حزبی زەحمەتكێشان لە گیرفانی پارتیدا
Thursday, 17/10/2013, 12:00
1153 بینراوە
لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان گروپی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، لەسەر داواكاری ودەست تێوەردانی پارتی ویەكیەتی، لیستی چاكسازی و گەشەیان تێكداو قادر عەزیزیان لەسەر ئەوەی لەگەل ئیسلامیەكان لیستی دروست كرد بوو تەجمید كردو دوایش دەریانپەڕاند...ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەتەواوی دەستیان بەسەر هەموو جومگەكانی ئەم حیزبەدا گرت ولەو رۆژەوە ئەوەی پێیان خۆش بێت كردوویانە، هەر كەسێك رۆژێك لە رۆژان یان لە بەرامبەر مەكتەب سیاسیەك رەخنەی گرتبێت، ئەوا دەركراوە یان بەجۆرێك لەجۆرەكان پەراوێزخراوە، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەتەواوی خەسێنراوە..هیچ كادیرێك بۆی نیە لەسەر سیاسەتی سەرەكی حزبەكە قسە بكات، هەرزوو مەكتەبی سیاسی دەكەونە وەڵام وبەتەواوی پەراوێزی دەخەن. لەهەمووشی سەیرتر ئەوەیە بەهۆی ئەم مەكتەب سیاسیەوە حزبی زەحمەتكێشان شكست لەدوای شكست دەچنێتەوە، بۆتە مەهزەلەی سیاسی لەكوردستان وتەنانەت ناتوانێت بەبێ ئیرادە وفەرمانی پارتی بچێتە ناو هەڵبژاردنیشەوە، بۆ نمونە لەم خولەی ئەم جارە لەسەر فەرمانی پارتی هاوپەیمانی لەگەلأ پارتی كرێكاران ورەنجدەرانی كوردستان بەست وكورسیەكەشی پێشكەش بەم حزبەی دروست كراوی پارتی كرد.
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەگەر راپرسی بكرێت لە كوردستان لەناو هەموو حزبەكان لەرووی خراپی و شكستەوە مەكتەبی سیاسیەكەی پلەی نایاب وەردەگرێت..بەڵام سەیرەكە ئەوەیە بەتەواوی راوقسەكردنی كادیرانیان تێكشكاندووە..بۆیە ئەم حزبە چۆتە گیرفانی پارتی.
لێرەدا دەمەوێت دوو سێ شت بگێڕمەوە، رۆژێك لە چێشتخانەیەك بووین، چەند كەسێكی مەكتەبی سیاسی هاتن بۆ ئەم چێشتخانەیەو پارەی نانەكەی ئێمەشیان دا.. لەكاتی گفتوگۆ لەسەر مێزی نان خواردنەكە هەواڵی زەحمەتكێشانم لە حاكم ئەحمد مەحمود ئەندامی مەكتەبی سیاسی پرسی؟ پێش ئەوەی وەڵامم باتەوە بە پێكەنینەوە گوتی: تۆ هاوڕێی ئێمە بوویت بۆچی نایەیەتەوە ناو حزب وئێمە مەوقیعی خۆتت پێ دەدەین. منیش گوتم ئەگەر حاڵی زەحمەتكێشان باش بێت، من شانازی پێوە دەكەم كە ماوەیەك لەریزی ئەم حزبە كارم كردوە، دیاربوو زۆر باش باسی ناوخۆی حزبی كردو گوتی هیچ كێشەیەكی گەورەو خراپی ئەوتۆمان نیە.
لەم رۆژانەشدا ئێوارەیەك لە شەقامی مەولەوی، ئەندامێكی سلێمانیان كە كۆنە دۆست وهاورێمە بینیم، لێم پرسی ئەنجامی سەرەتایی دەنگەكانی هەڵبژاردن بلاوكراوەتەوە، وەزعی زەحمەتكێشان چۆنە؟ ئەم هاورێیە زۆر بەبێ تاقەتی گوتی دەنگی چی وكورسی چی؟ نەك هەر دەنگ بەڵكو زەحمەتكێشان خۆی لەناو گیرفانی پارتیدایە؟.