تانە لە چی دەدەن؟!
Thursday, 23/01/2014, 12:00
لە کۆمەڵگای ئاڵۆزی بێ دەوازەی دەسەڵاتدارانی تازە پێ گەیشتووی هەولێرو سولێمانی مرۆوی کورد قەت نازانێ بۆ دوا رۆژ کە لە خەو ڕادەبێ چی بەسەر دێ؟ لەو سیستمەدا کە بە درێژایی مێژوویان یەک چرکەساتیان بۆ ئاشتی تەبایی شەڕ نەکردووە ولە هامان حاڵدا هەزاران رۆژیان بۆ بە کوشت دانی منداڵی کورد بە دەستی کورد لە مێژووی خۆیاندا تۆمار کردووە.ئەو فسۆسانە کە دەگەنە دوژمنی کورد وەلەرزە دەکەون تەنانەت کوردکوژەکانی کۆماری ئیسلامی (وەک قاسم سولێمانی) بۆیان دیاری دەکا لە کام کاتو ساتدا دەبێ کۆنگرە ببستن! ولەم کۆنگرەیەشدا کام یەک لە ئەندامانی بنە ماڵەی تاڵەبانی دەبێ کار بە دەست بن!وەختێک ئەو جەللادە دەڵێ،(فەرماندەی سوپای قودسی کوردکوژ) مرۆوی وەک جەلال تاڵەبانی وەگیر ناکەوێتەوەونییە،ئەو بنە ماڵەیە بۆ ئێمە هێڵی سورە! راستەوراست ئەو پەیامەدەدا کە ، بێ پایەکان هی خۆمانن ،پادارەکان بگرە!
کاتێک دەسەڵات دەستەوەستانی داگیرکارە، میکانیزمی ئەو دەسەڵاتەش دەکەوێتە بەر دەستی داگیرکار. لەوەش خراپتر ئەو مرۆوانەن کە ئەو سیستمە بەڕێوە دەبەن کە خاوەنی بڕیاری خۆیان نین ولەدەرەوە رێنمونی وەردەگرن. من هێدی هێدی گومانم لە لا دروست بووە کە پێشمەرگە لە باشور لەسەر ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بونی هەبێ. چون سەردەمانێک ئەو هێزە خەوی لە چاوی داگیرکار زڕاندبوو، ئەگەر ئەو رێڕەوە بە نرخە هەر لە سەرئەرکی پیرۆزی جاران (پاراستنی گەل ونیشتمان) جل وتفەنگی پێشمەرگایەتی بەرز دەنرخێنێ بۆ چی لەسەر ناوی ئەو منداڵی هەژاری ئەنفال لە باوەشی دایکی ئەنفال بە فیشەکی پاراستن ترۆر دەکرێ وکەس متتەقی لێ نایە؟؟
هیچ گومانم لەوەدا نییە کە ئەو ئاوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردوستانێش بەو شێوەیە دەڕژێ. کە لاداهاتودا ئەگەر ئاڵوگۆڕێک لە ڕێیدا دابێ (ئەوەش خودا دەزانی وبەرژەوەندی زلهێزەکان) هەر ئەو سناریویانە دوو پات دەبنەوە کە لە باشور دەرخواردی خەڵکیان داوە. ئەو شێوە حیزبایەتیە ئەگەر چی هیچی بۆ ئەوان تێدا نەبێ (زۆری بۆ وان تێدا بووە) ئەوەندە بەسسە کە دەروونناسی کۆمەڵگای ،شاعیر، نوسەر، مامۆستای زانکۆکان، سەرمایەدارەکان، بازاڕیان،چاک لێک دەنەوەو لە ڕێگای تەماح وپارە هەمووتان بێ دەنگ بکەن.
دەکرێ ماست فرۆشێک، سەوزە فرۆشێک، کوتاڵ فرۆشێک، تەماتە فرۆشێک و........ لە رۆژی کاری لە دوکانەکەی خۆیدا بە جەنگەی نیوەڕۆ یا هەر کات کە بۆ خۆی پێی خۆش بوو دوکانەکەی دابخاو بەرەو ماڵ شۆڕ بێتەوە وبڵێ ئاغاو نۆکەر بۆ خۆمم. بەڵام لە هیچ کوێی ئەو دونیایەدا نەدیتراوە کە شوێنێک بە خۆی بڵێ / دادگا / کار بەڕێوەبەرانی بە خۆیان بڵێن / دادوەر / و بۆ پاراستنی ناموس وژیان وگیرو گرفتی حقوقی ویاسایی خەڵک سوێندی یاساییان خواردووە! دەرگای دادگا لەکاتی دەوامکردندا داخەن وبەرەو ماڵ مل شۆڕ کەنەوە!! بە بیانوی ئەوەی نەکا لە مەڕ ئازاد کردنی زار پیسی دەفتەری سیاسی ،ی،ن، ک، خەڵک ناڕەزایەتی دەربڕێ؟
ئێمە هەر لە خۆوە جار جار دەڵێن کورد ناترسێ وتاکی کورد بوێرو بە غیرەتە، بەڵی لایەنێکی ئەو بۆ چونە راستە ئەویش بەرخۆدانی رۆڵەی قارەمانی کورد (جگە لە تاقمێک سەرکردە) بەرانبەر بە دوژمن بۆ کەیشتن بە ئامانجی مێژوویی. پرسی من بۆ هەموو کەس ئەوەیە: ئەدی ئەگەر کورد لە کورد بترسێ چارەمان چییە؟ دادگایەک بەو هەمووە دادوەرەو باڵاخانەو گڕوگیفی بێ جێ لە کوڕە هەژارێکی وەکو شەهید کاوە بترسێ وبە پێچەوانەی تەواوی یاساکانی کۆمەڵگای مەدەنی و نێونەتەوەیی دەرگای دابخاودادوەرەکانی وێنەی ئەو تەماتە فرۆشەی کە باسم لێوە کرد مل شوڕکاتەوە ماڵی خۆی ، چون دەتوانێ خەڵک بپارێزێ؟
لە کەیسی شەهید کاوەدا دەستی باڵاتر هەیە لەوانەیە لەسەر ئیزنی ئێران کاتێک کە کۆنگرەیان بەست ،مەحمود،س، و ئەوانی دیکە وەلانێن وئاوبە بە ئاوەردا بکەن . بە بنە ماڵەی دڵشکاوی شەهید گەرمیانی دەڵێم ، پۆلیس وئاسایش هەردوو یەک قوماشن . ئێوە تانە لە کێ دەدەن؟ تانە لەچی دەدەن.ئەو سیستمە پێکەوە هەموویان لەسەر سفرەیەک نان دەخۆن . بۆیان گرینگ نییە کە منداڵی ئەنفال نۆکاو دەخوایان نانی وشک.
جەعفەر کەریمی/ ٢٣/١/٢٠١٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست