لە 15ى شوباتدا، سلێمانیش هاوبەشى خەمى كوردان بوو
Monday, 16/02/2009, 12:00
شارى سلێمانیش بە خۆپیشاندانێكى جەماوەرى، بەشداریان كرد لە ناڕەزایەتییەكانى گەلى كورددا، بۆ شەرمەزاركردنى پیلانگێڕى نێودەوڵەتى 15 ى شوبات.
خۆپیشاندانەكە لە كاتژمێر 2:30 ى پاش نیوەڕۆ لەبەردەركى سەراوە دەستى پێكرد بۆ بەردەم باخى گشتى، خۆپیشاندەران كە زیاتر لە 500 كەس بوون بە ورە و ناڕەزایەتییەكى بڵندەوە لەگەڵ ڕۆیشتنیان بە جادەى مەولەویدا بەردەوام دروشمەكانى (بژى سەرۆك ئاپۆ، كەس ناتوانێ ڕۆژى ئێمە تاریك بكات، باشور باكور ڕۆژهەڵات، یەك ئامانج و یەك خەبات، توركیا تیرۆریست)یان دەوتەوە.
خۆپیشاندانەكە لەلایەن (كۆمیتەى پارستن و ئازادى ڕێبەر ئاپۆ)وە ڕێكخرابوو، جەماوەر چەندین وێنەى بەڕێز ئۆجەلان و ئاڵاى كوردستان و لافیتەیان بەرزكردبۆوە، لەسەر لافیتەكان نوسرابوو؛ داواكارین زیندانى ئیمرالى دابخرێت و ڕێبەر ئاپۆ ئازادبكرێ..
پاشان جەماوەر گەیشتنە بەردەم باخى گشتى و كۆبوونەوە، سەرەتا (حەسەن جودى) ئەندامى دەستەى كارگێڕى پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان، وتەیەكى پێشكەشكرد و وتى:"بەرخۆدان و خۆڕاگرى ڕێبەر ئۆجەلان بۆ گەلى كورد بۆتە سەرچاوەى ئومێد، نوسینى هەزاران لاپەڕەى پەرتوك لە زیندانى تاكەكەسی ئیمرالیدا بۆتە هێزێكى مەزن بۆ ڕۆشنكردنەوەى ڕێگاى تێكۆشانمان، هەربۆیە ئەركمانە بە هەموو شێوەیەك خاوەندارى لە ڕێبەر ئاپۆ بكەین".
پاشان هەریەك لە تەڤگەرى ژنانى ئازادیخوازى كوردستان و لقى سلێمانى كوردۆساید ناسراو بە ناوەندى چاك و كۆمیتەى پاراستن و ئازادى ڕێبەر ئاپۆ و كۆمەڵێك خوێندكارى زانكۆى سلێمانى و پرۆژەى پەمەیى وتاریان پێشكەشكرد، لەتەواوى وتارەكاندا ئاماژە بۆ ئەو گۆشەگیرییە توندە كرا كە كراوەتە سەر بەڕێز ئۆجەلان لەماوەى ئەم دە ساڵەدا و هاوكات تێكۆشانى بەڕێز ئۆجەلان و دەست بەرنەدان لە ماف و ئازادى گەلەكەى.
ئاماژەش بۆئەوە كرا:"لە دەساڵى زینداندا ڕێبەر ئۆجەلان گەورەترین شۆڕشى هزرى و فەلسەفى و ئایدۆلۆژى ئەنجامداوە، كە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا بێ وێنەیە، بۆئەمەش ڕێبەر ئاپۆ ئەوەى سەلماند وەك چۆن لە دەرەوە ئەركەكانى ڕێبەرایەتى پێك دەهێنا، بەهەمانشێوە لەو بێ دەرفەتى و هەلومەرجە خراپانەى زیندانیش دیسان ئەركەكانى خۆى جێبەجێكرد".
باسى ئەوەشكرا گەرەنتى ئازادى و چارەسەرى پرسى كورد بە ئازادى ڕێبەر ئۆجەلاندا تێپەڕ دەبێ، چونكە ئەوەى ئەمڕۆ لە هەركەسێك زیاتر خاوەن فەلسەفە و ڕێنمایى و پرۆژەى چارەسەرییە ڕێبەر ئۆجەلان و بزاڤەكەیەتى.
پاش كاتژمێر و نیوێك كۆتایى بە چالاكیەكە هات، پێویستە ئەوەش بوترێ، هێزەكانى پۆلیسى سلێمانى هیچ ئاستەنگێكیان بۆ خۆپیشاندەران دروست نەكرد.
-سلێمانى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست