کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كورد بەرەو بە دەوڵەت بون یان بە دەلەت بون؟!!

Sunday, 20/05/2012, 12:00




نەتەوەی كورد وەك هەر نەتەوەیەكی تری ئەم جیهانە مافی خۆیەتی خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت،بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەی كورد خەبات و تێكۆشانی لە پێناوی چ جۆرە دەوڵەتێكدا كرد؟ لە پێناوی كام شێوازی خۆبەڕێوەبردن وكام سەربەخۆییدا ڕوبارێ خوێنی ڕشتووە؟! ئەونەهامەتی و ماڵ وێرانییەی بەسەرگەلی كورد دا هاتووە لەپێناوی ئەوەی تەنها خۆی بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆی بدات وەك هەرگەل ونەتەوەیەكی تری سەر ئەم گۆی زەویە قوربانیدانێكە نمونەی كەمە،بەڵام هێشتا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نەك لە سەرەتای رێگادانیە بەڵكو ئامادەكاری پێویستیش نەكراوە بۆ ئەوەی كە یەكەم هەنگاو بەكام ئاراستەدا بهاوێت، بێگومان بون بەخاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خەون وخواستی هەموكەسێكەوتاك بەتاكی كۆمەڵگای كوردی ئەگەر سەرپشك بكرێت لە نێوان هەڵبژاردنی سەربەخۆیی وژێردەستەیی گومانی تێدانییە سەربەخۆیی هەڵدەبژێرێت، ئەمە نەك تەنها بۆ ئێمەی كورد كە تامەزرۆی دەوڵەتی كوردیین بەڵكو هەموگەلانی جیهان خواست وئارەزوی سەربەخۆییان هەیەوئەوە سروشتی مرۆڤەو ناكرێت ئێمە بەدەربین لەوجیهانە، ئەوە ئاشكرایە نەتەوەی كورد مەزنترین نەتەوەیە تائێستا خاوەنی دەولەتی سەربەخۆنییە هەرچەندە سەرجەم بنەماكانی دەوڵەتی هەیە، بەڵام ئەوەی ئاشكرانییە ئەوەیە كە نازانین كەی دەبین بەخاوەنی دەوڵەت یاخود هەرگیز نایبینین وئەوخەونەمان بەدی نایات، بەدرێژایی مێژوی خەبات وتێكۆشان وقوربانی دانمان ئەوكاتەی كە شكستمان خواردووە لە گەیشتن بە ئەنجام یەك دیوی فاكتەری سەرنەكەوتنەكەمان لە بەرچاوگرتووەو قسەمان لەسەركردووە، دیوەكەی تری كە ڕووی ڕاستی وسەرەكییە هەمیشە فەرامۆش كراووەو بەهەند وەرنەگیراوە، لە ڕاستیدا هۆكاری سەرەكی شكست وسەرنەكەوتن وبەئامانج نەگەیشتن ناتەبایی وپەرتەوازەیی و نەبونی یەكڕیزی وهاوهەڵوێستی خودی كوردبووە لە بەرامبەر دوژمنەكانی، نەك هێزوتواناو سوپای زەبەلاح وتۆپ وتانك وفڕۆكە وچەكی كوشندەی یاساخ كراو، ئەگەر لەهەر زیان وشكستێك وانەیەك وئەزمونێكمان وەرگرتایە ئێستا دەبوو بە ئەزمونترین نەتەوەی دنیابوینایە، بەڵام لەڕاستیدا هەمیشە پێچەوانەكەی بەسەرماندا داسەپیوە هەرگیز خویندنەوەیەك شیكاریەك بۆ هۆكاری شكستەكان نەكراوە لەكاتێكدا وەك ڕۆژی روون لەبەرچاوبووە، ئەگەر چاوێك بە مێژوی شۆڕش وسەرهەڵدانەكاندا بگێڕین لە هەركات وسەردەمێكدا بوبێت نەوەی دوای خۆی بەشێوەیەكی گشتگیریش نەبوبێت گلەیی وگازندەی لە شێوازی خەباتەكە كردووە ڕەخنەی ئاراستەكردووە، ئەوەی جێی سەرنج وتێڕامانە شۆڕش و سەرهەڵدانەكان یەك لەدوای یەك هەمان ئەو هەڵانەیان دووبارەكردۆتەوە كە خۆیان ڕەخنەیان لێی گرتووە تائێستاش ئەو مژارە دووبارە دەكرێتەوە، سەدەی رابردوو زلهێزەكانی جیهان كاتێك نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوینیان كێشا شوێن وپێگەیەكیان بۆكورد بەڕەوانەبینی، سەرەڕای ئەوەش وڵاتەكەیان لە دوبەشی داگیركراوەوە كرد بە چوابەش، هەڵبەتە لەپێش ئەودابەشكاری وداگیركارییەشەوە كورد هەمیشە خەبات وتێكۆشانی كردووە لەپێناوپاراستنی وڵاتەكەی داولەپێناو ئازادی گەلەكەیدا، لەگەڵ ئەوەشدا شكست وسەركوتكردن هاوتەریب لێی جیانەبۆتەوە، هەمیشە خاڵی لاوازی سەرهەڵدانەكان ئەوە بووە یەكیتی وتەبایی هاوخەباتی لەبەرچاونەگیراوە، ئێستاش لەدوای دیان ساڵ خەبات وتێكۆشان لەدوای دیان سەرهەڵدانی سەركوتكراو هێشتا بە هەمان میتۆدی ڕابردوو كاردەكرێت بەهەمان ئاراستەی پڕلە كەندوكۆسپ كاروانەكە بەڕێ دەكرێت، بەڕاستی مایەی سەرسوڕمانە لەمێژوی دورونزیكدا چەندین نمونەی دیاروبەرچاوهەیە كەهێزولایەنە كوردیەكان دۆستایەتی وهاوپەیمانییان لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی هەرێمی وجیهانی كردووە لە پێناو ئامانجێكی دیاری كراو بەڵام جارێك لەجاران ئامادەنەبون دەستبەرداری بەرژەوەندیە تابەتەكانییان بن ولەگەڵ یەكتر كۆبنەوە وپەیمانی نەتەوەی ببەستن، نزیكەی چارەكەسەدەیەكە باشوری كوردستان نیمچە سەربەخۆییەكی بەدەست هێناوە، دەكرا لەوماوەیەدا زۆردەسكەوتی نەتەوەیی بەدەست بخرایە لەسەروی هەمویانەوە دامەزراوەیەكی نەتەوەیی كە بەرژەوەندیە باڵاكانی نەتەوەی كوردی لەبەرچاوبگرتایە، ئەگەر لەسەرەتاوە ئەوكارە گرنگە ئەنجام بدرایە ئێستا هەل ومەرج ودەرفەتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لەبارتر دەبوو، هەروەك ماوەیەكە باس وخواسی دەوڵەتی سەربەخۆ لە باشوری كوردستان كراوە بە ڕۆژەڤ، پێشتر ئاماژەم بەوەكرد دروستبونی دەوڵەتی كوردستان خواست وهیوای هەموو كوردێكە بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی سەرجەم هێزولایەنەسیاسیەكانی گۆڕەپانی خەبات كۆك نیین لەوبوارەدا، تەنانەت نەك لە چواربەشەكەی كوردستان لە باشوری كوردستان كۆدەنگی بەدی ناكرێت بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت، جگەلەوەش ئەگەر راگەیاندنی دەوڵەت تەنها سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان لە خۆبگرێت وشاری كەركوك بەگرفت وئاریشەكانییەوە فرامۆش بكرێت بێگومان كێشەی كورد بۆسەدان ساڵی تربەردەوام دەبێت، بۆیە قسەكردن لە سەردەوڵەتی سەربەخۆ بەم حاڵەی ئێستامانەوە بێ سودو بێ ئەنجامە ئەگەر پشتگیری چەند وڵاتێكی زلهێزیشی هەبێت، پایەكانی دەوڵەت دەبێت لە ناخی سەرجەم گەلی كورد دا داكوترابێت نەك بە دەستی وڵاتانی زلهێزەوەبێت بەئارەزوی خۆیان وبەپێی بەرژەوەندییەكانیان هەڵیسوڕێنن، ئەگەردەوڵەتی كوردی رەگ وریشەی لەناودڵی گەلدا نەبێت ڕەشەبایەكی هەڕەشەی دەوروبەر هەرەسی پێدێنێت، بۆیە ئەگەردەتانەوەێت دەوڵەتێك بۆ كورد ڕابگەیەنن دەبێت ڕەچاوی دووخاڵی سەرەكی بكەن، یەكەم: پێویستە بەرلە هەمووشتێك سەرجەم لایەنەكانی باشوری كوردستان دەستبەرداری بەرژەوەندیە حزبی وتایبەتەكانیان بن وبەرژەوەندی نەتەوەیی ونیشتمانی ئامانجی سەرەكی بێت، پاشان بە بەشداری لایەنە سیاسیەكان ورێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسانی دڵسوزورۆشنبیروئاكادیمیست لەسەرجەم چین وتوێژەكان كۆنگرەیەك ببسترێت، لەوكونگرەیەدا نەخشەڕێی ئایندەی كوردستان دەست نیشان بكرێت وخویندنەوەیەكی زانستییانە بۆ راگەیاندنی دەوەڵەتی كوردستان بكرێت، لە هەمان كاتدا پەیمانی شەرەف واژوو بكریت لە یەكڕیزی وتەبایی وهاوهەڵوێستی وپارێزگاری كردن لە خاك و وڵاتی كوردستان دریخی نەكرێت، دووەم: لەدوای دڵنیابون لەهاوخەباتی هێزولایەنەكانی باشوری كوردستان داوای هاوكاری وپشتگیری لە گەل ولایەنەسیاسیە كانی سێ بەشەكەی تر كوردستان بكرێت، بەهەمان شێوازی ئەوپەیمان وبەڵێن وهاوخەباتییەی باشوری كوردستان لە گەڵ باكورو رۆژهەڵات وباشوری رۆژئاوای كوردستان رێكەوتنێكی نەتەوەیی دەستەبەربكرێت، جێبەجی كردنی ئەودووخاڵە گەرنتی پاراستن وسەركەوتنی دەوڵەتی كوردستان دەبێت، بێگومان ئەگەر ئەوهاوهەڵوێستییە هەبێت لە كوردستاندا شاری كەركوكیش لە چوارچێوەی دەوڵتەكەدا جێدەگرێت، ئەگەر لایەنەسیاسیەكانی كوردستان بڕیاربدەن پاڵپشتی یەكتربن گەل هەمیشە ئامادەیە بەخوێن وگیان وڵات بپارێزێت، ئەمەتاكەرێگای سەركەوتنی كوردوكوردستانەوە هەنگاوی یەكەمی بەرەوبەدەوڵەت بوونە، ئەگەربەردەوام مێژوو دووبارەبكەینەوە وبەپەرتەوازەیی بمێنینەوە ئەوا كوردنەك بەرەو بەدەوڵەت بوون بەڵكو بەرەو بە دەلەت بوون دەڕوات؟!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە