شتە بێ ئەرزشەکان
Saturday, 08/03/2014, 12:00
لە کوردستانی باشوور زۆرشت هەن کەوا هیچ قورسایی و ئەرزشێکی نیە و ڕۆژانە خەڵکیان پێ کەڕ و کاس کردوە و کردویانەتە بنێشتە تاڵەی سەر زمانیان، فەرموون لەگەڵ هەندێ لەو شتانە.
1- هەڕەشەکانی مەسعود؛ لەوەتەی مەسعود هەیە خەریکی هەڕەشەو گووڕەشەیە و تا ئێستاش نەیوێراوە یەکێکیان جێبەجێ بکا، بەتایبەتی گەر ئەو چاوسوورکردنەوەو خۆڕاوەشانە دژ بەهەریەك لە تورک،فارس و عەرەب و غەیرە کورد بوبێ.
2- مافی ژنان؛ لەدوای هاتنەوەی ئەم شۆڕشگێیانە بۆ ناو شارو شارۆچکەکان، ئەوەندەی ژنان و چینی مێینە قەلاچۆو ئەنفال کراون لەهیچ کاتێکدا ئەوەندەیان لێ نەکوژراوە بەبیانووی شەرەف و مەرەف. کێ هەیە بەقەد ئەم چینە زەرەر مەند بوبێ!
3- ئازادی ڕادەڕبڕین؛ کوشتنی سۆرانی مامە حەمە،شێخ ستار، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی. جگە لەوەی ئەوەی ڕایەکی سەربەست و ئازادی هەبوبێ یان فەلاقە کراوە و حەسیر مەیانیان پێکردوەو یان دەریان پەڕاندوە و زیندانی و کوشتن چارەنووسی بووە.
4- ماددەی ٥٨ و ١٤٠؛ لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە. ڕۆژ دوای ڕۆژ کوردستانی باشوور وەك کەشتی ئاسمانی کە چۆن تا زیاتر بەرەو بۆشایی بڕوا ، پارچەی لێ ئەبێنەوە و بچووك ئەبێت، ئاوهاش کوردستان چۆتە ئاوو تەسك و تروسکایی پێوە دیارە.
5- پەرلەمان؛ چاخانەی شەعب گەلێ لەم پەرلەمانەی خۆمان قورسایی هەیە و وەیان مەیانی کرێکارەکان ڕەنگە زۆر لەو پەرلەمانە چالاکتر بێ . لەوەتەی ئەم پەرلەمانە هەیە یان گەراجی دەبابەکانی ٣١ ی ئاب بوو. وەیان شوێنی نیگار کێشان و سەرخەو شکاندن بوو. جگە لەخەمی گیرفان و سەفەرەو سیاحەو پاسەوان و شوقەی جوان نەبوبێ، خەمی کەسیان نەبوە.
6- هەڵبژاردن؛ لەهەمووی خۆشتر هاوڵاتی خۆی شین مۆر ئەکاتەوەو ڕەنگە هەندێکیان ڕیش بتاشن و بۆنیش لەخۆیان بەن کە ئەچن بۆ دهنگدان. وا ئەزانن نقوڵ و گەزۆی تیا ئەبەخشنەوە. نازانن ئەوەی حسابی تورێکی قوڕاویش هەیە بۆ دەنگەکانیان ناکرێ .
7- سندووقی دەنگدان و کارتی ئەلیکترۆنی؛ خۆ ئەمەیان هەر باسی مەکە. خۆیان سنووقەکان پڕ ئەکەنەوە، وەیان لەڕێگا سنووقەکان ئەگۆڕن و بەئارەزووی خۆیان دەنگی تێ فڕێئەدەن. لەوەش خۆشتر، کارتی ئەلیکترۆنی کەوەك سەعاتی ئاوو کارەبای ماڵان وایە و گیچەکەی دەستکاری ئەکرێ.
8- مامە؛ لەوەتی یەکێتی هەیە ئەڵێن ، بێ مامە کەس ناتوانێ دەست بکا بەئاواو بێ ئەویش هیچ شتێ ناکرێ. کەچی ئەوە بۆ ساڵیك زیاترە مامە وەك سفری دای فاریزەی لێ هاتوەو هەموو شتەکان وەك جاران وایە.
9- بودجە؛ جگە لە ماڵی تاڵەبانی و بارزانی . عەشتەبای خوا نازانێ بودجە چیەو چەندەو چۆن چۆن سەرف ئەکرێ. کەچی هیشتا بەش ناکاو کەم و کورتی تیایە.
10- مووچە؛ وامان ئەزانی گەر مووچە نەبێ خەڵکی دێنە دەنگ و داوای مافی خۆیان لەم دەسەڵاتە ئەکەن. کەچی نەك هەر فزە ناکا، بەڵکە برا ئازاو چاو نەترسەکانمان لە(زێڕەڤانی،ئاسایش و پێشمەرگە) بۆ ٣ مانگە مووچەیان نیەو خەریکی فرۆشتنی فیشەك و تەقەمەنین بۆ کڕینی جگەرەو مەسرەفی تر.
11- کابینە؛ ئەوا بۆ هەشت کابینە ئەچێ و تا ئێستا نەیان توانیوە دوو ئیدارەیی کۆتایی پێ بێنن.
12- حکومەت؛ ئەوا بۆ ماوەی زیاتر لە ١٦٠ ڕۆژە حکومەت وەك هەپی بەیاز لێ هاتوە. وەیان وەك زەمیری غایب و جوندی مەجهول هیچیان دیار نییە.
13- هاوڵاتی؛ ئەوەی نرخ و بەهای نەبێ هاوڵاتی کوردە. بڕوانە جامانە سوور و هەڵگری نازناوی بارزانی و تاڵەبانی کەوا خۆیان وەك پلە یەك و نایاب و خەڵکەکەش بەگەمژە و گەلحۆ ئەزانن و کۆیلەیەتیشیان پێ ڕەوا نابینن.
14- میدیای ئەهلی؛ گەر سەیری ووتار نووسەکانی بۆ نمونە وەك (لڤین)بکەی. ئەوا ئەو ناوانەت دێتە بەرچاو (هێرۆ ئیبراهیم، شاناز ئیبراهیم، قوباد ئیبراهیم+جەلال،فەرید ئەسەسەرد،ئاری هەرسین،عارف ڕوشدی،مەلا بەختیار و چەمووشەکانی تری دەسەڵات.
15- یاسا؛ خوا نەخواستە ئەمەیان نەدرۆیە و نە بەتەماین بوختانیان بۆ هەڵبەستین. هەموو شتێ لەسەرەوە بێ ، بۆ خۆیان و بنەماڵەکەیان یاسا لەژێر پێڵاوەکانیانە.
16- کوردایەتی؛ ئائەم ووشەیە جگە لەوەی بۆ پەڕینەوەو وەسڵ دەرکردنی لەش پیسی مەنسوولە شەڕواڵ پیسەکان نەبێ ،کێ هەیە ڕووی بێ باسی بکا.
17- هونەری ڕەسەن؛ بۆ لەبەر ئەلقەی هندی و کۆری و عەرەبی و هێنانی بەجوملە گۆرانی بێژی عەرەب و تورک و فارس بۆ کوردستان بەناوی هونەرو سەرفکردنی ملوێنان دۆلار. کێ هەیە بزانێ کامەتە ڕەسەن.
18- دەوڵەوتی کوردی؛ وا بزانین لەوەتەی مەسعود هەیە ئەمە سەری بیستەهەم جارە بەتەمایە دەوڵەتێك بۆ کورد بەکردبا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست