کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەڕ لە ماڵی خۆماندایە، کەچی سەیری سنور دەکەین

Thursday, 05/03/2015, 12:00


ئەمڕۆ بەشەقامی سابونکەراندا هاتمە خوارەوە، بینیم ڕەوەیەک دزداشە لەبەر و عەگالبەسەر بەقریوە قریوەوە دێنەخوارێ و خەڵکی خۆیانی بۆ لادەدەن.
لە ناو ئۆتۆمۆبێلەکانەوە گۆرانی شروگییە عەرەبیەکان دەبیستم و کاکی شوفێر ئاسودانە لە گەڵیا دەڵێتەوە.
لە تۆمارگاکان گۆرانی تورکی و عەرەبی و دەنگی ئەو مەلایانە دەبیستم، کە شەڕحی شەڕی" بەدر" دەکەن و باسی ئیمامەکان دەکەن، کە وەک پاڵەوان شمشێرەکانیان خوێنی لێ دەچۆڕێت.
باسی ئەو ئەسحابانە دەکەن کە سەری بڕاوی ئەبو جەهل بە بازاڕەکاندا دەگێڕن.
سواڵکەرەکان دەبینم کە بازنگی ئاڵتونیان لە دەستدایە و دەپاڕێنەوە بە عەرەبی و پیرێژنەکان دەبینم کە لەشەقامە قەرەباڵغەکەی مەولەوی کزۆڵە لەبەر باراندا دانیشتوون.
ئێرە نیشتمانێکی ئازادە و ٢٤ ساڵە ئازادیی لێدەچۆڕێت. نیشتمانێکە لەسەردەمی سوقراتەوە دیموکراسی سەرەتاتکێی لێدەکات. لێرە تابلۆی دوکان و ئوتێل و مۆڵەکان پێمان دەڵێن ئەم کوردستانە چۆن هەراج کراوە.
هۆڕنی ئۆتۆمۆبێل و بێڕێزی شۆفێرەکان پێمان دەڵێت ئەنفال، چ ئاسەوارێکی بۆ جێهێشتووین. گەڕەکەکانی شار ، ببورن گوندە دروستکراوەکان، پێمان دەڵێت لە شار چی دەگوزەرێت؟
سەردانی خەستەخانەی منداڵبونم کرد لە شەقامی قەنات، لە خانمێکی پەرستیارم پرسی عەرەبەکانیش لێرە منداڵیان دەبێت؟
بەپێکەنینەوە ووتی: ئێرە ئیتر شارێکی کوردی نییە، هەموو ڕۆژێک دوو سێ عەرەب ناسنامەی خۆیان لێرە تۆمار دەکەن. ئێرە شارێکە لە عێراق لە نیشتمانە زۆڵەکەی عەرەب.
جەند ساڵێکی تر ئەوان عەرەبی ڕەسەنی ئەم شارەن. ئەوسا سەرەی کوڕکەی تالەبانی دێت و جێگای باوکی دەگرێتەوە دەفەروێت، عەرەبە رەسەنەکانی سلێمانی هەموو مافێکیان لە سلێمانی پارێزراوە.
ئێرە سلێمانییە و تا بێت هۆردوگاکان زۆرتر دەکەن لە خوار بەرزنجەوە تا عەربەت کە لە دوو جێگە بۆ عەرەبە چاوڕەشەکان هۆردوگا لە میهر کراوەتەوە. کاتێک چوومە عەربەت بۆ هۆردوگا پۆلیسێکم دوان ووتی مامۆستا لە هەولێرەوە وەک خۆڵ ئاوارە ڕەوانەی ئێرە دەکەن. لێرە فرە حکومەتییە هیچ پلانێک نییە تا دێن زۆر دەبن و ناشگەڕێنەوە و ویستی گەڕانەوەیان نییە.
گەڕەکەکان پڕ بوون لە گەنجی عەرەب کە ئەمانە وەربوون لە شار و کۆڵان و گەرەکەکان تەی دەکەن. لەم ڕۆژانەدا کوردێک شۆفێری پاس لە شەقڵاوە لەگەڵ عەرەبێکدا دەماقاڵێی دەبێت، عەرەبەکە پێی دەڵێت :" ئەگەر پیاویت وەرە بۆ شيقڵاوە" لە شەقڵاوە ٣٢٠٠٠ کورد ژیان دەکان، بەڵام ٣٧٠٠٠ عەرەب کە هەمویان کۆنە بەعسێکانن لەوێ لەسایەی سەرۆک بارزانیدا ژیان دەکەن.
تاکسی چاو دەردەهێنێ، ئێستا شتێک نەماوە ناوی پیشە بێت، هەرچی کەسە یان بۆ فەسادی یان لە تاو ژیان و قەرز تاکسی دەهاژوێت. فەسادەکان ئەوانەن کە تەنها ئافرەت سەر دەخەن و کاتێک دادەبەزن ژمارەی خۆیانیان پێدەدەن ئەوان لایان گرنگ نییە کامە ئافرەت سەردەخەن، لایان وایە هەموو ئافرەتێک تەنها بوو ئیتر ئەوان دەتوانن دەستدرێژیان بکەنە سەر.
سبەینێ یادی ڕاپەڕینە، شار وەک هەموو ساڵێک کەناڵەکانی تێڤێ و ڕادیۆکان پڕ بوون لە یادی ڕاپەڕینێک کە کەس خۆشەویستی بۆ یادکرنەوەی نەماوە، چونکە بێ مانا بووە..
ئەم دەسەڵاتە و سەرانی هێندە ترسنۆکن ناوێرن لەدەرەوەی شار ژیان بکەن ، شار پڕ بوە لە قولەو تفەنگ و حیمایەی خەواڵو، کەچی هەموو ئەم نابەرپرسانە یەکی باخێکیان لە دەرەوەی شار داگیر کردوە، ئەمانە سروشتی ئەم ووڵاتەیان وا قێزەوەن کردوە، کە مرۆڤ ناتوانێ هەناسەبدات. دەیان کۆمپانیای دزێویان کردۆتەوە، شاخ و گوند و دۆڵەکانیان تەلبەند کردوە، باسی سیتەک دەکەم بۆ نمونە، شارێک لەوێ دروست کراوە کە کارەبای خۆڕایی بەکار دەهێنن، ئەوان لەوێ ناژین بەڵام هەمویان یەک دوو پاسەوان و باخەوانیان بۆ خانوەکانیان داناوە.  لەم بێموچەییەدا ئەمانە هەموو دنیایان داگیر کردوە.
بەزۆربەی دارتەلەکانی سلێمانیەوە بەتایبەتی ناو شارە وێنەیەکی ڕەش و سپی ئۆجەلان هەڵواسراوە، وێنەکە غەمگین ڕوو لەو قەرەباڵغی و چڵکنییەی شار دەکات، وێنەکە یادی پۆستەری شەهیدانت بیر دێنێتەوە، ئێستا دیوار نوسین نییە، بەڵام لەهەموو جێگەیەک ژمارەی وەستای سپلیت و باخبڕین و وەستای موبەڕیدە و دەیان وەستای تر ژمارەی مۆبایلەکانیان دیوارەکانی شاریان تەنیوە. ئێستا دەرگای ئاودەستی مزگەوتەکانیش ژمارەی "گەوادەکان و سۆزانێکان لێنوسراوە بووە بە شوێنی ڕیکلام کردن بۆ کار و کاسپییەکانیان، کۆڵانەکان جێگەیەکە بۆ ئەو عەرەبانەی کە چاویان کراوەتەوە، بۆ نمونە برادەرێک پێی ووتم ئەمڕۆ موختاری گەڕەک ئاگاداری دراوسییەکی کردووم کە هۆی چییە ئەم هەموو کەسە ڕوو ل ەماڵی دەکەن؟ دیارە ئەو پیاوە کە خەڵکی لای جەلەولایە خەریکی کاسپیەکی زۆر قێزەونە، ئەم ووڵاتە کۆمیداترین ووڵاتی سەر زەمینە، بەهەق و ناحەق قوتابخانەکان دادەخرێت، زانکۆکان کڵۆم دەدرێت ، فەرمانبەرەکان پشویانە، یادی ڕاپەڕین و باران بارینە، سەرما گەرما ڕەشەبا تەنانەت یادی سوپای عێراق و ١١ ئازار و یادی سەرکردەیەکی ترسنۆکیش دەبێتە پشوو، ئێرە جێگەیەکە هیچ پلانێکی تێدا نییە.
کتێبخانەی گشتی ئەو جێگەیەی کە ئێستا چۆڵ بووە و کەس کتێبی تێدا ناخوێنێتەوە، جگە لەوەش دار و بەردی بەسەر یەکەوە نەماوە و خەریکی نۆژەنکردنەوە بەو ناوەوە کتێبی تێدا دەدزرێت، ئەوەی جێگەی پێکەنینە سەردانی ژوورێکم کرد کە هەمووکەسێک دەتوانێ کتێبەکانی پێشکەشی کتێبخانە بکات، کۆمەڵێک خەڵکم دی، کە لە ژیانیاندا کتێب ناخوێنەوە کتێبخانەیەکیان بۆ داناون، ئێستا ناو نابەم، بەڵام لە کاتێکی تردا ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل لەسەر ئەوە دەنووسم و بەدوای هۆکارەکانیدا دەچم.
 
ئەو پیاوە پوچانە دەیانەوێت دەیانەوێت بە نەمری بمێنەوە، نازانن کە ئەم جارە ئەم گەلە توڕەبوو هەموو شتێکی ئەمانە تێک دەدات، بەرپرسەکان، کە لە گەڕەکێک هەوار هەڵدەدەن لە ترسنۆکی خۆیان و پارە زیادییان کەس نازانێ لەکوێیان بوو ، خانۆکانی دراوسێ و پشت و پاش هەمووی دەکڕن، نمونەی عیماد ئەحمەد لە عەقاری .
کە نەوشیروان مستەفا گۆڕانی دروست کرد پێیان دەوت نەوشیروان سلێمانچێتی دەکات و شارچێتی ناخۆش کردوە، کەس نازانێ ئەو پیاوە چی دەکات، نەک شاەچێتی ، بەڵکو وا لەسایەی ئەم پیاوانەوە سلێمانی بۆتە زبڵخانە و ئاستی ڕۆشبیریی و هونەر وا ڕۆچووە پیاو ڕۆژانە دەیبینێ، پاشان گۆرانیبێژ و هونەر و سینەما و کتێب و نوسین هەمووی هەراج کراوە.
لەم شارەدا دەڵێ چایخانەی شەعبە، وێنەی ترسنۆکەکان جاسوس، ئازا، شەهید، پیاوی بەعس، پیاوی ئینگلیز، شێت، ئاقڵ، مامۆستا، چایچی، هونەردۆست، وێنەکێش، پێشمەرگە، جامباز، هەمووی تێکەڵ بەیەک کراوە، هەمووی بەدیوارەکانی ناو چایخانەکەدا هەڵواسراون، وێنەی ئەم سەردیوارەی ناو چایخانەی شەعب وەک گۆڕستانەکان وان لەوێش بۆمان دەردەکەون، پێمان دەڵێن کە زەوقی زیندووکان چەندە و چییە؟
شار یەقدەکاتەوە کەس خاوەنی نییە، لێرە مەملەکەتێکە پڕێتی لە عەرەبانەی دەستگێڕ، دەرۆزەکەر، ئەنفالچی، ئەمن، ئاسایش، پۆلیس مروری مۆبایل بەگوێ ، ئافرەتی موحاجەبە و پانتۆڵ لەپێ و سوراوسپپیاوکەر، ئێرە فارس ووتەنی دەڵێیت "باخی وەحش"ە. ئێرە جێگەیەکە هەرکەسێک دێتەناویەوە ناڕوات، شار چەند کڵۆڵە؟ پارکی ناو گەڕەکە کۆنەکانی پیرمەسور و سابونکەران و مەڵکەندی پێمان دەڵێن شار بوە بە پارچەیەک ئاسنی ژەنگاوی و هەناسەی تێدا نادرێت، کەس بە کەس نییە، لێرە ناوی دوکانەکان کۆمێدیایەکە تەنها لە نوکتەی پیاوێکی قۆشمەچی دەچێت ئاخر هەرچی شتێکیان بیستبێت ناویان ناوە.
لەم نیشتمان و شارەدا هێشتا عەریزەنوسین برەوی خۆی هەیە. ئاخر عەریزە لەدنیادا نەماوە عەریزە بۆ نەخوێندەواران بوو، نەک بۆ ئەم سەردەمە، دار و بەرد کۆپێیە دوکانی ماساج قاوەی تورکی لەفەی نۆکا و و قاورمە، نانی گەرم، تەنانەت فێڵ لەهەموو شتێکدا دەکرێت، لەم زستانەدا تەماتەی تورکی و ماستی تورکیان ناوناوە تەماتەی کوردی و ماستی مەڕ. نانی جۆ بۆئەوەی ڕەش بێت، قاوەی تێکەڵ دەکەن.

لافیتەی ڕەشی پرسەکان دیمەنێکی ترە. کە پڕێتی لەداماوی ئەم کەلتورە و کەس نییە خەمخۆری بێت، مزگەوتەکان یەک دوو کاتژمێر بە مەلایەک و دوو بڵنگۆ و میکرۆفۆنێکەوە دوای نیوەڕوان بۆ ڕۆحی مردوویەکی ئاراقخۆر ئایەتی پچڕ پچر دەخوێنرێت، ئەو ئایەتانەی هیچ پەیوەندی بە مردنەوە نییە، پرسەکان پڕێتی لە ڕیاکاری، ئەویش وەک لایکی ناو فەیس بوکی لێهاتوە، لایک نەکەیت لایکت بۆ ناکرێت ، پرسەش وایە، ئەگەر نەچی بۆ پرسە نایەنە پرسەت، گەر خۆشت لاربیتەوە، خێمەی بەرماڵەکانیش لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەو کەڵچەرەی عەرەبیان هێناوە و شاریان پێ ناشرین کردووە،  لەکۆڵانەکاندا خێمەیەکی زل و زەبەلاح هەڵدەدرێت کە مایەی پێکەنینە، نەک خەمخواردن بۆ پرسەکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە