کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پشتیوان وهاوسۆزی گەلەکەمانین لە باکوری وڵات.

Saturday, 21/05/2011, 12:00


بانگەوازی بۆ ك ج ك، ڕای گشتی.
ئێمە وەك کۆمەڵێک لە وڵاتپارێزانی باشووری کوردستان لە ووڵاتی بەریتانیا، پیشتیوانی وهاوسۆزی خۆمان ئاراستەی گەلەکەمان دەکەین لە باکوری وڵات. لەهەمان کاتیشدا سەری وەفا و ڕێز لە ئاستی گیانی پاکی گەریلا شەهیدەکانمان دائەنەوێنین و دەڵێین: نامرن ئەوان والەدڵی میلەتا دەژین.
دێرۆکی مرۆڤایەتی بەگشتی و ناوچەی میزۆپۆتامیا بەتایبەتی شاهیدی ئەو ڕاستەیە بەڵگە نەویستەن کە گەلی کورد هەمیشە سەرمەشقی تێکۆشان و گیان بەخشین بووە لەپێناوی ئازادیدا، نەک تەنها بۆ خودی خۆی بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکەو مرۆڤایەتی لەبەرامبەر دیکتاتۆریەتی نەمرودەکانی مێژوودا. ئەگەر تەواوی لاپەڕەکانی مێژووهەڵبدەینەوە، نموونەیەکی برایەتی گەلان و پێکەوەژیانی ئازادانە لەدەرەوەی دەسەڵات و باڵادەستیدا، جگە لە فیدراسیۆنی مادی ئاواکراو بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لەبەرامبەر دڕندەیی و باڵادەستی پادشای بەخوداوەند کراوی ئاشووری و بابلی بەدی ناکرێت. ئەگەریش بڵێین گەلی کورد خاوەن یەکەمین شارستانیەتی دیموکراتی یە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەرگیزبەهەڵەدا چوو نییە.
ئەوەی ئەمڕۆش لە ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی ڕوودەدات لەتێکۆشانی سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی شارستانیەتی دیموکراتی ڕۆڵی پێشەنگایەتی بەهەمان گیانی ئاواکردنەوەی سەرلەنوێی فیدراسیۆنی میدیاوە وەک تاجەگوڵینە کردۆتەسەری ماڵباتی ئەو کچ و کوڕە گەریلا قارەمانانەی کە لەپێناو ئازادی گەلان و چەسپاندنی ماف و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی گیانی خۆیان بەخشیوە.
لەکاتێکدا ڕێبەر ئاپۆ لەپێناو چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیانەی پرسی گەلی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناویندا تەواوی هزر و رامانی خۆی پێشکەش کرد، لە دژوارترین هەل و مەرجی گۆشەگیریدا گەورەترین فیداکاری نواند لەماوەی ١٣ ساڵی ڕابوردوودا کە دەکرێت بە تۆمارێکی نوێ و بێ هاوتای ئازادیخوازی بۆ مرۆڤایەتی مەزندە بکرێت لە کەسێتی بەڕێزیاندا، لەکاتێکدا لەپێناو سەرخستنی پێڤاژۆی چارەسەری دیموکراتیانە کە بەری ڕەنجی خوێنی پاکڕەوانان و ڕێبەر ئاپۆ و گەلە لە لایەن (پە كە كە) وە ئاگربەستی یەکلایەنە دەوام دەکات، لەکاتێکدا کە گەلەکەمان لە باکوری وڵات پێشەنگایەتی ئاشتی و دیموکراتی و ئازادی گەلانی گرتۆتەبەر، تەواوی گەلانی تورک و عەرەب و ئاسوری لەگەڵخۆیدا لە فراکسیۆنێکی دیموکراتی بەناوی (ڕەنج،ئازادی،دیموکراتی) یەکخستووە و تەواوی وزەو تینی خۆی بۆ سەرخستنی پرسە ڕەواکەی خستۆتە گەڕ، لەم کاتەدا دەوڵەتی تورک بەسەرۆکایەتی پارتی دادو گەشە پێدان سەلماندیان ڕێگرن لە بەردەم چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگەی ئاشتیانە و سوورن لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی شەڕخوازی لەمێژینەیان کە ئامانجی لەپێش هەرشتێکدا بەگژدا کردنی گەلانە لە تورکیا و بە بن بەستگەیاندنی پێڤاژۆی چارەسەری و برەودان بە دەسەڵاتدارێتی و باڵادەستی ئەردۆغان و ئاکەپە ی ڕوپۆش کراو بە ئیسلامی سیاسی و چەواشەکردنی ڕاستینەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لەپێناو ئامانجە گڵاوەکانیاندا.

بەڕێزان کۆنسەی سەرۆکایەتی (کە جە کە)
هەڵبە لەسۆنگەی پەرۆشیمان بۆ لەدەستدانی گیانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان تاکتیکی چارەسەری داڕێژراو لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاوا ی وڵات دروست وگونجاو دەبینین بەتایەتی لە ڕۆژئاوا پێویستە ئەوانەی ڕەخنە لە کورد دەگرن ساڵی ٢٠٠٤ یان لەبیربێت کە لە قامیشلۆ و حەسەکە خۆیان ماڵی کوردیان تاڵان دەکرد پێویستە گەلەکەمان بە کەمترین قوربانی ئامانجەکانی خۆی بەدەست بخات، لێ لەهەمان کاتدا باوەڕمان وایە کە لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی سیاسەتی شەڕخوازی و قرکردنی سیاسی سوپا مەغۆل ئاساکەی تورک و ئەردۆغانی زوحاکی سەردەمدا چاوخشاندنەوە بە پێڤاژۆی پاراستنی ڕەوا پێویستە، هیوادارین ئەو تاکتیکانەی کە گیراونەتەبەر و بونەتە هۆکاری قوربانی دانی گران لەڕیزی گەریلاکانی ئازادیدا بەوردی پیاداچونەوەی بۆ بکرێت و لێی بکۆڵرێتەوە و لەوڕوەوە ڕەخنەدانێکی جدی پێویست دەبینین، لەهەمان کاتیشدا سەرنج و تێڕوانین و ڕەخنەکانی ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە تێکۆشانی گەریلایی و پارتیزانی پێویستە باشترئەنالیزە بکرێت، پاراستنی ڕەوا بەجۆرێک کاریگەر بکرێت پەلامار و کۆمەڵکوژی سوپا دڕندەکەی هۆلاکۆ ی سەردەم کە لە چوارچێوەی سیاسەتی شەڕخوازی ئاکەپەدا بەڕێوە دەچێت سنوردار بکات و لەو ڕوەشەوە باوەڕی تەواو وهیوای مەزنمان پێتانە.
لەهەمان کاتدا داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان و جیهان دەکەین سیاسەتی شەڕخوازی دەوڵەتی تورک بە توندی ڕخنە بکەن و لەپێناو چارەسەری دیموکراتی داوای هەنگاوی جدی لەدەوڵەتی تورک بکەن. هەروەها ڕایەدارن و سەرۆکی هەرێمی باشوری کوردستان لەپێناو هەمان مەبەست بکەونە هەوڵدانەوە بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێویستە هەنگاوی جدی هەڵهێنێ لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لەباکوری وڵات لەکاتێکدا پێشوازی سەرۆکی هەرێم لە ئەردۆغان لە ئاستێکی ئاسیدا نەبوو.
جارێکیتر سەرساغی خۆمان ئاراستەی گەلەکەمان لە باکوری وڵات و ماڵباتی پاکڕەوانانی ئازادی و گەلەکەمان دەکەین .
شەهیدان نامرن.

دەستەیەک لە وڵاتپارێزانی باشووری کوردستان

بەریتانیا
١-شۆخان فەرەج نوسەر لیستەر
٢-نازدار عمر ووڵات پارێز لیستەر
٣-فەرەیدون حەمەفەرەج ووڵات پارێز لیستەر
٤-ئاراس مەحسووم ووڵات پارێز لەندەن
٥-زۆران کۆچەر ووڵات پارێز لەندەن
٦-مهاباد محمد ئەحمەد ووڵات پارێز لەندەن
٧-ئالان عەبدوڵا حەسەن ووڵات پارێز لەندەن
٨-بەهرە والی ووڵات پارێز لەندەن
٩-هەڤاڵ فەرەیدوون ووڵات پارێز لەندەن
١٠-یوسف سێوکانی ووڵات پارێز بێرتن
١١-میران ئەمین ووڵات پارێز برایتن
١٢-سەفین میرە نوسەر و ڕۆژنامە نوس مانچستەر
١٣-موحسین ئالان ووڵات پارێز مانچستەر
١٤-موحسین ئەمین ووڵات پارێز مانچستەر
١٥-شیرین حەمەسور ووڵات پارێز مانچستەر
١٦-شوان بورهان محمد نوسەر مانچستەر
دەستەیەک لە وڵاتپارێزانی باشووری کوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە