کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیارده‌ی سووتاندنی كتێبه‌كانی جه‌مال غه‌مبارو هۆكاره‌كانی.....

Thursday, 18/07/2013, 12:00





چه‌ند رۆژێكه‌ دیارده‌یه‌كی نوێ‌ له‌ناوه‌رۆكدا بڵاو بۆته‌وه‌ كه‌ئه‌ویش بریتییه‌ له‌سووتاندنی كتێبی شاعیری هه‌ستناسكی كوردستان به‌گشتی و شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌كاندیان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ به‌رله‌مانتار له‌خولی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌ش له‌و دیارده‌یه‌ ئه‌چێت كه‌كتێبه‌كانی دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵی تیادا سووتێنرا له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه‌هه‌یبوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌پشتگیری له‌سه‌رۆكی هه‌رێم (مه‌سعود بارزانی) كردو ده‌ره‌نجامیش گه‌نجانی ده‌وروبه‌ری لای گه‌رمیانی تووڕه‌ كرد و هه‌ستان به‌سووتاندنی كتێب و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و نووسه‌رو ئه‌كادیمییه‌ ....
به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌بووترێت كه‌ئه‌مه‌دیارده‌یه‌كی زۆر ناشرین و قیزه‌ونه‌ و له‌سه‌رده‌می هۆلاكۆوه‌ ماوه‌ته‌وه‌و به‌عسییه‌كان زیندوویان كرده‌وه‌، به‌نده‌ی دڵسۆزتان، كاك جه‌مال غه‌مبار له‌ساڵی 77ه‌وه‌هاوڕێمه‌وه‌و خۆی و باوكی و براكانی خه‌ڵكانی ناسراوی شاری سلێمانین و ره‌سه‌ن و مه‌ردو كوردپه‌روه‌رن.... خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندین له‌شاری سلێمانی كه‌كۆنترین و دێرینترین گه‌ڕه‌كێكه‌ و به‌هه‌ژاری و سه‌ربه‌رزی و شكۆمه‌ندی گوزه‌رانیان كردووه‌و رۆژێك له‌رۆژان پیاوی دوژمنانی كورد و كوردستان نه‌بوون و جه‌مال غه‌مباریش زۆری نه‌هامه‌تی و كۆیره‌وه‌ری جه‌شتووه‌، كه‌سیكی پاك و رابردوو پاكه‌...
ئێستاش كوفرێكی گه‌وره‌یه‌ كتێب و وشه‌و بیروڕای ئه‌و بسووتێنرێت و نه‌نگییه‌ بۆ ئێمه‌ی كورد ئه‌و كه‌لتووره‌ناشرینه‌ی گه‌لانێكی دیكه‌ی به‌زۆر دراوسێمان و دڕنده‌ وه‌ربگرین و تۆخی بكه‌ینه‌وه‌.
گه‌نجانێك خاوه‌نی بیرو مه‌عریفه‌و هه‌ڵوێست بن، خاوه‌نی شكۆمه‌ندی و نه‌به‌ردی بن، نابێت په‌نا بۆ سووتاندن و دڕاندن و سڕینه‌وه‌ی مێژووی هیچ كه‌س و لایه‌نێك بن، گاندی ئاسا بن و به‌ئاشتی و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتییانه‌ مامه‌ڵه‌ی مه‌ده‌نییانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كه‌تدا بكه‌، نه‌وه‌كو لاسایی ره‌فتاری دوژمنه‌كه‌تان بكه‌نه‌وه‌و ئه‌و كۆپی بكه‌یته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا به‌موو جیاوازیت نه‌بێت. ده‌بێت گه‌نجانی ئێمه‌ كه‌مه‌شخه‌ڵی گۆڕانكاری و وه‌رچه‌خانی ئه‌مڕۆ و ئاینده‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ هێمنتر و پشوو درێژ تر بن، ده‌بێت ئێمه‌ی به‌ته‌مه‌ن و پیرانی وڵاته‌كه‌یان دووچاری شۆك بكه‌ن و داهێنان له‌هه‌ڵوێسته‌كانیاندا بكه‌ن.. سووتاندنی كتێب پیشه‌ی مرۆڤی خوێنه‌وار و رووناكبیر نییه‌، ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌چێته‌ مه‌داری كفره‌وه‌، زۆر قورسه‌بۆ میلله‌تێك ئه‌وه‌كه‌لتووره‌كه‌ی بێت، ئه‌و كه‌لتووره‌سیخناخه‌ له‌توندوتیژی و زه‌برو زه‌نگ...
راسته‌كاكه‌جه‌مال ده‌رچووی كۆلێژی یاسای زانكۆی به‌غدایه‌و ئه‌و خوێندنه‌شی به‌هه‌زاران كوێره‌وه‌ری و نه‌به‌ردی ته‌واو كرد و كۆششی ئه‌و له‌و بواره‌دا جێی ستایشه‌ و ئاگاداری ئه‌و رۆژگاره‌م... هه‌رچه‌نده‌من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نیم كه‌ئه‌و ببێته‌ په‌رله‌مانتار و سه‌ر به‌لیستی یه‌كێتی یان پارتی بێت جونكه‌له‌ئاینده‌دا هه‌روه‌كو حاكم رزگار و كاك ره‌فیق سابیری لێ‌ دێته‌وه‌و واز دێنێت...!
په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌رك و فه‌رمانی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری نابات به‌ڕێوه‌، له‌هه‌مواركردنه‌وه‌و داڕشتنی یاساكاندا، ته‌نانه‌ت له‌په‌رله‌مانه‌كه‌ی عێراقیش ناچێت، دادوه‌ری و شه‌فافییه‌ت و دیمۆكراسی و رێزگرتن له‌كه‌مینه‌و ((كاك حاكم رزگار ووته‌نی: بۆیه‌ وازم له‌په‌رله‌مان هێنا چونكه‌په‌رله‌مان ده‌زگایه‌كه‌ تیایدا ماف و شكۆمه‌ندی تاكی كوردی تیادا په‌راوێز ده‌كرێت و پێشێل ده‌كرێت)) ..
به‌داخه‌وه‌و مه‌خابن ئه‌م په‌رله‌مانی كوردستانه‌: ئه‌ڵقه‌ له‌گوێی حزبه‌كانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاته‌، میزاج و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌مۆكه‌یه‌كی ناو كه‌مینه‌ی حزبییه‌كان پیاده‌ ده‌كات، به‌رژوه‌ندی زۆرینه‌ی زۆری خه‌ڵكی نه‌دارو هه‌ژاری كوردستان مه‌یسه‌ر ناكات، وه‌كو وتوویانه‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌و دیوه‌خانه‌ ئه‌چێت كه‌جاران ئاغاو كوێخاو ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی ناوچه‌گوندییه‌كانی كوردستان هه‌یانبوو، ئه‌و دیوه‌خانه‌ی كه‌له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌مه‌ند و موڵكداران و خاوه‌ن كۆیله‌و زه‌وییه‌كان دروست بوو بوو.. ئێستاش ئه‌م په‌رله‌مانی كوردستانه‌((به‌پێچه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌)) راسته‌وخۆ فه‌رمان له‌حزبه‌كانه‌وه‌وه‌رده‌گریت و له‌سه‌دا سه‌د ئیراده‌ی مرۆڤی كوردی تیادا قه‌تیس كراوه‌، ئه‌گه‌ر مرۆڤێكیش ئیراده‌ی لێ‌ زه‌وت كرا ئیدی ئازاد نییه‌، مرۆڤێك ئازاد نه‌بوو، ئه‌وا كۆیله‌یه‌، مرۆڤی كۆیله‌ش به‌وته‌ی ئه‌براهام لینكۆڵن: ئیفلیجه‌و به‌نیوه‌ مرۆڤ حسێبی بۆ ئه‌كرێت..!
به‌ڵام با بزانین هۆكاری ئه‌و تووڕه‌بوونه‌ی گه‌نجانی لای شاری سلێمانی چییه‌ كه‌وا كتێبه‌كانی شاعیرێكی هه‌ستناسكی وه‌كو جه‌مال غه‌مبار ده‌سووتێنن؟؟؟
ئێمه‌ وه‌كو توێژه‌رێكی بواری كۆمه‌ڵناسی و پسپۆڕ له‌و بواره‌دا كه‌له‌دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كۆلێته‌وه‌.. ده‌بێت واقیعیانه‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌و لایه‌نگیری هیچ لایه‌نێك نه‌بین، به‌نده‌وه‌كو كه‌سێكی بێلایه‌ن و كه‌سێك كه‌نه‌له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات بێت و نه‌له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن ، وه‌كو چاودێرێكی ئه‌مین و وریا ئه‌م هۆكارانه‌ به‌مشێوه‌یه‌ و به‌ویژدانه‌وه‌ و به‌هه‌ق ئاوه‌ها شرۆڤه‌ ده‌كه‌م:
حوكمڕانانی كوردستان كه‌بریتین له‌هه‌ردوو حزبه‌كه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی، (ئه‌گه‌ر خه‌باتی شاخی چه‌ندین ساڵیش باس نه‌كه‌م) و هه‌ر هیچ نه‌بێت دوای بیستوو دوو ساڵ و زیاتریش ((له‌شه‌ڕی ناوخۆوه‌)) ئه‌م دوو حزبه‌خوێنی خه‌ڵك ده‌ڕێژن و ئه‌مێستاش دوای ئه‌و شه‌ڕه‌ خوێناوییه‌ قێزه‌ونه‌ قووتی خه‌ڵكی به‌شێوه‌یه‌كی ناشه‌رعی ده‌به‌ن و ویستوویانه‌ به‌شه‌رعی بكه‌ن، داهاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ناعه‌داله‌تییه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن و كه‌مۆكه‌یه‌كی زۆر كه‌می چینی سه‌ره‌وه‌ی نزیك به‌خۆیان وه‌كو مه‌لیك و ئه‌میره‌ خه‌لیجییه‌كانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی هایلایڤ ده‌ژین.
ئه‌و داهاتی نه‌وته‌ی پشكێكی له‌سه‌دا حه‌ڤده‌ی به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت، به‌ترلیۆن دیناری عێراقییه‌و هێنده‌ی بودجه‌ی وڵاتانی ده‌وربه‌ری نیشتمانه‌كه‌مانه‌ و زۆرینه‌ی ئه‌م داهاته‌بۆ خزمه‌تگوزاری و خه‌م و كێشه‌و پێداویستی خه‌ڵك خه‌رج ناكرێت.. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌چه‌ندین ساڵه‌ كار بۆ گیرۆده‌تر كردنی چینی زۆرینه‌ی هه‌ژار ده‌كه‌ن و تا بێت ئه‌وان هه‌ژارتر ده‌بن.. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی چه‌ندین ساڵه‌ مۆڵه‌ت ده‌ده‌نه‌كۆمپانیاكان بۆ دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و كه‌چی ئه‌و هه‌زاران هه‌زار خانووانه‌بۆ هه‌ژاران و كه‌مده‌رامه‌تان نییه‌، چه‌ندین ساڵه‌ باسی ئه‌م دۆزه‌ ده‌كه‌ن و تاوه‌كو ئه‌م چركه‌ساته‌تاقه‌یه‌ك خانوو بۆ خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت دروست نه‌كراوه‌و به‌سه‌دان هه‌ژار خێزان هه‌ن خه‌ونی ره‌نگاوره‌نگ به‌و هیوایه‌وه‌ ده‌بینن بچنه‌خانووی خۆیانه‌وه‌.. ته‌نیا ئه‌م هۆكاره‌ به‌سه‌بۆ ئه‌وه‌ی واز له‌درێژدادڕی بێنم ، ئه‌وه‌شتان بیر بێنمه‌وه‌ كه‌دیكتاتۆرێكی وه‌كو قه‌زافی له‌وڵاته‌كه‌یدا نه‌یهێشت تاقه‌یه‌ك خێزانیش بێ‌ خانوو بن و كرێچییه‌ك له‌ناو لیبیادا نه‌بوو، هه‌موو ده‌رچوویه‌كی زانكۆش نزیكه‌ی هه‌زار دۆلاری مانگانه‌ی وه‌رده‌گرت تا داده‌مه‌زرا..
ئیدی دوای ئه‌وه‌ی كه‌كاكه‌جه‌مال غه‌مبار له‌ئوسترالیاوه‌ هێنراوه‌ته‌وه‌ كوردستان و به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی له‌منداڵپارێزی سلێمانی دراوه‌ته‌ده‌ست و كچه‌كه‌ی له‌كه‌ناڵی كوردسات دامه‌زرێنراوه‌، پێویسته‌ ئه‌م داوایه‌ی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی ره‌ت بكاته‌وه‌چونكه‌ دڵنیام ئه‌م پیاوه‌ هه‌ستناسكه‌، ئه‌و وه‌كو زۆرینه‌ی ئه‌وانی تر تیمساح ئاسا ناژی و مۆراڵ و ئه‌خلاقی كاكه‌جه‌مال غه‌مبار جیاوازه‌... كه‌سی ره‌سه‌ن و خاوه‌ن په‌روه‌رده‌یه‌كی كوردانه‌، خاوه‌نی ویژدان و دڵێكی نه‌به‌رده‌، ناوه‌كه‌ی خۆی هه‌تاكو لێواری گۆڕه‌كه‌ی خۆی به‌جوانی و شكۆداری دێڵێته‌وه‌..
ئه‌وه‌تا نیلسۆن ماندێلای زۆر مه‌زن (كه‌به‌داخه‌وه‌ئێستا له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه‌) خه‌ڵاتی ئه‌ردۆغانی ره‌تكرده‌وه‌و له‌وه‌ڵامی هاوڵاتییه‌كی توركدا وتوویه‌تی: بیخه‌ره‌ به‌ر ویژدانی خۆت و بۆ ساتێكیش بێت چاوه‌كانت دابخه‌و خۆت بكه‌به‌كوردێك و بزانه‌ئه‌و هه‌موو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ت قبوڵه‌ كه‌تاكێكی كورد له‌توركیادا ده‌یچێژێت!!!!
ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ خه‌ڵاتانه‌ پیاوی نه‌به‌رد و مه‌زنی وه‌كو ماندێلای گه‌ره‌كه‌و كۆمه‌ڵگای كوردیش جمه‌ی دێت له‌وجۆره‌ كه‌سایتیانه‌ به‌ڵام سه‌عاتی سفری نه‌هاتووه‌..

حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ- پسپۆڕی بواری كۆمه‌ڵناسی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە