کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە نێوان شەهید (نەقیب ئەسعەد)ى گۆڕان و سەرۆكى دیوانى پەرلەمانی گۆڕان

Saturday, 28/06/2014, 12:00


ئەوەى كوردستانپۆست كاتى خۆى فەرمووى باشترین وەڵام و تۆڵە بوو لەم دەسەڵاتدار و حیزب وهێزە سیاسییانە، ئەویش بایكۆت كردنى دەنگدان و نەچوون بوو بۆ بەردەم سندوقی دەنگدان، خۆم ئێستا پەشیمانم، بۆم دەركەوت كە بەڵێ هەڵەبووم چووم و دەنگم دا.

ئەو كاتەى خەڵك بەهیواو ئومێدێكى گەورەوە ڕووى لە گۆڕان كرد و دەنگیان بەو بزوتنەوە تازەیە دا، باوكى ڕەحمەتیم گووتى ووریابن نابێت ئەوەتان بیربچێت ئەمانە لەهەناوى یەكێتیەوە هاتوونەتە دەرێ گۆڕانى ئەمانە زۆر ئەستەمە، بەردەوام دەیگووت (تاشە بەردێک هەر بەردە ئەگەر بشبێت بە پەنجا پارچەوە) ئەو شەش ساڵ بەر لە ئێستا باسى ئێستاى گۆڕانى دەكرد و دەیگوت دڵنیام خەڵكى دڵسۆزو تێكۆشەر دەبێتە قوربانى و نانبڕاو دەكرێت، هێندێكیش دێنە سەر سفرەى حازر، ئەو لە 2011 کۆچی دوایی كرد، ئێستا وا خەریكە قسەكانى دێنە دى.

ڕۆژى پێنج شەمە بەروارى 19 / 6 / 2014 هەڵسوڕاوێكى گۆڕان بەناوى نەقیب ئەسعەد بەهجەت جەبارى لەموسڵ لەڕووبەڕووبوونەوەى داعش شەهید بوو، ناوبراو لەسەرەتاى دروست بوونى گۆڕانەوە پشتگیرى بزوتنەوەكەى كردووە بەو هۆیەوە چەندین جار سزا دراوە لەدواین هەڵبژاردنى 30 / 4 / 2014 دیسانەوە سزا دراوەتەوە یەكێك بووە لە وانەى ڕێگەپێدراوى كۆمسیۆن بووە لەئەلبیسەكەى سلێمانى و لەلایەن دژە تیرۆرەوە ڕفێنراوە دواتر لەسەر شاشە ڕووڕەشەكەى گەلى كوردستان و كوردسات وەك تاوانبار نیشاندراون تا ئەم چركە ساتەش تفەنگەكەى لە پۆلیسى سەرچنار دەستى بەسەرداگیراوە.
لەڕابردوو زۆرمان ڕەخنە لەپارتى و یەكێتى گرت زۆر بەراوردمان كرد لەنێوان كەسى تێكۆشەرو كەسى فایلدار یان شەهیدى قارەمان و شەهیدى بن دیوار پێمان وابوو گۆڕان جیاواز دەبێت و وەك ئەوان نابێت بەڵام واخەریكە هەمان ڕێچكەى ئەوان دەگرێت بائێستا بێین و بەرواردێك بكەین لەنێوان سەرۆكى دیوانى پەرلەمان كەگۆڕانەو شەهید ئەسعەد یش كەگۆڕان بووە ئەوسا ئێوە بڕیار بدەن بزانن كێ دەبێتە قوربانى و كێن ئەوانەشى سوارى دەنگى خەڵك دەبن و پۆست وەردەگرن.
لەگەڵ وەرگرتنى پۆستى سەرۆكى پەرلەمان لەلایەن گۆڕانەوە كۆمەڵێك هەڵسوڕاوى گۆڕان برانە پەرلەمان بەناوى ڕاوێژكارو پۆستى تر یەكێك لەوانە دیلمان محەمەدى سەرۆكى دیوانى پەرلەمانە كەزاواى بریكارى وەزیرى پێشووى پێشمەرگەى ئیدارەى سلێمانی یەكێتیە واتا بەڕێزیان تا ئێستا نەكەسى سزا دراوە نەكەسیشى نان بڕاو كراوە بەڵكو خەزوورى بەنایاسایی شەش ساڵ بەر لەئێستا زەوى لەشارۆچكەى چوارقوڕنە بۆ وەرگرتووە، لەناو گۆڕانیش كەسێكى سەركەوتوو نەبووە بەڵام لەبەرئەوەى لەگردەكە بووەو ئەڵقە لەگوێی ئەوان بووەو هاوشانى لێپسراوى نووسینگەى تایبەتى نەوشیروان مستەفا ئەویش براوە بۆ پەرلەمان ناوبراو لە 2010 كاندیدى گۆڕان بوو بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و كەمترین دەنگى هێنا دوایى كرا بەسەرپەرشتیارى سنوورى بادینان، كە گۆڕان لەهەڵبژاردنى 21 / 9 / 2013 بەراورد بە هەڵبژاردنى 7 / 3 / 2010 سەدا پەنجاى دەنگەكانى كەمى كرد بەهێنانەوەى هوشیارعابید و بردنەوەى بۆ ئەو ناوچەیە لەهەڵبژاردنى 30 / 4 / 2014 گۆڕان ئەو دەنگانەى هێنایەوە كە بەهۆى ئەم زاتەوە سەرۆكى ئێستاى دیوانى پەرلەمان لە دەستى دابوو واتا ئەمانە بەڵگەى ئەوەن كە ئەم بەڕێزە سەركەوتوو نەبووە ئیتر چۆن كراوەتە سەرۆكى دیوانى پەرلەمان؟ ئەوا دەبێ سەرانى گردەكە وەڵامى دەنگدەرانى گۆڕان و ئەندامان و هەواداران و هەڵسوڕاوانى خۆیان بدەنەوە، ناوبراو بەهۆى ماڵە خەزورانى بەردەوام لەوپەڕى خۆشى و ڕابواردن و گەشت بووە.


واتا ئەوكاتەى تێكۆشەرێكى وەك شەهید بەهجەت سزا دراوەو نان بڕاو كراوە ئەم قاچێكى لەناو یەكێتى بووە قاچێكیش لەناو گۆڕان ؟ واتا نان بڕین و سزادان و هەڕەشەو چاوسووركردنەوە تەنها بۆ خەڵكى فەقیرو بێ پشتیوان و بێ دەسەڵاتى خوارەوە بووە، لەهەمووشى كارەساتتر ئەوەیە لەكۆتا هەڵبژاردنى 30 / 4 / 2014 مامى هاوسەرەكەى كاندیدى یەكێتى بووە بۆ پەرلەمانى عێراق بەدرێژایى هەڵمەتى هەڵبژاردن هاوسەرەكەى كارى بۆ مامى خۆى كردووە.


كاكم لە گردەكە بەپەڕۆى نیلى هاوسەرەكەشى هاوشانى مامى لەمەڵبەند و كۆمیتەكان بەپەڕۆى سەوز، ئەو كاتەشى كاكم دەبرێتە پەرلەمان و دەكرێتە سەرۆكى دیوان بۆ ئەوەى موچە و ڤێلاو ئیمتیازاتى باش وەربگرێت شەهید ئەسعەد جەباریش سزا دەدرێت و دەكرێتە تاوانبارو دەبرێتە پێشەوەى بەرەكانى جەنگ بۆ ئەوەى شەهید بكرێت، لەهەموو ئەوانەش كارەساتبارتر ئەوە بوو (نە سایتى سبەى، نە KNN) ئامادە نەبوون ناوى گەلى كوردستان و كوردسات بهێنن بڵێن ئەم دوو كەناڵەبوون شەهید ئەسعەد و هاوكارەكانیان وەك تاوانبار نیشاندا، سایتى سبەى ڕۆژى 19 / 6 / 2014 كەهەواڵەكەى دابەزاندبوو نووسیبووى (لە كەناڵێكى دەسەڵات وەك تاوانبار نیشاندرا بوو).كەى ئێن ئێن یش لەهەواڵەكانى كاتژمێر 11 ى بەیانى ڕۆژى هەینى 20 / 6 / 2014 تەنها وەك هەواڵێك خوێندیەوە ئەو وێنەیەشى نیشان نەدا، كە كاتى خۆى لەگەلى كوردستان و كوردساتەوە نیشان درا، تەنها گرتەیەكى ناو دادگاى سلێمانى لەگەڵ هەواڵەكە نیشاندا.

لێرەدا ئەوەى مەبەستمە چەند خاڵێكە....:
1_ ئەوەى سزا دەدرێ و دەبێتە قوربانى تەنها خەڵكى خوارەوەیە.
2_ ئەوەى پۆست وەردەگرێ و دەچێتە پێش تەنها ئەوانن كە لە سەرەوەن و لە نزیک و دەورى خۆیانن.
3 _ ئەوان خۆیان هیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نییە (سەركردەكانى گۆڕان و یەكێتى) وەك ئەوەى دەڵێن كوڕى بەرپرسێكى باڵاى یەكێتى ئەندامى كۆنگرەى گۆڕان بووە هاوسەرى ئەم زاتەش دەنگى داوە بە یەكێتى.(دوورنییە جەنابى خۆشى دەنگى دابێ بە یەكێتى).
4 _ خەڵكى خوارەوە بێئاگا و خەوتوون، ئەوەى كوردستانپۆست كاتى خۆى فەرمووى باشترین وەڵام و تۆڵە بوو لەم دەسەڵاتدار و حیزب وهێزە سیاسییانە، ئەویش بایكۆت كردنى دەنگدان و نەچوون بوو بۆ بەردەم سندوقی دەنگدان، خۆم ئێستا پەشیمانم و بۆم دەركەوت كە بەڵێ هەڵەبووم چووم و دەنگم دا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە