کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕانكاری لەعەقڵیەت پێش سیاسەت

Monday, 09/06/2014, 12:00






پێش ئەوەی باس لە جەوهەری كۆڕانكاریی سیاسی بكەین، پێویستە بیر لە بونی زەمینەیەكی رەخساو بۆ بەدیهێنان و بەرجەستەكردنی ئەو ئامانجە، لە دابینكردنی پێشوەختی پێویستیە مادی و مەعنەویەكانیەوە،بكرێتەوە، لە رێگەی بەرزبیركردنەوە و فراوانبونی عەقڵیەت و رەفتاری خەڵك لە ژیاندا .
گۆڕانكاری هەمەچەشن زەرورەتێكی حاشاهەڵنەگرە و، پێویستیەكی سەردەمە، دەبێت لە ناو گەلانی ئێمەدا روبدات، بەڵام ئەمەش تەنها بە سندوقەكانی دەنگدان نایەتەدی .. چونكە پێش هەر شتێكی تر پێویستمان بەبونی عەقلێەت و زیهنی گۆڕینە ... واتە گۆڕان لە تایبەتمەندی و چونێتی پێشكەوتن و زاڵبون بە سەر رێگە و شێوەكانی بیركردنەوە، لە ئاست سەرجەم بوارەكانی ژیاندا .
جا میلەت چۆن گۆڕانكاری لە لۆجیك و بیركردنەوە و عەقڵیەتی خۆیدا دەكات، لەكاتێكدا، لە روانگەی دوانەیەكی جیاواز و زاڵ بەسەر یەكتردا تەماشای هەموو رەهەندەكانی ژیان بكات و بەسەر دوو دوراییدا دابەشیان بكات، كە ئەمانەن:
1-دورایی بەرەها و گرنگ بینینی ئەویتر بەشێوەیەكی باڵا و زاڵ و بە حاكمی خاوەن هەموو موڵك و توانا هەمەچەشنەكان ، بەهەڵگرتنی حەقیقەتیشەوە .
2- دورایی بە نزم و بێنرخ و سوك بینینی رەهای ئەویتر، واتە كۆیلە و حوكمكراو و پاشكۆی موڵكداری باڵا و خاوەن فەرمان و راستیەكان بە بەردەوامی .
واتە، دابەشكردنی بیركردنەوە لە ژیان بەسەر دوو ئاستی جیاوازدا، بینینی ئەویتر بە باڵایەكی زاڵ لەبەرامبەر نزمێكی ملكەچ ، بە شێوەیەكی رەها .
دونیابینیی ئێمەی رۆژهەڵاتی، بەم دوو رێرەوی بیركردنەوە ئاسۆییەدا و، ئەم بۆچونەیە كە زاڵە بەسەر عەقڵیەتی هەموماندا و راستەوخۆ لە سەرجەم بوارەكانی ژیانماندا رەنگیداوەتەوە ..هەر ئەم روانینە جیاواەزەیە بۆ ژیان و سەر زەوی، كۆیلایەتی و جیاوازی چینایەتی و توندوتیژی و ناكۆكی و ململانێ و شەر و رق و كینەی دروست كردووە...
لەسەر ئاستی ئەفسانە وئاییندا، پەیوەندی خوا و خەڵك... لەسەرجەم ئاینەكاندا بە ئاسمانی و غەیرەئاسمانیشیەوە ، سیفەت و ویستی خوا هەمیشە لەسەروی سیفەت و ویست و بیركردنەوە و عەقڵیەتی خەڵكدایە ...هەر ئەم هۆكارەشە وای كردوە كە خوا لەخەڵك جیادەكاتەوە و لەیەكتر دوریان دەخاتەوە .. واتە خوای گەورەی بێ هاوتا كە بە توندوتیژ و ئەشكەنجەدەر و توندرەو و هەمیشە حەقانی و بێ هەڵە و كەموكورتی لە لایەك و بەرەحم و بەزەیی و خەڵاتبەخش لەلایەكی ترەوە، وێنا دەكرێت، لەبەرامبەردا، مرۆڤایەتی ئینسان لە كۆیلەبونیدا بۆ ئەو بۆچون و سیفەتانە كورت دەكرێتەوە تا رادەی كۆیلایەتیەكی بێ ئیرادە و پشت بەستو بە چەمكێك بەناوی قەزا و قەدەرەوە، كە وای لێدەكات دەستەوەستان و چاوەرێی ئەویتری خالق و رێكخەر، كاری بەردەوامی رۆژانەی ئەمیش لە ئەستۆ بگرێت، ئەمەیە دوو دورایی و رەهەند و بینین، تەنانەت دژ بەیەك كە بۆشاییەكی قوڵی خستۆتە نێوانیانەوە .
لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی .. ویستی نێرلە ویستی مێ هەمیشە باڵاتر و بەهێزتر و فەرزترە و سیفەتی نێرینە لە سیفەتی مێینە باڵاتر دەبینرێت و هەمیشە مێینە جێگەی بەزەییە نەك هاوتا و یەكسانی لەگەڵ ئەویتری باڵادا . ئەگەر نێرەكە هەر نەقس و كەموكورتیەكیشی هەبێت بەنەبونی پیاوەتیشەوە، بە چاوی باڵابونیەوە تەماشا دەكرێت . ئەم بیركردنەوە و بۆچونە، تەنانەت لە حاڵەتی قوربانیە ئاینیەكانیشدا رەنگیداوەتەوە ، بەران دەكرێت بە قوربانی نەك مێ .. گا نەك مانگا ..كەڵەشێر نەك مریشك ...
هەروەها لەسەر ئاستی سیاسییش، رۆڵ و جێگەی حاكم لەبەرامبەر حوكمكراو ..ویستی حاكم هەمیشە زاڵە، ئەمەش وا دەكات كە حاكمی دەسەڵاتدار توندوتیژ و زاڵ، بە شێوەیەك دەسترۆیشتوبێت كە مەحوكمكراو لە بۆتەقەكەیدا دەتوێنێتەوە ..
لەسەر ئاستی ئابوری ، واتە پەیوەندی كاری بەرێوەبردنی ئیداری لە بەرامبەر كاری جەستەیی، زۆر باڵاتر و رێزلێگیراوترە .... واتە، بۆ نمونە ئەندازیارێك كە لە ئۆفیسەكەی دادەنیشێت حوكم بەسەر ئەو كرێكارەدا دەكات كە كاری جەستەیی مەیدانی دەكات و سەرەرای ئەوەی كە بەبێ ئەو هیچ بەرهەمێك لەسەر ئەرزی واقیعدا نابینرێت.. لەو نێوەندەدا، رۆژانە باش دەبینین كە حوكمی ئیداری چەند زاڵ و رێزلێگراوترە، بۆ نمونە، هەر بەرێوەبەرە : كە هەمیشە زاڵە و لەسەر حەق دادەنرێت لە بەرامبەر خەڵكە ژێردەستەكەی خۆیدا، ئەوە لە ئاست خەڵكیتری وەك كرێكاری پاككەرەوە و حەماڵ و خزمەتكار و خزمەتگوزار و بارهەڵگردا، تەنانەت بە چاوێكی زۆر نزم و سوكیشەوە تەماشایان دەكرێت.
بۆیە، پێش ئەوەی چاوەرێی ئەوە بین لە رێگەی دیموكراسی و ئالیەتێكی وەك هەڵبژاردن گۆرانكاریەكی ریشەیی راستەقینە لە بوارەكانی ژیانماندا روبدات، دەبێت بیر لە گۆڕینی بیكردنەوەمان بكەینەوە ، بە خۆمان جیاوازیەكان كەم بكەینەوە و رەوشەكە بەرەو حاڵەتێك بەرین كە هەست بە بەرزیی بیركردنەوە و بۆچونی خەڵك بكەین. لەم بارەشەوە، پێویستە توانا رۆشنبیریەكانی بژاردە و دامودەزگاكان بخرێتە ئامادەباشیەكی درێژخایەنەوە ، بە پلانێكی تۆكمەی زانستیانە و پەروەردەییانە هەوڵی گۆرانكاریی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ قۆناغ بە قۆناغ لە كۆمەڵگەدا بدرێت، دوور لە عەقڵَی سیاسی زۆرێك لە سەركردایەتی سیاسی كورد، كە جكە لە بواری ژیانی قەتیسكراوی نێو بارەگا و دامودەزگاكان بیر لە هیچ لایەكی تری پەیوەست بەعەقڵیەت و بیركردنەوە و پێشكەوتنی میلەت ناكەنەوە ، تەنانەت هەر هەموو دەسەڵاتەكان چونەتە نێو ئەو قاوغەوە و لە بازنەیەكدا خول دەخۆنەوە . لەم بوارەدا، دەبێت خودی خەڵك دەستپێشخەر بن و بەرەو قۆناغێكی جیاواز هەنگاو بنێین .
لەكاتێكدا كە مەودای بینینە جیاوازەكان لەمەر بەرەی باڵا و بەرێز وخاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی لەبەرامبەر بەرەی نزم و ملكەچ و حوكمكراو كەم بكرێتەوە ،ژیانی ئاساییمان وای لێدێت كە لە شەر و ناكۆكی و جیاوازیەكان دوربكەوینەوە و بە هیلاكیەكی كەمەوە لەسەرجەم بوارەكاندا توانای گۆرانكاریی ریشەییمان دەبێت . واتە هەنگاوی سەرەتایی بەدیهێنان و هەست پێكردنی گۆڕانكاری لە گۆڕینی بیروبۆچونی خەڵكدا خۆی دەبینێتەوە بەرامبەر ئەویتر بە بێ جیاوازی لە پێگە و پلە و پایە و بەیەك دوورایی كە خۆی لە یەكسانیدا دەبنێتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە