گۆڕان لە نێوان لیبرالیزم و ئیسلامدا
Sunday, 01/12/2013, 12:00
2124 بینراوە
سەرەتا:
گۆڕان لە زمانی سەرۆکەکەیەوە ئاشکرای کرد: حیزبی گۆڕان ڕەزامەندی لەسەر هیچ شتێک دەرنابڕێت کە لەگەڵ سەوابیتی دینی ئیسلامدا نەگونجێت. بەدوای ئەویشدا، ئەو ئیسلامانەی لەناو حیزبی گۆڕاندا، پلە سەرەکیەکانیان پێ بەخشراوە، کەوتنە بەکارهێنانەوەی ئەو ووشانەو بێترس ڕایانگەیاند، ئیسلام بنەما یاساییەکانی ئەو حیزبەیە. ئەمە لە کاتێکا کە پێشتر، گۆڕان خۆی وەک نوێنەری لیبرالیستە تەکنۆکراتەکان نیشاندەدا.
لە پشت ئەو دوو ئاراستە جیاوازەیشەوە، گۆڕان خۆی وەک نوێنەری هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان، نوێنەری هەردوو چەوسێنەرو چەوساوە، دەناسێنێت، ئەمە هەروەک ئەوەی گوایە هیچ جیاوازیەک نەبێت لە نیوان ئەوانەدا کە داهاتی چرکە ساتێکیان، بەرابەری داهاتی ساڵانەی هەزاران کەسە لە کارگەو فەرمانگەکاندا، ئەوانەی کە ژیانی خێزانێکی ٧-٨ کەسی، بە عارەبانەیەکی دەستگێڕ دابین دەکەن.
سەوابتی ئیسلام و لیبرالیزم:
ئیسلام لیبرالیزم بە کوفر ناوزەد دەکات، لیبرالیزمیش ئیسلام بە جەهل و نفاق. بۆیە دەبێ بپرسین: کام لەم دووانە، هەڵبژێردراوی حیزبی گۆڕانن؟
پێویست ناکات بە کتێبەکاندا بچینەوە. لە مێژووی نوێدا، باشترین نموونەی بەردەست، پەیوەندی نێوان ئیخوانەکانی میسرو تەکنۆکراتە لیبرالیستەکانن. ئەوان هەر بە خێرایی، وەڵامی ئەو پرسیارەیان دایەوە کە ئیسلام ناتوانێت هاوپەیمانی لیبرالیزم بێت. لیبرالیزم خۆی بۆ خۆی، هێرشێکە بۆ سەر سەوابتەکانی ئیسلام. ئیسلامیش هێرشێکی پێچەوانەیە دژی لیبرالیزم. لە میسردا، زۆر بەزوویی، ئەو ناکۆکیە ئاشکرا بوو. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان یاسا حقوقیەکانی لیبرالیزم و ئیسلامدان.
یاسا حقوقیەکانی لیبرالیزم و ئیسلام:
سەوابتەکانی ئیسلام بە گشتی، هەرگیز جێگای باس و دەستکاری کردن نین، بەڵکو ئەوانە، یاسا ئاسمانی و هەمیشەییەکان پێکدێنن و لە هەموو شوێن و زەمانێکدا، وەک یەک کۆمەڵگا ڕێکدەخەن. ناکۆکی هەرە گەورەی ئەو دوو تەوژمە سیاسیەیش ئەوەیە کە: یاسا حقوقیەکانی ئیسلام، هەموو ئەو ڕێگایانە دەبەستێت، ژن سەواو مامەڵەی لەشی خۆیی تیا دەکات. لیبرالیزم هەموو ئەو دەرگایانە دەخاتە سەرپشت، کە لە سایەی مافی مرۆڤدا، تەنانەت ژن و ژن، وە یان پیاوو پیاو، خانەوادەیەکی هاوچەرخ پێکبهێنن.
واتە لەباری سیاسیەوە، هیچ زەمینەیەک نیە لیبرالیزم و ئیسلام کۆبکاتەوە. بۆیە دەبێت لە دیدگای ئابووریشەوە، بڕوانینە لیبرالیزم و ئیسلام و هەوڵبدەین لەوێدا هاوبەشەکانیان بدۆزینەوە.
هاوبەشی لیبرالیزم و ئیسلام:
چ لە لیبرالیزم و چ لە ئیسلامدا، مافی مرۆڤ پارێزراوە. مافی مرۆڤیش هیچ نیە مافی موڵکدارێتی تایبەتی نەبێت. ئەو مافەیش لە هەردوو ئیسلام و لیبرالیزمدا، وەک یەک دانی پێدا نراوە.
لە هەردوو لیبرالیزم و ئیسلامدا، لیبرالیستەکان یان ئیسلامەکان، بۆیان هەیە خاوەنی سامانێکی لەبن نەهاتوو بن. بۆ نموونە: جۆرج بوشی باوک (٢٠ ملیۆن دۆلار)، بیل کلینتن (٥٣ ملیۆن دۆلار)، باراک ئۆباما (١١) ملیۆن دۆلار لە حسابە بانکیەکانیاندایە. گەلێک لە سەرکردەکانی ئیسلامیش، لە هەرە دەوڵەمەندەکانی سەردەمی خۆیان بوون، وەک ئەبوبەکری سدیق، عوسمانی کوڕی عەفان، عبدالرحمن کوڕی عوف، وە زۆری تریان. وە چ لیبرالیستەکان و چ ئیسلامەکان، بۆیان هەیە خاوەن زەویوزارێکی زۆر بن، وە یان خاوەنی بانک و کارگەو بیرە نەوتیەکان بن.
واتە نە لیبرالیزم و نە ئیسلام، هەرگیز ڕێ لە سامانی تاکەکەسی و لەبەرامبەریشیدا فراوان بوونی هەژاری ناگرن. وە تەنها بەم مانایە، گۆڕان دەتوانێت لە نێوان ئیسلام و لیبرالیزمدا یاری بکات و سوود لەو دوو تەوژمە سیاسیە وەربگرێت بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسیەکان و ئامانجە ئابووریەکان کە خڕکردنەوەی سامانی شەخسیە.
پوختەی باس:
لە سایەی لیبرالیزم و ئیسلامیدا، مرۆڤ زەلیلی دەستی سیستمێکە چەوساندنەوە تیایا سەروەرە. دەسەڵاتێک سەروەرە کە ئامادەیە زۆربەیەکی بێئەندازە لە خەڵکی، بخاتە پەڕی شارەکانەوەو بە تەواوی لەبیربچنەوە. ئەمەیش خاڵی یەکگرتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکانە.
بۆیە دەبێت وەک پێویست، لەژێر پێی ئەو دوو تەوژمە سیاسیەدا، هێزێکی تر هەبێت داوای ژیانێکی تر بکات، جیاواز لەو ژیانەی لیبرالیستەکان و ئیسلامیەکان، بەسەر کۆمەڵگایدا دەسەپێنن، ژیانێک کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا تیایا، پەیوەندیەکی ئەوەندە ئینسانیانە دابین دەکەن، کە چوونیەک، سامانی نیشتمانی تیا دابەش دەکرێت، ئەو سامانە زۆرو لەبن نەهاتووەی، بە هۆی دابەشکردنێکی نائینسانیانەوە، بە ملیۆنان کەسی تیا هەژارو برسی و بێکار دەکرێت. ئەو ژیانە نە بەو پەرلەمانە وەدی دێت کە بەخەمی ڕێکخستنی یاسایی کۆمەڵگاوەیە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران، وە نە بەحکومەتی بنکە فراوان. ئەو ژیانە بە شۆڕشێک وەدی دێت کە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران، ملکەچی بەرژەوەندی زۆربەی کۆمەڵگا دەکات، ئەو زۆربەیەی هەمیشە لە میحنەتێکی بێئەندازەدا دەژین. شۆڕش نەک حکومەتی بنکە فراوان، وەڵامی ڕاستەقینەی ئەو میحنەتەیە.