کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێویستە بارزانی ئەمجارە دەست لەكاربكێشێتەوە

Wednesday, 23/02/2011, 12:00




بارزانی ناتوانێ پشتگیری فەرمی پۆلیسێكی نەتەوەیەكگرتووەكان بهێنێ بەوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی سەرۆكی هەرێمێكی هەیە!! بۆیە واباشترە دەست لەكاربكێشێتەوە كاتێك بینی بارەگاكەی بەردباران دەكرێت! لەبەر ئەوەی هیچ شانازییەكی نییە بۆ میلەتەكەی جگە لەوەی لەڕابردوودا دەژین گوایە شۆڕشیان كردووە!!

جەنابی سەرۆك نیگەران مەبە ئەگەر پێت بڵێین تۆ بەرپرسی یەكەمی گیان و ژیانمانی، كاتێك لەشارە ئارامەكەی تۆدا سەردەشت دەڕفێنرێ و تەرمەكەی لەموسڵ فڕێدەدرێت.
پێم وایە ئەگەر ئەگەر لەهەولێر و لەكوردستاندا ئارامی هەبێت، ئەوا ڕۆژنامەنوسێك بەوجۆرە وەحشیگەرانە تیرۆر ناكرێت، ئەگەر توانای پارێزگاری ژیانی ئێمەشتان نییە؟ ئەوا پێویستە دەست لەكاربكێشنەوە.
ئەمە پێشەكی ئەو وتارەیە كە پارتی دیموكرات لەسەر ڕاسپارەدەی مەسعود بارزانی لەڕێگەی فازڵ میرانییەوە داوای یاسایی لەسەر تۆمار كردم و داوای قەرەبووی 500 ملیۆن دیناری لێكردم، پاش ئەوە دادگای بەرایی هەولێر بەبڕی 35 ملیۆن دینار سزای بەسەردا سەپاندین.
بۆیە لێرەوە جارێكی تر داوا دەكەمەوە كە سەرۆك بارزانی دەست لەكاربكێشێتەوە لەبەر ئەم هۆكارانە:
1-لقی چواری حزبەكەی "پارتی دیموكراتی كوردستان" نەیتوانی دان بەخۆیدا بگرێ كاتێك بارەگاكەی بەردباران كرا، بەڵكو لەبەرامبەر شكاندنی چەند جامێكی تاریكی بارەگاكەیدا 3 گەنجی تیرۆر كردو 56 گەنجی تری بریندار كرد كەئەوانیش بەتیرۆر ئەژماردەكرێن چونكە فیشەكیان ئاراستە كراوە ئەگەر بشكوژرانایە هیچ جیاوازییەكی نییە.
2-حزبەكەی "پارتی دیموكرات" چیتر لەسلێمانی پارتی بەئێسك قورسی دەمێنێتەوەو خەڵكی بە گەنج كوژ ناویان دەبات و وەك ئەوەش مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن! ئەمە لەوكاتەدایە كەپارتی هاتبوو بۆ ئەوەی لەسلێمانی ئێسكی خۆی سوك بكات. جگە لەمانە پارتی ڕێگەی بەخۆیدا هێزێكی زۆری میلیشیا بهێنێتە سەر شاری سلێمانی كەئەمە شایەنی دادگایی كردنە! چونكە 20 ساڵ لەمەوبەر چەند ڕۆژێك كەمە، خەڵكی ئەم شارە چەند سەد مەترێك لەپشتی لقی چوارەوە بەعسیەكانیان بەحەقی خۆیان گەیاند، بۆیە ئێستە خەڵكی كوردستان و سلێمانی بەتایبەتی ئەوە لەپارتی قبوڵ ناكات كە بیەوێ لەشكرێكشی بكاتە سەر ئەم شارە وەك ئەوەی لە 31ی ئاب بەرامبەر هەولێر ئەنجامیدا. جێی سوپاسە كە خوا كارێكی كرد سەدام لەسێدارە درا ئەگەر نا 17ی شوبات وەك 31ی ئاب دەبابەی بەعس بەرامبەر خەڵكی سلێمانی بەكاردەهێنرا!!
3-دەركەوت حزبەكەی خاوەنی ئەو بەرپرسانەیە كەدەستی خەڵكی دەبڕن و بەچەك و میلیشیا هەڕەشە لەخەڵكی كوردستان دەكەن!
4-لەوكاتەدا كە چەكدارەكانی حزبەكەت فیشەكیان لەبەرامبەر هاوڵاتیانی بێچەكدا بەكارهێناوە خەڵات وەردەگری لەئیتاڵیا! ئەمەش ناسینەوەیەكی تری ئەو دەسەڵاتانەیە كەبەرامبەر گەلەكانیان توندوتیژی بەكاردەهێنن بەڵام لەلایەن زلهێزەكانەوە خەڵاتیان پێدەدرێ. بۆیە پێویستە هەموو لایەك بزانێ ئەو خەڵاتانە پێشتر دراوە بەزرۆ لەو سەركردانەش كەئێستە گەلەكانیان لەسەر كورسی حوكم خستیاننە خوارەوە!
خۆزگە بارزانی لەبەرامبەر ئەوەدا خەڵاتی وەردەگرت كەتوانیویەتی ژیانی میلەتەكەی لەژێردەستەییەوە بگوازێتەوە بۆ ئازادی و یەكسانی نەك لەڕاپەڕینەوە بیگەیەنێتە ناڕەزایەتییەك كە گەنجان هێندە لێی توڕەن شوشەی بارەگاكەی دەشكێنن! زۆر وترا پارتی پیاوی ڕاوێژكاری ئاقڵی پێویستە تاكو هەموو مانگێك توشی كارەسات و نەكسەو دواكەوتووییەكی نەكەن كە بەچەندان ساڵ ناتوانێ قەرەبووی بكاتەوە!!
5-ئەو هەرێمەی ئەو بووە بەسەرۆكی تەنها خۆی باوەڕی پێكردووەو لەلایەن هیچ وڵات و شوێنێكەوە بەفەرمی نەناسێنراوە، بۆیە شتێك بەناوی سەرۆكی هەرێم تەنها لای پارتی بوونی هەیە، ئەگەر بارزانی توانی پشتگیری پۆلیسێكی بەردەرگای بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكن بهێنێ بەوەی سەرۆكی هەرێمێكە ئەوە با تاكو ماوە سەرۆك بێت!!!
یان بارزانی ئەگەر توانی پشتگیری پۆلیسێكی توركیی یان عێراقی یان پاسدارێك بهێنێ بەوەی كەئیعترافی پێكراوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوە با هەتا هەتایە سەرۆك بێت.
بەڵام بارزانی سەرۆكی سەپێنراوە بەسەر گەلی كوردەوە بەناوی هەڵبژاردنەوە كەلەلایەن هیچ دەستەیەكی فەرمی نێودەوڵەتییەوە ئەم سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنە دانی پێدا نەنراوەو ڕەسمیەتی نییە.
بارزانی تاكو ئێستە سەرۆكی چەند سەد كیلۆمەتر زەوییەكە لە
شارەكانی هەولێرو دهۆك !
6-هێشتا لەهەرێمەكەی كە بارزانی سەرۆكێتی بارەگای تەلەفزیۆن لەسەر پەخشەكەی دەسوتێنرێ! هەڕەشە لەمیدیا دەكرێ لەڕۆژنامەنوس دەكرێ و بارەگای ئۆپۆزسیۆن دەسوتێنرێ!! هەزاران چەك بەرامبەر خەڵك بەكاردەهێنرێ! ترس و تۆقاندن بەرامبەر خۆپیشاندان بەكاردەهێنرێ!
ئەگەر لەم وتارەشم توڕەن ئەوە شكاتێكی تر تۆمار بكەن و داوای 1 ملیار دینار بكەن تاكو 70 ملیۆن حوكم بدرێم!! بەڵام منیش پێتان دەڵێم ئامادەم لەدەخیلەی منداڵەكانم شوشەكانی لقی چوارتان بۆ چاك بكەمەوە بەڵام ئیتر ئێوەش لەدەخیلەی داهاتی خەڵكی كوردستان مەدزن تاكو بەمجۆرەتان بەرامبەر نەكرێ!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە