بۆقی ناو بیر
Wednesday, 07/04/2010, 12:00
(هه‌موو ده‌سته‌ڵاتێک سیاسیی نییه)
- ئه‌وانه‌ی وائه‌زانن دیموکراتیی له کوردستاندا هه‌یه، تۆپی باغه و هێلکه له یه‌کتریی جودا ناکه‌نه‌وه.
(ئه‌م هێزه جیاوازانهههموویان نه‌فه‌ری شهمهنهفهرێکن)
******************************
- پرسیار: پڕۆسەى سیاسى لە کوردستاندا چۆن دەبینیت، ئایا ئازادیى سیاسى هێندە فراوانە ئەو پڕۆسەیە بەشێوەیەکى تەندروست بەڕێوە بچێت؟
- بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌بێت ده‌بێت هێز و ده‌سته‌ڵاتی سیاسییش هه‌بێت. نازانم ئێوه چۆن بیرده‌که‌نه‌وه‌و پێوه‌رتان چییه بۆ سیاسیبوونی ده‌سته‌ڵات یان پرۆسه، به‌ڵام من لای خۆمه‌وه پشت به‌م پێوه‌رانه ده‌به‌ستم:
"هه‌موو ده‌سته‌ڵاتێک سیاسیی نییه. بۆئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتێک پێی بوترێت ده‌سته‌ڵاتێکی سیاسیی پێویسته دوو کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی تیادابێت. یه‌که‌م، ده‌سته‌ڵات ده‌بێت خه‌ڵکه‌که‌ی بپارێزێت له مه‌ترسیی ده‌ره‌وه، دووه‌م، کۆمه‌ڵگاکه‌ی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیان و نیشتیمان ببات به‌ڕێووه."
هه‌ڕه‌شه له سروشته‌وه بێت یان له مرۆڤ ده‌وڵه‌ت ئه‌رکی سه‌رشانێتی گه‌له‌که‌ی و که‌سه‌کانی بپارێزێت. بۆ نموونه، کاتێک سونامییه که له تایلاند رویدا حکومه‌تی سویدیی ره‌خنه‌یه‌کی زۆری هاته سه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی کارامه نه‌بوو له هێنانه‌وه‌ی هاوڵاتییه‌کانیدا که له‌وێ له سه‌فه‌ر بوون. ئیسرائیل له پێناوی ژیانی که‌سێکیدا یاخود مه‌یتی کوژراوێکیدا ئاماده‌بووه ژماره‌یه‌ک به‌ندی فه‌له‌ستینی به‌ربدات. ئه‌و نازیانه‌ی دوای جه‌نگی جیهانی خۆیان شارده‌وه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل حسابی خۆی له‌گه‌ڵ کردن. مه‌به‌سته‌که‌ش تۆڵه نییه، گرنگیی سیاسییه. تا ئێستاش له‌ناوبردنی جوله‌که‌کان به به‌رنامه‌و شێوه‌ی جیاواز زیندوو راگیراوه. جگه له ئیسرائیل وڵاتانی تریش له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ستی نازێتی و رهگهزپهرستییدا ده‌یانه‌وێت ئه‌م مێژووه هه‌ر زیندوو بێت. ئه‌مه به پێچه‌وانه‌ی کورده‌وه که بۆ دادگایه‌ک له سه‌ر کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی وه‌کو هه‌ڵه‌بجه حکومه‌تی کوردیی به‌م هه‌موو پاره‌یه و به‌و هه‌موو کاته‌وه که له‌به‌رده‌میاندا بوو زمانوهرگێڕیان ناردبوو بۆ دادگاکه که نه عه‌ره‌بی ده‌زانی نه ته‌کنیکی زمانوهرگێڕان. وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا دوای (11)ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2001 جه‌نگی دژی تیڕۆڕیان هێنایه دوو وڵاته‌وه ئه‌فغانستان و عێراق. ئه‌مه‌ریکا به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هه‌ده‌فه با هه‌رچۆنێک بکه‌وێت له‌سه‌ر گه‌لانی تر. کاتێک سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا پێشوازیی له سه‌رانی کورد ده‌کات له‌به‌ر ئه‌وه نییه که ئه‌و سه‌رانه خزمه‌تیان به گه‌لی خۆیان و هاوڵاتییان کردووه، به‌ڵکو ئافه‌رینی ئه‌وه‌یه که کورد به کاغه‌زی سپییه‌وه هاتۆته مه‌یدان. سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا ئه‌رکی سه‌رشانێتی هه‌موو شتێک له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاته‌که‌یدا بکات، ته‌نانه‌ت پێشوازیی ئه‌و که‌سانه‌ش که ژێرهبڕیی رایان باش نییه ده‌رباره‌یان.
به‌ردی بناغه‌ی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌تان و گه‌لان کارکردنه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌و وڵات. ئه‌م پره‌نسیپه کورد ناگرێته‌وه. شتێک نییه ناوی سیاسه‌تی کوردیی بێت. کورد نه ده‌وڵه‌تی هه‌یه نه وه‌کو نه‌ته‌وه ده‌جوڵێته‌وه. تازه‌ترین رووداو که ئه‌م راستییه پیشان بداته‌وه یاسای هه‌ڵبژاردنی عێراق و هه‌ڵوێستی کورد بوو لێی. له راستیشدا هۆکاره‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ خه‌تای ئه‌م سه‌رکرده یان ئه‌و کاربه‌ده‌ست، به‌ڵکو له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م جۆره جوڵانه‌وانه‌ی کورد له سروشتێکی سیاسییه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵاون. بۆیه راست نییه مرۆڤ چاوه‌ڕێی پرۆسه‌ی سیاسیی بکات. هه‌ڵه‌یه داوای شتێک له یه‌کێک بکرێت که نه‌یبێت. جان جاک رۆسۆ ده‌ڵێت: "هه‌میشه جیاوازییه‌کی گه‌وره هه‌یه له نێوانی ئه‌وه‌دا که کۆمه‌ڵگایه‌ک ببه‌یت به‌ڕێووه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که کۆمه‌ڵگایه‌ک ملکه‌چ بکه‌یت." به بڕوای من ده‌سته‌ڵاتێک ئه‌و دوو مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌ی سه‌ره‌وه‌ی تیا نه‌بێت هه‌ڵه‌یه‌کی زانستییه پێی بوترێت "ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی" به‌و مانایه‌ی که پارێزهرو بهڕێوهبهربێت.
من که لام وا نه‌بێت پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌بێت مانای وایه بڕوام به‌وه‌ش نییه ئازادیی سیاسیی هه‌بێت. لێره‌دا جێگای ئه‌وه نییه که باسی خودی ئازادیی سیاسیی بکرێت چییه و بۆ ئه‌مڕۆی کورد ئازادیی سیاسیی چی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ده‌توانم چه‌ند پرسیارێک بکه‌م که هه‌ر که‌سه گرنگه بۆ ئه‌م باسه وه‌ڵامی بداته‌وه. ئایا له ناو هێز و پارته کوردییه‌کاندا ده‌سته‌ڵاتدار و بڕیارده‌ر به‌پێی چ پره‌نسیپ و تیورییه‌ک جێگا ده‌گرن؟ کامانه‌ن ئه‌و پره‌نسیپانه و بۆچی هه‌ڵبژێردراون؟ ئایا له ده‌ره‌وه‌ی پارته‌کان بوارێکی ئازاد هه‌یه بۆ په‌یدابوونی بیروباوه‌ڕی تازه و دروستکردنی پارتی سیاسیی نوێ؟
ئێمه ئه‌گه‌ر له‌و ئازادییه‌ی ئێوه ناوی ده‌به‌ن نه‌ترسین، ئه‌وا راستییه‌کان دیارن. هه‌موو که‌سێک ده‌زانێت که سه‌رۆکی پارته‌کان به پێی هیچ پره‌نسیپێکی زانستیی و سیاسیی دانانرێن، ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌و هێز و پارتانه‌ن و به‌پێی نه‌ریتی خاوه‌ندارێتیش ئاساییه به‌جێشیان بهێڵن بۆ نه‌وه‌کانیان. له ده‌ره‌وه‌ی سنوری پارته‌کانیش هیچ هێزێکی سیاسیی یان زانیاریی ده‌رنه‌که‌وتووه که توانایه‌کی تر پیشان بدات به‌ده‌ربێت له‌وه‌ی که پارته‌کان هه‌یانه. هه‌ندێک جار ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی که هێرش ده‌که‌نه سه‌ر ده‌سته‌ڵات و باسی ئازادیی و دیموکراتیی ده‌که‌ن خۆیان ده‌بنه‌وه نموونه‌یه‌کی تری ده‌ستدرێژیی و دووباره‌کردنه‌وه‌ی بێموراڵیی. ئه‌و داموده‌زگا و میدیایه‌ش که هه‌یه بۆ ئه‌وه‌یه دنیایه‌ک دروست بکرێت له ئازادیی بچێت نه‌ک خودی ئازادیی خۆی بێت.
- پرسیار: بوونى هەڵبژاردن وەک پێوەرێک بۆ بوونى دیموکراسى لێکدەدرێتەوە، ئایا تۆ پێتوایە مادام هەڵبژاردن دەکرێت مانای وایە دیموکراسیش هەیە لە هەرێمى کوردستاندا؟
- راسته روناکبیران به‌گشتیی هه‌ڵبژاردنیان وه‌کو نیشانه‌ی دیموکراتیی وه‌رگرتووه. بۆ نموونه له کاتی هه‌ڵبژاردنی (25/07/2009)دا، روناکبیرێک له‌سه‌ر یه‌کێک له ته‌له‌فیزۆنه‌کان باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که هێتله‌ر به دیموکراتیی هاته سه‌ر حوکم. ئه‌م جۆره روناکبیره تۆپی باغه و هێلکه له یه‌کتریی جودا ناکه‌نه‌وه. هه‌بوونی دیموکراتیی مانای نه‌بوونی دیکتاتۆرییه. له راستییدا هێتله‌ر له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه، نه‌ک دیموکراتییه‌وه، هاته سه‌ر حوکم. روناکبیرێکی تر له بۆنه‌یه‌کی تردا باسی له‌وه ده‌کرد که ئاخر ئێمه شه‌هیدمان داوه، له‌به‌ر ئه‌وه خه‌باتی دیموکراتییمان کردووه. به‌ڵام هیچ زانستێک نییه که بیسه‌لمێنێت شه‌هیدبوون په‌یوه‌ندییه‌کی نه‌بچڕاوی به دیموکراتییه‌وه هه‌بێت. به پێچه‌وانه‌وه، جگه له ماڵوێرانیی و کاره‌ساتی دی، له کاتی جه‌نگدا له وڵاته دیموکراتییه‌کانیشدا دیموکراتیی باری تێکده‌چێت. بۆ نموونه شاره‌زایان باسیان له‌وه کردووه که هه‌ر کاتێک وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا که‌وتبێته جه‌نگه‌وه، دیموکراتیی تیایدا زیانی هێناوه. چونکه بۆئه‌وه‌ی بڕیار چاپوک وخێرابێت ده‌سته‌ڵاتی زیاتر ده‌درێت به سه‌رکۆمار.
دیموکراتیی هه‌ڵبژاردن نییه. ئه‌مه له رووی زانستییه‌وه سه‌لماوه. بۆیه خودی هه‌ڵبژاردن گه‌ره‌نتی نییه بۆ دیموکراتیی، په‌یوه‌ندییه‌کی راسته‌خۆ و نه‌بچڕاوی به دیموکراتییه‌وه نییه. هه‌ڵبژاردن هه‌روه‌کو چۆن له دیموکراتییدا به‌کاردێت هه‌ر ئاواش بۆ مه‌به‌ستی پێچه‌وانه‌که‌شی به‌کار هاتووه. له وڵاته دیموکراتییه‌کاندا هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت بۆ ئاماده‌کردنی دیموکراتیی، به‌ڵام له هه‌ندێک جێگای تردا هه‌ڵبژاردن به‌کار دێت بۆ جێگیرکردن و ره‌واییپێدانی ده‌سته‌ڵات. به‌کارهێنانی وشه‌ی دیموکراتیی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێمه قسه‌یه‌کی به‌تاڵ و هه‌ڵه‌یه‌کی زانستییه. نموونه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ش زۆرن. دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م ئینگلیزه‌کان هه‌ڵبژاردنیان وه‌کو ئامرازێکی سیاسیی به‌کارهێنا بۆ لێدانی بزووتنه‌وه‌ی نیشتیمانیی، داگیرکردنی کوردستان و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر عێراقدا. سه‌ددام حسه‌ین و به‌شار ئه‌سه‌دیش هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانیان کردووه. له کوردستانیش ساڵی 1992 په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ڵبژێردرا. جه‌ماوه‌ر، به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌ددام حسه‌ینه‌وه، به گه‌رمیی پێشوازیی لێ کرد. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه دور بوو له‌وه‌وه به هه‌ڵبژاردنێکی دیموکراتییانه له‌قه‌ڵه‌م بدرێت. له هه‌ڵبژاردنی رۆژی (25/07/2009)دا لیستی گۆڕان توانی جه‌ماوه‌ر بخاته‌وه گه‌ڕ بۆ ده‌نگدان. ئه‌مه‌ش هه‌ڵبژاردن بوو به‌ڵام دیموکراتیی ته‌واو کێشه‌یه‌کی تره. به کورتییه‌که‌ی: هه‌ڵبژاردن په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆتۆماتیکیی نییه به دیموکراتییه‌وه. بۆیه به هیچ جۆرێک ناتوانین ئه‌و سه‌رئه‌نجامه رابکێشین که مادام هه‌ڵبژاردن له کوردستاندا ده‌کرێت مانای وایه دیموکراتیی به‌رقه‌راره. به‌ڵام ده‌بێت دڵشادبین به‌وه‌ی له ده‌ورو زه‌مانێکدا ده‌ژین حیزبه‌کان له جیاتی گولله ده‌نگ ده‌نێن به یه‌کترییه‌وه. ئه‌گینا ئێمه باسی شتێک ده‌که‌ین که نیمانه. دیموکراتیی وه‌کو ئایدیا هه‌یه. ئه‌وه‌ی که نییه بۆ دیموکراتیی ئێمه خۆمانین. ئێمه بۆ دیموکراتیی نین. ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌بووایه له راستیی و بوونی خۆمانه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت. له بنه‌ڕه‌تدا کۆمه‌ڵگای ئێمه داوای دیموکراتیی له ده‌سته‌ڵات ناکات، به‌ڵکو ناڕه‌زایه که باش له‌گه‌ڵی ناجوڵێنه‌وه.
- پرسیار: بوونى کورد لە بەغدا چ رۆڵ و کاریگەرییەکى لەسەر مەسەلەى کورد دەبێت لەهەرێمى کوردستاندا؟ ئایا تۆ پێتوایە بوونى کورد لە بەغدا گرنگ بێت لەکاتێکدا ئەم هەرێمە بۆ خۆى غەرقى چەندین کێشە و گرفتى ئابوورى و سیاسییە؟
- رۆڵ و کاریگه‌ریی کورد له به‌غداد له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد له هه‌رێمی کوردستاندا گرنگ بووه‌و گرنگ ده‌بێت. کورد هه‌ر له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور و دهنگبۆدانییهوه تا دامه‌زراندنه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق به‌شدار بووه. جگه له سه‌رکۆماری عێراق که کورده ژماره‌یه‌ک وه‌زیر و پۆستی تریش به‌ده‌ست کورده‌وه‌یه. کورد له ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی عێراقدا جێگای خۆی هه‌یه. به بێ به‌شداریی کورد زه‌حمه‌ت ده‌بوو ده‌ستورێکی عێراق بنوسرێته‌وه که نه دانی به کوردستاندا ناوه نه حسابی بۆ کورد کردووه وه‌کو نه‌ته‌وه نه گه‌ره‌نتییه‌کی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه. ئه‌وه بوون و رۆڵی کورده له به‌غداد که ماده‌ی 140 دروست ده‌کرێت و دواییش کاته‌که‌ی به‌سه‌ر ده‌چێت، یاسای هه‌ڵبژاردنی عێراق ده‌نگی بۆ ده‌درێت و هیچ هه‌ڵوێستێکی جه‌ماوه‌ریی لێ ناگیرێت. بوونی کورد له به‌غداد تازه نییه. دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م ئینگلیزه‌کان سودیان له کورد بینی له به‌غداد. له کاتێکدا که بزووتنه‌وه‌ی رزگاریی کورد به سه‌رۆکایه‌تیی مه‌لیک مه‌حمود و دواتر راپه‌ڕینی بارزان خوێنساردانه شه‌ڕیان دژ کراو شکێنران، ژماره‌یه‌ک به ناوی نوێنه‌ری کورد یان شاره‌کانی کوردستانه‌وه له به‌غداد به‌شدارییان پێ کراوه‌و له کوردستانیش بێ هوده له رۆژنامه‌دا ره‌خنه‌یان لێ گیراوه که هیچ بۆ کورد ناکه‌ن.
تۆ پرسیار ده‌که‌یت که ئایا بۆچی بوونی کورد له به‌غداد گرنگ بێت له کاتێکدا کوردستان غه‌رقی چه‌ندین کێشه وگرفتی ئابوریی و سیاسییه. ئه‌و دووانه په‌یوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه هه‌یه. دوو ده‌می مقاشێکن. هه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌ی که به ده‌ربڕینی تۆ غه‌رقی کێشه و گرفتی ئابوریی و سیاسییه، نوێنه‌ریشی ناردووه بۆ به‌غداد. له هه‌رێم چی ده‌کرێت له به‌غداد چاوه‌ڕێ ناکرێت کورد شتێکی تر بکات جیاواز بێت له رووی چۆنایه‌تییه‌وه. بوونی کورد له به‌غداد گرنگه بۆ ئه‌و باره‌ی که له کوردستاندا هه‌یه نه‌ک بۆ شتێک که تۆ له خه‌یاڵی خۆتدا داتناوه یان به هیوایت. هه‌ڵه له رووداودا نییه، له بینینیدایه.
- پرسیار: پەڕلەمانى تازە هەڵبژێردراوى کوردستان لە کۆمەڵێک دەنگ و رەنگى جیاواز پێکهاتوە، بەراى تۆ بوونى ئەم قەوارەو هێزە جیاوازانە دەتوانن ببنە هۆکارێکى ئیجابى؟
- په‌ڕله‌مان به‌شێکه له پڕۆژه‌یه‌ک که بۆ دروستکردنه‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر بناغه‌ی فیدراڵیی شاره‌کانی داڕێژراوه. له‌ناو ئه‌م په‌ڕله‌مانه‌وه ناتوانرێت ئه‌و هێڵه گشتییانه بگۆڕدرێت که داڕێژه‌ری پهڕلهمانهکهشن. ئه‌م هێزه جیاوازانه نه‌فه‌ری شهمهندهفهرێکن. کێشه‌که شه‌مه‌نده‌فه‌ر و هێڵه‌که‌یه نه‌ک نه‌فه‌ره‌کان. جیاوازیی هێزه‌کان له جیاوازیی ههڵوێستگرتندایه له سیستێمه‌که، نه‌ک له‌وه‌دا کێ ده‌نوێت یان کێ قسه‌ده‌کات له په‌ڕله‌مان. من گه‌شبین نیم که له‌م په‌ڕله‌مانه‌ی ئێستای کوردستانه‌وه، که کاک که‌مال که‌رکوکی له جیاتی کاک عه‌دنان موفتی سه‌رۆکێتی، بتوانرێت شتێک بگۆڕدرێت، که ده‌سته‌ڵاتی کورد پێشتر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تری عێراق و ئه‌مه‌ریکادا له‌سه‌ری رێککه‌وتووه. حکومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ر هۆی سیاسیی له‌و ناوچانه‌دا دامه‌زرا که تا رۆژی 19/03/2003 له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی پارته کوردییه‌کاندا بوو. له به‌رانبه‌ر به‌م رێککه‌وتنه‌دا (17%)ی داهاتی نه‌وت خراوه‌ته ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتی کورده‌وه و وڵاتانی دراوسێش لێگه‌ڕاون ناوچه‌که له ئارامییدا بمێنێته‌وه. باری سیاسیی کوردستان به‌ند نییه به بڕیاری بازاڕی کورد خۆیه‌وه. په‌ڕله‌مانێک که به‌شێک بێت له‌م رێککه‌وتنه، دهستیاوێکی گونجاو نابێت بۆ گۆڕینی رێککه‌وتنه‌که. بە پپچەوانەوە، رەنگاورەنگیی پەڕلەمان جۆشددانەوەی هەمان كورەیە.
له‌سه‌ر راده‌ی به‌ڕێوه‌بردنیش مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت دیموکراتیی له کوردستاندا دانه‌مه‌زراوه تا ده‌زگایه‌ک هه‌بێت رۆڵی په‌ڕله‌مان ببینێت. ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان ده‌ست نیشان ده‌کات، ئایدۆلۆجیی یان پڕۆژه‌ی سیاسیی نییه، به‌ڵکو چه‌ند که‌سێکی ده‌سته‌ڵاتدارن که که‌سانی سه‌ر به خۆیانی بۆ هه‌ڵده‌بژێرن.
- پرسیار: دوا پرسیارم لەسەر رۆشنبیرانە، ئایا رۆشنبیران دەتوانن چیبکەن بۆ ئەوەى سەنگ و کاریگەرییان لەسەر رەوشى سیاسى کوردستان هەبێت و ببنە مینبەرى دەنگى نارەزایەتى خەڵک؟
- رۆشنبیران یه‌عنی جاهیلان. ئه‌مانه توێژێکی کۆمه‌ڵن که ده‌نووسن و هه‌ندێک جار به شه‌هاده جێگای خۆیان زیاتر توند ده‌که‌ن. رۆشنبیران ده‌فکرن و فکریش سه‌رچاوه‌ی زانیاریی نییه. شاعیرێکی چینی، به ناوی (Irene Y. Tsai) ده‌ڵێت: "بۆقێک له بیرێکدا چی له ده‌ریا ده‌زانێت؟" رۆشنبیران وه‌کو ئه‌م بۆقه له بیری خۆیاندان، به ئاره‌زووی خۆیان و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بێ حساب، له‌سه‌ر هه‌موو شتێک ده‌فکرن. به‌ڵام تا ئێستا هیچ مشکێک به فکری هیچ رۆشنبیرێک نه‌بووه به فیل. رۆشنبیران ناتوانن نه سه‌نگ و نه کاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسیی. ته‌نها که‌سانی سیاسیی ده‌توانن کاریگه‌ریی سیاسی‌یان هه‌بێت له سه‌ر ره‌وشی سیاسیی. زیندووترین نموونه‌ش کاک نه‌وشیروان مسته‌فایه که که‌سێکی مێژووناس و زانیاره نه‌ک رۆشنبیر. سروشتی سیاسه‌ت وایه، که په‌یوه‌ندیی به مێژووه‌وه هه‌یه. وه‌کوتر، له مێژووی گه‌لاندا فه‌یله‌سوف، کۆمه‌ڵناس، ده‌روونناس و زانا به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ رۆڵیان هه‌بووه له گۆڕانی جۆری بیرکردنه‌وه، به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا و موڕاڵی سیاسیی‌دا. له‌وانه تۆماس هۆبس، جان جاک رۆسۆ و له ساڵی شه‌سته‌کانیشدا جۆن رۆڵسی ئه‌مه‌ریکیی به پێی شاره‌زایان تیوره سیاسییه‌کانی تا راده‌یه‌کی زۆر ره‌نگی له سیاسه‌تدا دایه‌وه. به‌ڵام کورد سیاسه‌تی نییه تا زانیاریی رۆڵی تیا ببینێت. هه‌رچه‌نده کورد کاره‌ساته‌کانی گه‌وره‌ن، به‌ڵام نه‌بوونه هۆی وه‌رچه‌رخانی مێژوویی و گۆڕان له جۆری بیرکردنه‌وه‌دا. مینبه‌ری ده‌نگی ناڕه‌زاییش ئێستا زۆره. ژماره‌یه‌کیان ده‌سته‌ڵات خۆی دروستی کردوون. ئه‌گه‌ر ساڵی 1995 بکه‌م به خاڵی ده‌رچوون، ئه‌وه پانزه ساڵه رۆشنبیران هه‌مان بنێشت ده‌جوونه‌وه. هه‌موو رۆژێک ده‌ڵێن داره‌که ناڕوات، ته‌خته‌که نوقوم نابێت. له راستییدا نموونه‌ی دواکه‌وتوویی که‌سانی کاسبکارنین، به‌ڵکو بۆقه‌که‌ی ناو بیره‌که‌یه که دنیایه‌ک دەفکرێنێت بوونی نییه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست