ئیسلامیەکانی کوردستان، لەکوێی خشتەی ڕاپەڕیندان؟
Tuesday, 15/02/2011, 12:00
جوانترین و پڕشکۆمەندەترین وێنە لە شۆڕشەکانی گەلانی چەوساوەی تونس و میسر درکمان پێکردبێ ئەوەبوە، گەلانی عەرەبی و موسڵمان ئەو وێنە قێزەونو ناشرینانە نەبوون کە سەرۆکەکانیان لەلای خۆرئاواو جیهان ئەیان دا بەگوێی میدیاو خەڵکی ئەو ووڵاتانەدا، بەپێچەوانەوە هەنووکە دەرکەوت لەپشت هەر ناشرینکردنی ئەو تابلۆیانەدا، تەنها دەسەڵاتی مافیایی و میلەت کوژی ئەم گەلە چەوساوەنەوە بووە. هەموو گێتی بەگشتی و خۆرئاواو سیستمە دیموکراتەکان بۆیان ڕۆشن بوو کە گەلانی عەرەبی و ئیسلامی نمونەی هاوڵاتی سەردەم و خۆهەستکردن بەبەرپرسیاری وئاشتیخوازن، ئەم گەلانە گەر هەلیان بۆ بڕەخسێ هیچ کەمتر ناکەن لەگەلانی خۆرئاواو پێشکەوتوو خوازەکان.
گەلانی عەرەبی و موسڵمانی هەریەکە لەتونس و میسر توانیان ببنە مەشخەڵ بۆ دەورو بەرو نمونەی نەفەس درێژی و بەرخودان و بەرگری لەمافە ڕەواکانی مرۆڤ و مافە سەرەتاییەکانیان بن، گەر بێتو ئەم ستایلە درێژە بکێشێ، کەهەرواشە، ئەوا گەلی کوردیش ئەو شەرەفە بۆ خۆی تۆمار ئەکا و نایەوێ لەو ڕەوڕەوە مێژوویە دوابکەوێ، هەر بەلا ڕێ بردنێك لەم پێش بڕکێیە مانای دواکەوتن و هەڵکەندنی چاڵی نەهامەتی و هەژاریە بۆ نەوەکانی دی دێ.
ئیسلام وەك ئایین ، وەیان وەك هەر ئایدۆلۆژیایەك نمونەی یەکسانی و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و گەندەڵیە، شێوازی حکومڕانی لەسەر بنچینەی توانا و لێهاتووییە، ئەمە سەرباری ئەوەی هەڵبژاردن لەڕێگای شوراو پیاوانی خاوەن ئەزموون و پاك و بێگەردیەوە بووە، گەر گەڕانەوەیەکی خێرا بەمێژووی دوای مردنی محەمەد بکەین ئەوا ئەبینین، کە دوای مردنی کەسێکی خزمی خۆیی و لەبنەمەڵەی ئەو جێگەی نەگرتەوە، بەپێچەوانەوە کەسێکی هاوڕێ و پاك و بێگەرد لەهەموو خەوش و ڕەفتاری ناشرین کاری جێگرەوەی گرتەوەو کاتێ کەئەویش ناما بەهەمان شێوە هیچی دوای خۆی بەجێ نەهێشت. کەچی ئێستا لەهەموو ووڵاتە ئیسلامی و عەرەبی و بەکوردستانەکەی خۆشمانەوە ، تەنها ئیسلام وەك ناو لێرە هەیەو هیچ پرنسیپێکی جوان و ئامۆژگاری و هێڵە گشتیەکانی بەدی ناکرێ، ئەوەتا سەرۆك خاوەنی چەندین ملیارەو میلەت نان نیە بیخوا، ئەوەتا سەرۆك خۆی زرت و زیندوە پەیامی ئەوەدا ئەدا بەهاوڵاتیانی کە کوڕە زاکەی ئەبێ بەسەرۆك و سەردارتان. لەکوێێ ئیسلامدا ئەم کارانە بەدی ئەکرێ؟؟
ئیسلام دژی نایەکسانی بازرگانە چاوبرسیەکانی بنەمەڵەی (قوڕەیش)و بەزۆر زیندەبەچاڵکردنی مێینە و بازرگانی کردن بەمرۆڤ وەك کۆیلە هاتە مەیدانەکەو سەرکەوتنی وەدەست هێنا، لێ ئێستا ئەوانەی نمونەی (بن عەلی و موبارەك و مەسعود و جەلال) چی نەماوە دژی مرۆڤەکانی خۆیان نەیکەن!!!! ئایا ئەمانە شایەنەی ئەوەن بەناوی ئیسلامەوە پەیام بدەن و خۆیان وەك ئیسلام بناسێنن؟؟ نەخێر و سەد جار نەخێر، ئەمانە هیچیان لە (عومەر بن عەبدوولعەزیر)ناچێ ، کاتێ تەنها یەك هەژار لەسەردەستی ئەو نەمابوو، ئەمانە هیچیان فڕیان بەسەر ئیسلامەوە نیەو جگە لەبازرگانی پێوەی تەنها خەریکی بەهەژارکردن و کۆیلەکردنی کۆمەڵگەکەمانن، بەڕاستی وایە، ئەمڕۆ ئیسلام لەسیستمە دیموکراتە پێشکەوتوخوازەکان پێڕەو ئەکرێ ئیسلامیش نین و لە ووڵاتە ئیسلام و عەرەبەکان کەسەرو بنی زمانیان ئایین دۆزی و خۆشەویستیە بۆ یەزدان و موحەمەد، بەدی ناکرێ.
دوو توێژی گرنگ لە کۆمەلگەی کوردەواری گەلێ زوڵم وستەمی لێکراوەو بەردەوام لێشی ئەکرێ، یەکێکیان توێژێکی کۆمەڵایەتیە کەبریتیە لە چینی مێینە ، ئەمەش هەر دەسەڵاتی سیاسی لێی بەرپرسیارە بەشێوەیەکی گشتی و سیستمی خێڵەکیانە پشکی شێری هەیە لەو بێ دادیەدا. چینی دووەم کەخۆی لەچێنێکی سیاسیدا ئەبێنێتەوە، ئەویش ئیسلامیەکانە، لەڕاستیدا ئەم چینە لەهەموو کاتێکدا بەچاوی دوژمن و ناحەز لێیان ڕوێنراوە. بۆیە ئەم توێژە سیاسیە گەلێ جار تووشی غوبن و زوڵم و زۆری بێ وێنە هاتوون و بەردەوامیش مافیان ئەخورێ. ئەم پارت و ڕێكخراو بزاووتانە لەسەرەتاوە تا هەنووکەش سروشتێکی ئوپۆزیسێۆنیان هەبوە، واتا تا ئێستا هەلیان بۆ نەڕەخساوە ڕەشمەی دەسەڵات وەربگرن، بەمانایەکی ئاسانتر هەلیان نەدراوەتێ تا بیسەلمێنن بەڵی ئەمان ئەتوانن نمونەی یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتی کورد بێننە ئاراوە. کاتێ ئەم هەلە دابین نەکراوە، ئێ بۆ ئەبێ بەچاوی دژەوە سەیر بکرێن؟؟ ئەز دڵنیام ئیسلامیەکانی لەمەڕ خۆمان گەلێ پاك و بەتواناو بلیمەتن، بۆیە پێوستە لە سرۆشتی ئەو بەرگە پێیان دووردراوە دەرنەچن و لەتەك ئەوانەدا سەنگەر لەدژی مافیاکان بگرن کەمافی نەك هەر گەل، بەڵکە مافی سیاسی ئەمانیشیان حەپەلووش کردوە.
ئیسلامی سیاسی کوردی پێوستە لەتەك گۆڕان و جەماوەری کوردا هاوپەیمانی ببەستن و خۆیان بۆ حکومەتی تەکنۆکراتی ئایندە ئامادە بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست