نوسەرە دەربارەکان بە کەر ناوێرن بە کورتان فێرن
Tuesday, 04/05/2010, 12:00
لەدوای ئەوەی لەسەر نوسراوەکانی ناو گۆڤاری وێران کە گوایە سوکایەتی بە ئاین و بە پێغمبەران کردوە یەکگرتوی ئیسلامی و هەندێ لە ئیسلامیەکان و مەلاکانی مزگەوت لە مینبەری مزگەوتەکانەوە هەڵڵایەکیان بەرپاکرد دوای ئەوانیش نوسەرە دەربارەکان قەڵەمەکانیان تیژ کردەوەو توندتر هاتنە مەیدانەوەو کردیانە فەوزایەك کورد وتەنی خەریکە کلکی کەری تیا ئەپسێ. من کارم بەوە نیە ئیسلامیە سیاسیەکانی کوردستان مەبەستیانە چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە نفوزی خۆیان زیاد بکەن و بگەنە دەسەڵات تا مەرام و ئارەزوی ئاغاکانیان کە دروستیان کردون بهێننە دی. بەتایبەتی یەکگرتوی ئیسلامی کە زۆربەی کادرو ئەندامانیان لە نزیکەوە ئەناسم کە کاتی خۆی پێش ڕاپەڕین و پێش ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی وەك قارچك ئیسلامیەکانیان لە کوردستان هەڵتۆقاند زۆربەی ئەوانەی ئێستا بونەتە کادرو بەرپرسی باڵای یەکگرتو شەوو ڕۆژ لە کونجی مزگەوتەکان خزابون خوا خوایان بو کەسێك بمرێ و بە هۆی تەڵقین و قورئانخوێندنەوە لە پرسەکاندا نەختێك پارەیان دەستکەوێت یان زۆربەیان بە عەرەبانە سەهۆڵیان ئەفرۆشت یان ترۆزیان بە ترشوخوێوە ئەفرۆشت یان زۆربەی جاران لەسەر ئەو پارەیەی خاوەن مردو پێی ئەبەخشین لەناو خۆیاندا ئەیانکردە شەڕ و هەراو دەیان قسەی ساردو سوکیان ئاڕاستەی یەکتر ئەکرد بەڵام دوای ئەوەی بە شنە بارانی ڕاپەڕین و پشتیوانی ئاغاکانیان وەك قارچك لە کوردستان هەڵتۆقین لە ڕێگەی کۆکردنەوەی بەناو پارەی هەتیوانە و هاوکاری کردنی مناڵە بێباوکەکان هەمان ترۆزی فرۆش و ئەوانەی لە بەر بێئیشی خزابونە مزگەوتەکان تا پاروە نانێکیان دەست بکەوێ خۆشیان کردە خاوەن کۆشکو تەلارو سەروەت و سامان . کە نمونەی ئەوانەم زۆر لایەو ئەگەر نکوڵی لێبکەن بە بەڵگەو بە وێنەوە بڵاوی ئەکەمەوە . با بێمەوە سەر ئەسڵی مەبەستەکەم ئەویش ئەو نوسەرە دەربارانەی کەبە کەر ناوێرن کە چی شاماڵ بۆ کورتان ئەبەن کە گوایە داکۆکی لە مافی تاک و لە ڕاستی وتن و دەربڕینی بیرو ڕای ئازاد ئەکەن. من دەپرسم ئەرێ ئێوە کە ئەوەندە جەربەزەو سوارچاکی داکۆکی کردنن لە مافو ئازادی و بیرکردنەوەو دەربڕینی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی بۆ فزەتان لێوەنایەت کە بەچاوی خۆتان ئەبینن دەسەڵاتی هەردو بنەماڵەی مەسعودو جەلال وەك مافیای ئیتاڵی و چەتەکانی دەریا سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان قۆرخ کردوەو لەوەش واوەتر بە بەرنامە سوکایەتی بەماف و ئازادیەکانی تاکی کورد ئەکەن و هەر ڕۆژ بەشێوەیەك لەشێوەکان کۆمەڵگەی کوردی ئەچەوسێننەوەو دەستیان لە بینەقاقای ئەم خەڵکە بەشمەینەت و قوربانیدەرە گیر کردوە کە خودی ئێوەی نوسەری دەرباری دەسەڵات لە پاروی دزراوی خەڵك ورگتان تێر ئەکەن . ئێوە وەرن بۆ تەنها جارێ داکۆکی لە خۆتان بکەن داکۆکی لە میللەت بکەن تا بتوانن ڕاستەیەکان وەك خۆی باسبکەن و دەسەڵات نەوێرێ وەك سۆرانی مامە حەمەو د. ستار و چەندانی تر تیرۆرتان بکات یان زمانتان لەبنا ببڕێت یان سوکایەتیتان پێبکات و کەسایەتیتان بشکێنێ ئەوجا بچن داکۆکی لە گۆڤاری وێرانو لە مەبەست و نوسراوەکانی ناوی بکەن. ئەگەرچی خاوەنی گۆڤاری وێران وەك جەنابتان کۆیلەی دەسەڵاتە هەرکەسێکیش کۆیلەی لایەنێك بێت دیارە خاوەنی خۆی نیە بۆیە ئەوە بە جەنگاوەرو سوارچاکی داکۆکیکەر لە مافو ئازادی و دەربڕین و بڵاوکردنەوەی بیرو ڕای ئازاد نادرێتە قەڵەم ئەو یاریەی ئێوەی نوسەری دەربار ئەمڕۆ دەستتان پێکردوە جۆرێکە لە تاکتیکەکانی خافڵاندنی خەڵکی بەشمەینەتی کوردو جۆرێکیشە لەنان پەیدا کردن و دۆزینەوەی کەلێنێك تا بتانگەیەنێتە پۆست و کورسی زیاتر نمایشکردنی کۆیلەتیتان بۆ سەرانی مافیای دەسەڵات
ئەسەلمێنێ لەبەر ئەوەی ئێوەی نوسەری دەربار لە سەنگەری دەسەڵاتی بنەماڵەکانەوە وەك خۆتان دەفەرمون داکۆکی لە دەربڕین و بیرو ڕای ئازاد ئەکەن . من لە ئێوە ئەپرسم داکۆکی کردن لە گۆڤاری وێران گرینگترە یان داکۆکیکردن لە م میللەتە چەوساوەیە کە 19ساڵە خوێن و ڕەنجو تێکۆشان و قوربانیدانی لەلایەن سەرانی بنەماڵە مافیاکانەوە ئەدزرێ و ئەخورێ بەڵام چونکە خۆتان لە سەنگەری شەرمەزاریدان ناوێرن خۆتان لەو ئاقارە بدەن ئیوەی نوسەری دەربار هەر بۆ ئەوە ئازان بە قازانجی دەسەڵات مێش بکەن بە (گا) و بە پێچەوانەوە چونکە ئەوەی دەسەڵات لە ماوەی ئەو19 ساڵە بە تاکی کوردو بە دابو نەریت و بە کۆمەڵگەی کوردی کردوە بەیاننامەکەی یەکگرتو لەگەڵ هەڵڵای مەلاکانیان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە وەك کلێنسێك وایە کە مرۆڤێك لوتی پێ ئەسڕێ و دواجار توڕی هەڵ ئەدا..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست