کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئامادە نەبوو لێدوان بۆ كەناڵەكانى ڕاگەیاندن بدات ...!

Thursday, 02/12/2010, 12:00



كارى ڕاگەیاندن گەڕانە بەدواى ئاشكراكردنى نهێنیە دزێوەكان و راستیە شاراوەكاندا ، كرۆك و كارى سەرەكیشى دەرخستنى حەقیقەتە ، هەربۆیە لە ڕیزبەندى دەسەڵاتەكانیشدا وەك دەسەڵاتى چوارەم خۆى سەپاندووە نەك بۆى دیارى كرابێت .
ڕاگەیاندن یەكێك لە كارتە هەرە كاریگەریەكانى ئەمڕۆى دونیایە ، لە فەزاى وڵاتە پێشكەوتووە كاندا ڕاگەیاندن ئەو دەسەڵاتەیە كەهیچ كەس و دەسەڵاتێكیتر ناتوانێت ناعەدالەتى خۆى لە بەرامبەر هەیمەنە و كارتى فشارى ئەودا ڕاگرێت ، هەر لەبەر كاریگەرى و هەیمەنەى ڕاگەیاندنە كە دەسەڵاتە نادیموكراسیەكانیش پەنایان بردووە بۆ ئەم هۆكارە ...!
ڕاگەیاندنەكانى وڵاتانى جیهانى سێ بەپێچەوانەى ڕاگەیاندنى وڵاتە پێشكەوتوەكانەوە هێندەى خەریكى پەردە پۆشكردنى ناجوانیەكانن نیوهێندە كار بۆ دەرخستنى راستیەكان ناكەن بەڵكو پەیامەكەیان هەر ئەوەیە .
ئەگەر باسى ئەم هەرێمەى خۆشمان بكەین بەپێوانە بە وڵاتانى دەوروبەر ئەوا خاوەنى زۆرترین كەناڵى ڕاگەیاندنین ،بەڵام كام ڕاگەیاندن ؟! ئەو ڕاگەیاندنانەى كە لاى خوێنەر و بینەر و بیسەر مسداقیەت و سەنگ و قورساییان لە دەستداوە ، ڕاگەیاندنى لەمەڕخۆمان هێندە كار بۆ چەواشەكارى و شاردنەوەى راستیەكان و ناشیرینكردنى بەرامبەر و جۆرێك لە شەڕى كەسى و كورسى و حیزبى و ئایدیولۆژى دەكەن لە بەرامبەردا نیو هێندە كار بۆ هۆشیارى تاك و رۆشنبیرى كۆمەڵگە و دەرخستنى ڕاستیەكان ناكەن .
لەمەر ئەو زۆر و بۆریەى ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكارانەى لاى خۆمان كەچى راگەیاندنە جدى و كارى گەرەكان لەچەند دانەیەك زیاتر تێناپەڕن ، كەچى دەسەڵات بۆ ناشیرینكردنى ئەوانیش خۆى دەیان كەناڵى هاوشێوەى ئەوانى دامەزراندووە لەژێر پەردەى ئازاد و سەربەخۆدا .
یەكێكیتر لەو رێگایانەى كە دەسەڵات دژایەتى ڕاگەیاندنە جدیەكانى پێدەكات داخستنى دەرگاى بەرپرسە حكومى و حیزبیەكانە بەرویاندا ، رۆژانە هەمومان گوێ بیستى دەستەواژەى (ئامادە نەبو لێدوان بدات بۆ ڕاگەیاندنەكان) دەبین ، من دەڵێم هەر بەرپرس و نوێنەرایەتیەك لە ژێر هەر ناو و بەهانە و هۆكارێكدابێت خۆى بدزێتەوە لە قسەكردن و لێدوان بۆ ڕاگەیاندنەكان ئەوە لەو دەور و بەر و ئاریشەیەدا ناعەدالەتى و گەندەڵى و ناحەقیەك لە ئارادایە ، ئەگەر ئەوان بەو خۆدزینەوە لە قسەكردن بۆ راگەیاندنەكان وادەزانن دەتوانن راستیەكان بشارنەوە ، دەى ئەوە هەر ئەو هەڵوێستەى ئەوان دەرخستنى ناراستى ئەوانە ، ئەو ناشەفافیە لە داتا و ژمارە و بڕ و ناو وبەروار و بڕەكاندا نیشانەى ناعەدالەتى و گەندەڵى ئەوانە ...! ئەو خۆشاردنەوەى ئەوان لە پشتى دیوار و دەرگا داخراوەكانەوە هەمان هەڵوێستى نەعامە ئاسایە لە خۆشاردنەوەدا ، بەو هەڵوێستەیان وادەزانن دەتوانن كارە نەشیا و نەخوازراوەكانیان بشارنەوە .
ئەگەر دەتانزانى ترسان و خۆشاردنەوە لە ڕاگەیاندنەكان چەند ناشیرینە لاى خەڵكى ئەوا هەرگیز پەناتان بۆ خۆدزینەوە نەدەبرد ، بەڵام ئێوەش ناحەقتان نییە چونكە خۆدەرخستنەكانتان ئەگەر بتوانن ئەوا لە خۆشاردنەوەكان ناشیرینترە ...!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە