کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شیوعیه‌ دڵسۆزه‌کان فریای حیزبه‌که‌تان که‌ون

Sunday, 11/04/2010, 12:00


شیوعی دوێنێ

خه‌رمانێک له‌ خه‌بات و تیکۆشان، ڕوباریک له‌ خوێن و فرمێسک، ده‌یه‌ها تابلۆی هه‌ڵکۆڵراوی جوان و دڵته‌زێنی ناو زیندانه‌کان، هه‌زاره‌ها کیلۆمه‌تری سه‌ر چیا و ‌ دۆڵ و بست به‌ بستی خاکی کوردستان، گه‌رماو سه‌رمای زۆری سه‌ر چیاکان ، پاکی و دڵسۆزی بۆ حیزب و گه‌ل و نیشتیمان، چه‌ندین داستانی قاره‌مانێتی، کتێبخانه‌یه‌ک له‌ مێژووی ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندان و به‌رخودان، هه‌زاره‌ها هاواری دایکی شه‌هید، بڕوانامه و مه‌دالیای شه‌هید بوون ، به‌رده‌وام له‌ نێو جه‌ماوه‌ر، سه‌رقافڵه‌ی ڕ ۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان ، قوتابخانه‌، زیره‌کی و لێهاتویی، نمونه‌ی هاوڕێیه‌تی و ڕه‌وشت و کۆڵنه‌دان ، کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ پاشماوه‌ی ئه‌نفال ، برسێتی و گرتن و ڕاوه‌دونان ، غه‌ریبی وده‌ربه‌ده‌ری و دابڕان، ئیختیفاو له‌ سێداره‌دان، گوێنه‌دانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت، وڵات پارێزی و ده‌یه‌ها و سه‌ده‌ها ناونیشانی تر پێناسی حیزبه‌ شیوعیه قاره‌مانه‌‌که ی ‌ دوێنێ بوو نه‌ک ئه‌مڕۆ.

شیوعی ئه‌مڕۆ

ده‌مڕاستی و ستایش کردنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ، نه‌بونی ڕه‌خنه یاخود هه‌بونی ڕه‌خنه‌ی لاواز ، دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ جه‌ماوه‌ر ، سواربوونی پاترۆڵ ، حیمایه‌و ئاره‌ق نه‌کردنه‌وه‌، بێده‌نگی و دانیشتن له‌ به‌رده‌م سپلیتی ناو باره‌گا چۆڵ و خامۆشه‌کان ، که‌ڵک وه‌رنه‌گرتن له‌ ڕابوردوو شکستیه‌کان ، بێ ئاگابون له‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک، ڕازی بوون به‌ کێرڤی دابه‌زینی به‌رده‌وام له‌ نێو جه‌ماوه‌ر، پێنه‌گه‌یاندن و ده‌رکردن و جێنه‌بونه‌وه‌ی کادیری به‌ تواناو ڕه‌خنه‌گر، ته‌ڵاق دانی گۆڕانکاری و سه‌یرکردنی حیزب وه‌ک ڕێژه‌ی نه‌گۆڕ، بێ ئاگا بوون له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش‌، په‌نجه‌ نه‌خستنه‌ سه‌ر که‌موکوڕیه‌کانی کۆمه‌ڵگا و شه‌قامی سیاسی، کڵۆڵی و هه‌ڵه‌ کردنی به‌رده‌وام له‌ پێشهاته‌ سیاسیه‌کان ، بێده‌نگی و ڕازیبوون به‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌ و مه‌وجوده‌ له‌ نێو حیزب و په‌رله‌مان و حکومه‌تدا ، په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی ده‌ست به‌ کڵاوه‌که‌ته‌وه‌ بگره‌ با با نه‌یبات ، ده‌سته‌مۆکردن و خه‌فه‌کردنی ده‌نگی ناڕه‌زایی ئه‌ندامان و دڵسۆزان و که‌س و کاری شه‌هیدان و گوێ نه‌دانه‌ داواکاریه‌کانیان، پوکانه‌وه‌و سیاسه‌تی له‌ ناوچوون، سه‌ردانی نه‌کردن و پشتگوێ خستنی که‌س و کاری شه‌هیدان و ئه‌نفال کراوه‌کان، زویر نه‌کردنی ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب و ڕازی کردنی هه‌موولاکان وه‌ک یه‌ک ، کارنه‌کردن و کاڵبوونه‌وه‌و نه‌بوونی چالاکی له‌ نێوجه‌ماوه‌ر، ڕاگه‌یاندنێکی مردوی شه‌رمن و بێ ڕه‌خنه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانیش نه‌ ئه‌یخوێننه‌وه‌و نه‌ سه‌یری ده‌که‌ن و نه‌ گوێ ی لێ ده‌گرن، ده‌وام کردنی به‌رپرسه‌ حیزبیه‌کان وه‌ک موه‌زه‌ف له‌ باره‌گاکاندا، تێوه‌گلانی به‌شێک له‌ به‌رپرسه‌ حیزبیه‌کان له‌ گه‌نده‌ڵی، لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری ئه‌ندامان به‌ گشتی، نه‌بون یاخود لاوازی خولی پێگه‌یاندنی کادیر، مه‌ستبوون و دانیشتنی ڕۆژانه و شه‌وانه‌‌ له‌ فڵانه‌ شوێنی خۆش و گران له‌ سه‌ر بوجه‌یه ک که‌ به‌ هۆی خوێنی شه‌هیدان و ئینتیما بۆ ده‌سه‌ڵات وه‌ری ده‌گرن ، خزمه‌تکردنی به‌رده‌وام به براگه‌وره‌و دیوه‌خانه‌که‌ی یه‌کێتی و پارتی، دروست کردنی په‌یوه‌ندی توندوتۆڵ له‌ گه‌ڵ به‌رپرسه‌ ئیداری و حیزبیه‌کانی ترداو پشت کردنه‌ جه‌ماوه‌ر، پاشکۆبوون و خولانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی یه‌کێتی و پارتی، دابه‌ش بوونی سه‌رکردایه‌تی به‌ سه‌ر هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداو پشتگیری کردنی به‌شێک له‌ سه‌رکردایه‌تی له‌ سیاسه‌تی پارتی و به‌شه‌که‌ی تریش له سیاسه‌تی‌ یه‌کێتی و ڕه‌نگی دانه‌وه‌ی له‌ نێو ئه‌ندامان، پاساوهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌وه‌ی ئه‌م حکومه‌ته‌ ته‌کنۆکرات و نیشتیمانی و عه‌یاره‌ هه‌ژده‌یه‌ چونکه‌ عه‌یاره‌ بیست و چوار له‌ دونیادا نه‌ماوه‌‌ تاوه‌کو شه‌رعیه‌ت به‌ به‌شداربونتان له‌ حکومه‌تدا بده‌ن، بوونی ته‌که‌تولات و پاشقول لێدان ، به‌ کارهێنانی پۆستی سه‌رکردایه‌تی بۆ پێشبڕکێ له‌ سه‌ر وه‌رگرتنی پۆست و وه‌زیفه‌ حکومیه‌کانی وه‌ک په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ت و ڕاوێژکار، ئیهمال کردنی ئه‌م و ئه‌وو به‌ سه‌ر نه‌کردنه‌وه‌ی هاوڕێ تۆراوو دابڕاوه‌کان، بێ خه‌می و خه‌وی خۆش و قوڵی شه‌وانی پاش مه‌ستبوونی به‌شیکی زۆر له‌ سه‌رکردایه‌تی و به‌رپرسه‌ حیزبیه‌کان، وازنه‌هێنان و ده‌ست گرتن به‌‌ کورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه تا دوا هه‌ناسه‌، پۆزش هێنانه‌وه‌و داکۆکی کردن له‌ ده‌سه‌ڵات و دژایه‌تی کردنی ئۆپۆزیسیۆن، بوونی فۆبیاو ترس له‌ بوون به‌ ئۆپۆزیسیۆن، مسۆگه‌رکردنی موچه‌ی چوار ساڵی ترو خوا که‌ریمه‌‌ بۆ چوار ساڵ و هه‌ڵبژاردنێکی تر‌، ده‌یه‌ها دیارده‌ی خراپ و دزێوی تر ناونیشیانی حیزبه‌ شیوعیه‌که‌ی ‌ ئه‌مڕۆیه‌‌ نه‌ک دوێنێ.

شیوعیه‌ دڵسۆزه‌کان ، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که‌وا براو باوک یان که‌س و کارتان کرده‌ قوربانی نیشتیمان و
نه‌ته‌وه‌وحیزب و چینه‌که‌تان، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌موو ژیانتان له‌ پێناو ئه‌م حیزبه‌دا ته‌رخان کردو نه‌گه‌شتنه‌ ئاواتی خۆتان و شه‌هیده‌کانتان و سه‌رکردایه‌تی له‌ بازاڕی سیاسی یه‌کێتی و پارتیدا له‌ به‌ر تۆزێک بوجه‌ هه‌رزان و هه‌ڕاج فرۆشی کرد، ئه‌ی لاوه شیوعیه‌‌ خوێن گه‌رم و نوێ خوازه‌کان، کۆنه‌ شیوعیه‌ دڵسۆزو ده‌رکراوو تۆراوه‌کانی ناو حیزب و ئێستاش به‌شێکتان له‌ نێو حیزبه‌کانی تردا درێژه‌ به‌ خه‌بات و تیکۆشانتان ده‌ده‌ن، که‌س و کاری شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کان، وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێ کرد نه‌خۆشیه‌کان زۆرن و جه‌سته‌ی ئه‌م حیزبه‌یان ڕزاندوه‌‌و سه‌رکردایه‌تیش له‌ باتی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری حه‌کیمانه‌ دیسانه‌وه‌ له‌ به‌ر خاتری بڕێک پاره‌ ڕایان کرده‌وه‌ باوه‌شی حکومه‌ت و به‌ تاقه‌ وه‌زاره‌تێک به‌شداربوون ، سه‌لماندیان بڕوایان به‌ هه‌نگاوو گۆڕانکاری و نوێخوازی‌ نیه‌ و ده‌نگی ناره‌زایه‌تی ئه‌ندامان فه‌رامۆش ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌ک به‌ سه‌ر به‌شداربوون له‌ حکومه‌تیشدا تێپه‌ڕی به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێکی ئه‌وتۆ‌و دڵخۆشکه‌ر‌ که‌ خزمه‌ت به‌ حیزبی شیوعی بکات نه‌ناوه‌و ده‌رکه‌وت به‌شێکی زۆری ئه‌م سه‌رکردایه‌تیه‌ دکتۆرو دڵسۆزی ئه‌م حیزبه‌ نین و به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ به‌رده‌وامبوونی ئه‌م وه‌زعه‌دایه‌، کوا هه‌نگاوو به‌ڵێنه‌کانتان پاش هه‌ڵبژاردن، خۆ هه‌ر پاش شکست بوو ڕاتان کرده‌وه‌ باوه‌شه‌ گه‌رم گوڕه‌که‌ی حکومه‌ت و وه‌زاره‌تێکتان به‌ خێرو سه‌ده‌قه‌ و به‌ مه‌رج وه‌رگرت، خۆ پاش شکست بوو بوون به‌ ده‌مڕاستی حکومه‌ت و به‌ لیستێکیش له‌ گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتی و بگره‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و چه‌ند حیزبێکی تردا به‌شداری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقتان کرد و دیسانه‌وه‌ ده‌نگه‌کانی حیزبیشتان کرده‌ دیاری بۆ کاندیده‌کانی یه‌کێتی و پارتی و دیسانه‌وه‌ چاوه‌ڕێ ی کورسی خێرو سه‌ده‌قه‌ن ،تا که‌ی حیزبی شیوعی به‌ که‌مترین کورسی ڕازی بێت، گرنگ به‌رده‌وام بوون نیه‌ به‌م شێوه‌یه‌، چونکه‌ هه‌موو به‌رده‌وام بونێک پۆزه‌تیڤ نیه‌، که‌ی به‌ خۆتاندا ده‌چنه‌وه‌وحیزبه‌که‌تان له‌ لێواری مردن ڕزگار ده‌که‌ن، تازه‌ ئێوه‌ فێری بوجه‌و مه‌عاش و دانیشتنی ئێواران بوون و ناتوانن وازی لێ بهێنن، کوا کۆنگره‌ی له‌ ناکاو ، کوا سه‌ته‌لایت و چاوگێڕانه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی حیزب، وادیاره‌ چاوگێرانه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی حیزب لای ئێوه‌ مانای دوباره‌و سه‌د باره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و که‌موکوڕیه‌کانی پێشوتانه‌، به‌ بڕوای من به‌شداری کردنتان له‌ حکومه‌ت واته‌ دوا ئینتیحاری سیاسی، ته‌ماشای هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی تری وه‌ک گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ بکه‌ن چۆن پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ لیستی خۆیان به‌شداربون و له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌وریان کۆبوه‌وه‌و ئه‌ندامانیان زیادی کرد و به‌شی خۆیان کورسیان هێنا، ئێوه‌ شه‌ڕی بوجه‌ ده‌که‌ن، دڵنیام ئه‌گه‌ر ئێستاش بوجه‌تان لێ ببڕن ڕاسته‌وخۆ له‌ حکومه‌ت ده‌کشێنه‌وه‌، زه‌ویه‌ک به‌شتان ناکات ئه‌تانه‌وێت بیکه‌ن به‌ دوان و سیان، موچه‌یه‌ک به‌شتان ناکات ئه‌تانه‌وێت بۆ خێزان و براو که‌س و کارتان ببڕنه‌وه‌، ته‌عین کردنی که‌سه‌ نزیکه‌کانتان که‌مه‌و ده‌تانه‌وێت هه‌موو که‌س و کارتان ته‌عین بکه‌ن، حیزبی شیوعی له‌ سه‌ره‌ مه‌رگدایه‌و ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه‌ دوا خواحافیزی له‌ شه‌قامی سیاسی و جه‌ماوه‌رو په‌رله‌مان بکات،دوا هه‌ناسه ی حیزب ‌ ئه‌و کچه‌ تاقانه‌ و بێده‌نگه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، حیزبی شیوعی پێویستی به‌ چه‌ند دکتۆرێکی سیاسی دڵسۆزو شاره‌زا و نوێخواز هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مردن ڕزگاری بکات و جاریکی تر زیندو ببێته‌وه‌،جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌وری کۆببێته‌وه‌و ببێته‌وه‌ به‌ حیزبه‌که‌ی جاران،به‌رده‌وام بوون به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ حیزبی شیوعی نه‌خۆشترو هیلاک تر ده‌کات ، حیزبی شیوعی پێویستی به‌ گۆڕانه‌ له‌ سیاسه‌ت و ناوو سه‌رکردایه‌تی و سه‌رجه‌م کون و که‌له‌به‌رو بواره‌کانیدا ، به‌ کۆنگره‌و سه‌ته‌لایت و ته‌سریحی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ پینه‌ و په‌ڕۆ ناکرێت به‌ڵام هه‌نگاوێکی باش و سه‌ره‌تایین ، به‌م که‌ره‌سته‌ ڕزیوه‌ی ئێستا ماڵی حیزبی شیوعی ئاوه‌دان و جوان نابێت ، پێویستی به‌ که‌ره‌سته‌و وزه‌ی نوێ و کارا‌ هه‌یه‌‌، ئاگادارم سه‌رکردایه‌تی حیزب هه‌رچۆنێک بێت ده‌یانه‌وێت ته‌مه‌نی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ کۆنگره‌ی داهاتوو، بڕوایان به‌ کۆنگره‌ی له‌ ناکاو نیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ که‌مترین زه‌ره‌ر‌و زیانه‌وه‌‌ ڕزگاریان ببێت،به‌ڵام نازانن سه‌رکردایه‌تی زه‌ره‌ر ناکات به‌ڵکو زه‌ره‌رمه‌ندی ته‌واو ئه‌ندامه‌ دڵسۆزه‌کان و که‌س و کاری شه‌هیدانه‌، ئه‌گه‌ر کار به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات و له‌ سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه یه‌‌ به‌رده‌وام بن و سه‌رکردایه‌تیش مێشیک میوانی نه‌بێت ئه‌وا حیزبی شیوعی کوردستان له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا به‌ یه‌کجاره‌ی خواحافیزی له‌ مێژوو ده‌کات و ده‌بێته‌ حیزبێکی چه‌ند که‌سی و نمونه‌ی ئه‌م حیزبه‌ چه‌ند که‌سیانه‌ش له‌ کوردستاندا زۆرن، ئه‌گه‌ر تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مان‌ له‌ حکومه‌ت نه‌کشێنه‌وه‌ ئه‌وا نیوه‌ی ده‌نگه‌کانی ئێستاش ناهێنن و ئه‌و کاته‌ یه‌کێتی و پارتی ئه‌و کورسی و وه‌زاره‌ته‌شتان پێ ڕه‌وا نابینن ، به‌ هۆی زۆر که‌می ده‌نگه‌کانیشه‌وه‌ ده‌بنه‌‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی شه‌رمنانه‌و لاوازو که‌س باوه‌ڕ به‌ ئۆپۆزیسۆن بونیشتان ناکات ،دڵنیام له‌ کاتی ئۆپۆزیسۆن بونیشدا به‌شێکی زۆری ئه‌م سه‌رکردایه‌تیه‌ موچه‌ خۆره‌‌ی ئێستا له‌ به‌ر نه‌بوونی موچه‌و بوجه و ئیمتیازات وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رده‌چن و‌ ئاشبه‌تاڵی لێ ده که‌‌ن ، ئۆپۆزیسیۆنێکی شه‌رمنانه‌ به‌و مانایه‌ی که‌وا که‌س بڕوا به‌ ڕۆڵی حیزبی شیوعی نه‌کات وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن، چونکه‌ خۆی ئه‌و ڕۆڵه‌ی هه‌ڵنه‌بژاردوه‌ به‌ڵکو جه‌ماوه‌ر حوکم و سزای داوه‌و هه‌ستانه‌وه‌شی سه‌د ئه‌وه‌نده‌ قورستر ده‌بێت.

له‌ کۆتاییدا بۆ ئه‌وه‌ی ببینه‌وه‌ به‌ حیزبه‌ شیوعیه‌که‌ی دوێنی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا، داوا له‌ هه‌موو شیوعه‌ دڵسۆزه‌کان و ده‌نگه‌ ناره‌زایه‌تیه‌کان ده‌که‌م له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ بێ ده‌نگی هه‌ڵمه‌بژێرن و ده‌نگی خۆتان کۆبکه‌نه‌وه‌و ببنه‌ هێزی فشار له‌ سه‌ر سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌و ناچاریان بکه‌ن هه‌نگاوی جیدی بهاون ،نه‌ک دۆنکی شۆته‌کانی دوێنێ داوای نویخوازی و گۆڕانکاری بکه‌ن، گۆرانکاری و نوێخوازی به‌ هه‌موو که‌س ناکرێت،‌ دڵنیام له‌وه‌ی له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی زۆره‌ دوو ئه‌وه‌ندی قه‌باره‌و بارستایی ئه‌م حیزبه‌ی ئێستا ، سه‌رکردایه‌تی هیچ هه‌نگاوێک نانێت ئه‌گه‌ر ڕوبه‌ڕویان نه‌بنه‌وه‌ ،چونکه‌ هه‌ر هه‌نگاوێک واته‌ له‌ ناوچونی خۆیان، سه‌ره‌تای گۆڕانکاریش به‌ بڕوای من به‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات.

1.سازدانی کۆنگره‌یه‌کی له‌ ناکاوو دیاریکردنی سیاسه‌ت و سه‌رکردایه‌تیه‌کی نوێ.
2. پاشه‌کشه‌کردن له‌ حکومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن وجه‌ماوه‌ر، چونکه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ حکومه‌تدا به‌شدارین و هیچمان به‌ هیچ نه‌کرد با ماوه‌یه‌کیش ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی کاراببینین، ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا به‌ومانایه‌ نا قاچێکتان له‌ نێو حکومه‌ت و قاچه‌که‌ی ترتان نه‌زانن له‌ کوێ بێت.
3. گۆڕینی ناوی حیزب .
4. دانانی ڕاگه‌یاندنێکی به‌هێز به‌ تایبه‌ت سه‌ته‌لایت.
سوید
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە