کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ کۆچیی دوایی جه‌وهه‌ر نامیق، راگه‌یاندنه‌ کوردییه‌کان چی ده‌ڵێن‌؟

Tuesday, 22/03/2011, 12:00


پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی کۆچکردنی جه‌وهه‌ر نامیق، کوردستانپۆست سه‌ردانی چه‌ند ماڵپه‌ڕی کوردیی کرد، ئه‌م هه‌واڵانه‌ی له‌و شوێنانه‌وه‌ هێنا، که‌ سه‌رباره‌ت به‌ کۆچکردنه‌که‌ی بڵاویان کردۆته‌وه‌، ئێمه‌ له‌ کاتیی خۆیدا قسه‌مان له‌سه‌ری کرد، به‌پێویستی نازانین جارێکی دیکه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه‌، هه‌رچ زانیارییه‌کمان سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری نه‌خۆشییه‌که‌ی ده‌ستکه‌وت، به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ده‌یخه‌ینه‌ روو، ته‌نها ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ هه‌ولێره‌وه‌ پێی راگه‌یاندین که‌وا پارتی به‌ نیازه‌ سێ رۆژ پرسه‌که‌ی له‌ هه‌ولیر بۆ دابنێن و نه‌هێڵن له‌ گه‌رمیان، یان سلێمانی پرسه‌ی بۆ دابنرێت، جگه‌ له‌وه‌یش که‌ناڵه‌ ته‌له‌فیزیۆکانی پارتیی به‌رده‌وامن له‌سه‌ر په‌خشکردنی به‌رنامه‌ ئاساییه‌کانی خۆیان، ته‌نها به‌ تێکستێکی بچوک له‌ خواره‌وه‌ به‌ دێڕێک هه‌واڵه‌که‌یان نووسیوه‌.
جه‌وهه‌ر نامیق ئه‌ندامێکی پارتیی و چاله‌که‌وانێکی سه‌ر به‌ ده‌زگای پاراستنیش بووه‌، یه‌کێک بووه‌‌ له‌و سه‌رکردانه‌ی پارتی که‌ رۆڵی‌ له‌ کاره‌ساتی هه‌کارییدا هه‌بوو، زۆر کاری دڵسۆزانه‌ی بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی کرد، هه‌ر وه‌کو پێشتر رامانگه‌یاند پاش ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ و وازهێنانی چالاکییه‌کانی خۆی گواسته‌وه‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن و وتارنووسین و توێژینه‌وه‌ی سیاسیی له‌ سه‌ر بار و دۆخی کوردستان.
--------------------------------------------------------------------

لڤین پرێس: جەوهەر نامیق سالم کۆچى دواییکرد
شەوى رابردوو جەوهەر نامیق سالم یەکەمین سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لەسوید کۆچى دواییکرد.
جەوهەر نامیق چەندین هەفتە بوو توشى نەخۆشییەکى کوشندە ببوو.
پێشتر دەنگۆى ئەوە بڵاوبوویەوە کە جەوهەر نامیق دەرمانخوارد کراوە.
**********************************************************
هاوڵاتى: بەهۆى کۆچى دوایی جەوهەر نامیقەوە، پەرلەمان سێ رۆژ ماتەمینى راگەیاند
پەرلەمانى کوردستان سێ رۆژ ماتەمینى لەهەرێمى کوردستان راگەیاند بەهۆى کۆچى دوایی سیاسەتمەدارى گەورەى کورد جەوهەر نامیق سالم ەوە.
جەوهەر نامیق یەکەمین سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان شەوى رابردوو لەسوید کۆچى دواییکرد، پاش ئەوەى چەندین هەفتە بوو بەدەست نەخۆشییەکى کوشندەوە دەیناڵاند.
**********************************************************
ئاوێنه‌: جه‌وهه‌ر نامیق كۆچی دوایی كرد
سیاسه‌تمه‌دار‌و یه‌كه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌ی ناوبراوه‌وه‌ به‌ سایتی ئاوێنه‌ی راگه‌یاند كه‌ پاش ئه‌وه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری پزیشكی ره‌وانه‌ی وڵاتی سوید كرا، ئێواره‌ی دوێنێ دووشه‌ممه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ هۆدینگا له‌ وڵاتی‌ سوید به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌کی کوشنده‌وه‌ كۆچی‌ دوایی‌ كرد‌.

پوخته‌یه‌ک له‌ ژیاننامه‌ی جه‌وهه‌ر نامیق
1946: له‌ناوچه‌ی به‌رلوتی شارۆچكه‌ی كه‌لار له‌دایك بووه‌
1975: بووه‌ته‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی قیاده‌ی موقه‌ت‌و به‌رپرسی هه‌رێمی یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان
1979: بووه‌ته‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكرات
1989: له‌كۆنگره‌ی 10 پارتی دا جارێكی دیكه‌ وه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.
1991: بووه‌ به‌ به‌رپرسی سنوری كه‌ركوكی به‌ره‌ی كوردستانی
1992: وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا
1993-2000 : به‌رپرسی مه‌كته‌بی دیراسات‌و تویژنه‌وی پارتی دیموكرات بووه‌
2000-2003 : بوو به‌ سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
2003 وازی له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هێناوه‌.
له‌ 2003وه‌ تا ئه‌و کاته‌ی کۆچی دوایی کرد وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆی سیاسی مایه‌وه‌.
خوێندنی‌ ئه‌كادیمی‌ له‌ زانكۆی‌ موسته‌نسریه‌ی‌ به‌غدا ته‌واو كردوه‌‌و بڕوانامه‌ی‌ به‌كالۆریۆسی‌ له‌ زانسته‌ ئابورییه‌كاندا به‌ده‌ست هێناوه
خێزانداره‌‌و دوو كوڕو كچێكی هه‌یه‌.
**********************************************************
سبه‌ی: شەوی رابوردو جەوهەر نامیق سالم، کەسایەتی سیاسی كورد لە وڵاتی سوید كۆچی دوایی كرد.
جەوهەر نامیق، سەرۆكی یەكەم خولی پەرلەمانی هه‌ڵبژێردراوی كوردستان بوە‌و سكرتێری پێشوی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بوە، لە دوای كۆنگرەی 12ی پارتییەوە، لەكاری حیزبایەتی كشاوەتەوە‌و بانگەشەی چاكسازیی‌و گۆڕانكاری لە كوردستاندا كردوە.
جەوهەر نامیق، لەچەندین دیداری تەلەفزیۆنی ‌و رۆژنامەوانی‌و نوسیندا گرفتەكانی بەردەم حكومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا شیكردوەتەوە‌و رێگە چارەی بۆ داناون.

پوخته‌یه‌ک له‌ ژیاننامه‌ی جه‌وهه‌ر نامیق
جه‌وهه‌ر نامیق سالم ساڵی‌ 1946 له‌ ناوچه‌ی‌ به‌رلوتی‌ سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی‌ كه‌لار له‌دایكبوه‌، خوێندنی‌ ئه‌كادیمی‌ له‌ زانكۆی‌ موسته‌نسریه‌ی‌ به‌غدا ته‌واو كردوه‌‌و بڕوانامه‌ی‌ به‌كالۆریۆسی‌ له‌ زانسته‌ ئابورییه‌كاندا به‌ده‌ست هێناوه‌.
**********************************************************
ده‌ستور:‌گومان له ‌سه‌ر مردنی جەوهەر نامیق هه‌یه‌ .
جەوهەر نامیق سالم، سكرتێری پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، له‌ وڵاتی سوید كۆچی دواییكرد، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیشه‌ ده‌نگۆیه‌كی به‌ فراوان له‌ ناو خه‌ڵكی كوردستاندا هه‌یه‌، كه‌ باس له‌ ئه‌گه‌ری ده‌رمانخواركردنی ده‌كرێت.
**********************************************************
ستانده‌ر: جه‌وهه‌ر نامیق كۆچی دوایی كرد و گومان له‌ مردنه‌كه‌ی ده‌كرێت
جه‌وهه‌ر نامیق سیاسه‌تمه‌داری كورد له‌ وڵاتی سوید كۆچی دوایی كرد و گومانێكی زۆر له‌ مردنه‌كه‌ی ده‌كرێت.
به‌ پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی سویده‌وه‌ پێیڕاگه‌یاندین جه‌وهه‌ر نامیق سالم یه‌كه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سیاسه‌تمه‌داری گه‌وره‌ی كورد وه‌فاتی كردووه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ پێش 3 ڕۆژ له‌مه‌و پێش چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك و پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ناوبراو ده‌رمانخوار كرابێت، مردنی ئه‌مڕۆی ناوبراو دوور نییه‌ ڕاستی ئه‌وه‌ ده‌ربخات و كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ دروست بكات.
ستانده‌ر هه‌وڵی دا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی بۆ یه‌كلا بێته‌وه‌ كه‌ ئایا ده‌رمانخوارد كراوه‌ به‌ڵام تا ئێستا له‌و باره‌یه‌وه‌ زانیاریمان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ و ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی پێڕاگه‌یاندین كه‌ ناوبراو نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌ی هه‌بووه‌.
**********************************************************
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی: بنه‌ماڵه‌ی جه‌وهه‌رنامیق هه‌وڵی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی ناوبراو ده‌ده‌ن بۆ گه‌رمیان
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نزیك له‌بنه‌ماڵه‌ی‌ جه‌وهه‌ر نامیق سه‌ركرده‌ی‌ پێشوو له‌پارتی‌ دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد ناوبراو دوێنێ شه‌و له‌وڵاتی‌ سوید كۆچی‌ دوایی كردووه‌.
سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی: بنه‌ماڵه‌ی‌ جه‌وهه‌ر نامیق له‌گه‌رمیان كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ جه‌وهه‌ر نامیق ده‌كه‌ن له‌وڵاتی‌ سویده‌وه‌ بۆ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ ناشتنی‌ له‌گه‌رمیان.
جێی‌ ئاماژه‌یه‌ جه‌وهه‌ر نامیق سه‌ركرده‌ی پێشوو له‌پارتی‌ دیموكراتی كوردستان، سه‌رۆكی‌ یه‌كه‌م په‌رله‌مانی‌ هه‌ڵبژێردراو بووه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان.و به‌م دواییانه‌ وازی له‌كاری پارتایه‌تی هێناو ڕه‌خنه‌ی زۆری له‌ ئه‌دای كاری حزبی و حوكه‌مه‌ت ده‌گرت.
**********************************************************
په‌یامنێر: مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بروسكه‌یه‌كی به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی جه‌وهه‌ر نامیق راگه‌یاند
PNA به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی "جه‌وهه‌ر نامیق سالم" یه‌كه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بروسكه‌یه‌كی راگه‌یاند.
ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

راگه‌یه‌نراوی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی تێكۆشه‌ری گه‌له‌كه‌مان كاك (جه‌وهه‌ر نامیق سالم)ـه‌وه‌
به‌ غه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆچی دوایی تێكۆشه‌ری گه‌له‌كه‌مان كاك (جه‌وهه‌ر نامیق سالم) راده‌گه‌یه‌نێت.

كاك جه‌وهه‌ر له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ هاتۆته‌ ناو مه‌یدانی تێكۆشانی كوردایه‌تییه‌وه‌ و سه‌ره‌تا له‌ ریزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستاندا ده‌ستی كردووه‌ به‌ خه‌بات و پاشان قۆناغ له‌ دوای قۆناغ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتمانیدا و له‌به‌ر رۆشنایی رێبازی بارزانی نه‌مردا كاك جه‌وهه‌ریش له‌ ریزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا درێژه‌ی به‌ خه‌بات داوه‌ و له‌ دامه‌زرێنه‌رانی قیاده‌ی موه‌قه‌ته‌ی پارتی و پێشمه‌رگه‌ی دلێری هه‌ڵگیرسانی شۆرِشی گوڵان بووه‌ كه‌ له‌ رۆژگاری دوای نسۆكۆدا درِیان به‌ تاریكی و نائومێدی داو تین و تاویان به‌ بزووتنه‌وه‌ ره‌واكه‌ی گه‌له‌كه‌مان دایه‌وه‌.

كاك جه‌وهه‌ر نامیق سالم، تێكۆشه‌ری قۆناغی خه‌باتی مه‌ده‌نی و دامه‌زراندنی كۆڵه‌گه‌كانی دیموكراسی و سه‌رپێكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستانی عێراق بووه‌ و یه‌كه‌مین سه‌رۆكی یه‌كه‌مین په‌رله‌مانی كوردستان بوو له‌ 1992 دا و، له‌سه‌ر ئاستی پارتایه‌تیش ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سكترێری پێشووتری ئه‌م مه‌كته‌به‌ بووه‌.

ئێمه‌ له‌م بۆنه‌یه‌دا پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی له‌ خۆمان و خانه‌واده‌ی كاك جه‌وهه‌ر نامیق سالم و هه‌موو گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین به‌ له‌ده‌ستدانی یه‌كێك له‌ رۆڵه‌ به‌ ئه‌مه‌كه‌كانی كه‌ ژیانی خۆی ته‌رخان كردبوو بۆ به‌دیهێنانی ئاوات و ئامانجه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ ئازادی و دیموكراسی و مافی برِیاردانی چاره‌نووسدا.

ان لله وانا الیه‌ راجعون
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

22ی ئاداری 2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە