كۆتــــــــایی هــەڵبــــــــــــــــــــــــــــــــژاردنەكانی توركیا: سەركەوتنی داد و گەشەپێدان ریكۆردێكی نوێ لەمێژووی كۆماری عەلما�
Sunday, 19/06/2011, 12:00
هەڵبژاردنەكانی توركیا هەفتەی رابردوو بە ركابەری نێوان پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا بۆ گەیشتن بە پەرلەمان لەسەر كۆی 550 كورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە كۆتایی پێهات، ئەم خولە لەهەڵبژاردنە گشتییەكانی توركیا بەجیاوازی زۆر لەخولەكانی تر بەڕێوەچوو و بەشێوەیەك كە زۆربەی چاودێرانی سیاسی ناوخۆی توكیا لەسەر ئەو باوەڕە بوون كە پارتی كۆماری گەل (CHP) سەركەوتن بەدەست بهێنێ و كابینەی نوێی حكومەت پێكبێنێ، بەڵام ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان بۆ (رەجەب تەیب ئەردۆغان)ی سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان بوو، كە توانی رێژەی (50%)ی دەنگەكان بەدەستبێنێت و ریكۆردێكی نوێ لەمێژووی كۆماری توركیای عەلمانیدا تۆمار بكات، ئەویش بەوەی كە پارتی دادوگەشەپێدان كە هەڵگری باكگراوەندێكی ئیسلامیە لەسەر بنەمای زیندووكردنەوەی خەونی ئیمپراتۆریای عوسمانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك یەكەمین پارت لەمێژووی هەڵبژاردنی توركیادا بتوانێ بۆ جاری سێیەم سەركەوتن بەدەست بێنی و لەكۆی (550) كورسی پەرلەمانی توركیا (326) كورسی بۆ خۆی مسۆگەر بكات، كە ئەوەیش لەگەڵ ئەنجامی خولی هەڵبژاردنی پێشوو رێژەی دەنگەكانی زیادی كردووە، بەڵام بەرپرسانی پارتی دادوگەشەپێدان چاوەڕوانی دەنگی زیاتریان دەكرد، لەوەی كە ئێستا بەدەسیتان هێناوە، بەتایبەتی بۆ مەسەلەی هەمواركردنی یاسای بنەڕەتی توركیا و كۆمەڵێك گۆڕانكاری تر لەپەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، كە بە یەكێك لەگرنگترین خالەكانی ئەم هەڵبژاردنە نوێیە دادەنرێ، بەڵام ئێستا ئاكەپە بەتەنیا ناتوانێ یاسای توركیا هەموار بكات و ناچار دەبێ بۆ هەمواركردنی یاسای بنەڕەتی توركیا ریفراندۆمی گشتی لەتوركیا ئەنجامبدرێت. چونكە بۆ ئەوە دەبێ ژمارەی كورسیەكانی (367) بێت، واتە 41 كورسی تری پێویستە كە بتوانێ بەتەنیا یاسای گشتی توركیا لەپەرلەمانی تازەدا هەموار بكات.
نهێنی سەركەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان: پارتی داد و گەشەپێدان لەسەرەتای ساڵی (2002)وە دامەزراوەو تا ئێستا لەسێ خولی هەڵبژاردنە گشتییەكانی توركیادا توانیویەتی سەركەوتنی گەورە مسۆگەر بكات، بەشێوەیەك كە لەهەر خولی هەڵبژاردنەكاندا رێژەی دەنگی ئەو پارتە زیادی كردووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پرۆژە خەیاڵیەكانی ئەو پارتە كە هەندێك جار بە (پرۆژە شەیتانییەكان) ناوی دەبەن، بۆ نموونەی لەهەڵبژاردنی ئەم جارەدا پارتی داد و گەشەپێدان بە هەڵگرتنی دروشمی توركیا لە(2023)دا دەبێتە بەهەشتێكی گەورەو لەڕووی پێشكەوتنی ئابوری و پرۆژەی بیناسازی و كردنەوەی سەنتەری گەورەی ئابوری جیهان لەناوەندی توركیا، كۆتاییهێنان بە قەیرانی بێكاری، دابینكردنی هەلی كار بۆ هەموو گەنجان، هەمواركردنی دەستووری بنەڕەتی توركیا و كەمكردنەوەی هەژموونی هێزی سوپا و ژەنەراڵەكان لەسەر بڕیارە سیاسییەكان و گۆڕانكاری لەسیاسەتی دەرەوەی توركیا بە مەبەستی ئەندامبوونی توركیا لەیەكێتی ئەوروپا و چارەسەری پرسی كورد لەڕێگەی دیالۆگ و ئاشتی كە وەك كێشەی سەرەكی توركیایە، پارتی داد و گەشەپێدان توانیویەتی زۆرینەی دەنگەكان مسۆگەر بكات، چاوەڕوان دەكرێ لەدوای كۆتایی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان ئەندامانی پەرلەمانی نوێ بەتایبەتی پارتی داد و گەشەپێدان كاری جیدی بكەن، لەسەر ئەو دروشمانەی كە لەپروپاگەندەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارە بانگەشەیان بۆ دەكرد، بەڵام بەشێكی زۆر لەچاودێرانی سیاسی ناوخۆی توركیا رایان وایە كە ئەردۆغان و پارتەكەی ناتوانن هەموو ئەو پرۆژانە پراكتیزە بكەن، هەروەك خولی تری هەڵبژاردنەكانی پێشوو كە زۆرترین پرۆژە لەلایەن ئەو پارتەوە بانگەشەی بۆ كراوەو تا ئێستاش بەشێكی زۆری ئەو پرۆژانە هەر نەكەوتنە واری پراكتیكەوە، بەڵام ئەو پرسیارەی كە بەردەوام لەدوای هەڵبژاردنەكان خۆی دووبارە دەكاتەوە، ئەوەیە كە دوای هەڵبژاردن چ دەبێ و چ گۆڕانكارییەك روودەدات؟ ئایا ئەردۆغان دەتوانێ ئەو بەهەشتە خەیاڵییەی كە بانگەشەی بۆ دەكرد دروست بكات بۆ خەڵكی توركیا؟ بۆنموونە لەچوار ساڵی رابردوودا ئەردۆغان لەسەر مژاری پرسی كرانەوە بەڕووی كورددا و چارەسەری كێشەی كورد لەو وڵاتەدا زۆرترین بەڵێنی بە گەلی كورد داوە، بەڵام تا ئێستاش ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەسەر سنورەكان بەردەوامە و رۆژانەش هێرش دەكرێتە سەر شەڕڤانانی پەكەكە، لەگەڵ ئەوەی كە پەكەكە چەندین ئاگربەستی یەكلایەنەی راگەیاندووە.
رەوشی كورد لەم هەڵبژاردنەدا:
خاڵی هەرە گرنگ لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكانی توركیا مەسەلەی كوردەو پرسی كورد لەتوركیا هەمیشە بە سەنتەری یەكلاكردنەوە و چارەسەری قەیرانەكانی ناوخۆی توركیا دادەنرێت، بەڵام ئەوەی كە چاوەڕوان دەكرا كوردەكان لەو هەڵبژاردنەدا بە جیاواز لەخولی پێشووی پەرلەمانی توركیادا كە ئەو كات كورد (21) كورسیان بەدەستهێنا بوو، بەڵام لەم خولەدا توانیان ئەو رێژەیەی زیاد بكەن و بگەنە (35) كورسی، بەشێوەیەك كە ئێستا پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بە "سەركەوتنی ئەردۆغان و بەهاری كوردی" ناوی دەبەن، مەسەلەی كورد و دەنگدانی كوردەكان لەناو ئەم هاوكێشە سیاسییەدا جێی مشتومڕێكی زۆرە، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرجەم چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەو بۆچوونە كۆكن، كە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی توركیا دەبنە هۆی یەكلاكردنەوەی زۆر لەو دۆسێیە گرنگانەی كە ئەمڕۆ لەناوخۆ و دەرەوەدا باسی لێ دەكرێت، وەك "چارەنووسی دیموكراسی و ئەندامێتی یەكێتی ئەوروپا و دەستووری نوێ و دۆسیەی كورد" لەتوركیادا.
داوكارییەكانی كورد ناسنامە-ئۆتۆنۆمی-خوێندن بە زمانی دایك:
نوێنەری كورد لەو هەڵبژاردنەدا (بەرەی رەنج، دیموكراسی و ئازادی)بوو، بۆ داكۆكی لەناسنامە و مافە سیاسییەكانی گەلی كورد لەپەرلەمانی توركیادا، بەشداری كورد بە یەك لیستی و یەكگرتوویی توانی رێژەی دەنگی كورد زیاد بكات.
هەرچەندە لەزۆربەی شارە كوردییەكان ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدان توانیان دەنگی بەشێكی زۆری كورد بۆ خۆیان قازانج بكەن، ئەوەش پەیوەندی هەیە بە پرۆژەی كرانەوەی پرسی كورد كە پارتی داد و گەشەپێدان لەچوار ساڵی رابردوودا بەردەوام بانگەشەی بۆ دەكرد، بەڵام تا ئێستاش ئەو پرسە هەر وەك خۆی ماوەتەوەو لەگەڵ ئەویش كۆمەڵێك پێشكەوتنی بەرچاو هەیە لە رووی ئازادی كولتوری و راگەیاندن بۆ گەلی كورد، بەڵام هاوكات سیاسەتی ئینكار و ئاسمیلاسیۆنیش بەردەوام بووەو لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا زۆرترین گوشار و گرتنی ئەندامانی پارتی ئاشتی و دیموكراسی لەلایەن حكومەتی توركیا بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان بەڕێوەچووە، تا رادەیەك كە نزیكەی 6 ئەندام پەرلەمانتاری پارتی ئاشتی و دیموكراسی لەزیندانەوە دەگەنە ناو پەرلەمانی نوێی توركیا. دەرچوونی 6 پاڵێوراوی زیندانیكراوی پارتی ئاشتی و دیموكراسی بۆ پەرلەمانی توركیا بریتین لە: خەتیب دیجلە، سەلما ئرماك، كەمال ئاكتاش، فەیسەڵ ساری یلدز، ئیبراهیم ئایهان و گولسەر یڵدرم بوون.
ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بۆ كوردەكان لەزۆر لایەنەوە بە گرنگ سەیر دەكرێ، لەلایەن چاودێرانی سیاسی و هەروەها پارتی ئاشتی و دیموكراسی رایگەیاندوە كە دەبێ دەستورێكی نوێ دابڕێژرێتەوە. دەستورێكی سڤیل و دیموكراتیك كە هیچ ئەتنیكیك بە بنەما وەرنەگرێ و مافی خوێندن بە زمانی كوردی و ئۆتۆنۆمی بە كوردان بەبنەما وەربگرێ. ئەوەیش دەبێتە سەرەتاییەك بۆ كرانەوە و چارەسەری پرسی كورد لەتوركیا، لەلایەكی تر چاودێرانی سیاسی كورد بۆ شرۆڤەكردنی پرسی كورد و گۆڕانكارییەكانی ئەم چوار ساڵەی رابردووە لەناوخۆی توركیا و چارەسەری كێشەی كورد لەڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ لەڕوانگەیەكی جیاوازترەوە سەیری ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە دەكەن، بەتایبەتی بەدابەزینی رێژەی دەنگی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا، بۆیە هەم مەهەپە و هەمیش جەهەپە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە پرسی كورد بە رێگای هێزی سەربازی چارەسەری ناكرێ و دەبێ دەرگای گفتوگۆ بە رووی كوردا بكەنەوەو هەوڵبدەن بە شێوەیەكی یاسایی مافەكانی كورد جێگر بكەن لەیاسای نوێدا و كۆتایی بە مەسەلەی چەكداری پەكەكەش بێنن.
سیستەمی هەڵبژاردن لە توركیا:
لەهەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی توركیادا بەپێی ناوەندی لێكۆڵینەوەی توركیا لەكۆی (80) ملیۆن دانیشتوی ئەو وڵاتە 51 ملیۆن و (192) هەزار دەنگدەر بەشداری پرۆسەی دەنگدان دەبن، كۆی ركابەری نێوان پارت و رێكخراوە سیاسییەكان لەسەر (550) كورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەبێ كە لەنێوان 15 پارت و لایەنی سیاسی جیاوازدایە و لەناو هەموو ئەو پارت و رێكخراوانەدا دەتوانین ئاماژە بە ڕكابەری نێوان پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) كە توانی (50%)ی دەنگەكان بەدەست بێنی، پارتی كۆماری گەلی توركیا (CHP) توانی (25%)، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (MHP) توانی (13%)، پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP) توانی (13%) دەنگەكان مسۆگەر بكات، كە نوێنەرایەتی گەلی كورد دەكات لەباكوری كوردستان، ئەم چوار پارتە وەك كارەكتەری سەرەكی ناو مەیدانی هەڵبژاردنی گشتی توركیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست