کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حیزبی داد و گه‌شه‌پێدان، له‌بردنه‌وه‌که‌یدا، ده‌ستوور ده‌گۆڕێت؟

Monday, 13/06/2011, 12:00


هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ی تورکیا، گۆڕانکاریه‌کی کرۆکی و ڕیشه‌یی له‌ڕووی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌کانه‌وه‌، به‌ده‌ست هێنا. ئه‌م متمانه‌ به‌خشینه‌ به‌ هه‌ندێك لایه‌ن و به‌ره‌ی یه‌کگرتوو، ده‌رئه‌نجامێکی گرنگی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.

بانگه‌شه‌کانی حیزبی دادی تورکی، که‌ خۆی به‌ حیزبێکی مه‌ده‌نی ناساندووه‌ و بارگه‌ی ئاینیی هه‌ڵگرتووه‌، بۆ گۆڕینی ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌، که‌له‌ساڵی 1982دا و پاش زۆرانبازییه‌ یه‌ك له‌دووای یه‌که‌کانی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی تورکیا، له‌ ئینقیلابه‌کانیاندا بۆ به‌رده‌وامی به‌حکومه‌تێکی عیلمانی ڕه‌گه‌زپه‌رست، نوسرایه‌وه‌. توانی ده‌نگێکی باش، بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات.

حیزبی داد و گه‌شه‌پێدان، توانی له‌کۆی 550 کورسی په‌ره‌له‌مان، 327 کورسی به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌مه‌ش ده‌کاته‌ نزیکه‌ی 51% ی کۆی هه‌موو ده‌نگه‌کانی تورکیا. له‌به‌رامبه‌ردا، کورده‌کان، پاش ئه‌وه‌ی له‌خولی هه‌ڵبژاردنی پێشوودا توانیان بۆ یه‌که‌م جار وه‌کو کورد به‌شداری بکه‌ن و 19 کورسی به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌م جاره‌، 36 کورسییان به‌ده‌ستهێنا. که‌ده‌کاته‌ نزیکه‌ی 7% ی کۆی هه‌موو ده‌نگه‌کانی تورکیا.

حیزبی داد و گه‌شه‌پێدان، بۆ گۆڕینی ده‌ستوور، یان بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر بیهێنێته‌وه‌ ناو په‌رله‌مان تاکو هه‌موار بکرێته‌وه‌، پێویستیی به‌ ته‌نها 330 ده‌نگه‌. له‌کاتێکدا، ئه‌و، ته‌نها 327 ده‌نگی له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌یه‌.

گۆڕینی ده‌ستوور، نه‌ك هه‌ر کار ده‌کاته‌ سه‌ر شێوه‌ و پێکهاته‌کانی تورکیا به‌گشتی، به‌ڵکو کاریگه‌رییه‌کی تایبه‌تی و گه‌وره‌ و چاره‌نوسسازی هه‌یه‌ له‌باره‌ی ئاینده‌ی کورده‌کانه‌وه‌ له‌ ناو سنووری جوگرافیی ئێستای ده‌وڵه‌تی تورکیادا.

له‌ده‌ستووری تورکیادا، کورد به‌ تورکی کێوی ناوی هاتووه‌ و دان به‌ نه‌ته‌وه‌ و زمان و مێژوو و ئاینی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا نه‌نراوه‌. بۆیه‌، گۆڕین له‌ده‌ستووری تورکیادا، کورد به‌ره‌و ناساندن و خواسته‌کانیان ده‌بات. به‌م پێیه‌ش، ده‌توارێت به‌ئاسانی موماره‌سه‌ی دیموکراسی بکرێت و دور له‌هه‌ر توند و تیژییه‌ك، مافی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سته‌به‌ر بکرێت.

هه‌نوکه‌، حیزبی داد و گه‌شه‌پێدانی تورکیا، له‌هه‌موو کاتێك زیاتر پێویستی به‌ نزیکبونه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌کورده‌کان، تاکو له‌ڕێگایه‌وه‌ ڕێکه‌وتن بکه‌ن و له‌مه‌ڕ پرسی ده‌ستووره‌وه‌ پێك بێن. چونکه‌ ته‌نها کورده‌کانه‌ ده‌توانن پاڵپشتی له‌ حکومه‌ت و چاکسازیه‌کانی تورکیا بکه‌ن. له‌وێوه‌، کورده‌کان ده‌توانن هه‌ر هیچ نه‌بێت مافی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ناوچه‌یه‌کی ئۆتۆنۆمیدا بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. به‌مه‌ش، پرسی کورد، له‌ته‌واوی جیهاندا، گۆڕانکاری ڕیشه‌یی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و له‌سه‌ر خاکه‌که‌ی خۆیان، بۆ ئاینده‌یه‌کی نزیك، له‌ده‌وڵه‌تبوون نزیك ده‌بنه‌وه‌.

له‌ئاینده‌دا، حیزبی حاکم، له‌گه‌ڵ فراکسیۆنی کورده‌کاندا، یه‌کده‌گرن و ده‌ستوور ده‌گۆڕن. به‌مه‌ش، تورکیا هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ ده‌هاوێت و له‌بوونه‌ ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا، بۆ بازاڕ و بازرگانی، نزیکده‌بێته‌وه‌ و ده‌توانیت ئه‌و به‌خته‌ی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر نا، به‌و مانایه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر حیزبی حاکم له‌ به‌ڵێن و سیاسه‌ته‌کانی پاشگه‌ز بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای وه‌یشوومه‌یه‌کی نه‌گریسه‌ و ڕووه‌ و کورد هه‌ڵیکردووه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە