گۆڕان به‌شێکه له‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی، کە بۆ خۆی لە ١٧ی شوباتدا داوای روخانی ده‌کرد
Monday, 17/02/2014, 12:00
1677 بینراوە
له به‌یاننامه‌یەکی 7 خاڵییدا ساڵی 2011 بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازیی له روخانی رژێمه دیکتاتۆره‌کان ده‌کرد و ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمیشی وه‌ک رژێمه دیکتاتۆره‌کان سەیر دەکرد. له به‌یانێکی 7 خاڵیدا، بزووتنەوەی گۆڕان داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حکومه‌تی کرد. داوای هه‌ڵبژاردنێکی خێرا و بێ غه‌شی ده‌کرد. ئایا مه‌به‌ستی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا لەم گەمە سیاسییه چی بوو؟
پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر ئەو بەیاننامەیەدا، ئیستا وەڵامی ئەم پرسیارە وەردەگرینەوە!
فه‌رهاد سه‌نگاوی، که ئه‌وسا بوو بوو بە گۆڕان، دەیاننارد، دەچووە نێو کۆڕ و کۆبوونە جەماوەرییەکانەوە، بە دەنگی بەرز دەیشیڕاند و داوای روخانی حکومه‌تی پارتیی و یەکێتیی دەکرد، دوایی به‌سەر هه‌موو قسه‌کانی خۆیدا بازی دا‌و گەڕایەوە ناو یه‌کێتی، بووش به ئه‌ندامی په‌ڕله‌مانی ئەو حیزبەی کە هاواری دەکرد بڕوخێت. ئه‌مڕۆش بزووتنەوەی گۆڕان به بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆرانێک رووی دابێت وەک فەرهاد سەنگاوی خۆی دەکاتەوە به به‌شێک له‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی، که به قسه‌ی جارانی خۆیان هیچ خێرێکی تێدا نه‌مابوو.
لێردا ده‌مانه‌وێت بپرسینەوە: ئایا ئیتر ئێمە چۆن بڕا بکەین و چۆن له ئێوه‌ی گۆڕان بڕوانین؟
کوردستانپۆست هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به گومان بوو له‌وه‌ی، بزووتنەوەی گۆران، بۆ ئەوە هاتبێت، کار بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکم بکات، ئەو بەیاننامانەی لە ١٧ی شوباتدا دەریان دەکرد، ئێمە لامان وابوو پێچه‌وانه‌وه‌کەی راستە، بۆ پاراستن و مانەوەی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی بوو.
گۆڕان ویستی ده‌ست به‌سه‌ر بزووتنه‌وه و دەنگی ناڕازیی جه‌ماوه‌ردا بگرێت، تا نه‌بێت به مه‌ترسی بۆ رووخانی دەسەڵات. ئەمڕۆ راستییه‌کان ته‌واو ده‌رکه‌وتوون، بۆیە لەسەر هه‌وادارانی گۆڕان پێویسته ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن:
ئایا سه‌ر به کام گۆرانن؟!
گۆڕانی جارانی پڕ لەو هەموو قسە و بەڵێن و هیوایانە؟!
یان گۆرانی ئێستای پڕ لە سەفەر و هاتوچۆکانی سەری رەش و پیرمام؟!
http://www.gorran.net/Detail.aspx?id=117&LinkID=114*******************************************
به‌یاننامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌رباره‌ی هه‌لومه‌رجی ئێستای کوردستان
هاونیشتیمانانی سه‌ربه‌رزی کوردستان
وه‌ک هه‌موو به‌چاوی خۆتان ئه‌بینن رۆژی که‌وتنی رژێمه دیکتاتۆره‌کان له زۆربه‌ی وڵاته سته‌مکار و داخراوه‌کانی دنیا و ناوچه‌که ده‌ستی پێ کردووه‌و شه‌پۆلێکی ناڕه‌زایی له‌پێناو ئازادی و دادپه‌روه‌ریدا جه‌ماوه‌ری وڵاته جیاوازه‌کانی ته‌نیوه. هاوار له‌پێناو ئازادی و دادپه‌روه‌ریدا خه‌ڵکی رژاندۆته سه‌ر شه‌قام و ترسی خستۆته دڵی هه‌موو سته‌مکاران، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش پایته‌خته گه‌وره‌کانی دنیا پێشوازی له‌و گۆڕانه دێمۆکراتییه ده‌که‌ن و پشتیان کردۆته سته‌مکار و دیکتاتۆره‌کان.
ئێمه له کوردستان له کاتێکدا به خۆشحاڵییه‌وه پێشوازی له‌و شه‌پۆلی گۆڕانه ده‌که‌ین و سات له دوای سات چاودێری پاشهاته‌کانی ئه‌که‌ین، له هه‌مان کاتدا به نیگه‌رانییه‌وه ده‌ڕوانینه خه‌مساردیی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان که هیچ ههنگاوێکی راسته‌قینه‌یان به‌ره‌و دیمۆکراتیزه‌کردنی سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و دابینکردنی خزمه‌تگوزاری و پێداویستیه ساناکانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان نه‌ناوه، له کاتێکدا خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕێ بوون له دوای راپه‌رینه‌که‌ی 1991وه جۆرێک سیسته‌می حوکمڕانی و دیموکراسی دابمه‌زرێنێ، که هه‌موو ناوچه‌که ناچار به لاساییکردنه‌وه‌ی بکات و گه‌لی کوردستان ببێته پێشه‌نگی گۆڕان به‌ره‌و دیمۆكراسی و دادپه‌روه‌ری، به‌ڵام روداوه‌کانی دوای راپه‌رین هه‌موو ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌ی له‌ناو برد. کوردستان نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانی ئه‌و نمونه دیمۆکراسیه بێت که شوێنه‌کانی تر ناچار بکات لاسایی بکه‌نه‌وه. به‌ڵکو سیسته‌مێکی حوکمڕانی حیزبی پر له سته‌مکاری دروست کرد که بووه‌ته نمونه‌یه‌کی خراپی لاساییکردنه‌وه.
هاونیشتیمانانی سه‌ربه‌رزی کوردستان
دوای نزیکه‌ی دوو ساڵ له ده‌رکه‌وتنی ئه‌زمونی ئۆپۆزیسیۆنی پارله‌مانی له کوردستاندا خه‌ڵکی کوردستان ئومێدیان وا بوو که ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به خۆیاندا بچنه‌وه‌و ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ئه‌زمونه بکه‌نه ده‌رفه‌تێک بۆ دیمۆکراتیزه‌کردنی فه‌رمانڕه‌وایی و دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی پارله‌مانی راسته‌قینه و باشکردنی گوزه‌رانی هاوڵاتیان و دابینکردنی هه‌لی کار و خۆپێگه‌یاندن بۆ گه‌نجان و به نیشتمانیکردنی مه‌نزومه‌ی ئه‌منی و به‌رگریی هه‌رێم و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵکییه‌وه ده‌سه‌ڵاتداران به به‌رنامه کار ئه‌که‌ن بۆ نابوتکردنی ده‌زگا نیشتمانیه‌کان له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه پارله‌مانی کوردستان که رۆڵی ره‌قابی خۆی به ته‌واوی له ده‌ست داوه‌و ئه‌وه ساڵ ونیوێک به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی پارله‌ماندا تێ ئه‌په‌ڕێ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نه‌بووه لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ تاکه به‌رپرسێکی ئه‌م هه‌رێمه‌دا بکا، ته‌نانه‌ت ئه‌و حکومه‌ته‌ی که شه‌رعییه‌تی له په‌رله‌رمان وه‌رگرتووه ئاماده نییه ئیعتیراف به ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان بکاو وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی بداته‌وه.
ئێمه له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ندین جار به گوتاری نوسراو و زاره‌کی، چه‌ندین جار له رێگه‌ی فراکسیۆنهکانمانهوه له کوردستان و به‌غدا، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ردوو حیزبی فه‌رمانڕه‌وامان له مه‌ترسی و په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دۆخه ئاگادار کردۆته‌وه، به‌ڵام جار له دوای جار رووبه‌ڕوی خه‌مساردیی زیاتر و بێباکیی زیاتر بوینه‌ته‌وه. بۆیه ئێستا کاتی ئه‌وه هاتووه بزوتنهکهمان به راشکاوی و به ئاگاداری ئێوه ئه‌م داواکاریانه پێشکه‌ش به ده‌سه‌ڵاتداران و هه‌موو هێزه سیاسیه‌کانی کوردستان بکات وه‌ک رێگه‌چاره‌یه‌کی ڕاسته‌قینه بۆ کۆتاییهێنان به‌م سیسته‌مه حیزبسالاریه و دامه‌زراندنی سه‌ره‌تایه‌کی تازه‌ی حوکمڕانی که جێی ره‌زامه‌ندی ئێوه و شانازی هه‌موان بێت:
1. مه‌نعی سه‌رکردایه‌تی پارتی و یه‌کێتی له هه‌مو جۆره ده‌ستێوه‌ردانێ له کاروباری: حکومه‌ت و دائیره‌کانی، پارله‌مان، دادگا، ئاسایش، پێشمه‌رگه.
2. مه‌نعی دامه‌زراوه‌کانی ئاسایش، زانیاری و پاراستن و پێشمه‌رگه له هه‌مو جۆره ده‌ستێوه‌ردانێ له کاری سیاسی خه‌ڵک و چالاکیه جه‌ماوه‌ریه‌کان، گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی ئه‌م ده‌زگایانه به که‌سانی بێلایه‌نی پیشه‌یی.
3. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ته حیزبیه‌که‌ی ئیستای یه‌کێتی و پارتی و پێکهێنانی حکومه‌تێکی ئینتیقالی ته‌کنۆکراتی بێلایه‌ن.
4. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م پارله‌مانه‌ی ئێستا.
5. ئاماده‌کردنی زه‌مینه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی نه‌زیهی بێ ته‌زویر بۆ پارله‌مانی کوردستان که له3 مانگ تێ نه‌په‌ڕێ.
6. گێڕانه‌وه‌ی موڵک و ماڵی داگیرکراوی حکومه‌ت و خه‌ڵک له لایه‌ن حیزبه‌کان و کاربه‌ده‌سته‌کانیه‌وه.
7. کێشانه‌وه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم و هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به سیسته‌می حوکمڕانی وڵاته‌وه و حه‌واڵه‌کردنیان بۆ پارله‌مانی داهاتو.
ئێمه له‌کاتێکدا ئه‌م خواسته جه‌ماوه‌ریه رائه‌گه‌یه‌نین:
داوا له هه‌موو هێزه سیاسیه‌کانی کوردستان ئه‌که‌ین پشتگیری خۆیانی بۆ ده‌رببڕن.
داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ئه‌که‌ین که له ئاستی به‌رپرسیارێتی مێژویی خۆیان دا بن بۆ جێبه‌جێکردنی.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
29ی 1ی 2011