کوردستان ماڵی هه‌موو کوردێکه (بۆ زیندوڕاگرتنی چوارچرا)
Thursday, 03/04/2008, 12:00
2773 بینراوە
پێم وانییه هه‌قی خودا نه‌بێت، هه‌قی ترم له‌سه‌ر بێت
خودایه تۆ خۆت شاهیدی که من له خزمه‌ت به‌و میلله‌ته‌دا خۆم نه‌بوارد
(قازی محه‌مه‌د)
کوردستان ئه‌گه‌ر له‌ژێر ده‌ستی یه‌ک وڵات‌دا بووایه توانای کورد به‌رامبه‌ر به یه‌ک ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر ده‌وه‌ستایه‌وه. به‌ڵام توانای کورد، له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی خاکه‌که‌یدا به‌سه‌ر چوار وڵات‌دا، بووه به چوار به‌شه‌وه. له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستانه‌وه روانگه بگرین ده‌بینین یه‌ک به‌شی توانای کورد به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌که‌ی ده‌وه‌ستێته‌وه. له هه‌مان کاتدا، وه‌کو توانای کورد له‌ت بووه بۆ چوار به‌ش، به پێچه‌وانه‌وه وڵاتی داگیرکه‌ر له یه‌که‌وه بووه به چوار.
ئه‌م راستییه سه‌ره‌تای بنیاتنانی ستراتیجی کوردییه. کورد راست وایه توانای گشتیی خۆی به گوێره‌ی پێویست له هه‌ر شوێنێکی کوردستاندا، سه‌ربه‌ست له وڵات، به‌کاربهێنێت. به رسته‌یه‌کی تر، کورد له به‌رامبه‌ر لهتبوونیدا مه‌رجه که توانای هه‌ر چوار پارچه‌که به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی داگیرکه‌ر به پێی پێویست بخاته گه‌ڕ. ئه‌مه کاردانه‌وه‌ی سیاسیی کورد ده‌بێت به‌رامبه‌ر به دابه‌شکردنی. به‌ڵام ئایا ئه‌م ستراتیجه، که ئێستا نابینرێت، جێگای رێتێچوونه؟
هه‌ر تیورییه‌ک سه‌رچاوه‌که‌ی هزر بێت روناکبیرییه، واته بێ نرخه. بۆیه بۆئه‌وه‌ی ئه‌م تیورییه نرخێکی هه‌بێت پێویسته له ئارادا بوونێکی ماددیی په‌نجه‌ی بۆ راکێشابێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ تاقیکردنه‌وه‌کان له مێژوودا. ئایا رووداوه مێژووییه‌کان پشتگیریی ئه‌م ستراتیجه ده‌که‌ن؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌خه‌ینه روو.
شێخ مه‌حمود و سمکۆ
رۆژی 17/11/1918 حکومه‌تی خوارووی کوردستان له سلێمانی راگه‌یه‌نرا. ژماره‌یه‌ک کوردی رۆژهه‌ڵات له که‌سانی جیاواز مه‌زبه‌ته‌یه‌کیان مۆر کرد و ناردیان بۆئه‌وه‌ی له رێگای شه‌ریف پاشاوه بگات به کۆنگره‌ی ئاشتیی له پاریس. له‌م مهزبهتهیهدا داوایان کردبوو که گه‌لی کورد له ئێران و عێراقدا له ژێر ئاڵای شێخ مه‌حموددا کۆ بکه‌نه‌وه‌و بیان که‌ن به‌یه‌ک، وه‌کو گه‌لێک ته‌ماشابکرێن و پارچه‌کردنیان کرده‌وه‌یه‌کی بێویژدانانه‌یه (1/46)
جێگری حاکمی سیاسیی عێراق ئه‌رنۆلد ویلسن که هات بۆ سلێمانی زوو هه‌ڵوێستی خۆی پیشانی کورد دا که ئه‌و حکومه‌ته‌ی ئینگلیز ده‌یه‌وێت سنوره‌که‌ی ناگاته کوردستانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئێران. بێگومان دواتر ده‌رکه‌وت که ئه‌و حکومه‌ته‌ی ئینگلیز ده‌یویست، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری داگیرکردنی ناوچه‌که بوو نه‌ک مافی کورد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خۆی. سه‌رئه‌نجام ناکۆکیی دوو سیاسه‌تی جیاواز له حکومه‌تی خوارووی کوردستاندا ته‌قییه‌وه.
شێخ مه‌حمود له‌گه‌ڵ مه‌حمود خانی دزڵی، که کوردی رۆژهه‌ڵات بوو، رێککه‌وت که مه‌حمود خان به بیانوی زیاره‌تی مه‌زاری کاک ئه‌حمه‌دی شێخه‌وه به هێزێکه‌وه بێت بۆ سلێمانی. مه‌حمود خان له راپه‌ڕینی رۆژی (21/05/1919)ی سلێمانیدا، که ئاڵای ده‌وڵه‌تی کوردیی تیا هه‌ڵکرا، رۆڵێکی سه‌ره‌کیی هه‌بوو له پاکردنه‌وه‌ی سلێمانی له هێزی به‌ریتانیی.
ساڵی (1922)یش ئینگلیزه‌کان شێخ مه‌حمودیان له به‌ندیخانه‌وه له هندستان هێنایه‌وه بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕیان بۆ بکات دژی تورک. شێخ له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "ده‌یانه‌وێت کار و فه‌رمانێکی پۆلیسییم پێ بسپێرن، خه‌ڵک له خۆم کۆبکه‌مه‌وه‌و بچم تورکه‌کانیان له ره‌واندز بۆ ده‌ربکه‌م. من هه‌موو ژیان و سه‌روماڵ و که‌سوکارو هاوڕێ و دۆستم هه‌مووی له پێناوی کورددا داناوه، ئێستا من چۆن ئه‌و کاره پۆلیسییه ناشرینه ده‌که‌م؟ ئینگلیزه‌کان به‌ڵێنیان داومێ که هه‌رچی ئه‌و موڵک و ماڵه‌م که ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو هه‌موویم بده‌نه‌وه‌و یارمه‌تی ماڵییشم بده‌ن، به‌ڵام من چۆن بۆ ماڵی دنیا شتی وا ناشرین ده‌که‌م؟" هه‌روه‌ها شێخی نه‌مر ده‌ڵێت: "ئینگلیزه‌کان و فه‌یسه‌ڵ منیان بۆ ئه‌وه هێناوه‌ته‌وه که تورکه‌کانیان بۆ ده‌ربکه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی له هیچ گفتوگۆکردنێکدا ده‌رباره‌ی دوارۆژی کوردستان هیچ به‌ڵێنێک بده‌ن (2/283).
ئینگلیزه‌کان سمایل خانی شوکاک و سه‌ید ته‌های شهمزینیان راسپارد که کار بکه‌نه سه‌ر شێخ بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕی تورک بکات یاخود خۆیان به‌و کاره هه‌ستن.
سمکۆ (سمایل خانی شکاک) له بروسکه‌یه‌کدا بۆ شێخ ده‌نوسێت:
"گه‌وره‌م، ئه‌مڕۆ هه‌موو کاروبارێکی کورد به‌ده‌ست تۆوه‌یه، وامان به باش زانی ده‌ست نه‌ده‌ینه هیچ کارێک بێ پرسی تۆ."
شێخ له وه‌ڵامی سمکۆدا ده‌نوسێت:
"ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت کارێکی تازه ده‌ست بده‌ینێ و، به بێ پاڵپشتێک، ئه‌وا گه‌له‌که‌مان ده‌خه‌ینه ناڕه‌حه‌تییه‌وه. هه‌تاکو ئێستاش به شێوه‌یه‌کی ره‌سمیی به‌یانی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان ده‌رنه‌کردووه تاکو بتوانین به‌رهه‌ڵستی ده‌وڵه‌ته دراوسێکانمان بکه‌ین." هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "وا سێ مانگ به‌سه‌ر ئه‌و په‌یمانه‌ی حکومه‌تی به‌ریتانیا ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد دابووی رابورد، تاکو ئێستا هیچ به‌ندێکی جێبه‌جێ نه‌کراوه تا بۆ گه‌له‌که‌مانی بڵاوبکه‌ینه‌وه." دیسان ده‌ڵێت : "ئه‌گه‌ر توانیمان مافی ره‌وامان به‌ده‌ست بخه‌ین، ئه‌وا له دوژمنه‌کانمان دور دهکهوینهوهو فه‌رمانی ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیاش له سنوری یاسادا جێبه‌جێ ده‌که‌ین" (1/102).
سمکۆ له بروسکه‌ی دووه‌مدا هه‌وڵێکی دی ده‌دات له‌گه‌ڵ شێخ، ناوبراو ده‌نوسێت:
"من وا ئه‌بینم جگه له ئینگلیز که‌س مافمان ناداتێ، شتێکی سروشتییه ئه‌وانیش داوای پاداشت بکه‌ن. ئه‌گه‌ر به‌ڕێزتان به باشی زانی من ئاماده‌م به بێ خوێنڕشتن مافمان وه‌رگرین. باشتریشه دوژمن له خاکمان ده‌ربکه‌ین و داوای یارمه‌تیش له عه‌ره‌ب و ئینگلیز بکه‌ین."
شێخ له وه‌ڵامی ئه‌م بروسکه‌یه‌ی سمکۆدا ده‌نوسێت:
"هه‌موو به‌ده‌ستهێنانێک سوپاسی ده‌وێت. به‌ڵام خۆبه‌کوشتدان له رێگای بێگانه‌دا به خۆڕایی ده‌ڕوات. ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاماده‌ن مافمان بده‌نێ، منیش ئاماده‌م بۆ پاداشتدانه‌وه‌یان."
سمکۆ رۆژی 07/12/1922 هاته سلێمانی و پێشوازییه‌کی گه‌وره‌ی لێ کرا (3/220). ئینگلیزه‌کان بۆیان ده‌رکه‌وت ناتوانن ئه‌م سه‌رکردانه‌ی کورد بۆ مه‌به ستی خۆیان به‌کاربهێنن. بۆیه که‌وتنه هه‌ڕه‌شه‌و ئاگاداری سمکۆیان کرد که سلێمانی به‌جێ بهێڵێت. رۆژی 2 و 3ی مانگی مارتی ساڵی 1923 هێزه ئاسمانییه‌کانی به‌ریتانیا سلێمانیان بۆمبباران کرد (3/226).
قازی محه‌مه‌د و بارزانییه‌کان
قازی محه‌مه‌د رۆژی 22/01/1946 به‌یانی دامه‌زراندنی کۆماری مه‌هابادی کرد (2/119). بارزانییه‌کان روویان کرده ئه‌م کۆماره‌و له جه‌نگی پاراستنی‌دا رۆڵێکی دیاریان بینی. هه‌ر له باشوری کوردستانه‌وه ئه‌فسه‌ره کورده‌کان: نوری ئه‌حمه‌دی ته‌ها، مسته‌فا خۆشناو، قودسی، خه‌یروڵا و عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز به‌شدارییان تیا کرد. کاک نوری لێ ده‌ربچێت هه‌ر چوار ئه‌فسه‌ره‌که‌ی تر دواتر حکومه‌تی عێراقی ئینگلیزیی ئیعدامی کردن. یه‌کێک له‌و تاوانانه‌ی که له لایه‌ن حکومه‌تی ئێرانه‌وه خرابووه سه‌ر قازی محه‌مه‌د هاتنی مه‌لا مسته‌فا و به‌شداریکردنی بووه له کۆماری مه‌هاباددا. هه‌روه‌ها (سه‌دری قازی)یش یه‌کێک له تاوانه‌کانی ئه‌وه بووه که به هۆنراوه‌یه‌ک به‌خێرهاتنی مه‌لا مسته‌فای کردووه. سه‌دری قازی له هۆنراوه‌یه‌کدا بۆ مه‌لا مسته‌فا ده‌ڵێت: "سه‌روه‌ر مسته‌فایه، بۆ محه‌مه‌د پشتیوان و برایه. یا ره‌ب شوعلهوهر که‌یت ئه‌و دوو چرایه" (5).
قازی محه‌مه‌د له وه‌ڵامی تاوانی هێنانی مه‌لا مسته‌فادا له مه‌حکه‌مه‌ی ئێرانییدا ده‌ڵێت: "نه من هێناومه، نه بێگانه و غه‌یره کورده. مه‌لا مسته‌فا کورده‌و کوردستان ماڵی هه‌موو کوردێکه. مه‌لا مسته‌فا وه‌کو که‌سێک له به‌شێکی ماڵه‌که‌ی خۆی هاتۆته به‌شێکی تره‌وه. هه‌موو که‌سێکیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له هه‌ر شوێن و لایه‌کی موڵک و ماڵی خۆیدا دابنیشێت" (5).
لێکدانه‌وه‌ی مێژوویی
نرخاندن و گه‌شه‌پێدانی ئه‌و که‌ره‌سه ماددییانه‌ی له یه‌ک نیشتیمان و یه‌ک گه‌ل ده‌دوێن به‌شێکی بنچینه‌یی له کێشه‌ی کورد ده‌گرن. به بێ ره‌چاوکردنی ئه‌و که‌ره‌سانه وه‌کو به‌ردی بناغه نه مێژوونوس ده‌توانێت مێژووی کورد به پێی کورد خۆی و له کورد خۆیه‌وه بنوسێت نه سیاسیی ده‌توانێت به‌رنامه‌یه‌ک پیاده بکات سیاسه‌تی کوردیی بێت. کاک که‌مال مه‌زهه‌ر له کتێبی "رۆڵی کورد له شۆڕشی بیست"دا زانیارییه‌کی باشی ده‌رباره‌ی رووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی باشوری کوردستان خستۆته روو، به‌ڵام ئه‌م زانیارییانه وه‌کو له ناوی کتێبه‌که‌شدا ده‌رده‌که‌وێت به پێی بیرکردنه‌وه‌ی عێراقیی رێکخراوون. بۆیه کتێبه‌که ده‌چێته خانه‌ی مێژووی عێراقه‌وه نه‌ک مێژووی کورده‌وه. دیاره مرۆڤ ده‌بێت حسابی فاکته‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، که یه‌کێک له‌وان کۆمۆنیزم بووه، بکات که کتێبه‌که‌ی تیادا نوسراوه.
پێنجه‌م هێزی داگیرکه‌ر
له دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م کوردستان بوو به چوار به‌ش و چوار وڵاتی داگیرکه‌ر. ئه‌م چوار وڵاته داگیرکه‌ره بۆ لێدانی کورد ژماره‌یه‌ک جار له مێژوودا به یه‌کگرتنیان هێزێکی گه‌وره‌تریان بۆ لێدانی کورد پێک هێناوه که ناوی ده‌به‌م به: "پێنجه‌م هێزی داگیرکه‌ر".
عێراق، به‌ریتانیا و ئێران ساڵی 1931 رێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که رۆژی (14)ی مانگی پێنج له‌شکر به هاوکاریی بکه‌نه سه‌ر شێخ مه‌حمود (4/178). به‌م پێیه توانیان به‌هۆی هێزی پێنجه‌مه‌وه به‌سه‌ر کورددا سه‌ربکه‌ون و کۆتایی به هه‌وڵه‌کانی شێخی نه‌مر بهێنن. هه‌روه‌ها ساڵی 1932 عێراق و به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ تورکیادا بۆ لێدانی بارزانییه‌کان رێککه‌وتن. داگیرکه‌رانی کورد توانیان هێزی پێنجه‌م دروست بکه‌ن، به‌ڵام کورد به‌رامبه‌ر به "هێزی پێنجه‌م" نه‌یتوانیووه ستراتیجێک دابڕێژێت که له رێگای سیاسه‌تی سهرجهمگیرییهوه (#) توانای گشتیی کورد به‌کار بهێنێت. ئینگلیزه‌کان که نه‌خشه‌ی ژێرده‌سته‌کردن و شکاندنی کوردیان داڕشت به‌ئاگا بوون له‌م خه‌سڵه‌ته‌ی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کورد. بۆیه له هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانیاندا حسابی سیاسه‌تی سهرجهمگرییان کردووه که جێگای مه‌ترسییه. مه‌ندوبی سامی رۆژی 20/05/1930 به گوێچکه‌ی مه‌لیک فه‌یسه‌ڵدا ده‌خوێنێت که کارێکی خێرا له لایه‌ن خۆیان و حکومه‌تی عێراقه‌وه بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی که رێگا بگرن عێراق وه‌کو په‌نجه‌ی پیلانی پان کوردیی به‌کار بهێنرێت، به ده‌ربڕینی ئه‌و، دژی دۆسته دراوسێکانی. له هه‌مان کاتدا مه‌ندوبی سامی ئاگاداری مه‌لیک فه‌یسه‌ڵی کردووه که جیاوازیی بکرێت له نێوانی ئه‌و سیاسیانه‌دا که ئه‌و جۆره چالاکییانه ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا که داکۆکیی له به‌رژه‌وه‌ندیی ره‌وای کورد له عێراقدا ده‌که‌ن (4/194). ئه‌و کاته شێخ مه‌حمود له گوندی پیران، که له سنوری ئێراندایه، دانیشتبوو. ئینگلیزه‌کان توانیان رێگا له‌وه بگرن که سیاسه‌تی کوردیی گه‌شه بکات به‌ره‌و ستراتیجی سهرجهمگهریی و بگره سه‌رکه‌ون له‌وه‌شدا که توانای کورد له باشوری کوردستاندا دژی کورد خۆی به‌کاربهێنن. له راستییدا ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی که ئینگلیز به ره‌وای دانابوو بۆ کورد سوکایه‌تیی بوون به گه‌لێک و ئه‌و که‌سانه‌ش که داواکاری ئه‌و مافانه بوون به‌گشتیی دارده‌ستی ئینگلیزه‌کان خۆیان بوون. له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه که ئینگلیزه‌کان توانیان ئه‌رکی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه به کورد خۆی بسپێرن.
بیرکردنه‌وه‌ی پارچه‌گه‌ریی یه‌کێکه له‌و دیاردانه‌ی که ژێرکه‌وتنی کورد پیشان ده‌دات. مه‌حاڵبوونی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردیی سه‌رچاوه له نه‌بوونی ستراتیجی سهرجهمگهرییهوه ده‌گرێت. به رسته‌یه‌کی ساکارتر، ده‌وڵه‌تی کوردیی بۆیه مه‌حاڵه، چونکه سیاسه‌تێکی سهرجهمگهرییش کراوه به مه‌حاڵ. به لێدانی سیاسه‌تی سهرجهمگهرییه کورد کراوه به کۆیله‌ی ماڵی خۆی. تورکیا که رۆژی (21/02/2008) هێرشی زه‌مینیی بۆ سه‌ر بنکه‌کانی په‌که‌که ده‌ست پێ کرد و دوای هه‌شت رۆژ له پڕێکدا رۆژی 29/02/2008 کشایه‌وه، به لوله‌ی تفه‌نگی ژماره‌یه‌ک گریلا نه‌شکا. تورکیا له خاڵێکی دا که هه‌ستی سهرجمگهریی کوردی راپه‌ڕاند و مه‌ترسیی په‌شێویی خسته‌وه له ناوچه‌که‌دا. ئه‌مه‌ریکا ده‌بێت له تورکیای سه‌ر ره‌قی گه‌یاندبێت که شه‌ڕی دژی کورد ئاوا ناکرێت.
سه‌رئه‌نجام
موراڵی سیاسیی کورد ئه‌و زانیاریانه‌یه که پیشانی ده‌ده‌ن سیاسه‌تی کورد ده‌بێت جه‌خت بخاته سه‌ر چی و به پێچه‌وانه‌وه خۆی له کام شتانه بپارێزێت؟ ئه‌و که‌ره‌سه مێژووییانه‌ی سه‌ره‌وه که په‌نجه‌م بۆ راکێشان ژماره‌یه‌ک پره‌نسیپی سیاسیی پیشان ده‌ده‌ن که گرنگییان هه‌یه له موراڵی سیاسیی کورددا.
یه‌که‌م، خۆبه‌ستنه‌وه به به‌رژه‌وه‌ندیی کورده‌وه هه‌موو لایه‌نه کوردپه‌روه‌ره‌کان کۆده‌کاته‌وه. که‌واته، شه‌ڕی کورد و کورد جیاوازیی ئایدۆلۆجیی ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵکو گومان ده‌خاته سه‌ر کوردپه‌روه‌ریی.
دووه‌م، له قسه‌کانی شێخ مه‌حموددا ده‌رده‌که‌وێت که: هاوکاریی له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێکدا بۆ سیاسه‌تێکی هاوبه‌ش ده‌بێت به‌پێی رێکه‌وتنێکی سه‌لماو بێت که به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لا بسه‌لمێنێت. بۆ نموونه، په‌یوه‌ندیی پارته کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا بۆئه‌وه‌ی پێی بوترێت هاوکاریی یان وه‌کو خۆیان ده‌ڵێن "هاوپه‌یمانیی" پێویسته به‌رژه‌وه‌ندیی کورد هه‌م به نوسین هه‌م به کردار سه‌لمابێت و گه‌ره‌نتی کرابێت.
سێیه‌م، خۆبه‌کوشتدان ته‌نها له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لدا ره‌وایه.
چواره‌م، وه‌کو قازی محه‌مه‌د ده‌ریده‌بڕێت: "کوردستان ماڵی هه‌موو کوردێکه."
رووداوه‌کان ژماره‌یه‌ک تاقیکردنه‌وه‌و پره‌نسیپیان بۆ تۆمار کردووین. مێژوو حه‌کایه‌ت نییه، به‌ڵکو گه‌نجینه‌ی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌و پره‌نسیپانه‌ن. ئه‌وانه‌ی بڕیاری چاره‌نوسی گه‌لی کورد ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و پره‌نسیپ و هه‌ڵوێستانه‌یان پێش نه‌خستبێت ئه‌وا به لایه‌نی که‌مه‌وه ده‌بێت رایان گرتبێتن.
مێژووی کورد له ئارادا پیشانی داوه که به کارهێنانی توانای گشتیی کورد له سیاسه‌تی رزگاریی جیا نابێته‌وه. له هه‌مان کاتدا زیانلێدانی کورد له رووی سیاسییه‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه که زیان له سیاسه‌تی سهرجهمگیریی کورد ده‌دات.
تێبینی:
رۆژی 30/03/1947 سه‌یفی قازی، سه‌دری قازی و قازی محه‌مه‌د له چوارچرا له دار دران. ئه‌م وتاره بۆ زیندوڕاگرتنی ئه‌و یاده ساڵی 2008 نوسراو بڵاوبووه‌وه.
ناسر حه‌فید
2008-04-03
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
# مه‌به‌ستم له‌و سیاسه‌ته‌یه که سه‌رچاوه له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی کورده‌وه ده‌گرێت یان ره‌چاویان ده‌کات.
1 - که‌مال نوری مه‌عروف، یاداشته‌کانی شێخ له‌تیفی حه‌فید له‌سه‌ر شۆڕشه‌کانی شێخ مه‌حمودی حه‌فید، چاپی یه‌که‌م 1995.
2 م.ر. هاوار، شێخ مه‌حمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خوارووی کوردستان، به‌رگی دووه‌م، له‌نده‌ن.
3 - (نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژووی رۆژنامه‌وانیی کوردیی، به‌رگی دووه‌م، 2002، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، زنجیره 133)
4 - نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، سه‌رده‌می قه‌ڵه‌م و موراجه‌عات 2000، مه‌ڵبه‌ندی ئاوه‌دانی کوردستان به‌رلین/ئه‌ڵمانیا.
5 - ده‌قی دادگایی‌کردنی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، سه‌در و سه‌یفی قازی، سایتی www.rojhalat.de