کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داعش ئایدل

Sunday, 07/12/2014, 12:00


ئەمڕۆ گۆرانیبێژی کورد بە ناوی (عەممار کێڤی) لەبەرنامەی عەرەب ئایدڵ کرایە دەرەوە. تا ئێرە لای زۆر کەس ئەمە نەئەبوو ڕوویبدایە لەبەرئەوەی سەیدا عەممار هونەرمەندێکی لاو و لێهاتوو و دەنگ خۆش بوو.
پێشەکی پێوستە پرسیارێك بکەین کە بۆچی عەرەب ئادیل جگە لە کورد هیچ گۆرانبێژێکی فارسی و تورکی تیا بەشدار نەبوون؟ ئاخۆ دەنگ خۆشیان نییە، یان شتێکی ترە کەوای لێکردون بەشداری نەکەن؟ کە کوردیك ساڵی پار (پەرواز) و ئەمساڵ(عەممار) بەشداریان کرد، ئایا بۆ ئەوە بوو توانای هونەری کورد دەربخەن وەیان دواتر زیاتر کەوتنە خزمەتکردنی هونەری عەرەبی؟
ئەوەی جێگای گلەیی و گازندەیە لە سەیدا عەممار، هەموو جارێك ناویان بەهەڵە ناو ئەبرد و ئەمیش نەهات بۆیان ڕاست بکاتەوە. عەممار کێڤی لەو بەرنامەیە بوو بە عەممار کوفی، کە ئەمەش هەڵەیە و ئەبوو خودی گۆرانبیبێژ ڕاستی بکردایەتەوە و نەیهێشتایە ئەو هەڵەیە تا کۆتایی بەردەوام بێ. لێرەدا سەرنجێك دێتە پێش ، ئەوەیە کورد گەلێ بەئاسانی ئامادەیە ناو و ڕەسەنایەتی خۆی لەتەك کەلتوورە سەردەستەکاندا بەئاسانی لەدەست بدا بۆ قوربانی وەدەستهێنانی پلە و پایە و ناوبانگ. بۆ نمونە زۆربەی زاناو مەلا و شاعیر و هونەرمەندانی کورد لە مێژوودا گەر ناوی خۆیان کوردیش بوبێ ئەوا لەقەبێکی جیاواز و نامۆیان لەخۆ ناوە و شانازیان پێوە کردوە، یان پێش ئەوەی بەزمانی کوردی شتیان ووتبێ، ئەوا بەزمانی عەرەبی، تورکی و فارسی بەرکوڵیان کردوە. ئەم خۆ بەکەم زانینە بەداخەوە تا ئێستا بونی هەیە و لە سەیدا عەمماردا بینیمان.
پەندێکی عەرەبی هەیە ئەڵێ (ئەیکوژێ و بەدوای جەنازەکەیدا ئەکەوێ و شینی بۆ ئەکات). ئەمە سروشتی عەرەبە بەرانبەر گەلانی ژێر دەست، بەتایبەتی کورد. هەریەك لەو چوار کەسە (حەسەن، نانسی، ئەحلام و وائل) هەر لەسەرەتاوە بێ لایەنی خۆیان لەدەست دا و بەشێوەیەکی نا پرۆفێشنەڵانە کۆمێنتیان ئەدا. بۆ نمونە ئەحلام هەر لەسەرەتاوە پێی وابوە کە پێوستە فڵان و فیسار یەکەم بێ و گەر وانەبێ ئەوا ڕەنگە هەڵەیەك هەبێ لە براوەی ئەم بەرنامەیەدا. واتە ئەو چوار کەسە دەمێک بوو کاندیدیان دەست نیشان کرد بۆ ئەوەی ببێتە براوەی عەرەب ئایدڵ. کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا نەك هەڵەیەکی تەکنیکیەیە، بەڵکە هەڵەیەکی کوشندەیە دژ بەهونەر و کاری دەست نیشان کردنی براوە و دۆڕاو. کەچی کاتێ عەممار کرایە دەرەوە هەر یەك لەو چوارکەسە کەوتنە شین و شەپۆڕ و وایان دەرخست کەوا دەستی ئەوانی تیانیە و دەرکردنی عەممار بۆتە مایەی شۆك بۆیان.
ئێمە ناڵێین کورد پێوستە بەشداری ئەم بەرنامەیە نەکات، بەڵکو پێویستە هەل و چانسی خۆی لەگشت بوارەکاندا تاقی بکاتەوە، لێ ئەوەی گرنگە ئەوەیە پێویستە لە ساڵی پارەوە ئەزمونێکیان وەرگرتایە لەوەی پەروازیان پەراوێز خست و وا ئەمساڵێش بەهەمان شێوە سەیدا عەمماریش هەمان چارەنووس یەخەی گرت و بەدڵ شکاوی گەرایەوە زاخۆ. کورد پیویستە بایکۆتی ئەو جۆرە بەرنامانە بکا کە دوورە لە پیشەیی و پرۆفێشناڵی و نزیکە لە ڕەگەزپەرستی. تازە ئەوە دەرکەوت دوای ئەوەی گۆرانی بەسەر پێشمەرگەدا ووت، ئێدای داعش تەنها لە کۆبانی نین، بەڵکە داعش و هزری داعش لەنێو فەرهەنگ و بیرکردنەوەی هەموو عەرەبە.
داعش تەنها کۆمەڵێ چەتە نین و کورد بکوژن، ئەوا دەرکەوت داعش بۆتە کەلتوور و ڕەنگی زۆربەی عەرەب. ئەوەتا عەرەبە ئاوارەکانی سلێمانی گلەیی لەخەڵکی سلێمانی ئەکەن کەوا بۆچی عەرەبی نازانن! وەك ئەوەی ئێمە لە ئەمریکا گلەیی لە ئەمریکیەکان بکەین کە بۆچی بە کوردی قسە ناکەن. داعشێزم ڕۆچۆتە بیرو بۆچونی عەرەب بەگشتی، ئەوەتا سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق (عەبادی) لەڕزگارکردنی (شارەبان) تەنها دەست خۆشی لە هێزە عەرەبەکان و شیعەکان کرد و کوردی پەراوێز خست، ئەمە لەکاتێکدا یەکەم هێز چوە شارەکەوە هێزێکی پەکەکە بوو.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە