کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڕەشەى نەدانى قەرەبووى مادەى (140) لە ئاوارەكان مەكەن، بەڵكو لەكاتى گەڕانەوەیاندا هاوكارییان بكەن

Sunday, 20/09/2009, 12:00


(محەمەد ئیحسان: هەر خێزانێكى ناوچە دابڕاوەكان سەردانى ناوەندەكانى دەنگدان نەكات لە قەرەبووى 140 بێ بەش دەكرێت.) ئەمە ناونیشانى ئەو هەواڵەیە كە لە رۆژى 19/9/2009 لە سایتی دەنگى سەربەخۆ خوێندمەوەو لە درێژەى هەواڵەكەشدا كە لە سایتى (ئەسوات ئەلعراق)ى رۆژى 18/9/2009 وەرگیراوە، واتە نە قسەیەكى هەڵبەستراوەو نە دروستكراویشەو زۆربەى كەناڵە راگەیاندنەكانیش بڵاویان كردەوە. ئەم چەند دێڕەى سەرەوەم بۆ ئەوە بە نموونە هێنایەوە، نەبادا بڵێن وانییەو هەڵبەستراوە.
من كەسێكم لەوانەى بەدەست خۆم نییە زۆرجار زۆر لەخۆم دەكەم كە دەسەڵاتم خۆش بوێ و ئەو تۆمەتە لەسەر خۆم بڕەوێنمەوە كە پێمدەڵێن: (تۆ هەر لە ئەزەلەوە دژى دەسەڵاتیت و هەمیشە دژى شەپۆلەكان مەلە دەكەیت)، لێ لەكاتێكدا لەو بیرۆكانە رۆدەچمەخوارێ كە چۆن وا بكەم دەسەڵاتم خۆش بوێ، كەچى لەولاوە كوڕێك، یان كچێكى دەسەڵات، لێدوانێك دەدات، یان هەڵوێستێكى نێگەتیڤانە دەنوێنێت و سەرەداوى خۆشویستنى دەسەڵاتم لێ وندەكاتەوە.
درێژەى نەدەمێ، شەوى 18 لەسەر 19ى ئابى 2009 لە كەناڵە راگەیاندنەكانەوە گوێبیستى ئەو قسەیەى سەرەوەى كاك محەمەد ئیحسان وەزیرى كاروبارى ناوچەكانى دەرەوەى هەرێمى كوردستان بووم، هەرچەندە زۆر بەلامەوە سەیر نەبوو، بەڵام لە لایەكى دیكەوە تووشى شۆكى كردم، بۆیەش زۆر بەلامەوە سەیر نەبوو، چونكە پێشتر زۆر گوێبیستى ئەوە بووم كە ئەگەر هەر كەسێك دەنگ نەداتە حزبی دەسەڵات (بایع)ەكەى دەبڕن، وەك ئەوەى بایعەكە بەدەستى ئەوان بێت!!، لەلایەكى دیكەوەش بۆیە تووشى شۆكى كردم، لەبەرئەوەى كەسێكى وەكو ئەو بەڕێزە كە تا ئەم چركە ساتەش رێزم بۆى هەیە، هەرگیز نەدەبوایە ئەو هەڵوێستەى بنواندبوایەو ئەو هەڕەشەیەى بكردبوایە.
بەڕێزم وەزیرى كاروبارى ناوچەكانى دەرەوەى هەرێمى كوردستان، ئاخر تۆ كاتێك دەبوایە ئەو هەڕەشەیەت بكردبوایە كە وەكو وەزیرێك و بڕیار بەدەستێك كارى زۆرت بۆ ئەو راگواستراو، گوندو ماڵ تاڵانكراو، لێقەوماو، ئاوارەو شارو گوند بەدەركراوانەى سەردەمى بەعس بكردبوایە، ئەوكاتە دەمانگوت: هەروەى!!، لێ وەكو كۆنە بەعسییەك وتى ماڵى حزب ئاوابێ لە گونددا خانووى بۆ كردووم و بڕە پارەیەكى باشیشى داومەتێ، ئاوارەكانیش كەیفى خۆیانە، كەچى ئەوانەى تا ئێستاش لە ئۆردوگا زۆرەملێیەكانى سەردەمى بەعس نیشتەجێن و لە درێژەى ئەوەندە ساڵەى رابورد، جێگاو رێگایان بۆ خۆیان دابینكردووەو منداڵەكانیان ناوەتە بەرخوێندن و بە كورتى ژیانیان مەیسەر بووە، تازە تۆ دەتەوێ بە هەڕەشەى قەرەبوونەكردنەوەیان بە مادەى 140 بیانترسێنى و ناچارى گەڕاندنەوەیان بكەیت؟!.
بەڕێزم!.. ئەوان بگەڕێنەوە كوێ و دەنگ بە چى بدەن، بە حزب و شارێك كە هى هەموو كەسێكە تەنها حزب و شارى ئاوارەكان نەبێ، ئاخر ئەوان بۆ كوێ بگەڕێنەوە؟ بۆ كوێرە دێیەك كە هێشتا ئێوە سەرەڕاى هاوپەیمانى و هاولیستى و هاوخەمى یەكتر تەنها بۆ چەند كەسێكى دیاریكراوى سەربەخۆتان و خزمى بەرپرسەكان چەند بلۆكێك دەنرێتە سەریەك و ئاوو كارەباو قوتابخانەو رێگەوبان و بنكەى تەندروستى و ...تاد، لە قوتووى هیچ عەتارێكى حزبیشدا بوونیان نییە!!، ئاخر ئەو (10) ملیۆن دینارەى بەناوى قەرەبووكردنەوە دەدرێتە هەر خانەوادەیەكى ئاوارە كە پێشتر (5) ملیۆن بووو دواى خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەرى ئاوارە، ئینجا كرایە (10) ملیۆن كە ئەگەر رۆڵى تۆیشى تیابووە لەو زیادكردنە، ئەوە ماڵت ئاوابێ و ئەركى سەرشانى خۆتت وەكو وەزیرێك ئەنجامداوە، لێ ئەو هەرچۆنێك بێت ئەو (10) ملیۆن دینارە، نە خێرى حزبەو نە زەكاتى حكومەتى بەغدایە، بەڵكو ئەوە سادەترین مافى ئەو خەڵكەیە كە هێندەى نەمابوو بەعسییەكان نامووسیشیان ئەتك بكەن و بەناچارى روویان لە شارەكانى دیكە كردو لە ئۆردووگا زۆرەملێیەكان گیرسانەوە.
بەڕێز وەزیرى پایەبەرز، تۆ كە وەزیرى ناوچە ناكۆكى لەسەرەكانیت، تا ئێستا چەند شەوت لە كەركوك و چەندی دیكەت لە خانەقیندا رۆژ كردۆتەوەو لە درێژەى ئەو چوارساڵەى وەزیرێتێكەتدا چیتان بۆ ئەو ناوچانە كردووە، كە خۆتان وتەنى كێشە لەسەرن. خۆ ئەگەر ئاڵۆزترتان نەكردبێ، ئەوە دڵنیابن باشترتان نەكردووە.
هەڕەشەكردن لەو خەڵكەو گومان دروستكردن لە نەدانى ئەو بڕە پارەى قەرەبووكردنەوەیە بۆ ئەوانەى كە تا ئێستا سەردانى بنكەكانى دەنگدانیان نەكردووە، بڕیارێكى زۆر قورسەو هیوادارم پێیدا بچنەوەو داواى لێبوردنیش لە ئاوارەكان بكەن. ئاخر جارێكى دیكە دەڵێم: چیتان بۆ ئاوارەكان كردووە، تابەوجۆرە هەڕەشەیان لێدەكەن، بگەڕێنەوە كوێ؟ كەركوك، یان شوێنەكانى دیكە بۆ ئەوەى ببنە خۆراكى عەقڵى ژەنگرتووى باندە تیرۆریستییەكان و لە شیرین خەودا قەتڵ وعامیان بكەن؟.. كێ زەمانەتى گیانى منداڵێكى ناو بێشكەو پاراستنى نەدزینى كچۆڵەیەكى قوتابی سەرەتاییو پیرێكى گۆچان بەدەستى ئاوارەى گەڕاوەى كەركوك دەكات؟.. بچن لەكوێ نیشتەجێ بن؟، لە مەلعەبەكەو لە گەڕەكە تەجاوزەكانى قەراغ شار، یان لەو گوندانەى كە دواى زیاتر لە (6) سالأ لە نەمانى بەعس، هێشتا زەویوزارەكانیان موڵكى حكومەتى مالكییەو نەتانتوانیوە بە بڕیارێك بۆیانى وەربگرنەوە، چۆن كاتى خۆى بەعس بە بڕیارێك لێى زەوتكردن؟!
ئاخر بەڕێزم! كەركوكییەكان و هاوخەم و هاودەردەكانیان لە شوێنەكانیتر، نە ئەوانەن كە حزبەكانتان دادۆشن و نە قەتیش بارگرانى بوون بەسەرتانەوە، ئەگەر خەڵكى دیكە دەنگى دابێ، ئەوا كەركوكییەكان هەمیشە خوێن و دەنگیان پێداون و هەمیشەش پەراوێز خراون. دڵنیاش بە كەركوكییەكان سەرەڕاى ئەو پشتگوێخستنەى حزبە كوردستانییەكان، كەچى هەر دەنگ دەدات و لێناگەڕێ شارەكەى بلكێنرێ بە عێراقێكى پینەوپەڕۆكراوەوە، لێ لەبەر ئێوەنا، لەبەر ئەو خوێن و خەباتەى كە رشتوویەتى و ئەو قوربانییە بێشومارەى كە داویەتی.
تكایە چیدیكە بە هەڕەشە مامەڵەمان لەگەڵدا مەكەن، چونكە باوى هەڕەشە نەماوەو كەركوكییەكان و خەڵكانى ئاوارەى ناوچەكانى دیكە زۆر لەوە گەورەترن كە بە هەڕەشە بێنە سەر خەت.
19/9/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە