کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێك لەكۆمەڵگە هەرە سەیرو سەمەرەكانى دونیا كۆمەڵگای (خاڵخاڵان)ە

Friday, 03/01/2014, 12:00




كۆمەڵگەى خاڵخاڵان(بەگوندی قەرەناوەوە)، ڕۆژ بە ڕۆژ بووژانەوەی زیاتر بەخۆوە دەبینێ و تا دێ ئاوەدان دەبێتەوە، بەكڵۆجێ تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات نزیكەى حەوت سەد ماڵی تێدا نیشتە جێیە، لەڕووى جوگرافیەوە سەر بە شارەدێی شوانى پارێزگای كەركووكە و تەنها زێ و پردێك(زێی بچووك و پردی تەق تەق) لەسنووری پارێزگای هەولێری جیا دەكاتەوە كە بەپیادە دوو خولەك ڕۆیشتنە و تەواو.
یەكە كارگێڕییەكانى ئەو كۆمەڵگەیەش بەیەك لە هەرە كۆمەڵگە سەیر و سەمەرەكانى دونیا هەژمار دەكرێ، بەپێی پۆلینكارییەوە:
یەكەم: بنكە تەندروستیەكەى سەر بەقەزای دوزخورماتووە، لێرەدا ئەگەر نەخۆشێكى مەترسیدار هەبێ و زوو نەیگەیەننە نەخۆشخانەى تەق تەق و كۆیە، بێگومان ناگاتە دوزخورماتوو، هەڕ لەرێ گیان لەدەست دەدات.
دووەم: بنكەى پۆلیسیەكەى سەر بە چەمچەماڵە، لەوەشدا قوڕ بەسەر ئەوەى ڕێ و شوێنى ئەو هاتوچۆیە دەكەوێتە بەر ولەبەر دووری كاری بەچەمچەماڵ دەكەوێ، نەخاسمە ئەو كەیسانەى بەردەوام لێكۆڵینەوەیان لەهەمبەر دەكرێ.
سێ یەم: شارەوانیەكەى سەر بە شارەدێی شوان(ڕێدارە) كە تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات لەلایەن حكومەتى ناوەندیەوە دانپیانراو نییە و بەتێڕوانینى سەردەمى ڕژێمى گۆڕ بەگۆڕ بەچاوى سەربازگەوە تەماشا دەكرێ.
چوارەم: قوتابخانە بنەڕەتیەكانى تا نۆی بنەڕەتى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى هەولێرە و ڕێنماییەكانیش هەر لەوێوە وەردەگرێ.
پێنجەم:كارەبایان لە تەق تەقەوە بۆ ڕاكێشراوە، پارەی هاوبەشان بۆ ئەو شارەدێیە دەگەڕێتەوە، كەچی لەڕووی سیانەوە تەق تەق و ڕێدار وەك تیمێكى هاوبەش كارەكانی كارەبای هاوڵاتیان ڕایی دەكەن.
شەشەم:لە سۆنگەى هاتوچۆوە سەر بە پارێزگای كەركووكە، چاوى شەیتان كوێربێ خۆ لە پێكدادانێكدا هەر ڕووداوێك لەو سنوورە بقەومێ جگە لەوەى پۆلیسی هاتووچۆی تەق تەق وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا هاتنیان لەمبەرەوە بۆ ئەوبەر یەك دوو خولەكە، كەچی ناتوانن بێن و پۆلیسیش لەكەركووكەوە ئەو ڕێیە دوور و درێژە ناكوتێتەوە.
حەوتەم:خەمى گەورەى خەڵك لەو كۆمەڵگایە دەست نەكەوتنى ئاوى پاكە كە دەلوێ نەختێ لەسەری بوەستین چونكە لەو كۆمەڵگەیە كاتێ وەرزى زستان دادێ خەڵكەكەى فەتەڕۆیانە، بەواتایەكى دیكە كاتێك باران دەبارێ چونكە حەوزى ئاوەكەى بێ فلتەرە بۆ چەند ڕۆژێ ئاو بەخەڵك ناگات كە بشگات ئەوە ئاوێكە بەبەڵگەوە وێنە هەیە لەجیاتى ئاوى خواردنەوە، ئاوى نیسكافەیان پێ دەگات، واتە ئاوەكە ئەوەندە قوڕاوییە تەنانەت لەكاتى ئاساییدا هەموو كەس دڵی نایەت بەو ئاوە ئاساییە سەیارەی خۆى پێ بشوات، لەكاتێكدا پڕۆژەیەكى لەم چەشنە تەكلیفێكى ئەوەندە زۆری ناوێ، من نایەمە سەر وردەكاریەكانى بێ بەڕنامەیی لەكاتەكاتى ئاوبەردانەوە بۆ خەڵك كە لەبیست و چوار سەعات تەنها یەك سەعات ئاو بەردەدرێتەوە ئەویش كاتەكەى لەنێوان بەیانى و نیوەڕۆ و ئێوارە و شەودا نادیارە و میزاج بڕیار لەسەر بەردانەوەى ئەو ئاوە دەدات. خۆ ئەگەر ناچاركرای ئەوە دەبێ لەو ئاوە زۆرەى زێی بچووك كە چەند سەد مەترێ لەو شوێنەوە دوورە، پەنا ببەیتە بەر تەنكەری ئاو و پانزە هەزار دینار بۆ ئاو بدەى.
بەبەڵگەوە چەندین جار داوا لە بەڕێزان كاك(خەلیل عوسمان) و (گۆران ئازاد) ئەندامانى پەرلەمان كراوە تا مشوورێ لەو خەمە بچووكەی لای حكومەت و خەمە گەورەى ئەو خەڵكە بخۆن، وەلێ بەڵێنیان داوە بەدواداچوون بۆ ئەو پڕۆژەیە بكەن كە زیاتر لەپانزە ساڵە هاوڵاتیانى ئەو كۆمەڵگەیە بەدەستیەوە گیریان خواردووە و پێیەوە دەناڵێنن، كەچی تا ئێستا كەس دەروویەكى بەخێری لێ نەكردوونەتەوە، نەك هەر ئەوە تەنانەت ئەم بابەتە بەخودی(خالید شوانى) ئەندام پەرلەمانى ئێراقیش ڕاگەیەندراوە و ئەفسووس ئاكامەكان لەقاڵبێ باشە بەسەرچاو بێ ئاكام دەرچوویتن.
خوێندنەوەى من بۆ ئەو سنوورە ئەوەیە، هەقە:
1 ئەو سنوورە بەرفراوانە و پێكهاتەكەى ئەوە لەخۆ دەگرێ بكرێتە ناحیە، ئەوەش خەمى یەكەمى بەرپرسانە بەتایبەت ئەو حزبەى خۆی بەباڵادەست لەو سنوورە دەزانێ ئەو خەمە لە باوەش بگرێ.
2- هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئێراق لە نیسانى ساڵی داهاتوو لەئارادایە، پێویستە پێش هەڵمەتەكان كار بۆ پیادەكردن و جێ بەجێ كردنى ئەو گرفتە بدرێ، ئەوەى دەست پێشخەربێ ڕووى مەجلیسی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەكان دەبێت نەخاسمە حەوت سەت ماڵ ژمارەیەكى گەورەیە هەژموون بەسەر گۆڕانكاریەكان دەخوڵقێنێ و مێژوو ڕوحم بەكەس ناكات، خەڵكیش لەبێزاری خۆیدا وایلێهاتووە بێ پەروا بپرسێ: چیم بۆ دەكەى بۆ ئەوەى دەنگت پێ بدەم؟




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە