کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێستا بارودۆخ هەستیارە

Sunday, 08/01/2012, 12:00





ماوەیەكە دەسەڵاتە گەندەڵەكەی كوردستان, زۆر بەرپرسی رَەنگ زەرد وسەوز بۆ ئەوەی خۆیان لەتەنگانە وبەرپرسیارێتی قوتاركەن ولاپەرَەی دزی وگەندەڵی, داواكانی شەقامی كوردی, داواكانی ئۆپۆزسیۆن دابخەن وفێڵێك لەهەموان بكەن پەنایان بردۆتە بەر: ئێستا بارودۆخ هەستیارە, ودەبێ كێشە لاوەكێكان وەلا بنێن.
ئایا سەروەری یاسا كێشەیەكی لاوەكییە؟ ئایا دادگایی كردنی بكوژەكان شتێكی بێبایەخە؟ ئایا ئازادی تاكە, هەستكردن بەكەرامەت هەستكردن بەمرۆڤبوون, ئازادی رَۆژنانووس وعەدالەت ویەكسانی كێشەی لاوەكین؟
كات هەستیاربوو ئەوكاتەی میللەتی كورد لەدوورَیانی مان ونەماندا بوو, سوپای سەدام وهێزێكی گەورە وچەكی كیمیاوی وپلاندانان بۆ لەناوبردنی كورد بەیەكجاری لەگەل بێبایەخی هەمو دەوڵەتان بۆ كورد وپشتگیریكردنی سەدام,ئالەو كاتە زۆر ناسك وخەتەرناكە هەردوو رَەنگزەرد وشەرمەزار شەرَی یەكتریان دەكرد.
ئەوكاتەش بارودۆخ زۆر هەستیاربوو كاتێ لەسەر دراو ودەسەڵات شەرَێكی گەورەتان بەرپاكرد وكوردستانتان سووتاند وبەسەدان رَۆڵَەی ئەم میللەتەتان بەكوشتدا, هیچ بێئەخلاقییەك نەما لەدژی یەك نەیكەن ونەیڵێن, كات زۆر هەستیار بوو كاتێ یەكێكتان سوپای ئێران وئەویتر سوپای تورك وسەدامی هێنایە كوردستان.
ئەوكاتەی تەقە لەخۆپیشاندەرانی كورد لە ناو شاری سلێمانی كرا وشەقامەكان بەخوێنی پیرۆزی كورد رَەنگكرا كات هەستیار بوو. ئەوكاتەی مەسعود فەرمووی یان من یان گۆرَان بێرَێزی وپێشێلكردنی لەدەنگی جیاواز ویەكریزی وتەبایی ماڵی كوردی تێكدا كات زۆر هەستیاربوو.
ئەرێ ئەو كاتە هەستیارنەبوو كە لەباتی ئەوەی پێكەوە نەخشە وپلان بۆ ئاوەدانكردن وپێشخستنی كوردستان دابنێن دەستتان كرد بەدزی وتاڵانكردن وهەڵڵووشین وفەرهوود كردنی سەرعەرد وبن عەردی كوردستان وبۆ دەیانساڵ كورد ومەسەلەی كوردتان دواخست.
ئەو كاتە هەستیاربوو كەلەباتی ئەوەی كار بۆ گەرَانەوەی كەركووك وناوچەدابرَاوەكان بكەن هەردوولا خەریكی دزی وململانێی حزبی بوون وئێستالەم كاتە هەستیارەدا لەجیاتی ئەوەی كار بۆ گەرَانەوەی كەركووك بكەن بۆ گەرَانەوەی بۆ باوەشی دایك تازە بەتازە بیر لە بەهەرێمبوونی دەكەن كە ویستی توركمان وعەرەبەكانە. كەواتە سازشكرا وفرۆشرا. لەوانەشە بیكەن بەدەستكەوت وبەمیننەت بەسەر كورددا.
ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێ و مرۆڤ دەتوانێت بەدەیان لاپەرَە لە سەر ئەو كاتە هەستیارانە بنووسێت وباسبكات كە دەسەڵات هەردوو پارتی بێشەرم هیچ بایەخ وحسابێكی بۆنەكردووە. وا دیارە تەنها میللەت و ئۆپۆزسیۆن دەبێ رَەچاوی بارودۆخی هەستیار بكەن,وا دیارە تەنها ئەوكاتانە هەستیارە كەلەبەرژەوەندی دەسەڵاتدا نەبێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە