ئەمە گۆڕانكارى و نوێبوونەوەیە ،یان ئاڵوگۆڕى داشى دۆمینەیە !؟
Tuesday, 24/02/2009, 12:00
لە بەروارى 24/2 رێكەوتى سێشەممە كاتژمێر یەكى پاش نیوەڕۆ كەناڵى ئاسمانى گەلى كوردستان لەگەڵ دەستپێكى هەواڵە ئاساییەكاندا مارشى مەشخەڵانى پەخشكردوو و لەدووتوێى كەشێكى پڕ حەماسەتدا هەواڵى بەناو گۆڕانكارى و نوێبوونەوەى بۆ بینەرانى بڵاوكردەوە و سەرنجى راكێشان بۆ پەیامێكى زۆر گرنگى كۆسرەت رەسول عەلى جێگرى جەلال تاڵەبانى ، بەراستى ئێمەش وەك ئەو حەشامە داماو و بێدەسەڵاتە تەزوو بەگیانمانا ئەهات و چاوەڕێمان ئەكرد هەواڵەكە كۆتایهێنانى قەیرانى قووڵى یەكێتى تیابێت بەو ئاراستەیەیى ئەم پارتە لەگەڵ میللەتدا ئاشتبێتەوە و سەرە مافیا گەندەڵەكان لە كورسى پۆستى حیزبى و حكومى دووربخاتەوە ، بەڵام جــــــەخــــا ئەوەى كۆسرەتى دەروێشى موتیعى تاڵەبانى باسیلێوەكـــرد نەك بەتەنها چەواشەكارى و درۆ و ساختەچێتى بوو لەگەڵ میللەتدا بەڵكە لەگەڵ خود و ناخـــى خۆشیابوو ، سەرەتا كۆسرەت زۆر بێشەرمانە باسى لە زەرورەتى نوێبوونەوە و گۆڕان و چاكسازى كرد لە ریزەكانى یەكێتیدا لەئاست پۆستە حیزبى و حكومییەكاندا ، بەڵام پاشتر هەر خۆى بە پراكتیكى و بێ ئەوەى یەك گەرد تۆزى گومان لەناخى هاوڵاتى سادە و چاودێرى سیاسیدا دروست بكات ، بەهەر بیست پەنجە خۆى قسە پڕ باق و بریقەكانى خۆى و ستافە گەندەڵەكەى دەوروبەرى بەدرۆ خستەوە ، ئاخـــر ئەى هاوار خەڵكینە ئەبێ ئەم گۆڕانكارییە چ نوێبوونەوە و گۆڕانكارییەك بگرێتەخۆ كـــــە وەزیر وەك پێشوو بەوەزیرى بمێنێتەوە و وەكیل وەزیر بە وەكیلى لەهەمان پۆست و وەزارەتـــدا !؟، باشە كۆسرەت ئارەقەى شەرم و شوورەیى درۆ و چەواشەكارى چۆن غەرقى شكستەكانى جەلال تاڵەبانى نەكـــرد كاتێ عیماد ئەحمەدى دەست و داوێنپیس كە وەزارەتى ئاوەدانى كردبووە وەزارەتى وێرانكارى و تاڵانى كاندیدى پۆستەكەى عومەر فاشیل بكات ، قادر حەمە جان كە تاكو دووسەدەى تریش ئەبێ شارەوانى و نەخشەى تۆبۆگرافى شارى سلێمانى بەدەست دزى و جەردەییەكانیەوە بناڵێنێ ئەبوو دادگایى بكرێت و سەر و سمێڵى بتاشرێت تاكو ببێتە پەند و عیبرەتى زەمانى كەچى كۆسرەت لــــۆ بەرژەوەندى كووتلە و رازیكردنى شەهەواتە ئیفلیجەكانى بۆ پۆستێكى هەستیارى وەك بەڕێوبەرى گشتى ئاسایش كاندیدى كرد ، شێخ جەعفەر كە خۆى كوڕەكەى بەتەنەر و پرۆژە و بریكارێتى بازرگانى سێ بەشى بودجەى وەزارەتى پێشمەرگە ساڵانێكە بەتاڵان دەبەن ، وا ئەمجارەش سیاسەتى پڕ پێچ و لۆچى دەروێشەكانى تاڵەبانى قینج و قووت بەدانانەوە لەهەمان پۆستدا خەڵاتیان كـــرد .
مامۆستا جەلالێك كە بە هەزار و یەك جۆر و رەنگ و تەیف و شێوە بەدرەوشتى و تاڵانچێتى و ژێركەوتنى بەدیهێنا لەپۆستى بریكارى وەزارەتى ناوخۆدا كاتێ خۆى و لەنجە خانى خێزانى كە لەشوێنى پۆستە كۆنەكەى خۆى دایمەزراند بەبەڕێوبەرى گشتى دیوان و بەهۆیەوە بەسەدان ملێۆن دینار بودجەى وەزارەتیان گۆڕوونكرد و چى دەست و داوێن پیس هەیە وەكو خۆشەویستى مێش و شیلە لەدەورى خۆیان كۆیانكردەوە و تەنانەت بەهۆى هەڵسوكەوتە نامەسئولەكانى ئەم مامۆستا دەست و داوێنپیسەوە كاك عوسمانى حاجى مەحموودیش ئیحراج بوبوو و زۆر هەوڵى لابردنى دا ئەگەر پشتیوانى خودى كۆسرەت نەبوایە بۆ ئەم سەرە گەندەڵە ، كەچى تازەكـــێ بە خێرێ كاك كۆسرەت لە شانۆگەرییەكى تڕۆهاتى بێماناى بەناو نوێكارییەوە ئەم مامۆستایەمان وەك بریكارى وەزیرى ناوخۆ جارێكى تر بۆ مێژوویەكى رەشى تر بۆ كاندید دەكاتەوە .
هەر هەڵوێستى پۆست پەرستى كۆسرەت رەسول بوو كە چوار ئەندامەكەى ترى مەكتەب سیاسى هاندا بۆ دەستلەكاركێشانەوە كاتێك بۆیان ئاشكرا بوو كە كۆسرەت راستگۆنەبووە لە بانگەشەكردنیدا بۆ دەست لەكاركێشانەوە ، كۆسرەت بەم مانۆڕەى ئیسپاتى كرد كە ئەڵقە لەگوێى موتیعى جەلال تاڵەبانى ئاغایەتى و هەموو مەكتەبى سیاسى و غەیرى مەكتەبى سیاسى ئەكات بەقوربانى مانەوەى لەپۆستە مەزنەكەیدا ، ئەم ئاڵو و ێرەشى كە كتومت لە جێگۆڕكێى داشى دۆمینە ئەچوو جارێكى تر بۆ ریفۆرمخوازان دووپات و سێ پات سەلمێنرا كە یەكێتى بە بوونى دێوەزمەى جەلال تاڵەبانى و نۆكەرەكانییەوە ئاستەمە هیچ گۆڕانكارییەكى جەوهەرى تیایدا رووبدات ، ئەوەشى كۆسرەت باسیلێوەكرد دەربارەى ئاشتبوونەوەى سەرتاسەرى ناو یەكێتى درۆیەكى ترى بێنرخ بوو كە گۆڕانكارییەكانى باسیلێوەكرد هەر لەجێدا تەواو بەدرۆى خستەوە .
مامۆستایەكى زانكــۆ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست