کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چارەسەرى قەیرانەكانى ئەمرۆ ئەوەیە یەكێتى سلێمانى تەسلیم بە ئۆپۆزسیۆن بكات

Friday, 22/04/2011, 12:00




من پێم وایە كاتى ئەوە هاتووە یەكێتى دان بە شكەستهێنانى خۆیدا بنێت و چیتر نەبێتە بار بەسەر خەڵكى سلێمانییەوە، هەڵەیەكى گەورەیە یەكێتى پەنا بەرێتە بەر توندو تیژى بۆ دەمكوت كردنى خەڵكى سلێمانى، چونكە یەكێتى پێگەى جەماوەرى ئەوتۆى نەماوەو لە هەڵبژاردنیشدا خەڵكى بەدەستەوە نەماوە تا تەزویرى بۆ بكات، ئیتر باشتر وایە ئەم گروپە پارێزگاى سلێمانى تەسلیمى ئۆپۆزسیۆن بكات و هەروەها لە حكومەت بكشێتەوەو حكومەتێكى نوێ پێكبهێنرێت لەسەر بنەماى كێشى راستەقینەى حزبەكان. بێ گومان تەسلیم كردنى سلێمانى بە ئۆپۆزسیۆن ئەوە دەگەیەنێت پارێزگاى سلێمانى دەسەڵاتێكى زۆرى پێ بدرێت و بودجەى ئەم پارێزگایە كە (48%) ى بودجەى باشوورى كوردستانە بكەوێتەژێر تەسروفى پارێزگا، بێ گومان ئەمە جگە لەو دەسەڵاتانەى كە دەبێت لە هەولێر بمێنێتەوە بۆ پارستنى باشوورى كوردستان وەك و قەوارەیەكى یەكگرتوو. ئەگەر ئەم هەنگاوە نرا ئەوە پارێزگاى سلێمانى بە تەجروبە ئەوەمان پێ دەڵێت، ئایا ئەو تەجروبەیە شایستەى ئەوەیە بگوێزرێتەوە بۆ ناوچەكانى دیكەى هەرێم یان نا، بێ گومان حكومرانى سلێمانى لە لایەن یەكێتییەوە ئەوندە هەڵە بووە، ئەوەندە گەندەڵى و ناعەدالەتى تێدا هەبووە، جیاوازییەكى ئەوتۆى لە گەڵ هەولێرو دهۆكدا نەبووە ئەگەر خراپتریش نەبووبێت، بۆیە زۆر جار مرۆڤ هەستى نەكردووە لە سلێمانیدا شتێك لە دەسەڵات و ئیدارە هەبووە شایستەى ئەوە بێت بگوێزرێتەوە بۆ جێگاكانى دیكە. نازانم یەكێتى چۆن شەرم لە خۆى ناكات كە لە پاڵ پارتیدا بووەتە خاوەن دەسەڵات كە تا دوێنى هەر خۆى پارتى بە بنەماڵەو خائن و جاش و دزو كلك زەرد وەسف دەكرد. كێشى یەكێتى لە باشوورى كوردستان ئەوەندە نییە كە سەرۆك كۆمار لەو حزبە بێت هەروەها سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران و (29) كورسى پەرلەمان و ئەو هەموو پارەیەى كە دەیبات بۆ حزبەكەى، هەروەها وەزارەتێكى زۆر. كێشەى یەكێتى لەوەدایە حزبێكە چاكسازى هەڵناگرێت، تەسەور بكەن لە زەمەنى شەرى ئلكترۆنات و كروز و تۆما هۆكدا (شێخ جەعفەر) وەزیرى پێشمەرگەیە، پاش بیست ساڵ لە راپەرین ئەم حزبە نەیتوانیوە قەناعەت بەوە بكات كەسێكى تەكنوكراتى یەكێتى كە شارەزا بێت لە زانستى سەربازى بكاتە وەزیرى پێشمەرگە، بە هەزاران نموونەى وا هەیە، تەنانەت هەشە پاش دەسبەكاربوونى بەرهەم ساڵح دانراوە.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە