کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رێبەند و هەڵبوون و گوللەى وێڵ رەنگدانەوەى تەسلیم بوونى نووسەرانى هەولێرى یەكێتییە

Saturday, 05/09/2009, 12:00


گەر بە حەقیانەتى وەرگرتنى مانگانەى مووچە و مكافەئەى كادیرانى ناوەندى راگەیاندن و سنوورى مەڵبەندەكانى یەكێتیى بووایە، نەدەبوو من وەڵامى نووسینى بابەتێكى وەها بدەمەوە، چونكە كورد واتەنى "كێ كفتە دەخوا ئەو بچێتە پاڵ بوكێ"، بەڵام بە هەرحاڵ زۆر رۆیى نووسینى بابەتى گۆڤارى هه‌ڵبوون ژمارە 32دا، كە لە دوا لاپەڕە كەسێك بە ناوى رێبەند سەعدوڵڵا بە ناونیشانى (45 ساڵ ناپاكى لە خەنجەر و گۆچان) بڵاوكردوەتەوە، جگە لەم نووسینە زۆرجار نووسینى دیكەش لە گۆڤار و رۆژنامەكاندا بەرچاو دەكەون، كە ئەمە لە كاتێكدا بەردەوام ئەم دوو حیزبە هەمیشە بانگەشەى پتەوبوونى رێككەوتننامەى ستراتیژى نێوان خۆیان دەكەن، بە جووتەش بەردەوام هێرش و پەلاماردانى راگەیاندن بۆ سەر لیستى گۆڕان و هەوادارانیان دەكەن! بۆیە ناچار بووم وەڵامێكى هێمنانە هەم بۆ خاوەنى نووسینى بابەت و ستراتیژیەتى گۆڤارەكە، كە دەڵێت گۆڤارێكى بیر و را جیاوازە! بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا دەیەوێت خۆڵ بكاتە چاوى خەڵك و گوللەى وێڵ بتەقێنێت! بدەمەوە.
كاتێك یەكێتیى ئیلتیزامى ئەخلاقى خۆى لە رووى رێككەوتننامەى ستراتیژیەوە دەسەلمێنێت، كە زۆرجاریش لەم پێناوەدا لەسەر داواى پارتى چەند كەسى خۆى لە نێو كایەى راگەیاندنەكاندا ئاڵوگۆڕ پێكردووە، ئەمەش تەنها مەبەستى هێمن راگرتنى بارى ئارامى بووە، ئەوەش لە پێناو سەركەوتنى ئەو رێككەوتننامەیەدا، بەڵام بەداخەوە ماوەیەكى زۆرە بە بڕوبیانووى بیر و راى جیاواز بە تایبەت ئەو گۆڤار و رۆژنامانەى كە لە سایەى كۆكە قرخنەكەى پارتیەوە لە دایك دەبن، چەند كەسانێك پەنا دەبەنە بەر هێرش و تەشهیركردنى كەسایەتى ناودار و سیاسەتمەدارى ناو یەكێتیى، بە تایبەت مام جەلال، وەك ئەوەى ئەو گۆڤار و رۆژنامانە لە گوێى راگەیاندنەكانى خۆیاندا نووستبن، نەزانن كە ئەو جۆرە هێرشكردنانە لە لایەك لەسەر ئەخلاقیاتى رێككەوتننامەى ستراتیژى مەحسوبە، لە لایەكى تریشەوە بێدەنگى و خۆ تەسلیمكردنى زۆرینەى نووسەرە حیزبیەكانى ناو یەكێتیى بە تایبەتى لە سنوورى هەولێردا لە ئاست بێ وەڵامى كردارێكى وادا، تەنها ئەوە دەمێنێتەوە كە بڵێین كاتى ئەوە هاتووە فاتیحا بۆ وەزعى پارێزگاریكردنى خودى شەخسى خۆشیان بنووسن! ئەم بێ وەڵامیەى نووسەرانى یەكێتیى لە سنوورى هەولێر لە كاتێكدایە، كە هەمیشە شمشێرى خۆیان بەرامبەر گۆڕانخوازەكان هەڵكێشاوە و رۆژێك لە رۆژانیش زاتیان نەكردووە ئەو شمشێرە بوەشێنن! ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت جگە لە پرتە و بۆڵە هیچى دیكە نیین و كورد واتەنى لە كاتى تەنگانەدا هینى رەش و سپى لە بواردا دەردەكەوێت!
ئاخر رێبەند سەعدوڵایەك زات بكات باس لە مێژووى جیابوونەوەى پارتى و سەردەمى مام جەلال بكات! مام جەلال بە خیانەت ناوزەند بكات! ئیدى لێرەدا "السكوت علامە رزا" دەبێتە كردارى ئەو جۆرە نووسەرە حیزبى و كادیرانەى ئەمڕۆ، كە بیر لە تەنها پاراستنى بەرژەوەندى و ئیمتیازاتەكانى شەخسى خۆیان دەكەنەوە! بەڵام من لێرەوە بە رێبەند سەعدوڵڵا و گشت ئەو نووسەرانەى كە دەیانەوێت ئەمڕۆ لە ژێر ناونیشانى بیر و راى جیاواز سەرەتاتكێى نووسین لەگەڵ مێژوودا بكەن و خۆیان بە كەسێكى سەربەخۆ بزانن، با هەموو مێژوو وەك یەك باس بكەن، ئەگەر كاك رێبەندیش شارەزاى مێژوو نییە؟! ئەوا پێم باشە سەردانى كتێبخانەكان بكات و تاوێك چەند كتێبێكى رۆژنامەنووسى فەڕەنسى كرێس كۆچێرا بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەى بزانێت كە مێژووى سەرانى پارتى خائینن و كورد كوژن؟! یاخود مام جەلال؟! چونكە ئەوكاتەى مام جەلال لە پارتى جیابووەتەوە لەسەر ئەساسى خراپى ئەدای بەڕێوەبردنى شۆڕش و حیزب بووە، نەك پیاو كوشتن! كە لەو سەردەمەدا سەرانى سەركردایەتى كە رێبەند شانازى پێوە دەكات دەستیان سوورە بە خوێنى دەیەها قارەمان، كە لەگەڵ بیر و راى ئەوكاتەى سەركردایەتى پارتی خێڵەكیدا نەبووە!
پێویست ناكات لێرەدا من تەواوى نموونەكان بۆ رێبەند و رێگرە هاوشێوەكانى ناو پارتى و سەردەمى كۆنى شۆڕش باس بكەم، چونكە هەست دەكەم خوێنەرێكى باشن و دەچن ئەو چیرۆكە تراژیدیایانە دەخوێننەوە و ئەوسا تێدەگەن، كە تاوانى مێژوو لە كوێوە سەرى هەڵداوە؟! بەڵام سەد مخابن لە دواى خوێندنەوەش رێبەند و هاوەڵەكانى هێندە بێ غیرەتن كە ناتوانن وەك پێویست باس لە رووداوەكان بكەن؟!
تێبینى: دواى ئەوەى كە ئەم وەڵامەم گەیاندە گۆڤارى هەڵبوون بە مەبەستى بڵاوبوونەوە، بەڵام سەرپەرشتیارانى گۆڤارەكە پێیان راگەیاندم كە واپێویست دەكات مقەستكارى تیادا بكرێت! لە ئەنجامى بیر لێكردنەوەى زۆرم لەو بارەوە گەیشتمە ئەو ئەنجامەى، كە رەنگە وەڵامەكەى من ئەوەندە جیاواز بێت كە دروشمە جیاوازەكەى هەڵبوون نەیگرێتەوە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە