مەلابەختیار بەکۆمیتەی هۆڵەندای یەکێتی ووت ئێوە بە کوردستانپۆست ناوێرن
Saturday, 02/03/2013, 12:00
پەیامنیری کوردستانپۆست/ وڵاتێکی ئەوروپی
دوای کۆبوونەوەی مەلا بەختیار 22 / 2 / 2013 لەگەڵ هەندێ کەسایەتی خوار پارتە سۆسیال دیموکراتەکانی ئەوروپا لە ووڵاتی بەلجیکا، کە کادرەکانی یەکێتی بۆیان رێکخستبوو، بە دوایدا مەلا بەختیار کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کادرەکانی کۆمیتەی هۆڵەندا سازکرد، لەو کوبوونەوەیەدا لە ستافی کۆمیتەکە تووڕەبوو و پێانی ووتووە منتان لە کوردستانەوە هێناوە تا لەگەڵ هەندی کادری خوارەوەی پارتە سۆسیال دیموکراتەکان کۆببمەوە، کە لەگەڵ هەیبەتی مەکتەب سیاسییەکی وەک مندا یەکانگیرنابێتەوە؟
مەلا بەختتیار لە کۆبونەوەکەیدا بە ستافی کۆمیتەی هۆڵەندای ووتوە سەرەڕای سەرفکردنی ئەو هەموو پارەیە لە بودجەی یەکێتی، کە مانگانە وەک مووچە وەریدەگرن، کەچی ناتوانن (دەرەقەتی) کوردستانپۆست بێن، کە نوسەرەکانیان بە ناوی خۆیانەوە بێت یان بەناوی خوازراوەوە نووسینی کاریگەر دەنووسن و هاڕە بەدوای هاڕەدا لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەهێنن، ڕۆژ نییە نهێنییەکی ئێمە بڵاودەکەنەوە، وام لێهاتووە گومانم لە سەرۆکی پاسەوانەکانی خۆشم هەبێت.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا مەلا بەختیار هەمان بەیت و بالورەی بۆ ستافەکە دووبارە کردۆتەوە، گوایە کوردستانپۆست سەر بە گردەکەیە .
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا مەلا بەختیار بە ستافی کۆمیتەکەی ووتوە: ئەگەر ئێوە ناتوانن ئەو ڕێنمایانە جێبەجێ بکەن لە نووسین دژی کوردستانپۆست ئەوا من هەوڵ دەدەم کۆمەڵێک نووسەر پەیدا بکەم، لە مووچەکەی ئیوەش کەمتریان دەدەمێ تا بتوانن نووسین دژ بە کوردستانپۆست بنووسن، بەتایبەتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کوردستان و پەڕلەمانی کوردستاندا.
تێبینی: لەبەر نهێنی و ئاشکرانەکردنی سەرچاوەی هەواڵەکە، کوردستانپۆست ناوی ئەو وڵاتە ئەوروپییەی شاردەوە.
لینکی تایبەت بە هەواڵەکە
http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=4532
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست