کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سکانداڵی دەسبەرداربوونی کەرکوك لەبەرامەر نەوتدا (بەشی یەکەم)

Sunday, 26/01/2014, 12:00


رۆژی ٣١/١٢/٢٠١٣ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار توانی سەرکەوتوانە نەوتەکەی لەدەرەوەی دەسەڵات‌و سانسۆری عێڕاقداو لە رێگای تورکیاوە بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان .


جێگای سەرنج‌و تێڕامانە ئەم هەواڵە هاوکات بوو لەگەڵ پێنجەمین ساڵڕۆژی بەسەرچونی وادەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراقی. هەروەک لەمادەکەدا هاتوە، دەبوایە تا ٣١/١٢/٢٠٠٧ هەموو برگەکانی ئەو مادەیە (کەبریتین لەسڕینەوەی ئاسەوارەکانی تەعریب لەکەرکوک‌و ناوچەدابڕاوەکانی تر؛ ئەنجامدانی سەرژمێریەک لەناوچەکەداو دواجاریش ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنوسی ناوچەکە) جێبەجێبکرایە.بەداخەوە نە لەو وادەیەداو نەدوای تێپەڕبونی پێنج ساڵ بەسەر وادەکەدا هیچ کام لەبڕگەکانی ئەو مادەیە جێبەجێنەکراون.لەدەستدانی ئەم هەلە مێژوییە دەکرێت بەیەکێک لەگەورەترین شکست‌و هەڵەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، یەکێتی و پارتی، لەنیو سەدەی رابردودا هەژماربکرێت. رەنگە نەوەکانی ئایندە ٣١/١٢ وەک رۆژی دەسبەرداربونی نزیکەی ٤٠%ی خاکی کوردستانی باشور (عێڕاق) بۆ سەرانی ئەو دوو حزبە تۆمار بکەن.


راگەیاندنی هەناردەکردنی یەکەم وەجبەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان لەهەمان ساڵڕۆژی بەسەرچونی مادەی ١٤٠دا رێککەوتێکی حیساب بۆنەکراو نیە. لەڕاستیدا ئەوە ئاماژەیەکی رونە بۆ رێککەوتنێکی رانەگەینراوی نێوان سەرانی دوو حزبە کوردیەکە (بەتایبەت پارتی) لەگەڵ چەند وڵاتێکی ناوچەکە (بەتایبەت تورکیا). پوختەی رێککەوتنەکە بەم جۆرەیە: لایەنی هەرێم دەسبەرداری خواستی گەڕانەوەی کەرکوک‌و ناوچەدابڕاوەکانی تری کوردستان دەبێت، واتە هەوڵی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ نادات، لەبەرامبەریشدا تورکیا یارمەتی هەرێم دەدات تا نەوتەکەی بۆ بازاڕەکانی جیهان هەناردە بکات. ئەمەش بەهەموو مانایەک سکانداڵێکە و دەکرێت بە سکانداڵی دەسبەرداربونی خاك لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوت پێناسە بکرێت.


سەرەتاکانی ئەو سکانداڵە دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ٢٠٠٨، کاتێک بۆ یەکەم جار لە ٢٨/١٠/٢٠٠٨دا گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی ئینتەرناشناڵ کرایسس گروپلەڕاپۆرتی ژمارە ٨٠ی خۆرهەڵاتی ناوەراستیدا پرۆژەیەکی ٤٨ لاپەڕەیی بەناونیشانی نەوت لەپێناو خاکدای بڵاوکردەوە. ئەو پرۆژەیە بەدرێژایی هاوینی ئەوساڵە کاری لەسەر کراوەو پرس‌و راوێژ بەزۆرێک لە پسپۆران‌و سیاسیەکانی هەرێم‌و تورکیا کراوە. پرۆژەکە لەسێ بڕگەی سەرەکی پێکهاتوە کەبریتین لە: (١)هەرێمی کوردستان چیتر داوای گەڕانەوەی کەرکوک ناکات؛ (٢) هەرێمی کوردستان گەمارۆ دەخاتە سەر قەندیل‌و رێگری لەجموجۆڵی هەڵسوڕاوانی ئەو حزبە دەکات؛ (٣) تورکیا پەیوەندی فەرمی لەگەڵ هەرێم دادەمەزرێنێت‌و هاوکاری هەرێم دەکات تا نەوتەکەی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.


بەلەبەرچاوگرتنی فاکتەرگەلی خوارەوە دەکرێت بگوترێت کە پرۆژەی نەوت لەپێناو خاکدا پرۆژەیەکی تورکیە و لەڕێگای گروپی قەیرانی نێودەوڵەتیەوە پێشکەشکراوە: یەکەم؛ سروشتی کارکردن‌و ئەرکی سەرەکی ئەم رێکخراوە سەقامگیری وڵاتانە، نەک مافی نەتەوە و کەمینەکان، بۆیەش هەمیشە بەرژەوەندی رژێمەکان لەبەرچاودەگرێت نەک بەرژەوەندی نەتەوە و کەمینەکان. دوەم، ئەم رێکخراوە تەنها ١٣٠ کارمەندی هەیە، بەڵام بودجەیەکی ساڵانەی ٢٠ ملیۆن دۆلاری هەیەو نیوەی ئەو فەندەش لەلایەن حکومەتەکانەوە (لەوانەش تورکیا) دابیندەکرێت، ئەمەش سەربەخۆیی رێکخراوەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

وەک لەزۆربەی راپۆرتەکانی پەیوەند بەکێشەی کورددا دەردەکەوێت، هەژمونی تورکیا بەسەر لقی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئەو گروپەدا بەئاشکرا دەبینرێت. سێیەم، پرۆژەکە بەحیساب تایبەتە بەچارەسەری کێشەکانی عێراق، بەڵام لەپرۆژەکەدا و بەتایبەت لەتەرحکردنی رێگاچارەدا تورکیا، نەک عێراق، وەک تەرەفی سەرەکی کێشەکە دەردەکەوێت. بۆ نمونە، جگە لەوەی نیگەرانیەکانی تورکیا دەکاتە پاساوێک بۆ دەستهەڵگرتنی کورد لەکەرکوک، مەسەلەی دژایەتیکردنی پەکەکەش، کەهیچ پەیوەندییەکی بەکێشەی کەرکوکەوە نیە، دەکاتە مەرجێکی تر بەسەر کورددا.


لەبەشی دوەمی ئەم بابەتەدا، کە لەگۆشەی نەوت و سیاسەتی پێنجشەممەی دهاتودا بڵاودەکرێتەوە، تیشک دەخەمەسەر ئەوەی چۆن لایەنە پەیوەندیدارەکان بەگشتی‌و حکومەتی هەرێم (پارتی وەک حزبی باڵادەست) بەتایبەتی کاریان لەسەر پرۆژەی دەسبەرداربونی کەرکوک لەبەرامبەر نەوتدا کردوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە