کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پاڕانه‌وه‌ له‌ ده‌فته‌ر

Monday, 18/10/2010, 12:00


ئه‌م تێکسته‌ شیعرانه‌ پێشکه‌شه‌ به‌ به‌یانیه‌کانی 4ی مایسی هه‌موو ساڵێک. پێشکه‌شه‌ به‌ خه‌یاڵی کوڕێنی کوڕێکی ته‌نها، به‌ شه‌قامه‌که‌ی کۆلێژی ئاداب و به‌ مه‌رگی سارد و سڕی ناو جه‌سته‌ی تافی لاویی غه‌زه‌لنووسه‌که‌ی هه‌ولێر و به‌ مه‌رگی سه‌رداپۆشراوی سوهرابه‌ ته‌نهاکه‌ی که‌رکوک (سۆران).
ئه‌م تێکسته‌ ماندوو و شه‌که‌تانه‌ی ڕێگام، پێشکه‌شه‌ به‌و مه‌رگه‌ی لێی هه‌ڵهاتم، به‌و گولله‌یه‌ پێشکه‌شه‌ که‌ شه‌هیده‌ لاوه‌کان هه‌موو رۆژێ ده‌ینێن به‌ نێو چه‌وانی سه‌رۆک و مه‌رۆکه‌وه‌.
پێشکه‌شه‌ به‌و رۆژگاره‌ی که‌ له‌وێ، له‌ بنده‌ستی ئاسایش و ماسایش و پۆلیس و مۆلیسه‌کانه‌وه‌ هاوڕێکانمانیان تیادا تیرۆر ده‌کرد. پێشکه‌شه‌ به‌و وه‌زیر و مه‌زیرانه‌ی که‌ شاهید بوون له‌سه‌ر ئیشتیهای هه‌وه‌سی سه‌رۆک بۆ کوشتنمان و که‌چی بێده‌نگ بوون.
پێشکه‌شه‌ به‌ ده‌نگه‌ دلێره‌کانی ئێوه،‌ که‌ ئه‌ڵێن بێده‌نگ نابین. خوانه‌کرده‌، خوا له‌ ده‌ستی ناپیاو بتانپارێزێت، پێشکه‌شه‌ به‌ ئه‌و رۆژه‌ی ده‌نگی بێده‌نگ نه‌بووتانی تیادا ئه‌سوتێنن.

پێشکه‌شه‌ به‌ مه‌رقه‌د و مه‌زاری (سه‌رده‌شت عوسمان)

(پاڕانه‌وه له‌ ده‌فته‌ر)

ده‌فته‌ر، ئه‌ی پێخه‌فی ڕۆژگار
ئه‌ی خه‌زێنه‌ی پڕ له‌ یاقوت و مه‌رجان.
ئه‌ی هه‌ناسه‌ی سواری کاتژمێره‌ موسافیره‌کانی دونیا،
بینوسه‌ره‌وه‌،
ئه‌و ده‌ستی تۆی به‌رنه‌دا تا ده‌م مه‌رگی خۆی.
تۆش ده‌ستی بگره‌ تا ئه‌به‌دیه‌ت...
تۆش له‌خۆتا بیپارێزه‌ تا گوێچکه‌ی نه‌وه‌یه‌کی تر.
ده‌فته‌ر، ئه‌ی قوڵایی نهێنیه‌کان،
ئه‌م کڵۆ خوێنه‌ له‌ ده‌ماره‌کانی خۆتا بشاره‌وه‌ تا ئه‌م ته‌تارانه‌ لێره‌ ئه‌ڕۆن.
ئه‌م باخه‌ په‌شمورده‌یه‌ له‌ ئینجانه‌کانی خۆتا هه‌ڵگره‌.
ئه‌م کانی و فواره‌یه‌ له‌ دڵتا هه‌ڵگره‌ تا ئه‌م پاسدارانه‌ی مێژوو له‌ گوناهی گوڵ خۆشده‌بن
ئه‌م سه‌رده‌شته‌ کوژراوه‌ی ئێمه‌، له‌ بیلبیله‌ی چاوه‌کانتا هه‌ڵگره‌،
ئه‌م جه‌سته‌ خوێناویه‌ی ئه‌م کوڕه‌ خوێندکاره‌ی ئێمه‌ له‌ ماڵه‌کانی خۆتدا جێکه‌ره‌وه تا ئه‌م لیژنه‌ درۆزنانه‌ی سه‌رۆکی پێ بکه‌ینه‌وه‌ به‌ ئه‌سڵی خۆیان، به‌ سه‌رده‌شت کوژ.
ده‌فته‌ر، ئه‌ی پێخه‌فی ڕۆژگاره‌کان، ئه‌ی ئه‌و دڵه‌ی به‌تاسه‌وه‌ گوێ له‌ خه‌مه‌کانمان ئه‌گریت. ئه‌ی سه‌رۆکی ئێمه‌، ئه‌ی سه‌رۆکی رۆحه‌ کوژراوه‌کان.


گۆرانیه‌ک بۆ هه‌ڵه‌بجه‌که‌ی هه‌ولێر

ئه‌ی هۆلۆکۆسته‌که‌ی ئه‌مڕۆ
ئه‌ی ده‌سته‌ براکه‌ی سۆران
ئه‌ی کوڕه‌ هه‌ژاره‌که‌ی وڵات
ئێواره‌یه‌ک وه‌ره‌وه‌ ناومان و
له‌گه‌ڵماندا جگه‌ره‌یه‌ک داگیرسێنه‌ و پێکێ عه‌تر بخۆره‌وه‌.
وه‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵماندا پیاسه‌یه‌ک بکه‌ به‌ نێو کۆڵانی مناڵه‌ غه‌مباره‌کانی شاردا.
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی جێتهێشتوین
دووجار رۆژنامه‌کان و دووجار شیعره‌کان ئه‌خوێنمه‌وه‌، له‌ بری تۆ.

دووجار گوێ له‌ داریوش ئه‌گرم.
دووجار جه‌ور ئه‌کێشم
دووجار ئه‌ڕۆمه‌وه‌ بۆ ماڵ و دووجار دێمه‌وه‌ و که‌چی تۆ نایه‌یته‌وه‌.
تۆ یه‌کجار بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ڕۆشتی و یه‌کجار بۆ ئه‌به‌دی توره‌یی خۆت نیشاندا له‌م زوڵمه‌.

من دووجار دێمه‌ سه‌ر گۆڕت
جارێ بۆ خۆم و جارێ بۆ تۆ.
ئه‌ی ئه‌نفاله‌که‌ی هه‌ولێر، ئه‌ی کوڕه‌ به‌غیره‌ته‌که‌ی نیشتیمان،
به‌یانیه‌ک وه‌ره‌وه‌ بۆ ناومان

نیوه‌ڕۆیه‌ک وه‌ره‌وه‌ بۆ سه‌رسوچی کۆڵانه‌که‌ و به‌ده‌م پێکه‌نینێکی حه‌زینه‌وه‌ کاره‌باکه‌تان چاک بکه‌ره‌وه‌ و پاشان بڕۆ.
بۆ سوعبه‌ت حه‌یرانێکی ده‌شتی هه‌ولێرمان به‌ زمانی ئینگلیزی بۆ بڵێ.
ئه‌دی برا کوده‌بێ ئاوها بچی، ماڵئاوه‌دان،

ئه‌نگۆ چ به‌ عه‌جه‌له‌ن له‌ ڕۆشتن.
ڕۆشتی و دوای خۆت ئێره‌ت پڕکرد له‌ پڕسیار
ده‌ ئاوڕ بده‌ره‌وه‌ و ببینه‌،
سه‌یرکه‌ چۆن هه‌مومان ده‌ستمان بۆ به‌رز کردویته‌ته‌وه‌.
سه‌یرکه‌ چۆن وه‌ک ڕۆشتنی شارێک ئه‌ڕۆیت!
سه‌یرکه‌ چۆن وه‌ک مه‌سیح و وه‌ک رۆشتنی پێغه‌مبه‌رێکی ته‌نیا که‌ له‌شار زویر بووه‌، ئه‌ڕۆیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە