ئەگەر تفەنگەکان" لە قەندیل بێدەنگ کران، ئەوا ئێمە دۆڕاوی یەکەم دەبین
Saturday, 02/03/2013, 12:00
لە دیسەمبەری ساڵی 1983دا لە ڕۆژێکی زستاندا، کە چەند پەڵە هەورێکی سپی بەری ئاسمانیان گربوو، هەورەکان دەهاتن و دەچوون، وەکو دەستی هونەرمەندێک بە فڵچەیەک وێنە لەسەر تابلۆی ئەو سروشتە جوانە بنەخشێنێت، وەها دەهاتە پێش چاو جار جارەش خۆر بە هەموو هێز و تینیەوە تێکەڵ بەو رەنگە سپیی و هەورە چلکنە دەبوو، مژدەی ژیانی دەدا بەو مەڵبەندە، بەفری جوان و سەرپۆشی ئاشتی تەنها لە سەر کێوە بڵندەکان وەک پیاوێکی نورانی مێزەر بەسەری بەساڵاچوو بەدی دەکرا، هەموو جوتیار و گاوان و خەڵکی گوند و ئەوانەی کە لە سەربازیی رایانکردبوو لە گوندەکەدا دەژیان، هاتنە دەرێ، تەنانەت منداڵی ناو پێشکەش لە خەوی قوڵ بەئاگا هاتبوون، گەڵەسەگی پاسەوانی شەوی ئەو گوندە نازدارەش لمۆزیان لەسەر دەستیان دانابوو خۆیان کزۆڵە لە بەر خۆرەکەدا هەڵخستبوو، باوێشکیان دەدا، وەک ئەوەی بیانەوێت ماندووبونی خۆیان دەربکەن، من مافیان پێدەدەم، چونکە ئێمە درەنگانێکی شەو بووینە میوانی ناوەختی ئەم گوندە. لەوە دەچوو، ئەوانیش بۆ پاسی شەوی داهاتوو خۆیان ئامادە کردبێت، بۆیە وا خۆیان دەکشانەوە و خۆیان هەڵخستبوو. ئێمەش دوایی ماڵئاوایی دوو دوو وەک ڕاهاتبووین لەگوند دوور کەوتینەوە. بۆ کوێ دەچوین؟ پرسیارێک بوو بێ وەڵام، بەڵام پێشمەرگەبووین و لەم مەڵبەندەدا لە بناری چیای سەختی "پیرەمەگروون" وەک قەڵایەکی بە ئەمەک هەتا لەچاو وون دەبووین بۆ چرکەیەکیش چاوی لێنەدەتروکانیدین، هەستمان دەکرد چەندە شانازی بەبونمانەوە دەکات. ئێمە لە هەر جێگەیەکەوە لەو قەڵا سەربەرزەمان دەڕوانی، کە سەردەمێکی زۆر بێماندووبوون بەرگری دەکات و ئەو جێگەیە چۆڵ ناکات خوێنی گەش بۆ دەمارەکانمان دەچوو، دەمان ووت "پیرەمەگروون" وەک چیای "فوجی" لە یابان پڕێتی لە چیرۆک، بەڵام کەس تاکو ئیشتا ناینووسێتەوە.
سەرەتا کە لە گوند دەرچووین، ڕێچکەکەمان خوار و خێچ بوو تا دوور دەکەوتینەوە زیاتر لە هێزێکی تەیار و بە دسپلین دەچوین، ئەو هاوڕێیەی لەگەڵ مندا ڕێگەی دەکرد باسی شەڕی پشگیریی هاوخوێنەکانمانی بۆ دەکردم لە ڕۆژهەڵات، ئەو باسی شەڕی گوندی "ئەلوەتان و ڕێگەی خانێ و گوندی کونەمشکە"ی بۆ دەگێڕامەوە باسی زستانی سەختی ئەو ناو چەیە و چیرۆکی بەفری بۆ دەکردم، کە چۆن ئەو مەڵبەندە لەو زستانەدا هەڵدەلەرزێنێ. منیش ڕادیۆیەکی خشيخشکەرم پێبوو کە دووپیلی گەورەم بەلاستیکێک لەپشتی بەستبوو لەسەر ئیستگەی کوردی بەغداد بوو، جار ناجارێک گۆرانییەکی خۆشی عەلی مەردان، حەسەن زیرەک، کاوێز ئاغا ... هتد لێدەدا و ئەگەرچی وەک زۆربەی گۆرانی بێژەکانی ئەم سەردەمە دەنگیشم زۆر ناخۆشە، بەڵام وەک ڕاهاتبووم لەگەڵیدا دەمگووتەوە.
لە ئاوایی دوور کەوتبووینەوە، کەچی جوتیارێک لە دوورڕا بانگی لێکردین ، ئێمە وەستاین و نامەیەکی قەدکراوی پێبوو لەو دیو ڕاهاتبوو، دایە دەست بەرپرسەکەمان . لامان سەیربوو، کەچی زۆر گوێمان پێنەدا، بەڵام یارۆی بەرپرس بە فەرمانێکی سەربازییانە پێی ڕاگەیاندین کە تەقە وەستاوە. وتمان بۆچی؟ بەرپرسەکامان بۆ خۆشی نەیدەزانی چیمان پێبڵێت، چونکە رووداوێکی چاوەڕوان نەکراو بوو لە لای ئێمە، بەتایبەتی لای من، چونکە جارێ لە مانای شەڕ کردن نەگەیشتبووم، چ جای ئەوەی لە شەڕ ڕادەگرتین تێبگەم. من لەخۆم دەپرسی بۆچی ئێمە شير ڕادەگرین؟
"ئەوەی ی.ن.ک پرسی بە هەموو کادرەکانی سیاسی و پێشمەرگەکانی خۆی کرد . پرسی بە هەموو ئەنجومەن و خەڵکی ناوچە ڕزگارکراوەکان نەکرد" لاپەڕەی 68 کتێبی "گفتوگۆی شۆڕش لەگەڵ میری".
ڕۆژێکی چەند سەیربوو! کە بە پیرەمەگرووندا هەڵزناین و شۆڕبووینەوە بەرەو گوندی "قزلەر" لەوێوە چووینە دۆڵەڕووت هێشتا ئەم هەواڵە جێگەی گومان بوو، جێگەی گفتوگۆ بوو، کەچی ئەو جوتیارەی نامەکەی گەیاند، ئیتر بە ڕەنگێکی تر دوایی نامەکەی ئەو جوتیارە تامەزرۆی هەواڵی دوای تەقە وەستان بووین.
هێندەمان زانی ووتیان ئەوە سەرانی شۆڕش چوونەتە "بەغداد" پایتەختی سوڵتانی خوێن.
"ئەمە جۆرێکە لە خەبات شێوەیەکی دبلۆماسییە، چونکە ناکارێ ئێمە بەشەڕی چەکدارانە ڕژێم بڕوخێنین و عێراق بکەینە دیمکراسی، ئەوەتانێ هێزە پێشکەوتوخوازەکان لەگەڵمان نین " "گفتوگۆی شۆڕش لەگەڵ میری".
من ئەو دەمە تەمەنم 16ساڵ بوو لە دنیای سیاسەتدا و لەپەیڕەو پڕۆگرمی هەموو پارتیەکدا هاتووە، کە دەبێت ببێتە 18ساڵ ئەو دەم مافی ئەوەت هەیە، ببیتە ئەندام، بەڵام سروشتی کوردستان وەک ووڵاتێکی داگیر کراو ئەو یاساو ڕێسایە نایگرێتەوە .
ئێمە زانیمان گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا بەچی گەیشت، چونکە نەخوێندنەوەی دوژمن مانای وایە تۆ یاریکەرێکی نەزان و نەخوێندەواری. بەعس لە پڕۆگرامیدا نەبوو کورد بکاتە برابەش، بەڵکو لای بەعسییەکان کورد هەربوونی نەبوو، بۆیە لە یەکێک لەکۆبونەوەکانی سەرکردایەتی بەعسییەکاندا وەزیرێک ووتبووی خۆزگە بمان توانیایە هەموو شاخەکانیان لەگەڵ زەوی تەخت بکەین، کێشەی کوردمان بە چەند ڕۆژێک لەگەڵ شاخاکاندا یەکلا دەکردەوە.
ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ڕژێمەکەی تورکیا دەیەوێت گفتوگۆ بکات، یان لەگفتووگۆدان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا. خوێندنەوە بۆ ئەم قۆناغە زۆر تایبەتمەندە دەتوانین بڵێین ئەوە تەنها تایبەت نییە بەکێشەی کورد لە باکوور، بەڵکو ئەمە کێشەیەکی جیهانییە و وەک دەیبینین، چەند ووڵاتێک گەشەی ئابوریی سەیر دەکەن "چین و هند و بەرازیل و چەند ووڵاتێکی تر. ئیتر ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا دەیانەوێت جارێکی تر نەخشە ڕێگای ژیانیان لە بەرگێکی تردا بنەخشێنن و لەشێوەیەکی تردا داگیرکەری خۆیان درێژە پێبدەن" سەرانی کوردی باشوور، واتە مەسعود و تالەبانی لە دنیای سیاسەتەدا منداڵن و دەرەقەتی نایەت، تەنها وەکو مندڵ بۆ پارە و گیرفانپڕکردنی خۆیان دەکڕوزێنەوە.
عەبدوڵا ئۆج ئالان لە کتێبی بەرگریکردن لە گەلێک لە ڕاپەڕە 11دا دەڵێت. ئیتر دەبێ کۆتایی بە بڕیاری بەکار هێنانی کارتی کورد بهێنرێ، کە لەسەردەمی ئاواکردنی کۆمار بە مەسەلەی موسڵ / کەرکوک لەنێوان تورکیا و ڕۆژئاوا دەستی پێکرد "
لەهەمان سەرچاوەدا "ئاپۆ" بەئاگاییەوە دەڵێ "لەگەڵ ئەمەشدا بەردەوام نەریتی "بنەماڵەگەرێتی" کورد لە ئارادا دەهێڵرێت، کە تا قوڕک کەوتۆتە خیانەت و بەکرێگیراوەتی .
کاتێک سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی بڕیاری گفتووگۆی دا،گەرمەی شەڕی" ئێران عێراق" بوو ئەمڕۆژ کورد لە ڕۆژئاوادا لەپێگەی ئازادی نزیک بۆتەوە و تورکان چاویان بەوە هەڵنایەت و بۆ ئەوان جێگای قبوڵ کردن نییە . بۆیە کاتێک لەڕێگەی بنەماڵەی بارزانییەوە لەهەوڵی تێکدانی ئەو بەشەیدابوون، پارتی کرێکاران جوامێرانە ڕێگەیان بەو یاریە قێزەونە گرت، ئیتر تورکیا و ئەمەریکێییەکان کەوتنە دۆزینەوەی یاریەکی تر کە بانگەوازی ئاشتی و پێکەوە ژیان بکەن، لەڕێگەی ئیمراڵێوە دەیانەوێت یاریەکە درێژ بکەنەوە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە، ئەم یارییکردن و فێڵکردن لە کوردە بەکوێ دەگات؟ ئەم گفتوگۆیە بەرەو چ ئاراستەیەک دەچێت؟
ساڵی 1985 "برایمی عەلیزادە" مان لە هۆردوگای کۆمەڵە بینی، لەبارەی گفتوگۆوە پرسیارمان لێیکرد: داخۆ بۆ ئەنجامی نەبوو گێڕایەوە ووتی ڕۆژێک" مام جەلال" بەرلەوەی بچێتە ناو یاری گفتوگۆوە پرسیاری کرد تا ڕای خۆمانیان پێبڵێن ئەویش ووتی گەر هەر هەنگاوێکتان نا لەخەڵکی مەشارنەوە سەرکەوتوو دەبن.
ئەوە ئەزمونێکی چاک بوو قسەیەکی بەجێ بوو بۆ ئەمڕۆش دەکارێت جێگەی برەو پێدان بێت ، بەڵام گەر هەموو شتەکان بەشاراوەیی بڕوات ئەوە وەک شەهید کردنی خانمە شۆڕشگێرەکانی فەڕەنسا ڕووداوی تری ناقۆڵای بەدوادا دێت، سەرئەنجامیش بەهیچ ناگەین، بۆیە لێتان دەپاڕێمەوە هەرچێ دەکەن تفەنگەکان بابێدەنگ نەکرێت، چونکە ئەمە وەک چۆن فڕۆکەکانی ڕژێمی تورکیا هەر بەسەر ئاسمانی داگیر کراوماندا دەفڕن و دەڕشێنەوە.
بۆیە خوێندنەوە بۆ میژوو لەم کاتەدا ڕاوەستانێکی چاکە بەرامبەر ناکۆکییەک، کە داگیرکەران خوڵقاندویانە، من باوەڕم بە گفتوگۆ نییە ، چونکە کورد میللەتێکی سەیرە هەمیشە لەئ اشتیدا فێڵی لێکراوە، ئەوە شێخ سەعیدی پیران، ئەوە سمکۆی شکاک، ئەوە دەیان نمونەی تر کە مێژوومان پڕێتی لە ئەزموون. ئەگەر سەرکردایەتی قەندیل بێنە هەولێر یان سلێمانی بۆ دانوسان ئاگاداربن لەخ واردنەوەی ئاو، لە خواردنی نان . ئاخر تراژیدیایە کەسێکی وەک مەلا بەختیار ببێتە قسەکەری دانوسانی تورک و گەلی کورد لە باکور و نەسیحەتمان بکات. یان ئیسلامییە سیاسییەکانی کورد بێن و قسە لەسەر ئاشتی بکەن لە باکوردا، کە خۆیان پیاوی داگیرکەرانی کوردستانن. چەندین ساڵە ئێران و تورکیا بۆردمان و تۆپبارانی سنورە دەستکردەکان دەکەن ئەوان قسەیان نەکردوە و هەڵوێستیان نەبووە، ئەمڕۆ قسە دەکەن لەسەر گەلێکی زیندوو کە 96 شارەوانی بەدەستەوەیە.
ئێمە بۆنی بەهاری شۆڕش دەکەین لە باکورەوە، با تفەنگەکان بێدەنگ نەبن، لەبێدەنگ کردنی تفەنگەکاند، ئێمە دۆڕاوی یەکەم دەبین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست