کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


پاش ئەوەی لە دیاربەكر ڕێی پێنەدرا، گروپی فەتحوڵا گولەن، لەهەولێر كۆنفرانس دەبەستێت

Thursday, 26/02/2009, 12:00

1728 بینراوە


سلێمانی: (15-16/2/2009)گروپی فەتحوڵا گولەن لەڕێی پلات فۆڕمی ئاباندەوە، بەنیازی بەستنی كۆنفرانسێكن لەسەر كێشەی كورد لەباشووری كوردستان لە شاری هەولێر، ڕۆشنبیران و پارتەكوردییەكانی كوردستانیش كارەكانی ئەم گروپە و ئایدۆلۆژیاكەی بەمەترسی بۆ سەر گەلی كورد دەزانن و هۆشداریی دەدەنە بەرپرسانی هەرێم كە بەشداری وەها كۆنفرانسێك نەبن كە هیچ لەخزمەت كێشەی كورددانییە، بەتایبەت لە كۆنفرانسێكدا كە لەسەر كێشەی كورد بێت و هەموو لایەنە كوردیەكان بەشداری تیادا نەكەن، وە پێشتر بیرۆكە و پێشنیارێكی وا لە لایەن كوردەوە لە دیاربەكر ڕێیی پێنەدرابێت.. .

گروپی فەتحوڵا گولەن گروپێكی ئیسلامی میانڕەوە و لە باكووری كوردستان لەلایەن محەمەد فەتحوڵا گولەن، كە یەكێك بووە لە خوێندكارەكانی سەعیدی كوردی (سەعیدی نورسی) دروست كراوە، كارەكانی لە ڕێگەی كردنەوەی قوتابخانە و شوێنی ئاینی و هاوكاریكردنی هەژاران و كۆمپانیا بازرگانییەكانی ئەنجام دەدات، ئەم گروپە تا ساڵی (1990) كارەكانی یەكجار بەرچاو پەرەسەندوو نەبووە، بەڵام لە دوای ئەم ساڵانەوە گەلێك قوتابخانەی لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا كردۆتەوە و توانیویەتی خۆی بەهێز بكات، كە باس لەوە دەكرێت لە هەرێمی كوردستانیش كۆلیجی سەڵاحەدینی ئەیوبی لەسلێمانی و ئیشق لەهەولێر و چەند قوتابخانەیەكی تر لەو شارانە و بەم دواییانەش چەند قوتابخانەیەك لە كەركوك، هەروەها چەندین كۆمپانیایی توركی و پلات فۆرمی ئاباندیش سەر بەم گروپەبن و ئایدۆلۆژیایی ئەوان بڵاو بكەنەوە، بەرپرسانی هەرێمیش كارەكانی ئەم كۆلێج و قوتابخانانە ئاسایی و یاسایی دەبینن و باس لەوە دەكەن كە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوویان هیچ كارێكی دەرەوەی یاسایان لێنەبینیوون بۆیە تائێستا درێژەیان بە كارەكەیان داوە.

هەندێك پارت و لایەن و ڕۆژنامەوان باس لەوە دەكەن كە كۆنفرانس بە بێ بەشداری سەرجەم نوێنەرەكانی گەلی كورد كۆنفرانسێك نییە خزمەت بەگەلی كورد بكات، وەبەم شێوەیە باس لە فەتحوڵا گولەن و گروپەكەی دەكەن.

دیار غەریب، سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، فەتحوڵا گولەن بەڕەگەز كوردە و خەڵكی ئەرز ڕومە و فەتحوڵا گولەن یەكێك بووە لەو پێنج سەد هەزار خوێندكارەی سەعیدی كوردی كەلە دوای كۆچكردنی هەیبووە، وە گروپی فەتحوڵا گولەن یەكێك بووە لە دیارترین ئەو تەیارە ئیسلامە میانڕەوانەی پاش سەعید نوورسی كە تا ئێستا دەیەوێ لە ڕێگەی (حوجرە و قوتابخانە و زانكۆ و مزگەوت و لایەنی ئابووری...)یەوە هەم لە ناوخۆی توركیا و هەم لەم پانزە ساڵەی دواییدا لەدەرەوەی توركیا ڕۆڵی هەبێت و سیاسەتی خۆی بچەسپێنێت، وە تا ئێستا توانیویەتی لەدەرەوەی توركیا لەوڵاتە ئیسلامییەكان و هەندێ وڵاتی ئەوروپا بە سەدان زانكۆ و قوتابخانەی وەك كۆلێجی سەڵاحەدینی سلێمانی و كۆلێجی ئیشقی هەولێر بكاتەوە، وەئێستا لە كەركوكیش بەهەمان شێوە كۆلێجی كردۆتەوە، كە ئامانج لەم قوتابخانە و كۆلێجانە بڵاوكردنەوەی ئیسلامی میانڕەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەو ڕێگەیەشەوە كوشتنی هەستی نەتەوەیی كورد و ئەو گەلانەیە، وەئەمڕۆ گروپی فەتحوڵا گولەن گەورەترین تەیاری ئیسلامییە لە توركیا، وە ئەوەشی كە لە پشتی سەركەوتنەكانی پارتەكەی ئەردۆگانەوەیە هەر ئەم گروپەیە.

هەروەها دیار غەریب، وتی: فەتحوڵا گولەن لە پاش ساڵی 1997ەوە لە ئەمەریكا دەژی و ئێستا لەوێ حەفزی لەسەرەو حكومەتی ئەمەریكا نایەڵێ بچێتە دەرەوەی ئەمەریكا كە "ئێمە وەك پارتی چارەسەری هەڵسەنگاندنی خۆمان بۆ ئەمە هەیە كە ئەویش ئەمەیە، ئەمریكا لە دوای ساڵی 2000ەوە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێی ئیسلامی میانڕەوەوە مۆدێلێك لەنێو جیهانی ئیسلامیدا بڵاو بكاتەوە بۆ ئەوەش بینیان كە ئەتوانن سود لە گروپی فەتحوڵا گولەن ببینن، وە بەڕێز عەبدوڵا ئوج ئالان لەم بارەیەوە دەڵێ: "كە ئەمەریكا فەتحوڵا گولەنی وەك بارمتەیەك لای خۆی هێشتۆتەوە تاوەكو لە ڕێی ئەوەوە پڕۆژەكانی خۆیان لەتوركیاو لە وێشەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو بكەنەوە". وە ئێستاش كردنەوەی ئەو كۆلێج و قوتابخانانەی كە دەكرێنەوە و پێشخستنی ئیسلامیی میانڕەو لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدایە".

كامەران ئەحمەد، ڕۆژنامەوان لە باشووری كوردستان، لەسەر گروپی فەتحوڵا گولەن، هێمای بۆ ئەوەكرد كە ئەم گروپە دامەزراوەیەكی گەورەی ئیسلامییە لە توركیادا و تا ئێستاش بۆ كێشەی كورد هیچ خزمەتێكیان نەكردووە و بەڵكو زیانی زۆر گەورەیان لە گەلی كوردداوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی كە وایان لە گەلی كورد كردووە ئینتیمایان بۆ نەتەوە نەمێنێت و زیاتر بەلای ئەو ئاینەدا بڕۆن كە ئەم گروپە ئیشی بۆ دەكات و لەخزمەتی توركدایە، ئەمەش لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی توركیادا بەڕوونی دەركەوت كە ئەوەندەی كورد دەنگی بۆ پارتی داد و گەشەپێدانی توركیدا كە ئەمیش یەك ئامانجی لەگەڵ گروپەكەی فەتحوڵا گولەن هەیە ئەوەندە دەنگیان بۆ پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی كوردی نەدا.

سەبارەت بەو كۆلێژانەی كەلە هەرێمدا پەروەردە دەكەن، كامەران ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا: ئەو كۆلێژانە لە بنەڕەتدا بانگەشەی سەربەخۆیی دەكەن، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەو كارانەی لێرە دەیكەن خزمەت بە گروپی فەتحوڵا گولەن و تورك دەكات نەك كورد، وە بیانەوێ و نەیانەوێ بەو كارەیان بە شێكن لە فەتحوڵا گولەن، هەروەها وتی: "بەبڕوای من ئەو گروپە چەند بیەوێ خزمەتی كورد بكات خزمەت بە ئیسلامیەكان دەكات، چونكە لە ڕوانگەی ئەوانەوە چ تورك و چ كورد یەك ناسنامەیان هەیە ئەویش ئیسلامە، وەلەمەشدا مەبەستیان توانەوەی كێشەی كوردە لە ناو ئیسلامدا و لە كۆتایشدا توانەوەی كێشەی كورددە لە ناو توركدا".

(15-16/2/2009)گروپی فەتحوڵا گولەن لەڕێی پلات فۆڕمی ئاباندەوە، بەنیازی بەستنی كۆنفرانسێكن لەسەر كێشەی كورد لەباشووری كوردستان لە شاری هەولێر، لەم بارەیەوە عەبدوڵا دەمیر باش، ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی (DTP) و سەرۆكی شارەوانی پێشووی (سور) لە دیاربەكر كە بەهۆی داواكاری زمانی كوردییەوە دەوڵەتی توركیا ماوەیەك بەر لە ئێستا لەسەر كار لای برد، ڕایگەیاند: ئێمە وەك پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی (DTP)، بەستنی ئەو كۆنفرانسەمان لە چاپەمەنیدا بیستووە، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە كۆنفرانسێك گروپی فەتحوڵا گولەن یان پلات فۆرمی ئاباند سازی بدات سەركەتوو نابێت، چونكە تێڕوانینی ئەوان لە ڕوانگەی ئاینەوەیە نەك نەتەوە، بەتایبەت فەتحوڵا گولەن بۆخۆی كە خوێندكاری سەعیدی كوردی بووە قبوڵی نییە و دەڵێت سەعیدی نورسییە نەك كوردی... ئینجا ئێستا چۆن دێت چارەسەری پرسی كورد دەكات؟!


لە مانگی تەموزی 2008دا گروپی فەتحوڵا گولەن ویستیان كۆنفرانسێك لە بارەی كوردەوە لە دیاربەكر سازبكەن، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی كوردانی ئەو ناوچەیەوە دژ بەم گروپە نەیانهێشت ئەو كۆنفرانسە ساز بكرێت.

ڕێزان سەفین ڕۆژنامەوانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەو زانیاریەی سەرەوەی پشت ڕاستكردەوە و باسی لەوەكرد كە "پێشتر بەر لەساڵێك ئەم گروپە لە ئامەد ویستیان كۆنفرانس گوایە بۆ چارەسەری كێشەی كورد سازبكەن، كە ئەو چارەسەرەی ئەوان دەیانویست لە گۆڕ واقعی كێشەی كورد نەبوو لە باكووری كوردستان بەڵكو دەیانویست داخوازی دەسەڵاتی توركیا جێبەجێ بكەن و بە بەشداری پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا و دەعوەتی هەندێ لایەنی باشووری كوردستان، وە بەبێ بەشداری پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی و پەكەكە كەنوێنەرایەتی كوردی باكوور دەكەن ویستیان كۆنفرانسێكی بەو ڕەنگە ساز بكەن، بەڵام گەلی باكوور بەخۆپیشاندانی ناڕەزایی و چالاكی جۆراوجۆر نەیان هێشت ئەو پیلانە سەربگرێت و كۆنفرانسەكە سازبكەن، چونكە ئەوان وتیان نوێنەری ئێمە پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی و پەكەكەیە، بەڵام لە كۆنفرانسی تایبەت بە كێشەی كورد ئەو نوێنەرانەی ئێمەی تێدانییە بۆیە نەیان هێشت" ، ئێستاش دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆرە هەوڵدەدەن لە باشووری كوردستان و دوای ئەوەی كە ئێستا پەیوەندییان خۆش كردووە لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا وەبەو پەیوەندیەی نێوان حكومەتی هەرێم و دەوڵەتی توركیا دەیانەوێ لە باشووردا دیسان كۆنفرانسێك لە ژێر ناوی نەتەوەی كورددا بەڵام بەبێ بەشداری پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی و پەكەكە و هەندێ لایەنی تر سازبكەن. ڕێزان وتیشی: "بەبڕوای من ئەو گروپە كۆنفراس بۆ درووستكردنی یەكێتی نەتەوەیی كورد ساز ناكەن بەڵكو بۆ بڵاوكردنەوەی یەكێتی نەتەوەیی كۆنفرانس سازدەكەن".

سەبارەت بەهەڵوێستی پەكەكە لەسەر ئەو كۆنفرانسە، ئەحمەد دەنیز، بەرپرسی كۆمیتەی دەرەوەی كۆما جڤاكێ كوردستان - عێراق، ڕایگەیاند: "بەبڕوای ئێمە گروپی فەتحوڵا گولەن لە بن ناوی ئیسلام و ئیسلامی میان ڕەودا كار بۆ دەوڵەتی تورك و ئەمەریكا دەكەن و دەیانەوێ لەڕێی ئەوەی كە كورد میللەتێكی موسوڵمانە كار بكەن و دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و ئەو بزوتنەوەیەی كە دژی ئەو سیتەمەیە و نایەوێ بكەوێتە بن كۆنترۆڵی ئەوان تێك بشكێنن".

وتیشی: ئەگەر مرۆڤ مێژووی فەتحوڵا گولەن نە ناسێت لەوان تێناگات و نازانێت مە بەست و ئامانجیان چییە بۆیە ئێستا لەم قۆناغەدا هەرچوار پارچەكەی كوردستان پێویستیان بە یەكگرتووی و یەكێتی نەتەوەیی هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە وەك پەكەكە چەند ساڵێكە بۆ درووست كردنی ئەو یەكێتییە هەوڵدەدەین، چونكە ئەمڕۆ ئەو یەكێتییە بۆ كورد وەك نان و ئاو پێویستە، وە پێویستیشە چۆن داگیركەران هاوپەیمانی سازدەكەن دژی كوردان ئاواش كورد لە بەرامبەر ئەوان یەكگرتوو و هاوپەیمان بێت.


دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی كە ئەم جۆرە كۆلێژانە بە سیخۆڕ بۆ دەوڵەتی توركیا وەسف دەكەن، شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی كوردستانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وتی: "گومانی تێدانییە كە ئەگەر وەك كوردێكیش بچین لە هەر وڵاتێك قوتابخانەیەك بكەینەوە و وانەیەكی كوردی تێ بكەین ئەمە بۆ بەرژەوەندی میللەتەكەی خۆمانە، وە ئەوانیش ڕەنگە بەو شێوەیە بن و ڕاستە ئەوان ئەو خوێندكارانە فێری زمانی توركی دەكەن و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانی تێدایە، بەڵام ئەمە مانایی ئەوەنییە كە ئەوانە هەموویان هەر سیخوڕبن و ئێمەش وەك كورد واقعێكین هەین و خۆ هیچ بنكەیەكی نەوەوی و سەربازی گەورەمان نییە تاوەكو ئەوان بێن جاسووسی بەسەر ئێمەوە بكەن..."

هەروەها لە بارەی ئەوەی كە تاچەند وەك بەرپرسانی هەرێم ئاگاداری ئەوەن كە ئەم كۆلێژانە سەر بە گروپی فەتحوڵا گولەنن، سەفین دزەیی، وتی: "ئەوانە سەر بە فەتحوڵا گولەن بن یان نا ئەوە لەسەرتاسەری دونیا ئەو جۆرە قوتابخانە و كۆلێژانەیان هەیە و گەلی كوردیش خۆی گەلێكی موسوڵمانە و هیچ پێویست ناكات ئەوان فێری موسوڵمانێتیمان بكەن و كورد پێویستی بەوە نییە " هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ڕەنگە ئەمانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان كاربكەن، بەڵام لە بواری ئەكادیمیدا نەك شتی تر، وە كارەكانی ئەم كۆلێجانە ئاسایی و یاساییە و لەو چوارچێوەیەدایە كە وەزارەتی پەروەردە بۆی دیاری كردوون وە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوویان هیچ كارێكی دەرەوەی یاسایان ئەنجام نەداوە بۆیە تائێستا درێژەیان بە كارەكەیان داوە و لە پەیوەندییە ناخۆشەكانیشدا لەگەڵ توركیادا ئەو كۆلێجانە دانەخراون كە ماوەی چواردە ساڵە لێرەن.


لەبارەی هەڵوێستیان بەرامبەر بە بەستنی كۆنفرانسی نەتەوەیی لایەنەكان بیر و بۆچوونی تایبەتیان هەیە، ئەحمەد دەنیز،ڕوونی كردەوە: "ئێمە لەگەڵ بەستنی كۆنفرانسداین، بەڵام بۆچی فەتحوڵا گولەن كوردان ڕێكبخات؟ بۆچی داگیركەر كوردان ڕێكبخات؟ كورد هیچ پێویستی بە درووستكردنی یەكێتییەكی وانییە دوژمن ئەنجامی بدات، چونكە دوژمن یەكێتییەك درووست بكات بۆ بەرژەوەندی خۆی درووستی دەكات، بۆیە داوا لە هەمووان دەكەین كە كەس بە شداری كۆنفرانسێكی بەو ڕەنگە نەبێَت كە سەرجەم نوێنەرانی گەلی كوردی تێدا نەبێت، یان پێش وەخت شەرت و مەرج بۆ بەستنی كۆنفرانس دابنرێ..." وتیشی: تائێستا بە فەرمی هیچ دەوەتنامەیەك مان پێنەگەیشتووە بۆ بەشداری كۆنفرانسێكی بەو ڕەنگە، وە ئێمە پێش هەموو كەس داوای درووستكردنی یەكێتی نەتەوەیی و كۆنفرانسی نەتەوەییمان كردووە.

هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی عەبدوڵا دەمیر، وتی: ئێمە كۆنفرانسێكی كە لایەنی كوردی بۆخۆی سازی نەكات و سەرجەم لایەنەكانی تێدانەبێت ڕاست نابینین و ڕەتی دەكەینەوە، وە هیوادارین كە سەرجەم لایەنەكانی گەلی كورد بە پیر ئەو پێشنیارەی ئێمەوە بێن بۆ بەستنی كۆنفرانسێكی نەتەوەیی كە كورد خۆی سازی بكات نەك خەڵكی تر، وە بە ئومێدیشین كە كورد ببێتە یەك.

لە بارەی ئەوەی كە ئایا كۆنفرانسێكی تایبەت بە پرسی كورد لەلایەن گروپی فەتحوڵا گولەنەوە دەبەسترێ یان نا، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "ئەو بابەتە ئێستا لە گفتوگۆدایە بەڵام نەك ئەو گروپە بیكەن، بەڵكو سەرۆك بارزانیش پێشنیارێكی وای هەبووە كە چارەسەری كێشەكان لە ڕێی گفتوگۆوە بێت، نەك توندوتیژی، بەڵام ئەوە هێشتا لە گفتوگۆ كردندایەو نە گەیشتۆتە بڕیار"


شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی كوردستانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەبارەی بەستنی كۆنفرانسەكەوە وتی: كۆنفرانسێكی تایبەت بە چارەسەری كێشەی كورد لە ئارادا هەیە، بەڵام باوەڕناكەم ئەو گروپە سازی بكەن بەڵكو ئەوە بەهەوڵی یەكێتی ئەوروپاو كۆمەڵێك لایەن كاری بۆ دەكرێت و ڕەنگە سازبدرێ باوەڕناكەم ئەو گروپە سازی بكەن...


چەندین هەوڵً دەدرێت بۆ چارەسەری پرسی كورد یەكێ لەو لایەنانەی ئەم هەوڵەدەدات كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (knk)ە كە ساڵی 1999 دامەزراوە و (150) ئەندامی لەسەرئاستی كوردستان وجیهان هەیە، كەنوێنەرایەتی كوردستانیان دەكات، واتا تەنیا نەتەوەی كوردتێیدا ئەندام نییە بەڵكو هەموو ئەوانەی كە خۆیان بەكوردستانی دەزانن ئەندامن تێیدا، ئامانجی یەكخستنی ڕیزی گەلی كوردە و لەو بوارەدا چەندین چالاكی ئەنجامداوە.

دكتۆر كامەران بەرواری، ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و مامۆستای زانكۆی دهۆك، باسی لەوەكرد كە بیرۆكەی كۆنفرانسی نەتەوەیی بیرۆكەیەكی نوێنییە بەڵكو ئەوان وەك (knk) پیشتر و ماوەی دوو ساڵیشە بەردەوام داوایی بەستنی كۆنفرانسی نەتەوەییان كردووە "ئەوەبوو لە ناوەڕاستی ساڵی 2008دا بەرنامەیەكمان داڕشت و خستمانە بەردەم سەرجەم لایەنە كوردستانییەكانی ناوەوە و دەرەوەی كوردستان، وە لە مانگی دوانزەی هەمان ساڵدا كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (knk) لەبرۆكسل كۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی بەست و بەتێر و تەسەلی لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆی كرد و وە ئەنجامێكی باشی لێكەوتەوە.

ئەندامەكەی كۆنگرەی نەتەوەیی، لەسەر فەتحوڵا گولەن دەیوت: هەمووان دەزانن كە فەتحوڵا گولەن دوژمنی گەلی كوردەو خزمەت بە گەلی كورد ناكات، وە ئەو فكرەی ئەو بڵاوی دەكاتەوە لەناو خەڵكدا لە هی دوژمن ترسناكترە! چونكە لە ژێر ناوی ئیسلامدا ئەوە دەكات، ئەمە لەكاتێكدا هیچ پەیوەندییەكی بە ئیسلامەوە نییە، چونكە ئەو بانگەشەكەی ڕاست و درووست نییە، لەبەر ئەوە هەر كۆنفرانسێك كە سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بەشداری تێدا نەكات ئەو كۆنفرانسە ڕاست نییە و ئێمە ڕەتی دەكەینەوە و داواش لە لایەنەكان دەكەین كە بەشداری لە وەها كۆنفرانسێكدا نەكەن و ڕەتی كەنەوە، چونكە ئەوە نوێنەرایەتی سەرجەم گەلی كورد ناكات و بۆ مەبەستێكی تایبەتییە.

هەروەها لە درێژەی هەوڵی لایەنە جیاوازەكان بۆ بەستنی كۆنفرانسێكی نەتەوەیی لەسەر پرسی كورد، سەرۆكی پێشوی شارەوانی سور، هێمای بۆ ئەوەكرد كە ماوەیەك بەر لە ئێستا لە سەردانێكی شاندێكی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی (DTP) بۆ باشووری كوردستان و حكومەتی هەرێم پێشنیاری ئەوەیان كرد كە كۆنفرانسێكی نێو نەتەوەیی سازبدرێ بە بەشداریی سەرجەم لایەنەكانی كوردستان.

لەبارەی پشتیوانی كۆنفرانسێكی نەتەوەی و هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، شادمان مەلا حەسەن، باسی لەوەكرد كە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەرێمی كوردستان لەگەڵ چارەسەری كێشەی كورددان لە كۆنفرانسێكدا كەسەرجەم لایەنە كوردییەكان بەشداری تێدا بكەن، وە وتی: ئەم هەوڵە لە ئەنجامی ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانەی شاندی پارتی كۆمەڵگایی دیموكراتی هاتۆتە ئاراوە كە هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان بۆیە باوەڕ ناكەم كە بەبێ بوونی ئەوان كۆنفرانسێكی وا بكرێت، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە كەڕەنگە بۆ بەشداری كردنی ڕاستەوخۆی پەكەكە كارێكی قورس بێت و ئەمەشی بۆ فشار و چاودێری دەوڵەتان گەڕاندەوە...










چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)