کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی حەز دەكەن سەیارەیان بۆ بكڕن؟

Saturday, 03/01/2015, 12:00



پەرلەمان لەهەموو دنیا تاكە دەزگای شەرعی نوێنەرانى خەڵكە كە لەڕێی دەنگدانەوە هاونشتمانیان دەیانپاڵێورن و گوڵبژێریان دەكەن بۆ ئەوەى وەكو پارێزگاریكار و داكۆكیكار لە مافەكانیان بچنە ئەو تەلارە و لەنێو هۆڵی پەرلەمان بۆیان بێنە سەنگ و دەنگ و ڕەنگ و دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژانە بدەن كە بەڕاستى خزمەت بەكۆی پرۆسەكە و خزمەت بەبەرژەوەندی گشتى دەكات.

وەلێ ئەفسووس لەپەرلەمانەكەى لەمەڕ خۆماندا بەخشین و پێدانى زەوى و سەیارە و پارەپێدان بۆ كڕینى كەل و پەلی ناوماڵ بووەتە دیاردەیەك لە هەموو خولەكانی پەرلەمان ببێتە بنێشتەى خۆشەى سەر زاران و لەم نێوەندەدا ئەندامان لایان لێ دەكرێتەوە و سەرپشك كراون ئەگەر وەری دەگری با وەریبگرن، وەئەگینە دەبێ خۆی بێدەنگ بكات و هەقی بەسەر ئەوانەوە نەبێت كە دێنە پێش و وەری دەگرن.

لێرەدا پرسیار گەلێك دێتە پێشەوە بەتایبەت ئەوەى وایكرد ئەم بابەتە بنووسم دوای بڵاوبوونەوەى دەنگۆی كڕینى سەیارە بوو بۆ ئەندامانى پەرلەمان، ئەوجا لەسەر حسابی پارەى ئەم میللەتەبێت یان وەكو هاوكاریەك بەقست پێیان بدرێ، دەپرسین: بۆچی ئەو سەیارانە بۆ مامۆستا و فەرمانبەران بەقست نادرێ لەكاتێكدا پەرلەمانتاران هەر چوار ساڵ خزمەت دەكەن و تەواو، كەچی فەرمانبەران هەتا دەمرن و خانەنشین دەكرێن هەر لەخزمەتدان، تەنانەت قەت ڕۆژێ لەڕۆژان لەلایەن سەرۆكى حكومەت یان پەرلەمانەوە نەمانزانیوە كەسانگەلێكیان بەشوقە یا سەیارە پاداشت كردبێ.

ئەگەر ئەوان(پەرلەمانتاران) كاری مەزن ئەنجام دەدەن و ئەوەش وەك پاداشتێكە بۆ كارەكانیان دیارە هەموو ئەو فەرمانبەرانەى هەیە هیچیان نەكردووە و داریان لەسەر بەرد دانەناوە، ئەوەش پرسیارێكە و جێی هەڵوێستە لەسەر كردنە.

ئەگەر ئەوان(پارلەمانتاران) هەژار و دەستكورتن و هیچیان نیە، گومان لەوەدا نیە و ناچێتە ئەقڵەوە كەسێك هیچی نەبێ و موفلیس بێت چۆن دەتوانێ خۆی لەو گەمە سیاسیە بدات ، دیسان كەس باوەڕ و قەناعەتى بەوە نیە هیچ پەرلەمانتارێك هەبێ سەیارەى خۆی نەبێت، فەرموو ئەگەر سەیارەكەیشیان خراپە كە خراپ نیە ئەوە بەو پارە زۆرو زەبەندەى وەریدەگرن كە خۆی لە هەشت نۆ ملیۆن دینار دەدات بێجگە لە پاسەوان و ئەو شتانەى تر كە ڕەنگە پێشتر خۆی ببڕیایە و بكوشتبایە لە وەزیفەى حكومى یا حزبی و ....هتد.مووچەكەى ملیۆنێ یا دوو ملیۆن بوایە ئەگەر خزمەتى سی ساڵی لەسەر یەكى هەبوایە، كەواتە خێرە بەو پارە و لەو ماوە كەمەدا بەو پارە زۆرە ناتوانێ لەهەموو ئەو كۆمپانیایانەى سەیارە بەقست دەفرۆشن بچن سەیارەیەكى دوا مۆدێل ڕابكێشن؟ بۆ هەر دەبێ خەڵك گومانتان لەلا دروست بكات كە ئەوانە هیچ ئیشیان نیە لەسەرەوەى هەر شتێك جگە لەوەى دەبێ خۆیان پێ بگەیەنن و نەهێڵن لەهیچیان كەم بێت ئەوجا بێنە سەر خەڵكە عەوام و ڕەش و ڕووتە و سڤیلەكە، لەكاتێكدا خەڵك گومانى ئەوە دەبەن ئەوە سیاسەتى حزبە ئاڕاستەیان دەكات تا بەو كارەیان دەنگى ناو پەرلەمان كپ بكەن و بۆ هەندێ مەرامى سیاسی دەنگدان لەپڕۆژەكان بۆ بەرژەوەندى خۆیان، ئەوانە بەرەو لای خۆیان پەڵكێش بكەن.

لەو ڕوانگەوە پێویستە:

1- ئەوەى پەیوەندى بە سەیارە و زەوى و شوقەو خانووبەرەوە هەیە، نە حكومەت نە پەرلەمان خۆی لێ نەدات، لەكاتێكدا هەر یەك لە وەزیر و پەرلەمانتاران دەتوانن بەو پارەى وەریدەگرن حەزیان لەچیبێ و چیان بوێ پێی بكڕن كە ئەمە لەهەموو دنیا شتى وا نیە مەگەر ئەو وڵاتانەى بیری مشەخۆریان هەیە.

2- بەردەوامبوون و بڕیاردان لەسەر ئەو شتانە ڕقی خەڵك ئەستوور دەكات، هەر بۆ نموونە وەك دەبینین هەرێمى كوردستان لەقەیرانى دارایی دەخولێتەوە و بەرپرسان ڕاشكاوانە دەڵێن: بودجە نیە، ئەى بۆچی كارێك دەكەن خەڵك بڕواتان پێ نەكات و گومانتان لێ بكات؟.

3- ئەو دیاردەیە سەردەكێشێ بۆ ئەوەى ببێتە مۆدێلێك و هەموو خەڵك لەخەمى ئەوەدابن بەو پۆستانە بگەن چونكە یەكجار دەستیان لێی گیربوو بەمەیش لەماوەى چوارساڵ ئیتر هەتا هەتایە ژیانیان دابین دەبێت لەكاتێكدا فەرمانبەر و مووچەخۆرە بەستەزمانەكان تا دەمرن هەر بە حەسرەتەوە دەژێن و تا دەمرن بەو مووچە كەمەى وەریدەگرن ناتوانن ژیانێكى ئاسایی پێ بگوزەرێنن.

4- هەموو دەنگۆكانى تایبەت بەدواخستنى ئەو بڕیارە لەژێر هەر هەڕەشە و فشارێك پێویستە دواخستنى كۆتایی بێت، نەك لەدەرفەتێكی دیكەدا جارێكى تر ئەو بابەتە بێتە گۆڕێ.



5- ئەو قسانەی سەرەوە تانە و تەشەرە نیە مەگەر خەمخۆری و دەنگى ناو شەقامە كە زۆر قسەى وا دەكرێ ڕووى ئەوەم نیە ئاماژەى پێ بدەم، هیوادارم ئەو دۆسیە دابخەن و دوور و نزیك بەلایدا نەچن، چونكە ئەوە خەڵكە تەماشا دەكات و هەر ئەوە خەڵكە ئەو قسانە دەكەن و داهاتووش ڕوحم بەكەس ناكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە