بیرەوەری گەریلایەکی پکک .. خیانەت
Monday, 16/06/2014, 12:00
2135 بینراوە
و/ ڕێبوار هەمەوەندی
بە منەوە ٤ هەڤاڵ بووین ، هەڤاڵان ئامەد ، ئەریز و ڕۆژهات و من ، شوێنەکەمان زۆر خراپ بوو ، شوێنێکی زۆر تەنگ و بێ دار کە هیچ بۆ شەڕ گونجاو نەبوو ، هێزی دوژمن چواردەورمانیان گرتبوو ، ئەوەی لە ئێمەوە نزیک بوو تەنها دار گوێزێک بوو ، لە شاری بینگۆلەوە نزیک بووین ، دەمانتوانی بە دووربین تەماشای بینگۆل بکەین ، لە خواروی گوندێکەوە خۆمان حەشار دابوو ، ئێمە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک هاتبووینە ئێرە تاکو کەشفی ناوچەکە بکەین ، بە نیازبوین کە ئێوارەیەک بە نهێنی بچینە شاری بینگۆلەوە و چالاکییەک ئەنجام بدەین .
ئێوارەکەی ئەو ملیسەی کە پێمان وابوو زۆر باوەڕپێکراوی ئێمەیە بۆ کەشفکردن ڕەوانەی شارمان کردبوو ، ئێمە بێ ئاگابوین ملیسەکەمان لەجیاتی ئەوەی کەشفی ناوچەکەمان بۆبکات کەچی خەبەری ئێمەی دابوو بە دوژمن ، ئەم خاینە بەوەشەوە نەدەوەستا کە ئیخباری ئێمەی کردبوو بەڵکو ببوو بە سوورەی بەر لەشکری دوژمن و شان بەشانی ئەوان دژی ئێمە شەڕی دەکرد ، دەمەوبەیان کە دەچوینە خواروی گوندەکەوە روبەرووی چەند دارێکی سنەوبەر بوینەوە ، من پێشوتر باوەڕم نەدەکرد کە کەسانی تێکۆشەر و شەڕکەر هەستیان زۆر بەهێزە هەرواش بوو لەناکاو بە هەڤاڵانم ووت با نەچینە لای ئەوە دار سنەوبەرانە بابچینە نزیک ئەو دار گوێزە ، هەڤاڵانیش ئەم قسەی منیان قەبوڵکرد .
جەندرمە و جاش و تیمی تایبەت دەمەوبەیان دەستیان کردبوو بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن ، ئەم هێزە تاکو دوای نیوەڕۆ تاکو نزیک کاتژمێر ٣ لە نزیک دار سنەوبەرەکانەوە بەشوێن ئێمەدا گەڕابوون ، ئەگەر ئێمە بچوینایەتە چواردەوری دار سنەوبەرەکانەوە ئەوە دەبوایە هەر لە بەیانی زووە روبەڕوی شەڕی دەستەویەخە ببوینایەتەوە ، ئێمە هەر ٤ گەریلا بووین ئایا دەکرا بەرامبەر ئەو هێزە بێژومارە شەڕمان بکردایە بێگومان مەحاڵ و زەحمەتە ، کاتێک هێزی دوژمن پاشەکشێیان کرد کەوتنە پشتمانەوە ، ژمارەیان کەم بوو چەکەکانیان دەبریسکایەوە ، لەناکاو لەچاوان وونبوون ،دوایش لەناکاو بوون بە سەدان و ئێمەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە ، نێوانی ئێمە و ئەوان هەر ٢٠ یان ٣٠ مەترێک بوو ، ژمارەیان ئەوەندە زۆر بوون ئەگەر هەر یەکەو بەردێکیشی تێبگرتینایە ئێمەیان دەکوشت ، من نەمتوانی بگەمە چەکەکی خۆم کەلە پەنای دارێکدا دامنابوو ، بەڵام هەڤاڵ ئەرێز چەکەی بۆ تێگرتم ، هەڤاڵ ئامەد کەوتبووە ناو شەڕێکی باشەوە ، ڕۆژهات خەڵکی بینگۆل بوو ، هەربۆیە چاوساغمان بوو ، رۆژهات گەریلایەکی نوێ هەڵە نەبم هەر ٣ یان ٤ مانگێک بوو ببو بە گەریلا .
لە سەرەتای دەست پێکردنی شەڕدا فیشەکێکی زۆریان پێوەناین ، هەر لەدەستپێکی شەڕی دەستەویەخەکەماندا ئەرێز قۆڵی بریندار بوو ، برینەکەیمان پێچی ، لێژاییەکمان لێوە نزیک بوو ، لە لێژایەکە بە تەقڵە خۆمان لێژکردەوە و چوینە خوارەوە بۆ چەمەکە ، لە قەراغی چەمەکە کەوتمینە ڕێکردن ، هەستمان کرد کە گروپێکیان بەرەو ڕووی ئێمە دێن ، کەوتینە نێوانیانەوە پشتمان و پێشمان هێزی دوژمن گرتبووی چارنەما بوو شەڕێکی دەستەویەخە لە چاوەڕوانی ئێمە بوو ، پشتمان گردێکی روتەڵە بوو ، پشتی خۆمان بە گردەکەوە نا و لە ٣ لاوە شەڕمان لەگەڵ هێزی دوژمندا دەکرد ، بەردەوام بە بڵندگۆکەکانیان بانگەوازییان لێدەکردین (خۆتان بەدەستەوە بدەن) ، ئێمە بە دروشم ووتنەوە وەڵامی ئەوانمان دەدایەوە ، پشتی خۆمم بە دارێکی رزیوەوە نابوو ، زاتەن داریتری لێنەبوو ، جەندرمەیەک تەقەی لێکردم ، سەرەتا هەستم بە هیچ نەکرد ، چەکەکی دەستم هەر تەقە تەقی لێوە دەهات ، بەسەدان فیشەک بەر چەکەکەم کەوتبوو ، ویستم تەقە بکەم ، بەڵام نەمدەتوانی تەقە بکەم ، پەنجەی دەستەڕاستم فیشەکی بەرکەوتبوو ، دوایش لەناکاو هەستم کە قاچی ڕاستم دەلەرزێت ، ئەگەر فیشەکەکان بەر چەکەکم نەکەوتبونایە لەوێ کوژرابووم ، هەموو ئەمانە لە ماوەی چەند چرکەیەک هاتنە ئاراوە ، بەخێرا بە دەستی چەپم چەکەکەم هەڵگرتوو کەوتمە تەقە کردن ، دەست و قاچم خوێنیان لێوەدەهات ، بەرچاوم تاریک دەبوو ، حاڵەتی وا زۆر گرنگە وە منیش لەبارەی بریندار بونەوە ئەزمونم نەبوو ، پشتوێنەکەم کردەوە ، سەرەتا دەستم دوایش قاچم بەست ، خوێنێکی زۆرم لێدەچۆڕی ، خوێن لەناو پێڵاوەکەم دەچۆڕی ، نەمدەتوانی خوێنلێچونم راگرم ، تازەبووم لە بۆتانەوە هاتبووم بۆ ئێرە ، من خۆم لە ناوچەی گابار بووم ، لەو ناوچەیە پشتوێن زۆرە ، نزیکەی ٢٠ مەترێک دەبێت پشتوێنەکان ، برینەکانم پێچی بەڵام خوێن هەر دەچۆڕی .
من لەدواییدا حاڵی بووم کە بەم کارەم خۆم لە مردن پاراستووە ، مرۆڤ مەحاڵە ئەو دیمەن و ئەو ڕەوشە بە سانایی لەبیر بچێتەوە ، چرکە بە چرکە ئەو ٥ کاتژمێرەم هەر وەک خۆی لەیادە ، ئێمە هیچ بێورە نەبووین ، جەندرمەیەک بەردەوام بانگی لێدەکردین " لێدراون رزگاربونتان مەحاڵە خۆتان بدەن بە دەستەوە " ئێمەش بەردەوام فیشەک لە دوای فیشکەمان دەنا بەو شوێنەوەی کە دەنگەکەی لێوە دەهات ، من بە دەستی چەپم تەقەم دەکرد کە نەشمدەتوانی دەستی چەپم بەکاربهێنم ئەرێزیش بە دەستی ڕاست تەقەی دەکرد توانیم بەم شێوەیە نزیکەی ٥ کاتژمێر بەرگری بکەین ، ڕۆژهات شەڕی نەکرد ، ئەو خۆی ڕادەستی هێزی دوژمن کرد ، هەڤاڵ ئامەد ئێمەی لەو شوێنە ڕزگار کرد ، ئەگەر هەڤاڵ ئامەد نەبوایە ئێمە شەهید دەبووین .
هەڤاڵ ئەرێز بەردەوام تەماشای سەعاتەکەی دەستی دەکرد و دەیووت " دەی کات کەی دەروات کەی تاریک دادێت ؟ " هەڤاڵ ئەرێز دەیزانی کە تاریکی داهات ڕزگارمان دەبێت ، جارێکیان تەماشایەکی سەعاتەکەی قۆڵمم کرد ، کاتژمێر ٧ و ٤٥ خولەک بوو بە ئەرێزم ووت " تەنها ٤٥ خولەک خۆڕاگرین ڕزگارمان دەبێت " هەرچیمان دەکرد تاریکی دونیای نەدەگرتەوە ، بەیەک دەست جگەرەیەکم پێچایەوە ، ئەمە لەوانەیە کارێکی شێتانە بێت کاتێک جگەرەکەم دا بە هەڤاڵ ئەرێز روحێکی نوێی بەبەردا هاتەوە ، ئەرێز پێی ووتم " لێرە دەرئەچین ڕزگارمان دەبێت " منیش ووتم " تەنها ڕۆژێکی زەحمەت بوو بۆ ئێمە " ، ڕاستە ڕۆژێکی زەحمەت بوو بۆ ئێمە بەڵام وەک فیشەک خێراو دژوار بوو ، دەمەو ئێوارە لە ٢ قۆڵەوە هێرشیان بۆهێناین ، ڕومانە و ئاربێجیان پێوە دەناین ، لە هەر خولەکێکدا پێنجدانەیەکیان پێوە دەناین ، بەڵام ئێمە بەیەک ڕیز خۆمان دەچەمانەوە و لە پشت ئاوی چەمەکەوە دەستمانکرد بە ڕێکردن ، بەیەکەوە نوسابوین ، لە پشت هێزی دوژمنەوە تیشک و روناکی گلۆپی شارم دەبینی ، لەناکاو کە تیشکەکان تێکەڵی ناو هەور بوون ناچارماین خۆمان لەناو ئاوەکە درێژ بکەین ، ئاوەکە بردمانی ، هێزی دوژمن خۆیان دادایە سەر پێدەشتەکە ، جارێکی تر لەسەرەوە کۆبونەوە و گوێمان لێبوو دەیان ووت " لەکوێن ئەمانە ؟ " .
بەسەر بەرزاییکەوە زۆرمان لەخۆمان کرد بە گرتنی دەوەن و دڕک و گرتنی چڵی دروختەکانەوە توانیمان بچینە سەر ڕێگای گوندەکە ، زریپۆش بەسەر ڕێگاکەنەوە بوون ، بەخێرایی بەسەر ڕێگاکەدا پەڕینەوە ، کاتێک ویستمان بە لێژاییەکدا شۆڕبینەوە لە خوارەوە چاومان بە تیشک کەوت ، گردێکی قیت بوو ، توانیمان خۆمان لێژبکەینەوە و خۆمان بگەهێنینە لێواری چەمەکە ، لەناو ئاوەکە ڕاوەستاین ، هەناسەیەکی ڕەحەتمان هەڵکێشا ، هێشتا گوێمان لە تەقە دەبوو لە شوێنی شەڕەکەمانەوە ، تەڵقەتەنورەیان دەکرد بە ئاسماندا ، بۆئەوەی شوێن پێمان ئاشکرا نەبێت هیچ لە ئاوەکە دەرنەچوین تاکو ڕۆژی دوایی لە ئاوەکە ماینەوە واتا ١٠ کاتژمێر بەوحاڵە ڕێمان کرد ، بەدرێژایی ئەو ماوەیە کە تەماشایەکی دواوەم کرد بۆمدەرکەوت کە هەر ٢٠٠ یان ٣٠٠ مەترێکمان بڕی بوو ، هێزی دوژمن سەر گردەکانیان گرتبوو ، هەڤاڵ ئامەد بەو هەموو ماندوبونەوەمان ئێمەی بردە شوێنێکەوە کە هەمووی دڕک بوو ، دڕکەکانی لاداو من و ئەرێزی کردە ژێر دڕکەکانەوە ، ئەو ڕۆژەمان زۆر چەتون بەسەر چوو ، ڕۆژێکی زۆر گەرم بوو ، بەگوێرەی کاتی من دەبوایە ٨ ی ئابی ساڵی ٩٤ بێت ، بە درێژایی ڕۆژ لە نێوان خۆمان سەرەرای ئازار و ماندوبون و جارناجارێک بورانەوەمان و تینوبون و برسێتیمان کەچی دەمانتوانی گاڵتە لەگەڵ یەکدا بکەین و باسی ئەو شەڕوشۆرە بکەین و هەندێک گاڵتەش بەیەک بکەین ، بەڵام هەرسێکیشمان گرێدراوی ژیانێکی پر خۆسەویستی و واتادار بوین ، توانیمان ئەمڕۆژە بەسەر بەرین و ئێوارە داهات ، هەڤاڵ ئامەد ئەویش لەناو کۆمەڵەدڕکێکی بەردەممان خۆی حەشاردا بوو ، ئەگەر هێزی دوژمن بهاتنایە دەمانتوانی یەکتری بپارێزین و پاشەکشێ بکەین ، بیرمان کردەوە لەحاڵەتی پێش شەهید بونمان پێویستە کارێک بکەین ئەویش ئەوەبوو ئەشیاکانی گیرفانمان دەرهێنا و هەموومانم سوتاند و کردمانە ژێر خاکەوە ، مەخابن ئەشیاکانمان زۆر بوون هەربۆیە هەندێکیمان لەژێر خۆڵ شاردەوە ، هێزی دوژمن لە هەموو لایکدا بەشوێن ئێمەدا دەگەڕان ، بۆئەوەی دەنگمان دەرنەچێت هەرچەندە ئازارێکی سەختیشم هەبوو بەڵام ددانم لە داروبەرد گیردەکرد تاکو دەنگم نەگاتە گوێێ دوژمن ، لەبەر توینیتی لێومان قاژ ببوو ، توینێتی لە حاڵەتێکی ئاوادا زۆر سەختە ، ئاومان هەر ٥ یان ٧ مەترێک لێمانەوە دوور بوو ، بەڵام نەماندەتوانی بچینە سەر ئاوەکە ، بەهەر شێوەیەک بێت توانیم هەندێک لە توتڕکەکانی ناو دڕکەکان بخۆم ئەگەر ئەویش نەبوایە حاڵم خراپتر دەبوو .
دەمەوئێوارە لە شوێنەکەی خۆمان جێهێشت ، چوینە گوندێکەوە ، کەسیان دەرگایان لێنەکردینەوە ، ژنێک لە دەرەوەی خواستی خۆی دەرگاکەی لێمان کردەوە ، کەچاوی پێمان کەوت لەشوێنی خۆی بورایەوە ، چونکە ئەم گوندە گوندی جاشەکان بوو ، ویستمان ژنەکە بهێنینەوە سەرخۆی ، جاش و جەندرمە سەرگردەکانیان گرتبوو ، گوێدرێژێکمان لە گوندەکە پەیداکرد ، بەڵام ئەم کەرە شێت بوو ، هەر دەمەترێک ڕادەوەستا و ئەزەڕی ، ناچار هەڤاڵ ئەرێز لەسەر کەرەکە دابەزی ، ئەرێز زۆر لە کەرەکە توڕەبوو هاواری لێکرد (سیخوڕی بەچەی سیخوڕ ئەی خائینی بەچەی خاین) هەڤاڵ ئەرێز لە توڕەبوندا ئەگری ، من و هەڤاڵ ئامەدیش بەم حاڵەی هەڤاڵ ئەرێز پێدەکەنین ، ئیتر کەرەکە لێمان دوور کەوتەوە دیمەنێکی کۆمیدیمان هەبوو ، ئەرێز لێی دەپرسین " بۆچی هەموو شتێک دژی ئێمەیە هەڤاڵۆ ؟ " ئامەدیش پێی ووت " لەبەر ئەوەی کوردین " ، دوایش بەیەکەوە کەوتینە پێکەنین .
قاچە پێکراوەکەم زۆر ئاوسابوو ، چەکەکەم وەک گۆچان بەکاردەهێنا لەکاتی ڕێکردندا ، لەکاتی ڕاوەستان ئازارم زیاتر دەبوو ، لەم زامداربونەوەم فێربووم کە ئازاری برین لەحاڵەتی ڕێکردن و زەخت لێکردنی کەم دەبێتەوە ، تابەیانی ڕێمان کرد ، لەنێوان دارەکانی ئەوبەری گوندەکە ماینەوە ، هەڤاڵ ئامەد لە گوندەکە بەتانییەکی کۆنی هێنابوو ، بەو بەتانییە دایپۆشین و مەنجەڵێک ماستاویشی هێنابوو کە لە ژنەکەی سەندبوو ، ماوەیەک بوو بۆ یەکەمجار بۆمان لوا کە هەندێک ماستاو بخۆینەوە ، لەکاتی نیوەڕۆ لێرەش جیابوینەوە ، لەشوێنی نهێنی ڕیماندەکرد و لەئاکامدا توانیمان بگەینە سەر گردێک ، لەدوورەوە کەسێک ڕێی دەکرد ، کەهەستی بە بوونی ئێمە کرد راوەستا ، بە هەڤاڵ ئامەدم ووت " هەڤاڵ ئامەد کەسێک ئێمەی بینی و راوەستا تەماشامان دەکات " ئەویش ووتی " بانگی بکە با بێت بۆلامان " منیش هاوارم لیکرد " وەرە .. وەرە " ، کابرا کۆڵەپشتێکی سپی بە شانەوە بوو ، کەشکۆڵەکەی داناو بە ڕاکردن بەرەو ئێمە هات ، باوەشی پێداکردین ، پێی ووتین کە ناوی موسایە ، پێی ووتم " هەڤاڵ وەرە سەر کۆڵم ، بابچینە خوارەوە شوانەکەمان لەوێیە " ، منیش سوپاسیم کرد ، موسا کەسێکی باڵا بەرزی ئەسمەر بوو ، هێواش .. هێواش بەرەو خوارەوە کەوتینە ڕێ ، لەژێر سێبەری دارێکی گەورەی چەمەکە میگەلە مەڕەکەی دەلەوەڕان و شوانەکەش خۆشی لەسەر بەردێک راوەستا بوو .
دوای ماوەیەکی کەم شوانەکە شیری دۆشی و لەناو کترییەک کوڵانی و دایپێمان ، چاومان بەتەپۆز کەوت کە بەقەد قەدپاڵەکەی ئەوبەرمانەوە بەرز دەبۆوە ، یەکێک بەڕاکردن بەرەو ئێمە دەهات ، ئەم کەسە کۆنە قاچاخچی بوو ، شەو کە لە نزیک گوندەکە ڕێمان کردبوو کەوتبووە دوامان و ئێستاش هاتبووە لامان ، تەمەنی ٦٠ ساڵێک بوو ، لەناو کراسەکەیدا ئەشیایەکی زۆری دەرهێنا ، کۆمەڵێک برین پێچوو مەڵحەم و جگەرە و دیتۆڵی پێ بوو ، بەراستی جێی سەرسوڕمان بوو ، شوانەکە و موسا و کۆنە قاچاخچێکە برینەکانمانیان پاککردەوە و پێچیان ، کەسانێکی زۆر دڵسۆز بوون ، دوایش چاودیری ناوچەکەیان کردوو پێیان ووتین کە لەم ناوە جەندرمەی لێ نییە .
لەوێ جیابوینەوە ، دوای چەند ڕۆژێک توانیمان بگەینە شوێنی خۆمان ، گروپەکەمان لە گردی داللی بوو لە دارستانەکە ، لەناو گروپەکەمان دکتۆر عافاتی تێدا بوو کە لە هەرێمی سەرحەدەوە هاتبوو ، برینەکەمی پاککردەوە و بەجۆرێک قسەی بۆ دەکردم کە دبووە هۆی مۆڕاڵ بۆ من ، برینەکەمان کرمی گرتبوو ، چاک بونەوەم ماوەی ٣ مانگێکی خایاند بەڵام چاکبونەوەی دەستم زیاتری خایاند ، هێشتا لەیادمە ، تاکو ئێستاش کە دەچمە بەردەم بەلوعە پێکەنینم دێت چونکە ئەو کاتە شتێک فێربووم ئەویش ئەوەبوو کە چی کاتێک توانیم بە هەردوو دەست دەموچاوم بشۆم ئەوکاتە چاکدەبمەوە .
برینداربوون ئەو قۆناغەیە کە مرۆڤ دەتوانێت خۆی تێدا بناسێت و لە هەموو شتێک حاڵی ببێت ، من بەردەوام ئەم مەسەلەیەم بەو شێوەیە دەبینی ، من لە برینەکەم هێز و بەرخودانم وەردەگرت ، بیگومان نەبونی داودەرمان و شەرتی فیزیکیش زحمەتیت بۆ دروست دەکات ، بەڵام شتێک هەیە ئەویش وەڵاتپارێزی گوند نشینەکان و ئەو خۆسەویستییەی هەڤاڵانت نیشانیان دەدات هەموو ئەمانە ئەو هیوایەن کە هەمیشە لە داودەرمان باشترن ، بۆنمونە لە کەناری ڕووبارەکە لە چەمی خەستەخانە کەپردێکمان هەبوو لەم شوێنەدا ئێمە ٤ یان ٥ بریندارێک دەماینەوە ، هەڤاڵانی ئێمە لە سەرومانەوە بەقەد یاڵەکانەوە بوون ، ڕۆژانە دوو سێجارێک ئاگەداریان دەکردینەوە کە دەنگی قسە و پێکەنینمان بەرزە ، ئەوەی کاریگەری لە من دەکرد قسەی فەرماندەکەمان بوو بەناوی (کاکە عەگید) کە خەڵکی لیجەی سەر بە ئامەد بوو پێی دەووتم " زوو خۆت چاک بکەرەوە " سەرەتا وامدەزانی کە پێم ڕادەبوێرێت ، منیش پێم دەووت " برینەکەم ئەوەندەی ناو لەپێکە کەچی تۆ چیم پێدەڵێیت ؟ " لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا حاڵی بووم ، کورتترین ڕێ بۆ چاکبونەوەی برین ئەوەیە کە خۆت خۆتچاک بکەیتەوە ، هەموو دەرمانەکانمنا پێکهاتبوو لە چەند مەڵحەمێک و چۆراپ و چەندپارچە پەڕۆیەک ئەمانەم بەکارهێنا ئەمە هەموو دەرمانەکانمان بوون .
برینەکەت چەنێک سەختیش بێت ئەوەی گرنگە بۆ چاکبونەوەت داودەرمان نییە بەڵکو ئەو پەیوەندییە بەهێزە مەعنەویانەیە کە چاکت دەکاتەوە ، لە ئاکامدا بریندار دەبیت ، فیشەکێک دێتە ناو گۆشتەوە و لەشت کون دەکات ، خوێنت لێدەچۆڕێت ، لەوانەیە ئەگەر ئەم لێدانە نەبێت هەر ٥٠ ساڵێکی تر بژیت هەموو ئەو ساڵە دوای ئەم فیشەکە بە ٥ خولەک هەناسەت لێدەبڕێت ، وەک بە خۆڵەمێش بوونی کڵپەی ئاگرێکە ، هەست دەکەیت شتێکی گەرم لەشت دادەگرێت و دوای ماوەیەکی کورت لەشت ساردەبیتەوە وەک کوژانەوەی ئاگرێکی بە کڵپەیە ، ئەگەر لەو ماوە کورتە دانبەخۆتتدا بگریت لەوانەیە ڕێ لەو مردنە بگریت ، لەئاکامدا بریندار بوون لەناو هێزی گەریلادا لە مردن ناخۆشترە ، لەزۆر هەڤاڵدا بیستبووم کە مردن لە برینداربوون خۆشترە ، چونکە مەسەلە گرنگەکە لە دوای برینداربونەکە دەست پێدەکات ، شتە زەحمەتێکان زۆرن کە لە ژماردن نایەن ، هەرچییەک دەبێت با ببێت پێویستە مرۆڤ دەست بە چڵی ژیانەوە بگرێت ، بەڵام چۆن ؟ .
بۆ مانەوەت لە ژیاندا باوەڕبون و دەروونت هەبێت بەسە ، برینداربون لە قۆناغی سوقرات ئەچێت ژیان لەخۆیدا هەموو شتێک فێری مرۆڤ دەکات