راگەیاندنى یەكێتى سەرانى هەردوو بنەماڵە زیاتر ریسوا دەكات
Thursday, 04/03/2010, 12:00
ماوەیەكە راگەیاندنەكانى یەكێتى دەهۆڵى ئەوە دەكوتن گوایە لیستى گۆڕان لەگەڵ حەدبا ریككەوتون و پارێزگارى موسڵیش ئەسیل نوجەیفى پشتگیرى گۆڕان دەكات. هەر لەو گرتە ڤیدیۆییەدا كە سایتى (PUKmedia) بڵاویكردۆتەوە نوجەیفى دەڵێت "بزوتنەوەى گۆڕان دەرگایەكى نوێى كردۆتە بۆ پەیوەندى لەنێوان گەلى كورد و گەلى برا عێراقییەكانیاندا" هەروەها دەشڵێت "ئێمە وەك پارێزگارى شارەكە هاوكارى و پێشوازى لەو لیستە دەكەین چونكە ئەوان لەشارەكەدا كاردەكەن". ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە نوجەیفى خۆى بە بەرپرسیارى ئەو شارە دەزانێت لەهەموو رویەكەوە و باس لە برایەتى كوردو عەرەب و سەرجەم پێكهاتەكانى ترى عێراق دەكات و هیچ شتێك ناڵێت دژى كوردبێت. ئەگەر هەڵًەش نەبم جەلال تاڵەبانى مامۆستاى ئەو بیرۆكەیەبوو كە سەرجەم پێكهاتەكان لە عێراقى یەكگرتودا پێكەوە دەژین و دەوڵەتى كوردى خەونى شاعیرانەیە!!
ئەوەى لێرەدا دەمەوێت هەڵوێستەى لەسەر بكەم دەستەواژەیەكە كە راگەیاندنەكانى یەكێتى وەك شریت لێیدەدەنەوە ئەویش (دوژمنى سەرسەختى كورد)ە. ئەم دەستەواژەیە بەكار دەهێنن بەرامبەر ئەو كەس و لایەنانەى كە نوێنەرانى لیستى گۆڕان دانیشتنیان لەگەڵ دەكەن نەك بەمەبەستى رێككەوتن بەڵكو بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەكان لەكەشێكى ئارامدا بەڕێوەبچێت و نەهێڵن پارتى و یەكێتى تەزویر بكەن. راگەیاندنەكانى یەكێتى نوجەیفى بە دوژمنى سەرسەختى كورد دەزانن. لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە؟ ئایا نوجەیفى كێیە؟ نوجەیفى پارێزگارى موسڵە واتە كارمەندێكى ئەو حكومەتەیە كە كوردێكى نامەسئول بەرامبەر گەل و نیشتیمان سەرۆكییەتى! ئەى جەلال تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى كارتۆنى عێراق كورد نییە؟ ئەى سەرۆك نابێت باوكى میللەت بێت بەهەموو پێكهاتەكانیەوە؟ ئەى نابێت لێپرسینەوە لەگەڵ نوجەیفى بكات بڵێ تۆ چۆن دەتوانیت دوژمنایەتى بەشێكى گرنگى گەلى عێراق بكەیت؟ دیارە تالًَەبانى ئەوە ناكات چونكە ئەو سەرۆكى گیرفانى خۆى و ئەو كورسییە كە دەسەڵاتەكەى لە چوارچێوەى ژورەكەى خۆى تێناپەڕێت. ئەى سەرۆكە تەزویرەكەى كوردستان بۆ دەنگ ناكات؟ خۆ ئەوان فێرن خۆیان سوربكەنەوە و چاو دەرپەڕێنن یان كورد وتەنى (هین بە خاڵى خۆى فێرە).
ئاخر دەبێت میللەتى كورد چى دڵێكى بەم هەموو گەندەڵ و دزو داوێن پیسەى ئەم دوو بنەمالًەیە خۆشبێت كە نەتوانن بە عەرەبێك بڵێن بۆ دوژمنایەتى كورد دەكەیت. سایەتە درۆزنەكەى یەكێتى دەڵێت دانیشتوانى ناوچە دابڕوەكان كەسانى وەك نوجەیفى تەماتە باران دەكەن وەك چۆن (حیكە چڵمن)یان تەماتە بارانكرد. ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەو خەڵكە زۆر بەشەرەفتر و بە كەرامەتترن لە سەركردەكانى هەردوو حزبە مافیاكەى كوردستان (پارتى و یەكێتى). بەبۆچونى من كادرەكانى راگەیاندنى یەكێتى پێویستیان بەخولێكى راهێَنان هەیە بۆ ئەوەى بزانن چۆن درۆكانیان رێكبخەن ئەگینا هەرچییەك بنوسن و بلاوبكەنەوە رووى رەشى خۆیان و سەركردەكانیان دەردەخەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست