ساڵیادى شەهید ئارام
Saturday, 31/01/2015, 12:00
3085 بینراوە
ئەمڕۆ ساڵیادى شەهید ئارامە، ئەو شەهید ئارامەى سومبڵ و ڕابەرى خەباتى کرێکاران و ڕەنجدەرانى کوردستانى دەکرد لەسەردەمى دواى هەرەسى شۆڕشى ئەیلول، ئەو سەردەمەى کە بێ ئەمەلى و بێ ئومێدى بە تەواوى باڵى کێشابوو بەسەر کوردستاندا، ئارم تیایدا شاسوارى خەبات و بەرخۆدان بوو دژ بە تاریکى و چۆکدادان، بەبیرى ڕۆناکی دڕى بە تاریکی شەوەزەنگى کۆنەپەرستى دەدا...
ئەو پێى وابوو کرێکاران و ڕەنجدەران سوتەمەنى شۆڕشن و بەبێ ئەوان شۆڕش مەحالە سەربکەوێ، بۆیە بە پێویستى دەزانى هەم بۆ مسۆگەرى سەرکەوتنى شۆڕش و هەم بۆ چەسپاندنى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى لەدوای سەرکەوتن حزبى پێشڕەوی خۆیان هەبێت..
ئەو شاسوارى ڕەنجدەران بوو، ئەو نامۆ بوو بە تەکیەى شێخ و دیوەخانى ئاغا و بیرى تەسکى برژواى ناسیۆنالیستى..، بۆیە قەرەداغى هەڵبژادبوو بۆ ئەوەى بیکاتە لانکەى خەبات و بەرخۆدانى کرێکاران و ڕەنجدەران بۆ ڕزگارى و دیموکراتى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى..
ئەو لەگەڵ ئەوانەى وەکو ئەو بیریان نەدەکردەوە سینگفراوان بوو بەبێ ئەوەى مساوەمەشیان بەرامبەر بکات، ئەو لە بنکەى سەرکردایەتى سەرسنورى دوور لە جەماوەرى کرێکاران و ڕەنجدەران دڵی دەکوشراو ئۆقرەی نەگرت، بۆیە گەڕایەوە دەڤەرى قەرەداغ و تەنگى سەر و لەوێ (ئاڵاى شۆڕش)ی دەرکرد بۆ ئەوەى وەکو مۆمێکى داگیرساوى لێبکات بۆ ڕۆناککردنەوەى بەرچاوى خەباتى کرێکاران و ڕەنجدەران، بەردەوام بوو تاکو لەو پێناوەدا شەهید بوو...
دڵسۆزى بۆ گیانى پاکى شەهیدان بە شەهید ئارامى سەرکردە و ڕابەرەوە، هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانى پەیامەکەیان کە گیانى بەرزیان لە پێناویدا بەخشى...
کەچى ڕیاکاران ئەمڕۆ بەدرۆ فرمێسکى تمساح ئاسا بۆ شەهید ئارام دەڕێژن و بازرگانى بەناویەوە دەکەن بەبێ ئەوەى هەوڵبدەن پەیامەکەى شەهید ئارام و هاوڕێکانی بەدى بێنن...
ئارام نابەرابەرى و نایەکسانى لە بیرکردنەوە و زەهنى داهاتوى گەندەڵکاران (پێش ئەوەى ببێتە ڕاستیەکى بەرجەستە) لەکاتى خۆیدا بەبیرى تیژى دواڕۆژبینى خۆى هەستى پێکردبوو، بۆیە دانوى لەگەڵیان نەکوڵا و پێى قبوڵ نەکرا... بۆیە خەباتەکەى گواستەوە بۆ قەرەداغ و دەیویست لەوێوە ڕابەراتى خەباتى شار و شاخ پێکەوە گرێ بدات و گۆڤارەکەشى بکاتە چرا و مۆمى ڕۆناکبیرى و ڕێنوێنى خەباتیان...
زۆر کەس لەپاش ئارام خۆى بەدرێژە پێدەرى ڕێبازەکەى ئارم دەناساند (بەڵام ئەفسوس درۆیان لەگەڵ گیان و پەیامى ئارام و شوێن کەوتوەکانیان کرد)، ئێستا زیندوبا جارێکى دیکە ڕوى زەردى ڕیاکارەکانى سەرەتا ڕەش دەکرد و ئینجا لەو گەندڵستانە ڕابەرایەتى شۆڕشێکى دیکەى نوێى دەکرد...
بەرز و بەڕێز بێت یادى ئارام و هاوڕێکانى...
کاکل ئەحمەد ٣١\١\٢٠١٥