کێ سەر ئێشەی بۆ گەلی کورد دروست کردووە؟ (بەشی یەکەم)
Monday, 25/06/2012, 12:00
ڕاستیەکان بە چەواشەکاری ناشاردرێنەوە -
دوای بەرپابوونی سەرهەڵدانی گەلانی سوریا و بەشداری چالاکانەی کوردان لەو سەرهەڵدانەدا ، سەرنجی هەموو لایەک کەوتە سەر شێوازی سەردەمیانە و ژیرانەی لایەنی کوردی لەو سەرهەڵدانەدا ، لە بڕوای هیچ لایەکدا نەبوو کە کوردان بتوانن سیاسەت لە خزمەتی خۆیاندا بەکار بهێنن و نەبنە داردەستی هیچ لایەک . هەندێک لایەن و ماڵپەڕی کوردیش لە جیاتی پشتیوانیکردن لە شۆڕشی کوردان و گەیاندنی ڕاستیەکان کەچی ڕێک پێچەوانەکەیان هەڵبژارد و هەمان ئەو لێدوانانەیان بڵاودەکردەوە کە لە ڕاگەیاندنی داگیرکەرانەوە دژ بە کوردان بەکار دەهێنران وەک (سایتی "سبەی" سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان) ، هەندێک ماڵپەڕیش ڕاستەوخۆ کەوتنە شێواندنی ڕاستیەکان و دژایەتیکردنی شٶڕشگێڕانی نەتەوەکەمان وەک (سایتی "پەیامنێر"ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق) . بڕوانە ئەم دوو لینکەی خوارەوە :-
http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=3956&LinkID=60http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=279605سایتی "سبەی" کەوتۆتە وەرگێڕانی ئەو وتارە عەرەبیانەی کە لە دژی ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان بەکار دەهێنرێن و منیش هیچ لێدوانێکم لەم بارەوە نیە و پێویستە خوێنەر بۆ خۆی هەڵسەنگاندن لەم بارەوە بکات . بەڵام ئەوەی جێگەی ئەم باسەیە چەواشەکاریەکانی ماڵپەڕی "پەیامنێر"ە کە ڕاستەوخۆ کەوتۆتە دژایەتیکردنی ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان و لەو دژایەتیکردنەشدا چەندین هەنگاو لە پێش داگیرکەرانەوەیە .
لە ڕابردوودا هەر سەرهەڵدانێک کرابێت بەشی کوردان زۆرترین قوربانیدانی سەرەتا و گەورەترین دۆڕاوی دوایی بووە ، نموونەی ئەو قوربانیدان و دۆڕاندنەش شۆڕشی کەمالیەکان و کۆماری ئیسلامی و کودەتا یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بووە ، هۆکاری ئەم دۆڕاندنەش ئەو بەناو سەرکردانە بوون کە لە ژێر پەردەی کوردایەتیدا گەورەترین خزمەتیان بە دوژمنان کرد و خۆیشیان جگە لە بازرگانێکی خوێن و فرمێسک ئەوا هیچ شتێکی دیکە نەبوون .
ئەتاتورک بە دەسەڵات گەیشت بە هاوکاری دەرەبەگە کوردەکانی هاوشێوەی عیسمەت ئینینۆ ، کەچی بەشی کوردان بەفیڕۆدانی خوێنێکی زۆر و کۆمەڵکوژیەکانی زیلان و دێرسیم و ئارارات بوو، بەشی کوردان نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی و لە سێدارەدانی شێخ سەعید و سەید ڕەزا بوو .
خومەینی بە دەسەڵات گەیشت بە هاوکاری دەرەبەگە کوردەکانی هاوشێوەی کەریم سەنجاوی و هاوپیشەکانی ، کەچی بەشی کوردان کۆمەڵکوژی سنەی خوێناوی و پەتی سێدارەی مهابادیەکان و فتوای جیهادی ئیمامی زەمان بوو ، بەشی کوردان سازکردنی شەڕی نێوان دیموکرات و کۆمەڵە و ئۆردوگانشینی و لەتوپەتکردنیان بوو .
بەعسیەکان بە هاوکاری چەند کوردێک کودەتای خوێناوی ١٩٦٣یان ئەنجامدا و بە دەسەڵات گەیشتن ، ئەی بەشی کوردان چی بوو لەم هاوکارییەدا ؟ بەشی کوردان بریتی بوو لە دابڕانی موسڵ لە کوردستان و بە عەرەبکردنی هەموو ناوچە گرنگەکان و ئاشبەتاڵ و کیمیاباران و ئەنفال و ژێرپێ نانی هەموو پیرۆزیە نەتەوایەتیەکانمان .
دەسەڵاتدارانی باشوور زۆرترین هاوکاریان پێشکەشی تورکیا و ئێران کرد لە دوای ڕاپەڕینەوە و دەوڵەتی نوێی عێراقیشیان بنیاد نایەوە ، ئەی بەشی کوردان چی بوو لەم خۆشخزمەتیانە ؟ بێ گومان ، بەشی کوردان شەڕی بێ ئامانی یەکێتی و پارتی و بە فیڕۆدانی خوێنی دەیان هەزار کوردستانی و ئاشناکردنی هەموو داگیرکەران بە باشوور و ساخکردنەوەی کاڵا بەسەرچووەکانیان بوو ، بەشی کوردان هەڕەشەکانی سەدر و موتڵەگ و نوجەیفی و مالکی بوو .
ئایا دەبێت چ باشییەک لە دەستا و دەستکردن و ئاڵوگۆڕی داگیرکەراندا بووبێت بۆ کوردان ، کە هەر هەمووی بە هاوکاری دەرەبەگە کوردەکان ئەنجام دراوە ؟
ئەی دەبێت چ شتێک لە دەست بدەین کە ئیمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان نەتەوەکەمان لە مەیدانە و بۆ یەکەمین جارە سیاسەت لە خزمەتی خۆیدا بەکار دێنێت و نەبوونە کەوا سوری پێش لەشکری هیچ هێزێکی دژە کوردی لە وێنەی ئیخوانالموسلمین و بەعسیەکان ؟
ئەی دەبێت چ بەرژەوەندیەکی کوردانی تێدا بوویایە ئەگەر کوردان ببوونایە داردەستی تورک وئیخوان الموسلمین و شارە کوردیەکانیش هاوشێوەی شارە عەرەبنشینەکان خەڵتانی خوێن بکرایە ؟
دیرۆکی دەستێکەڵاوی حیزبە کلاسیکیەکان و داگیرکەران بە هیچ کەسێک نامۆ نییە ، ئەو دیرۆکەی کە لێوان لێوە لە چەواشەکاری وخزمەتکردن بە داگیرکەران و تێکدانی یەکڕیزی کوردان . هەر سەرهەڵدانێک لە هەر جێگەیەکی کوردستان ئەنجام درابێت ، دەستێکەڵاویەکان هۆکارێک بووە بۆ خامۆشکردنی سەرهەڵدانەکە و لە خوێن گەوزاندنی شۆڕشگێڕان .
کاتێک شای ئێران بە هەموو هێزیەوە نەیتوانی بەرامبەر شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات بوەستێتەوە لە ساڵی ١٩٦٧دا ، کاتێک کەمالیستەکان دووچاری شۆک هاتن بە دەست ئازادیخوازانەوە لە ساڵی ١٩٧٠دا ، هەر خودی دەستێکەڵاویەکان هۆکارێک بوون بۆ خامۆش کردنی شۆڕشەکان و پاکتاوکردنی شۆڕشگێڕانی وەک سولەیمانی موعینی و مەلا ئاوارە و دکتۆر شڤان و سەعید ئاڵچی .
کاتێک ڕژێمی خومەینی دوچاری سەرلێشێوان بوو بە دەست ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان لە ساڵانی هەشتاکاندا ، هەر خودی دەستێکەڵاوی پارتە کلاسیکیەکان بوونە هۆکارێک بۆ سەرکوتکردنی ئازادیخوازان و بە کۆیلە هێشتنەوەی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتدا .
کاتێک تورکەکان دووچاری داڕمان هاتن لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەدەست شۆڕشگێرانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ، هەر خودی دەستێکەڵاویەکان تورکەکانی لەسەر پێ هێشتەوە ، تەنانەت خودی مەسعود بارزانیش نەیتوانی ئەو ڕاستیە بشارێتەوە و گوتی (300 پێشمەرگەمان بۆ خاتری دەوڵەتی تورک بە کوشت داوە) .
لە دوای سەرهەڵدانی گەلانی سوریاش هەمان شانۆگەری خۆیان نواندەوە، ساتێک لە ڕێگەی دووبەرەکی سازکردن بە ناوی " کۆنفرانس بۆ کوردانی سوریا" و ساتێک بە بانگێشتکردنی بورهان غەلیون بۆ هەولێر و ساتێک بە ڕێنمایی وەرگرتن لە ئەردۆغان و ئێستاش بە سازکردنی بەکرێگیراوانی وەک عبدالباست سەیدا و سەڵاح بەدرەدین و هاوشێوەکانیان لە ئەستەمبوڵ.
میکاڤیلی دەڵێت [بۆ لە خشتەبردنی کۆمەڵگا ، کردەوەکانی خۆت بەسەر بەرامبەرەکەتدا بسوو] .
ئەگەرچی ئەم کردەوانەی سەرەوە دڵۆپێک لە دەریای تاوانی دەستێکەڵاوی لایەنە کلاسیکیەکان و داگیرکەرانە ، کەچی سایتی "پەیامنێر"ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ، میکیاڤیلی ئاسا دەڵێت [پارتی یەکێتی دیموکراتی (پ،ی،د) بوونەتە سەر ئێشە بۆ گەلی کورد] .
هەر دوا بە دوای ئەم گوتانە ، دەروازەی بوختان بۆ ئۆردوگانشینان کرایەوە بۆ دووبارەکردنەوەی گوتەکانی "پەیامنێر" و سوکایەتیکردن بە ئازادیخوازان . هێشتا یەک سەعات بەسەر چەواشەکاریەکانی "پەیامنێر"دا دەرباز نەببوو کە "بروسکە"کەی عەبدوڵای موهتەدی و سایتی" پێشمەرگەکان"ی سەر بە مستەفای هیجری هەمان بڵاوکراوەیان دابەزاند . بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە:-
http://brwska.net/news/http://www.peshmergekan.com/kurdishخۆ ئەگەر ماڵپەڕەکانی "بروسکە" و "پێشمەرگەکان" تەنها بە دابەزاندنی گوتەکانی "پەیامنێر" سوکنایی دڵیان شکابێت، ئەوا مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە لە هیچ بێ ڕێزیەک دەمی نەگرتەوە و "پەیەدە"ی بە هاوکاری داگیرکەر و ئاژاوەگێڕ پێناسە کرد و گوتی [لە سوریا قازانجی حزبی زۆر دەسەڵاتدارە کە ئێستا حزبێکی سیاسی لەو دەرفەتەدا کە هەموو سوریا لە دژی حکومەتەکەی راپەڕیوە، حزبێکی کوردی کە چەند جار میللەتەکەی مەزلوومە، بڵێ نابێ تۆ خۆپێشاندان بکەیت، نابێ بێ دڵی رژێمی بەشار ئەسەد بکەی. ئەوە شتێکی ناخۆشە. حزبایەتی زۆر بەرتەسک و بەرچاوتەنگانە تر لەوەم نەدیوە. شتێکی خراپە. ئارەزوو دەکەم وا نەبێ ] ، بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-
http://rojnews.org/indexلە خۆڕا نەگوتراوە (درۆ بکە تا بڕوات پێ بکرێت) ، مەلا عەبدوڵای حەسەنزادەش بەم درۆکردنە دەیەوێت بڕوای پێ بکرێت و خوێنەر لە خشتە بەرێت!!!
ئەرێ دەبێت لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستاندا چ هێزێک هێندەی پەیەدە توانیبێتی خۆپیشاندان ساز بکات و جەماوەر لە خۆی کۆبکاتەوە؟ دەبێت چ هێزێک هەبێت توانیبێتی بەو ئەندازەیە میلەت لە کۆمەڵکوژی بپارێزێت؟ دەبێت چ هێزێک توانیبێتی لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا ئەو هەموو ناوەندە ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و جەماوەریانە دامەزرێنێت .
ئەی بۆچی مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە بەراوردی یەک ساڵ خەباتی "پەیەدە" ناکات بە ٦٦ ساڵ خەباتی حیزبی دیموکرات و پاشان قەزاوەت بدات ؟
دەڵێن سێ بەرچاوتەنگ باسیان لە حەسودی خۆیان دەکرد:- [ یەکەم گوتی : حەسودی بەو کەسانە دەبەم کە چاکە لەگەڵ خەڵکیدا دەکەن . دووەم گوتی : حەسودی بەو کەسانە دەبەم کە چاکە لەگەڵ خزمەکانی خۆمدا دەکەن . سێیەم گوتی : حەسودی بەو کەسانە دەبەم کە چاکە لەگەڵ خۆمدا دەکەن ] . لەو باوەڕەدام مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە لە بەرچاوتەنگیدا لە جۆری سێهەمیش تێی پەڕاندووە .
تەنها بۆ بیرهێنانەوەی ئۆردوگانشینە بەڕێزەکان :- لە سەرەتای سەرهەڵدانی گەلانی سوریادا ، تەواوی لایەنە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش هەمان دید و بۆچوونی ئۆردوگانشینەکانیان هەبوو لەسەر پەیەدە و زۆر تۆمەتی هاوشێوەی تۆمەتەکانی مەلا عەبدوڵای حەسەنزادەیان ئاڕاستەی ئەو پارتە شۆڕشگێڕە کرد . کەچی لە ڕۆژگاری ئیمڕۆشدا هەر خودی ئەو لایەنانە بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانیان هانا دەبەنە بەر پەیەدە و لە حەفتەی ڕابردووشدا پەیماننامەیەکیان واژۆکرد لە هەولێر کە ببنە هاوکاری پەیەدە بۆ خزمەتکردنی نەتەوەکەمان .
بۆ خوێندنەوەی زانیاری زیاتر کرتە لەسەر ئەم لینکانەی خوارەوە بکە بکە :-
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12788#TOPhttp://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12756درێژەی هەیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست