بەســە فرۆشــتنەوەى خەبات پێمان
Sunday, 03/05/2009, 12:00
ئەگەر ســەرنجى بەرنامەى ڕاگەیاندنەکانى حیزبە هیچ لە بارا نەبووەکانى ئەم دەڤەرە بێ کەس و ســەر و بەرەیە بدەین ئەبینین هەر باسى خەباتى خۆیانە ، فڵان و فیســار دەهێننە ســەر شاشەکانى تەلەفزیۆن و باســى ســوپەرمانێتى خۆیانمان بۆ دەکەن کە زۆریشــى درۆى پێوە نراوە و خۆ گەورەکردن و منەت کردنە بە ســەر ئەم میللەتە بێ کەس و داماوەدا هەروەها شــەرعیەت دانە بە کارى تاڵانى و بڕۆى بودجە و قووتى میللەت دەنا ئەو قســانە خەباتکارى ڕاســتەقینە و بە شــەرەف تەنها لە دوو توێ ى دەفقەرى یادەوەریەکانیدایە و میللەت خۆى شــاهیدى دلێرى و مەردایەتیەتى بۆیە پێویســت ناکات بیداتەوە بەگوێ ى میللەتێکدا کە چى دەســتکەوتووە لەم خەباتەى ئەوان جگە لەو تاڵان و بڕۆ و هەتک کردنى تاکى کورد کە ئەمڕۆ ڕووئەدات بە دەســتى ئەو حیزبانە، کەواتە پیاوى شــەرافەتمەند ئەوەیە کە هەر ڕووى نایەت خۆى نیشــان بدات کە پیاوى ئەو حیزبانەیە، بەڵام ئەڵێ ى چى لەگەڵ دواکەوتوویى میللەتى کورد کە هەر رۆژە و گرفتارە بە دەســت تاقمێکى نەفام و نەزانەوە.
ئەوانە ئەگەر نەفام نین چۆن لەو ڕاســتیە خۆیان گێل ئەکەن کە هێندەى کۆى میللەتەکە خەباتگێڕ و بە هەڵوێســت بووە و قوربانیان داوە و نەهامەتیان بە ســەر هاتووە هى ئەوان لە چاویا دڵۆپێکە لە دەریا ، ئەى باشــە ئەپرســین ئەگەر 182 هەزار خەڵک ئەنفالکراوە و لە بەین براون، ئایا ئەوانە کێن؟ لە مرۆڤى سیڤیل و بێ چەک زیاتر چى تر بوون، ئەى باشــە لەســەر چى وایان لێکرا تەنها ئەوە نەبێ ئەوان جێگە و زادى خۆیان بەخشــیبوو بەم حیزبە بێ ئەمەکانەى ئەمڕۆمان تا بیکەنە بنکەو بارەگاى خۆیان و لێ یەوە دەســتیان لە دوژمن ئەوەشــاند بەڵام هەموو کاتێ بە چەندین بەرامبەر تۆڵە لەو خەڵکە بەئەمەکە ئەکرایەوە لە لایەن ڕژێمى بەعســەوە، کاتێ ئەنفالیش هات ئەوەتا بە دەیان هەزاریان لێ تەفرو توونا کرا و ئێوە ئاسک ئاســا خۆتان دەرباز کرد کە ئەوەش ناپیاوى و تاوانە چونکە کارەســاتەکە لە ســەر ئەو حیزبانە ڕوویدا بەڵام نەمان بیســت لەو کاتانەدا بە ســەدان یان هەزاران پێشــمەرگە لە پێناوى بەرگرى کردن لەو خەڵکە شــەهید ببێ و لە ناو بچێ ، ئەوەى ئەنفال جیا ئەکاتەوە لە هەر تاوانێکى دیکە تەنها تیاچوونى خەڵکى سیڤیل بوو دەنا هیچ لایەنێکى دیکە زەبرى وەهاى بەرنەکەوت ، ئەى هەڵەبجە، کاتێ حیزبەکانمان بە هاوکارى ئێران هێرشــیان بۆ برد پاشــان دارەکەى لە ســەرى خەڵکى سیڤیلى ئەوێدا شــکایەوە و ئەوەیان بەســەر هات کە دیمان ، ئەى کۆڕەوە ملیۆنیەکەى دواى ڕاپەڕینە مەزنەکە گیانى دەیان هەزارى دیکەى هەڵ لووشــى ئەمەشــیان هەر نەهامەتیەکەى خەڵک هەڵى گرت و ئەوانیش وەک بەرزەکى بانان هەڵاتن ، ئەمە ســونەتى شــۆڕشــى کورد بووە هەر لە دەســتپێکەوە تا ئەمڕۆ ، زەبرێک بوەشــێنە و خۆت دەربازکە بێ گوێ دانە ســەرەنجامە ڕەشــەکانى بۆ خەڵک ، بەکۆى هەموو نەهامەتیەکانى ئەم میللەتە ئایا چەند ســەد هەزار مرۆڤى سیڤیل تیاچوون بێ ئەوەى ســەر بە حیزبەکان یا چەکدار بووبن، ئەى بۆ بەراوردى ژمارەى قوربانیانى حیزبەکان ناکەن لە چاو ئەو هەموو بارســتایى یە مرۆڤەى تیا چووە لە خەڵک ، بێ گومان بەراورد ناکرێت ، خۆ هەر ئەوەندە نەبووە ئەو لێشــاوە مرۆڤەى تیاچوون ســامان و لانە و ماڵیشــیان تیاچوو، ئەمە ســەرەڕاى ئەوەى زیندووەکانیش لە نە هامەتى و ســەرگەردانى و لە کار وەدەرنان و نان بڕین بێ بەش نەکران، کەواتە کێ بارى گران و قوربانى زەبەلاحى ئەو دۆخەى زیاتر پێ بڕاوە میللەت یان حیزبەکان، ئەوەتا ئەوانەى ســڤیلى میللەت بوون و بێ لایەن بوون و کوتەکى نەهامەتیەکانیشــیان لە لایەن حکومەتى بەعســەوە بەســەردا کێشــرا کێ قەرەبووى کردنەوە کێ هات کە مێک بیان لاوێنێتەوە ، بەڵام حیزبەکان و ئەندامەکانیان ئەوەتا خێر و بێرى ئەو میللەتە دابەش ئەکەن بەســەر خۆیاندا و ئەو لێشــاوە مرۆڤەش کە دوێنێ بوونە قوربانى و ئەوانەى کە ماویشــن و تامى نەهامەتیەکانیان چەشــت با بۆخۆیان سیر بخۆن و زوڕنا لێبدەن، ئەگینا کاکى حیزبیمان ئەمڕۆ چۆن ڕووى دێت ســەفتە دینارەکانى ئەو خەڵکە بخاتە تەنکەى باخەڵیەوە و بەلاى ئەو هەموو مرۆڤە نەهامەتى دیوەدا بە مۆنیکا و کەژاوەى دوور و درێژ فڕکەى بێ و پۆز لێ بدا بە ســەریاندا، لە ســەر هیچ یاســا و ڕێســایەک ناڕۆن و هەموو بەهایەکى ئەخلاقى و مرۆڤایەتیان وەلاوە ناوە و زوو زوو چیرۆکەکانى خەباتمان پێ ئەفرۆشــنەوە کە زۆریشــى پێوە دەنێن بەڵام هەرگیز گرنگى بەو هەموو نەهامەتیانەى خەڵک نادەن مەگەر تەنها بۆ ڕاگەیاندن و وەرگرتنى ئیمتیازات نەبێ، ئیتر حیزبەکان چۆن ئەیانەوێ جارێکى دیکە خەڵک پەســەندیان بکاتەوە ، ئەبێ عاقیبەتى ئەو گۆێ کەڕى و لاڵى یەتان بەرامبەر ئەو میللەتە ببیننەوە لە هەڵبژاردنى ئایندەدا ، فەرموون بڕۆنە ناو خەڵک، بەڵام نەک بەچاوى کوێر و گوێ ى کەڕ و زمانى لاڵەوە تا بزانن چۆن ئەو میللەتە نەهامەتى دیوە خۆى ئامادە کردووە بۆ فڕێدانتانە ناو زبڵدانى مێژوو و دڕاندنى لاپەڕە ڕەشــەکانى مێژووى شــەرمەزاریتان.
ســلێمانى 19/4/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست