی بناسێنین ودوو یەكێتی بەدوو ستراتیجی جیاوە هەست پێبكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست