لیستی گۆڕان و ململانێی هەڵبژاردن
Thursday, 21/05/2009, 12:00
*راماڵینی ئەو كێوە گەورەو زەبەلاحەی گەندەڵیی كە كوردستانی تەنیوەتەوە، پێویستیی بەزریان وشەپۆلێكی توندو تووڕەی چاكسازیی هەیە، بۆ ئەوەی ئەم واقیعە بگۆڕدرێت قسەی خۆش وزمانی گوڵ، هیچی لێ شین نابێت، بەپێچەوانەوە ئەو پرۆسێسە پێویستیی بەكاركردن هەیە، لیست دروستكردن وپێكهێنانی قەوارەی سیاسیی جیددی بۆ چوونە نێو دامەزراوە گرنگەكانی وەك پەرلەمان، كارەو كارێكی گرانیشە. بەڕێز نەوشیروان مستەفا لەپێناوی ئەو گۆڕانەدا وەك رێبەری هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی كوردستان دەستی نەداوەتە چەك، رێی سندووقی دەنگدانی گرتۆتە بەر، بێگومان لیستەكەشی "لیستی گۆڕان" چەند دەنگی هێنا، هێندەی ژمارەی ئەو دەنگانە، هاووڵاتی هەن لەپەنا لیستی گۆڕاندا لەیەك سەنگەردان لەپێناوی گۆڕاندا، ئەوەش راستییەكەی ماتماتیكییەو بەهیچ كلۆجێك ئەملاو ئەولای تیا نییەو قابیلی هیچ دەستكارییەكیش نییە. بێگومان لیستی گۆڕان وەك بەهێزترین لیستی سیاسیی كەچاوەڕێی گۆڕانی لێدەكرێت، بۆ یەكەمجارە دەستدەبات بۆ دەستكارییكردنی ئەو وێنەیەی هەمیشە پارتی ویەكێتی لەرێی تەباییەكەی ساختەوە لەكوردستاندا كردوویانەتە واقیعێكی داسەپاو ودیفاكتۆ. تەنانەت تەبایی ئەمڕۆی یەكێتی وپارتی، جگە لەوەی نابووتكردنی دیموكراسییە، تەباییەك نییە لەپێویستیی سیاسیی قۆناغ وبڕوایەكی تەواوی نیشتمانییەوە سەری دەرهێنابێت، بەڵكو تەباییەكە بۆ گورزوەشاندن لەهێزی ئۆپۆزیسیۆن، ئەگەریش تەبایی چەند ساڵی پێشوویان لەدژی ئیسلامییەكان بووبێت، ئەوە تەبایی ئەمجارە بۆ وەستانەوەیە لەدژی لیستی گۆڕان، ئەو لیستەی خۆی دەڵێت: نایەوێت تەبایی لەسەر حیسابی مافی گشتیی بنیات نەنرێت، تەبایی نەبێتە فاكتەرێك بۆ مەرگی دەنگدان وهەڵبژاردن ودیموكراسیی. ئەو لیستەی تەبایی لەیەك لیستیدا نابینێت ئەوەندەی تەبایی لەیەك دەستی لەپێشخستن وبنیاتنانەوەو پەرەپێدانی توانای ئابووری باشووری كوردستاندا چاو لێدەكات.
*بۆ یەكێتی وپارتی هیچ هێزێكی تر ئاسان نییە خوازیاری تەمبێكردنی لیستە جیاوازو ناڕەزاییخوازەكان بن، چوونكە چاوی دنیا لەسەر كوردستانە لەسەروەختی ئەم هەڵبژاردنەدا، حكومەتی بەغداش بەدوای بەهانەیەكدا دەگەڕێت تاوەكوو فشاری زیاتر بخاتە سەر حكومەتی هەرێم، كەوابوو رۆشنە، بارە سیاسییەكە یارمەتی دوو حیزبەكە نادات لەكردەی دەمكوتكردندا، بەڵكو بەپێی هەموو پێودانگێكی سیاسیی، واقیعی نوێ سەد لەسەد لەدژیانە.
*نەوشیروان مستەفا سەركردایەتی بزووتنەوەیەكی هەڵگەڕاوەی عەفەویی ناكات، "ئێمەو ئەوان" گرنگترین بنەمای سیاسیی جیاكەرەوەی هەردوو بەرەكە بوو، بەرەی ریفۆرم لەگەڵ بەرەی گەندەڵیی. "ئێمەو ئەوان" تەنیا ناونیشانێكی ساكاری وتارێكی رۆژنامەنووسیی نییەو بەس، بەڵكو تایتڵ ومانیڤێستێكی سیاسییەو دەخوازێت گرنگترین رووەكانی دوو بەرە دەستنیشان بكات ورۆشنترین رەخنە جیددییەكانی ئێمە "واتە ناگەندەڵەكانی لایەنگری ریفۆرم"ی تێدا روونكراوەتەوە. گووتارەكانی نەوشیروان مستەفا بەتایبەت ئەوەی لەكتێبێكدا بەهەمان ناوی "ئێمەو ئەوان" بڵاوبووەوە، دەكرێت بەمانیڤێستی ریفۆرم بێتە هەژمار "ئیدی نەوشیروان مستەفاش ریفۆرم ودەنگدان بەكاردەهێنێت بۆ گەیشتنە دەسەڵات وتەسفیەی سیاسیی ئەوەیان جارێ روون نییە". هەروەك چۆن ئاساییە ئەگەر بڵێین "ئێمەو ئەوان" سەرەتایەكی تیۆریی وسیاسیی بوو بۆ جیاكردنەوەی هەموو ئەوانەی خۆیان بە"ئێمە" دەزانن لەهەموو "ئەوانە"ی لەبەرەی گەندەڵیی راوەستاون. نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانیشی لەپێكهێنانی بەرەی ریفۆرم دۆزینەوەیەكی نوێیان نەكردووە، تاوەكوو لەكەوتنە خوارەوەی سێوێك، یاساكانی كێشكردنی زەوی وەدۆزنەوە، نەخێر دروست ئەوان بوونەتە فاكتەرێك بۆ رێكخستن وكۆكردنەوەی ئەو دەنگە ناڕازی وپەرش وبڵاوانەی لەسەرتاسەری كوردستان هەن، بەدەربڕینێكی تر ئەوان تەنیا رۆڵی سەركردایەتی ئەو بزووتنەوە نارێكخراوە دەكەن بەئاقاری رێكخستنیدا، دەنا ئەمڕۆ لەباشووری كوردستان گۆڕان بووە بەخواستێكی میللی، ئەگەر جاران تەنێ دەستەبژێرە سیاسیی ورۆشنبیرەكە ویستبیان یان بیریان لەگۆڕینی دنیای خۆیان كردبێتەوە، هەنووكە سادەترین هاووڵاتی بەبێ بەهرمەندەبوون لەهیچ ئاستێكی رۆشنبیریی وسیاسیی دەرەكی ئەوە دەكات ئەم واقیعەی هەیە پێویستیی بەگۆڕانە، گۆڕان بەرەو واقیعێكی تازە. خەڵك دەخوازێت شانس بدات بەهێزی تر، بەتایبەت ئەو هێزانەی جیا لەوەی دروشمی گۆڕانیان بەرزكردۆتەوە، لەهەمان كاتیشدا لەدەسەڵاتدا تاقینەكراونەتەوە. كەوابوو گۆڕان ویستێكی میللییەو بووە بەكارێكی حەتمیی. هەروەك چۆن سادەترین شت دەبێتە پێویستیی، تەنانەت بلووری چرا لەسەروەختی بێ كارەباییدا پێویستییە، ئاوها ئەم واقیعە تینووی گۆڕانە، ئەگەر نەڵێین ئاوسە بەگۆڕان.
*نەوشیروان مستەفاو لیستی گۆڕان ئەوەندەی من حاڵی بووبم، گۆڕان ناكەنە كەرەستەی نابووتكردنی هیچ پارتێكی تر، روونتر بڵێین گۆڕان پەلوپۆكردنی یەكێتی نییە، چوونكە ئەگەر بڕیارە چەند كەسێكی كەم خاوەندارێتی لەیەكێتی بكەن، بەپێی ریزبەندیی وهەموو پێوانەیەك نەوشیروان مستەفا یەكەمین ناوە نەك ناوێك لەكۆتایی لیستەكەدا سەرەی بێت، بۆیە ئاشكرایە لیستی "گردەكە" خوازیارە پەلوپۆی گەندەڵیی بكات، ئەو گەندەڵییەی خەریكە سەری كورد بخوات. بنبڕكردنی ئەو گەندەڵیی وسیستمە داخراوەی بەڕێوەبردن پێش هەر كەس لەقازانجی پارتی ویەكێتی دەبێت، ئێ ئەگەر كوردستان پێشبكەوێت، جگە لەپارتی ویەكێتی وخەڵكی كوردستان كێی تر هەیە سوودمەند بێت؟ خۆ خەڵكی سوێد سوودمەند نابن!. بەڵام یەكێتی تەواو نیگەرانە بەم لیستە، چونكە لەكوردستاندا دیموكراسی وحیزب وریفۆرم ولیست دروستكردن وبوونە ئۆپۆزیسیۆن، مۆڵەتی دەوێت، لەبەرئەوەی ئێمە لەكوردستان شاهیدی هیچ پیادەكردنێكی دیموكراسیی نین، بۆیە هەر شەقاوێك بەبێ مۆڵەتی حیزبی كوردیی بەزاندنی هێڵی سوورە، لێرە لەكوردستان هەروەك چۆن كردنەوەی رێستۆرانێك پێویستیی بەمۆڵەتی دامەزاروە تەندروستییەكان هەیە، ئاوها بۆ حیزبكردنەوە ولیست دروستكردن دەبێت مۆڵەت لەهەردوو پارتی سەرەكیی وەربگریت نەك لەیاسایەك كەقەرارە ژیانی خەڵك لەم وڵاتەدا رێكبخات. ئەمەش یەكێكە لەنەخۆشییە درم وكوشندەكانی دەسەڵات لەباشووری كوردستان، نەخۆشیی مەرج دانان لەسەر دیموكراسیی، ئەم كارە لەهەموو لایەكەوە مەترسیی لێدەكرێت ئەگەر واقیع هەروا كپ وكەڕ بكرێت پاشەڕۆژی سیاسیی ئەم هەرێمە بگەیەنێتە دۆخێك لەقاڵبی دیكتاتۆرییەتێكی خاڵسدا خۆی وەبینێتەوە.
*ئەگەرچی یەكێتی تووشی شڵەژان بووە، هەتا ئەو ئەندازەیەی میدیای یەكێتی، لیستی گۆڕان بەبۆسەدانان بۆ سەر خۆی وگەوزاندنی لاشەی یەكێتی دەبینێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەو راستییە فەرامۆش بكەین، یەكێتی حیزێكی وەچاخ كوێر نەبووە، لەهەناوی خۆیدا ریفۆرمی بەرهەمهێناوە، ئەم پرۆسەیە زیاتر لەپرۆسەی سەردەرهێنانی "مارتن لۆسەر" دەچێت لەباوەشی كەنیسە خۆیەوە. بەڵام كارەساتەكە لەوێیە پارتی رێگە نادات بەئەندامەكانی بیر بكەنەوە، ئەگەریش بیر بكەنەوە، نابێت بیركردنەوەیان شتێكی جیاواز بێت لەبیركردنەوەی سیاسیی پارتی كە بیركردنەوەی بنەماڵەیەك هەموو ئاڕاستەكانی دیاری دەكات، ئیتر بۆ ریفۆرم ئەوە هەر لەباسكردن نایەت، چوونكە ریفۆرم وپارتی، داوە دەزوویەكی باریكیش پێگەوە گرێیان ناداتەوە، یان راستتر بیڵێین پارتی وریفۆرم هیچ شتێك نییە كۆیانكاتەوە، بگرە ئەگەر یەكێكیان هەبن ئەویتریان نییە، ئەم دەربڕینە شیعر نییە، واقیعێكی تاڵە، خۆزگە ئەو دەربڕینەی من شیعرێكی خراپ بووایەو بدرایەتەوە بەچاومدا، نەك واقیعێك ژیانی سەدان هەزاری لەمەینەتییدا راگرتووە.
*نهێنییەكمان ئاشكرا نەكردووە ئەگەر بڵێین پارتی لەیەكێتی زیاتر بەلیستی گۆڕان نیگەرانە، نیگەرانییەكانی پارتی هەر ئەوە نییە یەكێتی پارچە پارچە دەبێت وهاوپەیمانەكەی لەگۆڕەپانەكەدا لاوازو شەكەت دەبێت، نەخێر لاوازبوون وناپایەداربوونی یەكێتی لانیكەم خەونی سێ دەیە زیاتری پارتییە. ترسی پارتی لەوێ دەستپێدەكات لیستی گۆڕان گورزێكی كەمەرشكێن لەپەیكەری گەندەڵیی بدات وپەردەی بێدەنگیی وكپی ورازیبوون بۆ ئاغایەتی پارتی ویەكێتی بدڕێت، هەروەك چۆن ترسی ئەوەشی لێنیشتووە لیستی گۆڕان بەپشتبەستن بەدەنگە ناڕازییەكانی ناو كۆمەڵ ببێتە هێزو لەمپەر لەبەرامبەر هەر سەرەڕۆییەكیان. سروشتی پارتی سروشتێكی توندو چەپێنەرە، لەهەمان كاتدا ژینگەی حیزبیی پارتی، ژینگەیەكی تا دوا ئەندازە وشكهەڵاتوو، كپ، كۆنترۆڵكراوەو بێجگە لەبنەماڵەیەك هیچ كەسێكی تر نە لەلووتكەدا دەبینرێت نەدەسەڵاتی هەیە، بەم هۆیەوە ریفۆرم ناتوانێت لەنێو پارتیدا ببێتە پڕۆژەیەكی سیاسیی رۆشن، چونكە بزووێنەری پارتی پلاتفۆرم ومەبدەئێكی رامیاریی نییە بەڵكو بنەماڵەیە، سەركردایەتی پارتی بۆ هەمووان نییە بەڵكو دەزگا هەستیارەكان پاوانكراون هەر بۆ بنەماڵەیەك، دەمكردنەوەو بەكارهێنانی سەلیقەو دووربینی سیاسیی بەبێ چوارچێوە رێپێدراوەكان لەناو پارتیدا قەدەغەن، باسكردن لەخەوشەكان وهیمەتی جیددی بۆ ئاشكراو لەونابردنیان هەمیشە وەك هەوڵێك بۆ سووككردنی سەنگینی پارتی وئاشووبەنانەوە چاوی لێدەكرێت، بۆیەكا هاتنە دەرەوەی "جەوهەر نامیق" لەپارتی وكاركردنی وەك دەنگێكی ریفۆرمخواز ئەو قورساییەی نەبوو لەسەر پارتی، بەبەراوورد بەهاتنە دەرەوەی رێزدار "نەوشیروان مستەفا" لەیەكێتی. بۆیە پارتی هەر لەئێستاوە خوازیارە تەپڵی سەركەوتنی ریفۆرم خامۆش بكاتەوە، لەم سۆنگەوە هەموو هەوڵێكی خستۆتە گەڕ تا لەرێی میدیاكانی سەر بەدەسەڵاتەوە وێنای هەڵسوڕێنەرانی كۆمپانیای وشە ناشرین ودزێو بكات، هەروەك خوازیارە تۆمەتی بێباریی سیاسیی وئاشووبخوازیی وەپەنای سیمبۆڵە دیارەكانی ئەو رەوتە بخات بەتایبەت كاك نەوشیروان. دیارە هەمووانیش دەزانین یەكێتی وپارتی ئەسپی خۆیان لەشێواندنی سیمای كەسێتییەكان لەرێگەی میدیاوە تاوداوە، بەڵام ئەمجارە هەر لەم رێگەیەوە شەڕی مان ونەمانی خۆیان جاڕ دەدەن.
*دەسەڵاتدارانی كوردستان وەك لەسەر زاری مەسعود بارزانی جەختی لێكراوەوەتەوە "بەخوێن دەسەڵاتیان گرتووەو بەخوێنیش بەجێیدەهێڵن". ئەم دیتنە دیتنێكە زیاتر لەپاڵەوانیازییەوە سەیری پرسەكە دەكات، ئەوی بەرامبەرەكەی گەوزاند ئەمە كۆتا دۆڕاندنە. لەكاتێكدا لەدیموكراسیدا دروست واقیعەكە بەپێچەوانەوەیە، دۆڕاندنی سیاسیی وهەمیشەیی دۆڕاندن یان گلانێكی پاڵەوانانە نییە، بەپێچەوانەوە گلانی راستەقینە لەدەستدانی رەوایی و وەرچەرخانی دەسەڵاتە بەرەو ستەمكاریی. "د.دنیس ناتالی" دەڵێت "بەپێی ئەو پێناسانەی پسپۆران بۆ دیموكراسییان كردووە، بۆ نموونە دال لەپۆلیاركیدا، دیموكراسی لەنزمترین ئاستدا بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاك وئازاد پێناسە دەكات". ناتالی لەبارەی ئەم ئاستە نزمەی دیموكراسی لەباشووری كوردستان پێیوایە "لەهەرێمی كوردستان بەراستیی زۆر زەحمەتە باس لەهەبوونی دیموكراسیی بكەین تەنانەت لەنزمترین ئاستدا". لەبەرئەوە چاوەڕێ دەكرێت پارتی ویەكێتی گزیی وساختەكاریی زۆر ئەنجام بدەن وجۆرێكیش گەمارۆ بخەنە سەر كۆمپانیای وشە، ئەگەرچی تاسەر ناتوانن دەنگی خەڵك كپ بكەنەوە. بۆیە هەر پێشلكارییەك لەم هەڵبژاردنەدا بیكەن دەچێتە سەر دۆسێ گەورەكەو ناوی زڕاویان لەئاستی نێودەوڵەتیدا. *ئەگەرچی لایەنی دەسەڵاتدار پێیوایە رۆژنامەنووسان وكۆمپانیای وشە ناوبانگی ئەم "ئەزموونەی كوردستان"یان زڕاندووە، بەڵام ئەوەی "ئەزموونی كوردستان"ی لەكەدار كردووە، رەفتاری ناشی وناشارستانییانەی تائێستای هەردوو پارتی دەسەڵاتدار بووە. ئەگەریش دەسەڵاتێك رووی راستەقینەی خۆی گەش وسپی بێت، بڕواناكەم نە نەوشیروان مستەفاو نەرۆژنامەی ئەهلی بتوانن سیمایەكی دزێوی بگوازنەوە. بەپێچەوانەوە من وایدەبینم لەبەر زۆر هۆكار لەوانە: پاراستنی ئەم ئەزموون وكەمە دەستكەوتەی بەسەدەیەك رەنج لەباشوور بەدەستهاتووە، پاشان فاكتەری ترس ونانبڕین، رۆژنامەنووسان وناڕازییان زۆر خاتری دەسەڵاتیان گرتووە. ئەگینا ئەم دەسەڵاتە زۆر لەوە خراپتر وگەندەڵترە لەسەر رووپەڕی لڤین یان هاوڵاتی دەیخوێنینەوە. نەخۆشییەكانی ئەم دەسەڵاتە هەر خۆ خزاندنە ناو هەموو پانتاییەكان وگەندەڵیی ونادادپەروەریی نییە لەدابەشكردندا. ئەگەرچی نادادپەوەریی جوگرافیاشی فەرامۆش نەكردووە، بەوەی فڵان ناوچە گرنگیپێدراو وفیسار ناوچە پەڕاوێزخراوە، بەڵام هێشتا گەندەڵیی بەبەراوورد بەوەی دوو حیزبەكە ئەنجامی دەدەن كارێكی زۆر ناپەسەند نییە، تەنانەت دەڵێم خۆزیاو سەد بریا كێشەكە هەر گەندەڵیی بووایە چوونكە چارەسەری ئاسانتر بوو، بەڵام كێشەكە لەوە سەختتر وئاڵۆزترە ئەم نووسینە پەنجە بخاتە سەر یەكە بەیەكەیان، كێشەكە لەوەدایە فەرهوود وتاڵانیی هەیە، حیزبی كوردیی دەستیگرتووە بەسەر هەرسێ دەسەڵاتی سیاسیی وئابووری ومەعریفەدا، رەوشێكی خراپی مافی مرۆڤ هەیەو ..هتد، كێشەكە ئەوەیە بەڕێز نەوشیروان مستەفا بەراشكاوانە لەچاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوسگ" پەنجەی خستووتە سەرو سەركردایەتی حیزبەكان لەنێویشیاندا یەكێتی بە"مجلس القیادە الپورە" دەچووێنێت، بەراستیی ئەمە گەورەترین دانپێدانانی گەورە سیاسەتمەدارێكی كوردە بەدرێژایی تەمەنی سیاسیی حیزبی كوردیی. كێشەكە لەوەدایە حیزبێكی بەحیساب سۆسیال دیموكرات تەڵاق بەكادرەكانی بخوات تاكو دەنگی پێبدەن ودە هەزار دەمانچە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربێنێت، كێشە سووتاندنی بارەگاكانی یەكگرتووە لەلایەن پاراستنی پارتییەوە لەساڵی 2005. كێشەكە ئەوەیە هەر لەئێستاوە هەست بەهەڕەشە دەكەین لەسەر هەموو ئەوانەی تەنانەت لەرێی دیموكراسییەوە بانگەشە بۆ گۆڕان دەكەن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست