بۆ كۆنگرەى پەروەردەیى هۆكارەكانى پشتەوەى تاقیكردنەوەكان بە هەڵبژاردن
Wednesday, 28/01/2015, 12:00
2418 بینراوە
دواى ئەوەى وەزارەتى پەروەردەى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەمانگى 9 ى 2014 لەسایتەكەى خۆیاندا بانگەوازى ئەوەیان بڵاوكردەوەو رایانگەیاندو وتیان بەتەماین سیستمى تاقیكردنەوەكان بەگشتى و دوانزەیەمى ئامادەیى بەتایبەتى لەسەدا سەد بكەین بە هەڵبژاردن، من یەكەم كەس بووم لە 15/9/ 2014 وتارێكم لەسەرباشى و خراپى سیستمى هەڵبژاردن نوسى و لەرۆژنامەى ئاوێنەدا بڵاومكردەوە، هەر دواى بڵاوكردنەوەشى وەزیرى پەروەردە چووە پەرلەمان و لەسەر سیستمى هەڵبژاردن رەخنەى لێگیراو ئەویش بەرگرى لەخۆى دەكردو خاڵەباشەكانى نوسینەكەى منى بۆ وەڵامدانەوە بەكاردەهێنا دژى پەرلەمانتاران، بەبێ ئەوەى ناوى من بهێنێت و بڵێ ئەمە رەئى خەڵكە، دواتریش لەبەرنامەیەكى كەى ئێن ئێن دا لە 2/12/2014 كە بۆ میواندارى بەڕێزان: د.كەریم شەریف قەرەچەتانى و مامۆستا ئارى بەڕێوەبەرى ئامادەیى ئەڵڵایى و عبدالواحیدمحەمەد حاجى سەرۆكى یەكێتى مامۆستایانى كوردستان سازكرا لەسەر سیستمى هەڵبژاردن، هەرسێكیان زۆر بێ ئاگابوون لەوەى كەیەكێك هەبووە تەنانەت پێشئەوەى پێشنیارەكە ببێت بە بڕیار لەراقیترین رۆژنامەدا بابەتى لەسەر نوسیوە، ئەو بەڕێزانەو خوێنەرانیش دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەرشیفى رۆژنامەكە.
ئەو پێشەكیەم بۆیە نوسى چونكە دەزانم ئەگەر كۆنگرەى پەروەردەیى بگیرێت لە 17/2/2015 یەكێك لەخاڵە گرنگەكانى ئەم بابەتە دەبێت و چونكە ئەو خاڵانەى كە بۆ كۆنگرە دەستنیشان كراون لەچاو كردنى سیستمى تاقیكردنەوەكان بەهەڵبژاردن بایەخێكى ئەوتۆیان نیە، جا لەبەر ئەوە پێویستە وەزارەتى پەروەردە لەكۆنگرەدا وەڵامى یەكێك لەم خاڵانەى خوارەوە بداتەوەو هۆكارى پشتەوەى كردنى سیستمى هەڵبژاردن بۆ راى گشتى ئاشكرا بكات، چونكە ئێمە لێرەوە زۆر بەوردى چاودێرییان دەكەین، وەچاودێرى ئەوانەش دەكەین كە پیتێكیان نیە لەسەر پەروەردە بیڵێن و بۆ هەوا گۆڕین و كات بەسەربردن دەبن بەئەندامى كۆنگرە. هۆكارەكانى كردنى پرسیار بەشێوەى هەڵبژاردن بۆ ئەم خاڵانەى خوارەوە دەگەڕێتەوە:
1ـ زۆرێك لەوڵاتان پەیڕەوى دەكەن و سیستمێكى سەركەوتووەو پێویستە هەرێمى كوردستانیش سوود لەوڵاتان وەربگرن.
2ـ نەخێر مەسەلە سوود وەرگرتن نیە و حكومەت و پەروەردە ناتوانن خواستى خوێندكار و گەنج بەدەست بهێنن و دەیانەوێت لەم رێگەیەوە ناڕەزایى خوێندكار هەڵمژن.
3-نامەسەلە هەر ناڕەزایى نیە ئێمە لە حكومەت حساب بۆ كەس ناكەین، تاوەكو بۆ خوێندكارى بكەین، بەڵكو ئەوەى ئەم بڕیارەى پێ دەركردووین ئەوەیە، كە خوێندگاكانمان قەرەباڵخ و سیخناخن لەخوێندكارو تاكە رێگە بۆ خاڵیكردنەوەى ئەوەیە كە سیستمەكە بكەین بەهەڵبژاردن و لەكوێ دەتوانین ساڵانە ئەم هەموو باڵەخانەیە بۆ خوێندكار دروستبكەین.
4ـ دواى ئەمە ئێمە مەبەستمانە ئەم قەرەباڵخى و سیخناخیە هێدى هێدى بەرینە ناو وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانكۆ و پەیمانگاكان، با خەڵك و خوێندكار بچن ئێخەى خوێندنى باڵا بگرن كە لەحیزبێكى ترە.
5ـ نا دەستێكى تر هەیە كە دەیەوێت وردە وردە خوێندن بەگشتى و خوێندنى زانكۆو پەیمانگا بەرەو ئەهلى بەرێت، جا ئەگەر ساڵانە زیاتر لە سى چل هەزار خوێندكار بەهۆى هەڵبژادنەوە دەرچووبن لە هیچ شوێنێك وەرنەگیرێن، ئەوا تاكە شوێنێك كە ئەمانە بگرێتە خۆى ئەوا خوێندنى ئەهلیە، بەمەش بازارى ئەهلى وەها گەرم دەبێت كە خەڵكى تر بیر لەكردنەوەى كۆلێژو زانكۆى ئەهلى تر بكەنەوە.
6ـ نا مەسەلەكە هیچ كام لەوخاڵانە نیە كە باسكران،بەڵكو ئەوەیە ئەوەى وڵات و وەزارەت بەڕێوەدەبات دواجار سیاسەتێك لە پشتیەوە ئیش دەكات، ئەم سیاسەتەش لەم قۆناغەدا بریتیە لەوەى خوێندكارێكى زۆر لە ئامادەیى بەهۆى سیستمى تاقیكردنەوەى هەڵبژاردنەوە دەربچوێنێت، ئینجا زۆرینەیان نە لە زانكۆى حكومى وەردەگیرێن و نە پارەشیان هەیە لە ئەهلى بخوێنن، ناچار داواى ئیش و تەعین بوون دەكەن،
باشترین ئیشێكیش كە حیزب بۆیان بدۆزێتەوە رێكخستن و تەعینكردنیانە لە ریزەكانى پێشمەرگەو ئاسایش و زێرەڤانى و وەزارەتى ناوخۆ، چونكە ئەم قۆناغى شەڕو ململانێیە ئێخەمان بەرنادات و بەمەش دوو دەستكەوت بەدەست دەهێنین یەكەمیان خەڵكێكى زۆر بە مەمنونى لەریزەكانى حیزب جێدەكەینەوەو بۆ ئینتیخابات دەنگمان پێدەدەن و سوودیان لێوەردەگرین، دووەمیشیان ئەوەیە كە ئەگەر ئەم گەنجە بێ ئیشانە نەخەینە بەرەكانى جەنگەوە ئەى كێ بخەین؟
7ـ دووریش نیە هیچ كام لەو خاڵانە نەبن بەڵكو ئەمە بڕیارێكى كاتى بێت لەپێناوى بەرژەوەندى چەند مناڵ و خێزانى بەرپرسێكدا درابن و دواى دەرچوونى ئەو كەسانە ئیتر بیانوویەك دەهێنرێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى.8ـ رەنگە هۆى سەرەكى ئەوە بێت كە لەم قۆناغەدا وەزارەت ناتوانێ تێچووى كۆنترۆڵ دابین بكات و پرسیارى هەڵبژاردنیش تێچووى كۆنترۆڵى ناوێت و بە ئامێرى تایبەت دەكرێت.