کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیحری ده‌نگدان به‌ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌

Friday, 10/12/2010, 12:00



سه‌رئه‌نجام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوویه‌ ئامرازی دانیشتنی (جه‌لال تاڵه‌بانی) له‌سه‌ر کورسی سه‌رۆک کۆماری بۆ جار دووه‌م، ئه‌م بابه‌ته‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێک قسه‌ی له‌سه‌ر کراوه‌ و ژماره‌یه‌ک وتار و بابه‌تی له‌سه‌ر نوسراوه‌و بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌واقیعدا ده‌بوایه‌و ئێستاش ده‌کرێت قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بکرێت، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌خوازێت‌ شیکردنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی جیدی بۆ بکرێت، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی بۆته‌وه‌ به‌سه‌رۆک کۆمار، یان نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌شت په‌رله‌مانتاره‌که‌ی گۆڕان له‌پڕێکدا وه‌حیان بۆ هاتۆته‌ خواره‌وه‌و بڕیاری سیاسی خۆیان گۆڕی و هه‌ڵوێستی ئه‌وان چوار ساڵ ته‌مه‌نی سه‌رۆک کۆماری پێشکه‌شی تاڵه‌بانی کرده‌وه‌، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر بناغه‌ی هه‌مان ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی که‌ یه‌کێتی و پارتی له‌درێژه‌ی نۆزده‌ ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نجامیانداوه‌ هه‌مان به‌رخورد و هه‌مان سروشتی چینایه‌تیان دووباره‌کرده‌وه‌‌.
له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس له‌ساڵی 2003 یه‌کێتی و پارتی بۆ مسۆگه‌ر کردنی جێگاوڕێگای ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان له‌ به‌غداو و ناوه‌ندی عێراق، بۆ مسۆگه‌ر کردنی فیدراڵیه‌ت پێویستیان به‌ هۆکارێک هه‌بوو که‌ گوشار له‌سه‌ر لایه‌نه‌کانیتری پێکهێنه‌ری پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دابنێت تاکو مل به‌ هه‌ندێک له‌داواکاریه‌کانیان بده‌ن، بۆیه‌ (بزووتنه‌وه‌ی ڕیفراندۆمیان) وه‌ک ئه‌و هۆکاره‌ ڕاگه‌یاند، له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و پاره‌، مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌، هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژ، بێژه‌ر و بینا بۆ به‌ڕیوه‌بردنی کاره‌کان دابینکران.
نزیک له‌ دوو ملیۆن ده‌نگ و ئیمزا بۆ ڕیفراندۆم له‌ کوردستان و له‌ده‌ره‌وه‌ کۆکرایه‌وه‌، دیاره‌ له‌هه‌موو دنیادا له‌په‌یوه‌ند به‌دیاری کردنی چاره‌نووسی ناوچه‌یه‌که‌وه‌ ڕیفراندۆم ده‌کرێت یان بۆ مافی جیابوونه‌وه‌یه‌ یان مانه‌وه‌ له‌ سنووری یه‌ک ناوچه‌ یان یه‌ک ده‌وڵه‌تدا، له‌ناوه‌ڕۆکی ڕاگه‌یاندن و پرۆسه‌ و چالاکیه‌کانی (بزووتنه‌وی ڕیفراندۆمدا) ئه‌و په‌یامه‌ به‌ده‌رده‌که‌وت که‌ خه‌ڵکی کوردستانی ڕووه‌و سه‌ربه‌خۆی ئاڕاسته‌ ده‌کات، به‌ڵام سه‌رئه‌نجامی ئه‌م کاره‌ و ئه‌م ئیمزا کۆکردنه‌وه‌یه‌ له‌ 100% پێچه‌وانه‌ی بانگه‌واز و کارێک بوو که‌ خه‌ڵکیان له‌پێناودا وروژاندبوو، یه‌کێتی و پارتی ده‌نگ و ئیراده‌ و بڕیاری دوو ملیۆن خه‌ڵکی کوردستانیان کرده‌ خۆراکی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سکه‌وت و فیدراڵیه‌ته‌ ته‌نها به‌ناوه‌که‌ی لای خۆیان.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی یه‌کێتی و پارتی بێجگه‌ منه‌تنه‌بوون به‌‌خه‌ڵکی کوردستان و بێئیراده‌کردنی هاوڵاتیان و وه‌ک ئامێرسه‌یرکردنی ئینسانه‌کان شتێکیترنه‌بوو، یه‌کێتی و پارتی دڵنیابوون که‌ دواتر هیچ که‌س یه‌خه‌یان ناگرێت له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ی که‌ پێچه‌وانه‌ی ئاماده‌یه‌کانی ئه‌وان ئه‌نجامدراوه‌، یه‌کێتی و پارتی زۆر به‌باشی نه‌شته‌رگه‌ری خه‌ڵکیان کردبوو که‌ زۆر زوو ڕووداوه‌کان تێده‌په‌ڕێنن و له‌بیریان ده‌چێته‌وه‌ و ئه‌مڕۆ و به‌یانی پێکه‌وه‌ نابه‌ستنه‌وه‌.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پڕاوپڕ هه‌مان سوونه‌ت و شێوه‌کاری یه‌کێتی و پارتیان دووباره‌ کرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک کۆماری له‌لایه‌ن جه‌لال ته‌ڵه‌بانیه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و بانگه‌واز و ڕاگه‌یاندن و لێدوانانه‌ی له‌پاش هه‌ڵبژاردن و له‌ دوای هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجامیاندا، سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگنه‌دانه‌وه‌ به‌ تاڵه‌بانی، هه‌مووی له‌ 100% پێچه‌وانه‌که‌ی درایه‌وه‌ به‌ڕووی ئه‌و ده‌نگ و بڕیارانه‌ی که‌ خه‌ڵک به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیاندابوو، سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگنه‌دانه‌وه‌ به‌ تاڵه‌بانی و کار کردن له‌سه‌ر به‌گرنگ وه‌رنه‌گرتنی پۆست و شێوازه‌کانی هه‌ڵسوکه‌وت کردن له‌گه‌ڵ ناوه‌ندا.
ده‌لیلی ئه‌وه‌ی که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ته‌واوی په‌رچه‌کرداری ده‌نگدانی یان مانه‌وه‌ی له‌ هۆڵی په‌رله‌مان بۆ مسۆگه‌رکردنی نیسابی یاسایی و وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک کۆماری له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانیه‌وه‌، پێجه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێست و بانگه‌وازی پێشووتریان ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانیش بێمنه‌تن له‌ ده‌نگ و ئیراده‌ و بڕیاری خه‌ڵکی کوردستان، ئه‌وان دڵنیان که‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌پرۆسه‌یه‌کدا که‌ نۆزده‌ساڵه‌ تێیده‌په‌ڕێنن بێئیراده‌کرێن و ده‌نگ و بڕیاری دوێنی خه‌ڵک به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی به‌یانی ده‌سه‌ڵات ده‌فرۆشرێته‌وه‌، به‌م هانگاوه‌ی ئه‌وانیش ڕازیده‌بن و له‌گه‌ڵیان ده‌سازێن.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌درێژه‌ی نۆ مانگدا له‌ڕێگای ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و بڵاوکراوه‌کانیانه‌وه‌، له‌سه‌رده‌می وته‌بێژ و کاندید و په‌رله‌منتاره‌کانیانه‌وه‌، له‌ چاوپێکه‌وتنی سه‌رۆک و به‌رپرسه‌ باڵاکانیانه‌وه‌، به‌رده‌وام ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندوه‌ که‌ ئه‌وان، پۆستیان بۆ گرنگ نیه‌و کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ شێوازی نوێنه‌رایه‌تی کردن له‌ به‌غداد بگۆڕن، ده‌یانووت نوینه‌رانی کورد ئه‌وه‌نده‌ی زه‌ره‌ریان له‌ کوردداوه‌ و سه‌رقاڵی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ شه‌خسیه‌کانی خۆیانن نیوئه‌وه‌نده‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌رگری له‌ مافه‌کانی خه‌ڵک بکه‌ن، ده‌یانووت ناکرێت له‌ به‌غداد برابین و له‌ کوردستان دوژمن ، ڕاسته‌وخۆ و بێ پێچووپه‌نا ده‌یانووت ده‌نگ به‌جه‌لال تاڵه‌بانی ناده‌ینه‌وه‌ جا ئه‌م بڕیاره‌ ئینتقامه‌ یان ناکارامه‌ی تاڵه‌بانی له‌ کاره‌کانی ئه‌وه‌یان بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیان جێده‌هێڵین که‌ وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌.
هه‌رکه‌سێک چاوپێکه‌وتنی حاکم شێخ له‌تیف په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ ئاوێنه‌ی ژماره‌ 250ی ڕۆژی سێشه‌مه‌ 23/11/2010 و چاوپێکه‌وتنی محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ڕۆژنامه‌ی ژماره‌ 609ی ڕۆژی 23/11/2010 بخوێنێته‌وه‌ زۆر به‌ئاسانی تێده‌گات که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆچی بوونه‌ته‌ ئامرازێک بۆ ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆکی کۆماری عێراق، له‌ چاوپێکه‌وتنی ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌دا ته‌بریره‌کان ئه‌وه‌نده‌ ناواقیعی و پیچه‌وانه‌ی ڕابوورد و فریوکارانه‌یه‌ هیچ خۆماندوو کردنی ناوێت تا له‌نیه‌ت و ناوه‌ڕۆکی کاره‌کانی ئاینده‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تێبگه‌یت.
حاکم شێخ له‌تیف له‌ ناوه‌ڕۆکی قسه‌کانیدا ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌: نه‌ده‌کرا ئێمه‌ هۆڵی په‌رله‌مان به‌جێبهێڵین چونکه‌ ئه‌و کاته‌ هه‌ڵوێستمان ده‌چوویه‌ پاڵ هه‌ڵوێستی ئه‌و ‌لایه‌نانه‌ی که‌ دژی به‌شێک له‌ داواکاری و خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستانن، کاتێک بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایانگه‌یاند ده‌نگ به‌تاڵه‌بانی ناده‌ن، زۆر باش ده‌یانزانی که‌ شۆڤێنیه‌ت هه‌یه‌و ده‌یانی وه‌ک نجێفی و هاوشێوه‌کانی له‌سه‌نگه‌ردا ڕاوه‌ستاون، ده‌یانزانی که‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆک کۆماری له‌ لوتکه‌دایه‌ و تاڵه‌بانی کورسیه‌که‌ی له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌، ده‌یانزانی که‌ بانگه‌وازی ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک کۆماری ئیستیحقاقی نه‌ته‌وه‌یه‌ گوێچکه‌ی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانی پڕ کردوه‌، ئه‌ی بۆ ئه‌و کاته‌ ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ هیچی گرنگیه‌کی نه‌بوو، بۆ نه‌ده‌کرا په‌رله‌مانتارانی گۆڕان هۆڵه‌که‌ به‌جێبهێڵن و دواتر له‌ڕێگای ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌کانیان و کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی و لێدوان و ڕونکردنه‌وه‌کانیانه‌وه‌ ئاشکرایان بکردایه‌ که‌ ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ تاڵه‌بانی نه‌ده‌ن هۆڵه‌که‌یان به‌جێهێشتووه‌، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ریکی بڕیار و هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌و لایه‌نانه‌بن که‌ دژی خه‌ڵکی کوردستانن.
محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت: ئێمه‌ ته‌نها به‌ په‌رله‌مانتاره‌کانمان ووت که‌ له‌هۆڵی په‌رله‌مان نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ بمێننه‌وه‌، یه‌کێک له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرا له‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ڕووبدات چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی لیستی عێراقیه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشهاته‌ بۆ خه‌ڵک و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن به‌رچاونه‌بووبێت، ئه‌وا بۆ کوتله‌کان و به‌شداربوانی کۆبونه‌وه‌ی ژووره‌ تاریکه‌کان که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆرانیش به‌شێکه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌گه‌ره‌کان هه‌ڵسه‌نگێنراون، بۆیه‌ پێش کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاریانداوه‌ که‌ ده‌نگبده‌ن به‌ تاڵه‌بانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نه‌ کتوپڕه‌ نه‌ کارێکی عه‌فه‌وی و هه‌ڵوێستێکی خۆبه‌خۆی په‌رله‌مانتارانی گۆڕانه‌، بۆیه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌شت په‌رله‌مانتاره‌که‌ی ئاگادار ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌حاڵه‌تی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی لیستی عێراقیه‌ له‌ هۆڵی په‌رله‌مان بمێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ (دوو له‌سه‌ر سێی) ئاماده‌بوانی کۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان تاڵه‌بانی ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆک کۆمار، ئاڵا تاڵه‌بانێ په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان ده‌ڵێت: پێش کۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاگاداریانکردینه‌وه‌ که‌ ده‌نگ به‌ تاڵه‌بانی ده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ له‌ چاوپێکه‌وتن و لێدوانه‌کانی حاکم شێخ له‌تیف و محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم و شۆڕش جاجی سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌و مافه‌یه‌ که‌ ئێستا ده‌یبه‌خشنه‌ په‌رله‌مانتاره‌کانیان که‌ ئه‌وان ئازادن چۆن ده‌نگده‌ده‌ن و چۆن ده‌نگناده‌ن، ده‌ڵێن تانه‌نه‌ت بۆمان نیه‌ له‌ هاوڕێکه‌مان بپرسین تۆ چۆن ده‌نگتداوه‌؟ یان ده‌نگت به‌ کێداوه‌؟ هه‌رکه‌س سه‌یری ئه‌م ته‌عبیرانه‌ بکات که‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان به‌کاریان هێناوه‌، هیچ نیه‌ بێجگه په‌رده‌پۆش کردنی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌ی که‌ ناتوانن ڕاسته‌وخۆ و به‌قه‌ولی خۆیان شه‌فافانه‌ ئاشکرای بکه‌ن، کاتیک بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یووت ده‌نگ به‌ تاڵه‌بانی ناده‌ینه‌وه‌، مه‌عناکه‌ی ئه‌وه‌بوو که‌‌ ئه‌و هه‌شت په‌رله‌مانتاره‌ پێش وه‌خت ده‌نگه‌کانیان نه‌خێره‌ واته‌ ئاشکرایه‌ چۆن ده‌نگده‌ده‌ن، واته‌ پێش به‌کارهێنانی ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌تایی و شه‌خسیه‌ی هه‌شت په‌رله‌مانتاره‌که‌ بڕاوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ده‌ره‌وی ئیراده‌ی خۆیان چۆن بڕیارده‌ده‌ن!!!!!! بۆ ئه‌و کاته‌ ئه‌م مافی مرۆڤه‌و ئه‌و ناحه‌قیه‌ی که‌ که‌س بۆی نیه‌ له‌که‌س بپرسێت بوونی نه‌بوو!!!!!!!.
ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوونه‌ هۆکارێک بۆ ئه‌وه‌ی که‌ تاڵه‌بانی ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆکی کۆماری عێراق، به‌بڕوای من چه‌ند هۆکارێکی ڕیشه‌ییه‌ که‌له‌م چوار خاڵه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ .یه‌که‌م: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هیچ ئاسۆ و ئامانج و ستراتیژێکی جیاواز له‌ یه‌کێتی و پارتی نیه‌ بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ر و ڕووداو پێشهاته‌کان. دووه‌م: ناکرێت کاریگه‌ری و ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ له‌م کایه‌یه‌دا نادیده‌ بگیرێت. سێیه‌م: ده‌یان کۆبونه‌وه‌و دیداری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای یه‌کێتی و پارتی که‌ تاکو ئێستاش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماده‌نیه‌ ناوه‌ڕۆکی ئه‌و کۆبونه‌وانه‌ بۆ خه‌ڵک و ته‌نانه‌ت هه‌ڵسوڕاوانی خۆشیان ڕابگه‌یه‌نن. چواره‌م: ئه‌و خاڵه‌ی که‌ زۆر به‌لای منه‌وه‌ گرنگه‌و سیحری ده‌نگدانه‌وه‌ی به‌ تاڵه‌بانی له‌ هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتوه‌، بێ منه‌تبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ به‌خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ده‌نگیانپێداون به‌ تایبه‌تی، بێ منه‌تبوون له‌وه‌ی که‌ ڕابووردو چیمان پێ ووتن داهاتوو واناکه‌ین، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌شێکه‌ له‌ یاری کردن به‌چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان و بێئیراده‌کردنیان و چه‌واشه‌ کردنی بڕیاره‌کانیان.


 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە